سێ شه‌ممه‌ 9 نیسان 2024
مەریوان وریا قانع

دە سەرنج دەربارەی خورافەتی ململانێی شیعە و سونە لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا / د. مەریوان وریا قانیع

لە زۆر لێکدانەوەی سادە و حازربەدەستیی بێماندوبووندا کێشەی سەرەکیی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست کێشەی سێکتاریزمە کە لە فۆرمی ململانێی نێوان شیعە و سونەدا تەعبیر لەخۆی دەکات، ئەوەشی ئەم ململانێ دینیی و تائیفییە ئاراستدەکات ئێران و سعودیەیە و ئەم ململانێیەش ململانێیەکە گوایە تەمەنی زیاد لە ھەزار ساڵە. ئەم دیدە تەنھا دیدێکی نامێژوویی گشتگیر و ناڕاست نییە، بەڵکو خورافەتێکی گەورەشە کە خۆی وەک شیکردنەوەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کولتوریی و دینیی نمایشدەکات. بەبۆچونی من ململانێکانی ناوچەکە ململانێی دینیی نییە لەنێوان دوو تائیفەی دینی جیاوازدا کە سونە و شیعەن، کەسێک تەنھا تاقەتی ئەوەی ھەبێت کەمەکێک ورد بڕوانێت ئەو ڕاستییە سادەیە دەبینێت. با چەند نموونەیەک بھێنینەوە.

یەکەم: بەر لەھەموو شتێک ململانێی نێوان ئێران و سعودیە لە ناوچەکەدا ململانێیی نێوان شیعە و سونە نییە، کە مێژووەکەی بۆ ھەزار ساڵ لەمەوبەر بگەڕێتەوە، بەڵکو ململانێی نێوان دوو دەوڵەتی بەھێزی ناوچەکەیە لەسەر دەسەڵات و نفوزی سیاسیی و ئابوریی و سەربازیی. ئەم ململانێیە تا ئەمڕۆ فۆرمی شەڕی ڕاستەوخۆ و دەستەویەخەی نەگرتۆتە خۆی و لەوەش ناچێت بە ئاسانی بیگرێتەخۆی، لەباتی ئەوە فۆرمی شەڕی لەبریی و دروستکردنی ھێزی پرۆکسی گرتۆتەخۆی.

دووھەم: دروستبوونی ئەم پرۆکسیانەش لەھێزی دینەوە نەھاتوە، بەڵکو لە لاوازبوون و داوەشانێکی تەواوی دەسەڵاتی کۆمەڵێک لە دەوڵەتەکانی ناوچەکەوە ھاتوە. لە عێراقەوە بۆ لوبنان و لە سوریاوە بۆ یەمەن و لیبیا و تەنانەت دەوڵەتێکی وەک میسریش. ململانێی نێوان ئێران و سعودیە ململانێیە لەسەر بەجێھێشتنی کاریگەریی و درێژکردنەوەی نفوزی خۆیان بۆ ناو ئەو دەوڵەتە ھەڵوەشا و لاوازبووانە، لەڕێگای ھێزە پرۆکسیەکانیانەوە.

سێھەم: ھەڵەیەکەی گەورەیە بەرەی شیعە و بەرەی سوونە وەک بلۆکێکی ھاوشێوە و ئامێزان و ھارمۆنی ببینین. وەکچۆن بەرەی شیعە یەک نییە، بۆ نموونە ئێران عەلەوییەکانی سوریا بە شیعە نازانن و لەناو عێراقیشدا ئێران لەم ھێزی شیعەوە نزیکترە تا لەویتریان، ئاواش بەری سونە یەک بەرە نییە، سعودیە و ئیمارەت بۆ نموونە دوو ھێزی سونەن، بەڵام ھەردووکیان تەواو دژی ئیخوانەکانن. لە کاتێکدا تورکیا و قەتەر، کە ئەوانیش دوو ھێزی سونین کەچی لە ئیخوانەکانەوە نزیکن و ھاریکاریی ئەوان دەکەن.

چوارھەم: ئێرانیش کە لەگەڵ سوریا لە ساڵانی ھەشتا و سەردەمی شەڕی ئێران و عێراقەوە ھاوپەیمانن و ھاوپەیمانییەکەشیان لەسەر مەسەلەی شیعەبوون نییە، حیزبوڵای لوبنانیش کە لەمڕۆدا دەچێت لەسەر ئەسەد دەکاتەوە، لەسەر شیعەبوون و دیندارییبوونی بەشار ئەسەد نییە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە ئێران و سوریا لە سەرەتای ساڵانی ھەشتاوە دوو دوژمنی ھاوبەشیان ھەیە کە بەعسی عێراقی سەردەمی سەدام حوسەین و ئیسرائیلن.

پێنجەم: ھاریکاریی سعودیە بۆ حەریری و بۆ کوڕەکەی لە لوبنان کە سونەن و بۆ ئەیاد عەلاوی کە عەلمانییەکی شیعەیە لە عێراق و بۆ سیسی لە میسر کە ژەنەراڵێکی عەلمانییە، دیسانەوە بۆ مەبەستی سێکتاریی و بەھێزکردنی سونە نییە، بەڵکو بەمەبەستی پەیداکردنی نفوزە لەناو کایەی سیاسیی ھەریەکێک لەو وڵاتانەدا.

شەشەم: ململانێ و پێکدادانی نێوان جەبھەی نوسرە و ئەحرای شام و داعش لەگەڵ یەکدا کە ھەموویان سونەن ئەو ڕاستییەمان نیشانمان ئەدات کە سوونەبوون و شیعەبوون ھێڵی جیاکردنەوەی ھێزەکان و ململانێکان لەیەکتری نین.

حەوتەم: ململانێی کورد لە ھەر چوار پارچەکەی کوردستاندا ململانێی نێوان شیعە و سونە یان سونە و شیعە نییە. بۆ نموونە لە کاتێکدا زۆرینەی کورد لە ڕووی دینیەوە سونەیە، کەچی ململانێکەی لە تورکیادا وەک وڵاتێکی سونی، دین بنەماکەی دەستنیشان ناکات. بەھەمان شێوە کوردی سونە لەگەڵ ئێرانی شیعەدا، کوردی سونە لەگەڵ سوریای عەلەویدا، یان کوردی سونە لەگەڵ بەعسی سونی جاران و حوکمڕانانی ئەمڕۆکەی شیعەدا لە عێراقدا لەسەر دین نەبووە و نییە. بەڵکو ململانێیەکی نەتەوەییە و شوناسی ئەتنی ژێرخانەکەیەتی.

ھەشتەم: بەشێکی گەورەی ململانێکانی ساڵانی چل و پەنجا و شەست و ھەفتا لەناوچەکەدا ململانێی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی بوون نەک ململانێی نێوان شیعە و سونە.

نۆھەم: خاڵی سەرەکیی لە ململانێکانی ئەمڕۆکەی ناوچەکەدا لە دوو پرۆسەی سەرەکییەوە سەرچاوەی گرتوە کە بە توندیی پەیوەندیان بەیەکەوە ھەیە. یەکەمیان لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەندیی دەوڵەتەکان و داوەشان و ھەڵوەشاندنەوەیانە، عێراق و سوریا، یەمەن، لوبنان، وەک نموونە. دووھەمیان دروستبوونی بکەری ناودوڵەتییە کە ئەو بۆشاییە پڕدەکەنەوە کە لاوابوون و داوەشانی دەوڵەتەکان دروستیانکردوە.
دەھەم: ھەموو ئەو خاڵانەی سەرەوە مانای ئەوە نییە کە شیعەبوون و سونەبوون ھیچ ڕۆڵێکیان نییە لە ململانێکاندا، بەڵکو مانای ئەوەیە لەباشترین حاڵەتدا ئەم ھۆکارە تەنھا یەکێکە لە ھۆکارەکان و زۆربەی جاریش یان ئەوەتا ھۆکارێکی زۆر لاوازە، ین ناھۆکارە.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …