نا بۆ شەرێ براکوژی! ئا بۆسەربەخۆیی! / حەسەن ماوەڕانی

ئەمە هاواری نەتەوەی کوردە. ئەمە ویستی نەتەوەی کوردە. ویستی نەتەوەیەکە کە پێنج سەدەی رەبەقە ئازاری ئەو دەردە دەچێژێ. دەردێک کەهەتا ئەوڕۆ ماکەی هەموو ئەو چارەڕەشیانەبووە کە نەتەوەکەمان تووشی هاتووە و بەچنگیەوە گرفتارە. دەردی براکوژی و نەبوونی مافی سەربەخۆیی!

ئەوەی لە شنگاڵ ڕوویدا، وەک پیلانێکی داگیرکەرانی کوردستان،  بۆ زۆربەی ئەوکەسانەی کە لەئالقەی دەروێشیی حیزبەکاندا نین و راستی ڕووداوەکان بە چاویلکەی حیزبایەتی تەماشا ناکەن ئاشکرایە.

حیزبەکان بەپێی پێوەندییەکانیانەوە یەکلایەنە دەڕوواننە ڕووداوەکە و هەر لایەنێکیان تەنیا باسی پێوەندی لایەنەکەی تر بە داگیرکەرێک دەکا و بە پیلانی ئەوی دەزانێت. لەهەمان کاتیشدا بۆ نووقاندنی چاوی کۆمەڵانی هەراوی خەڵک، بەدەنگی بەرز پێویستی یەکێتی ریزەکانی گەلی کورد و ئاستەم بوونی هەلی ئێستا هاوار دەکا. بەڵام  بە خێشکەیی بە لانی پێوەندیداری خۆیدا تێدەپەڕێ و وەک کەو سەر بن بەفر دەنێ و دەوری ئەو داگیرکەرە کە پێوەندی پێوە هەیە لەبیر دەباتەوە. بەڵام مێژوو ئاوا لێیان خۆش نابێ. هەروەک مێژوو لە هیچکام لەو میرایەتیە کوردانەش خۆش نەبوو کە خۆیان لەپاڵ عوسمانلی و عەجەم دەهاویشت و لەیەکتریان دەکوشت، ئەمانەش چ بیان هەوێ و نەیان هەوێ خۆیان و گشت کەین و بەینەکانیان هەر لەڕووی بەڵگەکانی پشتیوانەکانی ئێستایان لە قاو دەدرێن.

لە ٤٠ ساڵ لەمەو بەر کێ دەیزانی کە ساواکی ئێران لە ١٩٥٨ دا، واتا ئەوساڵەی کە قارەمانەکانی گەلی کورد لە رۆژهەڵات، کاک عەزیز یۆسفی و مامە غەنی بلوریان و هاوڕێکانیان لە بەندیخانەکانی ساواک و لە ژێر هەڕەشەی ئیعدامکردندا بوون پێوەندی بە برایم ئەحمەدەوە گرتووە؟! کێ دەیزانی کە بەڕێز مام جەڵال و شەهید عەلی ئەسکەری و شەهید زەبیحی لە لایەن پارتیەوە لە بەغدا  لەگەڵ پژمان سەرۆکی ئەوکاتی ساواک لە بەغدا  دانیشوون و داوای یارمەتیان لە شای قاتڵی پێشەوای شەهید و دوژمنی کورد کردووە؟! بەڵام ئێستا بەڵگەکان وەدەرکەوتوون.

دەبێ بەڕێوەبەرانی حیزبەکانی ئێستاش ئەوەی باش بزانن کە هەموو پێوەندییەکانیان بە داگیرکەرەکانی کوردستانەوە پاش تەواو بوونی ماوەی بەکارهێنانیان دەخرێنە روو.

لەم پێکهەڵپڕژانەی شەنگاڵ دا کە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر شایی لەدڵی داگیرکەران گێڕا و تووڕەیی هەموو نەتەوەپەروەرانی کوردی بەدواوە بوو، دەستی ئێران و تورکیا هەرچەند کە شاراوەش بێ، ڕاستەوخۆ بێ یان ناڕاستەوخۆ، دیارە.

بۆ داگیرکەرەکان  مەسەلەکە هەر شنگال نییە.  مەسەلەکە قەندیلیش نییە. ئەوان بە کارتی کورد کایە دەکەن بۆ داپلۆساندنی بزاڤی کورد. ئەوان نە چاوی دیتنی پارتی یەکێتی دیمۆکراتیکی ڕۆژئاوایان هەیە، نە ئەنەکەسە. ئەوان هەم دژی پ. ک .کان و هەم دژی پارتی. دەستیان بروا هەم بەڕێز جەمیل بایک لەسێدارە دەدەن و هەم بەڕێز مەسعود بارزانی. ئەوان بە زاری خۆیان و بە ئاشکرا هاوار دەکەن کە بە هەموو توانایانەوە، سنوورە دەسکردەکانی کۆنە کۆڵۆنیالیستەکان دەپارێزن. واتا کورد لەبندەستیدا دەهێڵنەوە و گەر بتوانن دەیفەوتێنن.

ئێران و تورکیە دژ بەیەکن، بەڵام  یەکیش دەپارێزن. هەردووکیان لەیەک بابەتدا هاودەنگن ئەویش چەوساندنەوەی نەتەوەی کورد و تاواندنەوەی نەتەوەی کوردە. سوریە و عێراق ئێستا بوونەتە کلکەی ئێران و لاوازن، بەڵام لە ئاست نەتەوەی کورددا بربرەی پشتی  ئێران و تورکیەن.

هەر لەسەردەمی کۆنی خەلیفە عەرەبەکانەوە عەجەم مێشکی داگیرکەری و تورک شەمشیری خەلیفەکان بوون. ئەو تایبەتمەندیەش پاش هەزار ساڵ هەروا ماوە و  ئێران مێشکی داگیرکەرانی کوردستانە و تورک گۆپاڵ. هەربۆیەش هەر کە دەنگی سەربەخۆیی کوردستان لە باشور بەرز بۆوە و ناوی ڕۆژئاوا هاتەگۆڕێی، بەئاشکرا هەردوو لایەن بە ڕێگای خوو پێگرتوویان واتە پیلان و شەڕ بەرەنگاری کورد بوونەوە و رایەڵەی داویان چنی و دانوولەیان بۆ دەستەمۆکانیان رۆکرد. ئەوان بەتەمای کاتی لەبارن بۆ سەوداکردن لەسەر کوردان. بەتایبەتی خنکاندنی دەنگی سەربەخۆیی.

سەربەخۆیی ئەو ئاواتەی نەتەوەی کوردە کە تێکۆشەرێکی کوردی لە عەبدوالا ئۆجالانەوە کردە ئاپۆی رێبەری کاریسماتیک. سەربەخۆیی مافی رەوای نەتەوەیەکە کە پتر لە پێنجسەد ساڵە راوڕووت و کوشتار دەکرێ و پارچەپارچەکراوە. بۆیەش هەر هەنگاوێک کە لەپێناو ئەو مافەدا هەڵگیرێ هەزار پیڵانی لەدژ چێدەکرێ. شەری شنگاڵیش یەکێکە لەو پیڵانانە کە پێشان دەدا پیلانێکی مەترسیداری لە پشتە بۆ سازکردنی شەڕی کوردفەوتاندن بەدەستی کورد!

بەڕێز جەمیل بایک لە ئاخافتنی خۆیدا لەسەر ئەو شەڕە لە گەل بنکەی خەبەری فورات دەڵێ:

” گەلی کورد هەرچەندە بەهێز بێت، لەبەرانبەردا مەترسی گەورەتریش رووی تێدەکات، ئەو مەترسیانەی کە ئێستا لەسەر گەلی کورد هەن ئەوەندە بەهێز نین کە بتوانن گەلی کورد لەناو ببن، ئەوەی کە هێشتاش ئەو مەترسیانە خۆیان گەورە پێشان دەدەن بە هۆی هاوکاری هەندێک لە هێزە کوردیەکانە لەگەڵ دوژمناندا، ئەگەر گەلی کورد یەکێتی نەتەوەیی دروستبکات و کۆنگرەی نەتەوەیی پێک بێنێت، داگیرکەران ناتوانن هیچ مەترسیەک بخەنەسەر گەلی کورد.”

بەڵێ ڕاستە. بەڵام ئایا هەر هێندێک لە هێزەکانی کورد هاوکاری دوژمنان دەکەن؟ ئایا هاوکاریی لەگەڵ دوژمنان هەر پێوەندیی پارتی و تورکیەیە؟ ئایا ئێران و سوریە و عێراق دوژمنانی گەلی کورد نین؟ ئایا بەرێزیان حاشا لە پێوەندی لەگەڵ ئێران و حەشدی شەعبی دەکەن کە دامەزراوەی ئێرانە؟ ئایا بەرپرسەکانی یەبەشە درۆ دەکەن کە دان بەوەدادەنێن کە لەلایەن حەشدی شەعبی و دەوڵەتی عێراقەوە دابین دەکرین و پڕچەک دەکرین و وەعدەی پاراستنی تەواوەتی ئەرزی عێراق و دژایەتی سەربەخۆیی دەدەن؟ دژایەتی پ.ی.د لەگەڵ ئەنەکەسە و بەرگری لە خەباتی دژ بە ئەسەد لە عەفرین و قامیشلو و پێوەندی لەگەڵ ئەسەد چۆن هەڵدەسەنگێندرێ؟

پارتی حاشا لە پێوەندی لەگەڵ تورکیە ناکا و لەچوارچێوەی پێوەندیی دێپلۆماتیکی هەریمدا ئەوە باس دەکات و سوراوسپیاوی دەکات و منیش لەوباوەڕەدام کە ئەو پێوەندیانە لەوچوارچێوەیە ترازاون. رەخنەشم لەسەر ئەو پێوەندیە زۆرە. ئەنەکەسەش بە ئاشکرا نوینەر دەنێرێتە تورکیە و پێوەندی بە تورکیەوە گرتووە.

بەڕێز مەسعود بارزانی پێی لەسەر ریفراندۆم و سەربەخۆیی داگرتووە و ئەوەش ویستی نەتەوەی کوردە. هەربۆیەش سەرجەمی مێدیاکانی سوپای کوردکوژی پاسدارانی ئێران لەسەر یەبەشە وەجواب هاتن و بەدنەدانی ئەوان و دژایەتیی ڕاسەوخۆیی کەسایەتیی بەڕێز بارزانی هەستان و وەلایەتی کە پێست و رەگی دژی کوردە و ئیزەدیەکان بە شەیتانپەرست دەناسێ بوو بە دایەی دڵسۆزی ئیزەدیەکان!!!

ئایا بەڕێز بایک ئاگاداری ئەو هەواڵانە نییە؟

بەڕێز مەسعود بارزانی پاش شەرەکە پەیامی دا وەزعەکە ئەهوەن کەنەوە و پێشی پەرەپێدانی شەڕەکە بگرن.  بەڵام بەڕێز جەمیل بایک دەڵی کە پێویستە خەڵکی ئیزەدی بزانن کە بەتەنیا نین و ئێمە لەبەرانبەر هەر هێرشێک بۆ سەریان  داکۆکیان لێدەکەین. ئایا چوونی پێشمەرگەی کوردستان بۆ سەر سنوری سوریە و عێراق لە خاکی هەریمی کوردستاندا هێرش بردنە بۆ سەر ئیزەدیەکان؟ ئایا ئەوە بەرگری کردن نییە لە ئیمکانی هاتووچۆی پێشمەرگەی ئەنەکەسە بۆ ناو ڕۆژئاوا؟ ئایا پ.ک.ک ئیزن بە پ.ی.د دەدا کە هاوکاریی حیزبەکانی دیکەی رۆژئاوا بە تایبەت ئەنەکەسە  بکا هەتا ماڵی کورد لە ڕۆژئاوا یەککەنەوە؟ ئایا ئەو وتانەی بەڕێز بایک ڕاگەیاندنی شەڕ نین لەدژی پارتی؟

پارتی پ.ک.ک بە گۆێڕایەڵی تاران تاوانبار دەکا و پ.ک.ک پارتی بە بەشداریی پێلانی تورکیەدەکا. ئایا کاتی وەی نەهاتووە کە بە دیالۆگ هەردوولا بەو نەخۆشیەی خۆیاندا بێنەوە، بەرلەوەی کە ببێتە شێرپەنجە و ژیانیان و بوونیان تێکبدا ؟

کۆنگرەی نەتەوەیی بەو هەڵوێستانەوە خەیاڵە و گەر پێکبێ تەنیا کۆکردنەوەی چەند حیزبە لە ژێر فەرماندەیی حیزبێکی بەهێزدا. نە پ.ک.ک رازی بە بەڕێوەبەرایەتێک دەبێ کە خۆی فەرمانی پێنەدا و نە پارتی. هۆیەکەشی هەر ئەو زۆرانبازییەی هێزە نەک بەرژەوەندیی نەتەوەیی.

ئێستا کات کاتێکی هەستیارە و بەپێچەوانەی بۆچوونی بەڕێز بایک مەترسی هەرەگەورە بەورووی کورد بۆتەوە.  ئەویش مان و نەمانی دەستەڵاتە ناتەواوەکانی باشور و کانتۆنەکانە کە بەداخەوە لەلایەن هەڤاڵانی بەڕێزیانەوە ناوی باکوری سوریەیان پێداوە. هەربۆیەش پێشگرتن لەهەر چەشنە پێکهەڵپڕژانێک ئەرکی نیشتمانیە.

بەرێز بایک ڕایدەگەیەنێ کە دەبێ دیالۆگ لە نێو هێزەکانی کورددا هەبێ. ئەوەش پیرۆزە، بەڵام بەبێ مەرج بۆ یەکتردانان و بە ئامانجی یەکگرتنەوە و یان لێک تێگەیشتن، نەک بە ئامانجی خۆداسەپاندن بەسەر یەکتردا.

هەموو هێزە کوردستانیەکان ئەوەی دەزانن کە کۆمەڵانی هەراوی نەتەوەی کورد پشتگری لەو لایەن و کەسە دەکەن کە سەربەخۆیی بۆ کوردستان دەخوازێ. هەموو ئاگاداریشن کە هیچ دروشم و ئامانجێک هەرچەندەش رەنگی شۆڕشگێڕی تێهەلسوون و لە خوینیش سوورتری کەن جێگای ئەو دروشمە ناگرێتەوە. بەتایبەت پ.ک.ک ئەوەی ئەزمون کردووە و بەڕێوەبەرەکانی بە ئاشکرا دەبینن کە ڕێژەی پاڵپشتەکانیان لە ناو کۆمەڵانی سەرانسەری کوردستاندا لەپاش گۆڕانی ئەو دروشمە سەرەکیە زۆر دابەزیوە. ئایا کاتی وەی نەهاتووە کە بەخۆیان دابێنەوە؟

ئێستا ڕاستی رووداو ئەوەیە کە سەرجەمی خەڵکی کوردستان دەڵێن نا بۆ شەڕی براکوژی. لەهەمانکاتدا هاوار دەکەن ئا بۆسەربەخۆیی!

 

١٣.٠٣.٢٠١٧

 

 

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …