مافی دیاریکردنی چارەنووس، خۆسەری دێمۆکراتیک یا سەربەخۆیی؟ / حەسەن ماوەرانی

لە ڕەوتی بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوایەتی کورددا، گەڵێک تیوری و بیری جیاواز، لە قۆناخە جیاوازەکانی خەباتدا هاتوونەتە گۆڕێ. ئاڵا هەڵگری ئەو بیرانە لە هەموو قۆناخە جیاوازەکاندا لاباڵی ڕووناکبیرەکان بوون کە بەپێی دانانی کۆن و نوێ لە ئاست یەکتردا، بە تێکڕایی وەک ئێستا باوە، من بە لاباڵی چەپی بزاڤی کوردی پێناسە دەکەم.

ناتوانین بڵێین کە هاتنی ئەو بیرۆکانە بۆ ناو بزوتنەوەی کورد خەتا یان خزمەتی ئەم و ئەو بووە. رەوتی مێژوو و سەردەمە جیاوازەکان بە گشتی کاری کردۆتەسەر کۆمەڵگای جیهانی و کۆمەڵگای کوردەواریش بەشێکی دانەپچراوە لە بنەماڵەی مەزنی مرۆڤ. بمانهەوێ و نەمانهەوێ دەسکەوتەکانی زانستی و عەقڵانیی مرۆڤایەتی کاردەکەنە سەر کۆمەڵگای کوردەواریش.

ڕووناکبیرە کوردەکانیش بەهۆی هەژاریی لە بواری بەرهەمی زانستی وەک سەرتاپای کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی، بەتایبەت وڵاتە ئیسلامیەکان، دەراوێکی تریان نەبووە بۆ فێر بوون، جیا لە سەرچاوەکانی وڵاتانی پیشەیی و پێشکەوتوو. هەربۆیەش بەپێی توانا، خەباتکارانی بواری فیکری کە زۆربەشیان بەشداری ڕاستەوخۆی خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوایەتی بوون، روویان لەم سەرچاوانە کردوە و ئەوەی لێیان هەڵکڕاندووە، ویستویانە بە پێی توانا لەگەڵ رەوتی خەباتی خۆیان بیگونجێنن.

لە سەرەتای دابەشینی کوردستان لە نێوان دوو زلهێزی سەفەوی و عوسمانلیدا، میرایەتیەکانی کورد، بەرخۆدانی کوردستانیان بەڕێوە دەبرد. ئەوان بەپێی توانای فیکری و دلێری و بوێریی خۆیان، بۆ پاراستنی دەستەڵاتی خۆ، بەربەرەکانیی داگیرکەرانیان دەکرد. دیارە ناکرێ هەتا شۆڕشی میری رەواندز، بێجگە لە خانی لەپ زێڕینی برادۆست کە حیماسەی قەڵای دمدمی خوڵقاند، بە هەڵگری بیروباوەری نەتەوەیی بە شیوازی زانستیی سەردەم بناسێندرین. بۆ وێنە هەڵۆخانی ئەردەڵان بۆ ماوەی ٣٠ ساڵی رەبەق سەربەخۆیی خۆی پاراست. بەڵام ئەو سەربەخۆییە لەچوارچێوەی ناوچەی ئەردەڵان (پاریزگای کوردستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان) و هەورامان تێنەپەڕی. لەوەش ڕا دەزانرێ کە ئەو تەنیا بە هیوای ڕاگرتنی میرایەتیی خۆی لەناوچەی بەر فەرمانڕەوایی بنەماڵەکەیاندا بوو و بەس.

هۆکاری ئەو بۆچوونەی میرایەتیەکانی ئەردەڵان و بابان و سۆران دەگەڕێتەوە سەر پێنەگەیشتووی بیری نەتەوایەتی و تەنانەت لە زۆر ساتیشدا هەر بە مێشک دانەهاتنی ئەو بیرە لەلایەن میرەکانەوە. بۆ وێنە کاتێک کە حەمە حەسەنخانی ئەردەڵان زۆربەی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت ویلایەتەکانی تری ئێرانیش دەخاتە بەر دەستی خۆی، وەزیر و ڕاوێژکارەکانی پێشنیاری پێدەکەن کە پاشایەتی خۆی ڕابگەیەنێ. وەڵامیان دەداتەوە کە من بە میرایەتی خۆم لە ناوچەی ئەردەڵان قایلم و زیاترم ناوێ. هەموو ناوچەکان دەخاتە بەردەستی ئاغا محەمەد خانی قەجەر و ئەویش بەبەرەکەتی ئەو خزمەتەی میری ئەردەڵان، پاشایەتی قەجەر دادەمەزرێنی و سەری حەمەحەسنخانی ئەردەڵانیش دەبڕێ.

بە کورتی لەسەدەمی پێش سەدەی بیستەمدا، میری رەواندز، سولتان جەڵالدینی بەدرخان و شیخ عوبیدوللەی نەهری ئاڵاهەڵگرانی سەربەخۆیی کورد و رزگاربوونی کوردستان لە چنگ داگیرکەران بوون. گەر بمانهەوی مێژووی بزوتنەوەی نەتەوایەتی کورد بە شێوازی زانستی بخەینە بەرباس، من لەو باوەڕەدام کە شۆڕشی قەڵای دمدم دەسپێکەری ئەو بزوتنەوەیە و ئەو سێ شۆڕشەش بەردەوامبوون و پەرەگرتنی ئەو بزوتنەوەن هەتا دەسپێکی سەدەی بیستەم.
سەدەی بیستەم جیهان ئاڵوگۆڕی قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بەخۆیەوە دی. ئەو ئاڵوگۆڕە کە لە سەرەتای سەدەی شانزدەهەمەوە لە ئورۆپا دەستی پێکردبوو، لە سەدەی بیستەمدا بەری هێنا و حیزبایەتی و سیستێمی پارڵێمانی و بیروکەکانی جیاوازی چەپ و راست و مامناونجی وەک سۆسیالیزم و لیبرالیزم و دیمکراتیزم و ئانارشیزم و هتد .. سەریان هەڵدا و گەشەییان پێدرا و دیراسە کران.

لە کوردستانیش شێوازی نوێی تێکۆشان وەک نەمامێکی بچوک لە پاڵ کۆلکەداری قەبە بەڵام ناو دارزاوی دەستەڵاتی دەربەگایەتی و شیخایەتی لە بەڕێوەبەرایەتی شوڕشدا، ریشەی داکوتا. شۆڕشی سمکۆ، شۆڕشی شیخ مەحمودی حەفید، شۆڕشی چیای ئاگری، شۆڕشی شیخ سەعیدی پیران و ڕاپەڕینەکانی بارزان قۆناخە جیاوازەکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازانە نەتەوایەتی کوردن لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا و راستەوخۆ بەربەرەکانی کردن بوون لە دژی پەیمانی سایس/ پیکۆ کە کوردستانی پارچە پارچەکرد. لە سی دەیەی سەرەتای سەدەی بیستەمدا بە دروستی ئەم تێکەڵاویەی رووناکبیران و سەرۆک عەشایر و شێخە دەستەڵاتدارەکان سەرەڕای بە ژمارە کەم بوونی ڕووناکبیران، هەستی بەرزی نەتەوایەتیی دا بەو شۆڕشانە. هاتنە گۆڕێی ریکخستن و حیزب و ریکخراوی سیاسی هەرچەند زۆر سەرەتایی خۆی خزمەتێکی گەورەی ئەو ڕووناکبیرانە بووە بە بزاڤی کورد.

دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە کۆتایی شەری دنیاداگری دووهەمدا لە لایەن پێشەوای نەمر قازی محەمەد و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانەوە کە لەسەر دەسکەوتی ڕیکخراوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستانەوە دامەزرابوو، قۆناخێکی تایبەت و بێ وینەیە لە مێژووی کورددا.

کۆماری کوردستان هاوکاتە لەگەل سەردەمی داپلۆسانی کلۆنیالیزم لە جیهاندا. بیری رزگاریی نەتەوەیی هەم لە وتار و هەم لە کردەوەکانی ئەو کۆمارە جوانەمەرگەدا درەوەشاوە. بەشداری کوردی باشور و رۆژهەڵات و پاڵپشتیی باکور و رۆژئاوا، شوێنپەنجەی خۆی لەسەر رەوتی مێژووی کۆماری کوردستان شەقل کرد.

هەتا سەردەمی کۆمار نە لە ئەدەبیاتی سیاسی کورددا و نە لە ئەدەبیاتی سیاسی رۆژهەڵاتدا جیاوازی لە نێوان سەبەخۆیی و خودموختاری دانەدەنرا. هۆیەکەشی پێکهاتەی یەکێتی سۆڤێت بوو لە بەشێکی گرینگی ئاسیادا و روون نەبوونی ئەو چەمکە لە ئاست ماڤی گەلان. سیستێمێکی سۆسیالیستی بە چەندین کۆماری جیاوازەوە و بە بەشداریی چندین نەتەوەی جیاوازەوە لە سۆڤێت پێکهاتبوو. لەڕوانگەی ئەو سەردەمدا ئەو سیستێمە وەک قارەمانی شکاندنی فاشیزم، دڕندەترین شێوازی زلهێزی کۆلۆنیالیستی ناسرا بوو.

بۆ وێنە دەکرێ بەڕاشکاوی هاوکاریی حیزبی دیمۆکرات و فیرقەی ئازەربایجان و حیزبی تودەی ئێران لەوماوەیەدا باس بکری و متمانەی پێشەوا بە سۆڤێت. لەوسەردەمدا بارزانی نەمر بە ژێنرالی سور ناو دەبردرا و هەژاری موکریانی کە لە بۆ کوردستاندا هەزار جنێو بە کۆمۆنیستەکاندەدا، ستالینی بە باوکی کورد ناودەبرد.

سروشتیە کە هەم ڕووناکبیرەکانی ئەو سەردەم و هەم زۆربەی خەڵک هیوا و هۆمێدیان بەو ناوەندە نوێیە بوو کە مزگێنی رزگاری لە ستەمی نەتەوایەتی و کلۆنیالیزم دەدا بە کۆمەڵگای مرۆڤ. لەو سەردەمدا کەموکۆڕییەکانی ئەو سیستێمە نادیار و شاراوە بوون و دەسکەوتەکانی زل و بەرچاو.
پاش رووخانی کۆمار، سۆزی دۆستایەتی بەرەی کۆمۆنیستی لەگەڵ کۆمار بوو بەهۆی تێخزانی بیرۆکەی خودموختاری و هاوکاریی لە پێناو دابینکردنی سەربەستی و ئازادی گەڵان بەیەکەوە. هەڵبەت لەچوارچێوەی سنورەداتاشراوەکاندا.

لەو رەوتەدا هەم لە رۆژهەڵات و هەم لەباشور بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوایەتی بە کارتێکەریی بیری کۆمۆنیستەکان خودموختاری گەڵاڵەدەکا و دێمۆکراتی کورد و شیوعی و تودەیی لە ئێران و عێراقدا شان بەشانی یەکتر خەبات دەکەن. دیاردەی هەرەبەرچاوی ئەو رەوتە بریتیە لە داندانان بە سنوورە دەسکردەکان کە هەتا ئێستاش خەباتکارانی کورد نەیانتوانیوە بە تەواوی خۆ لەو مۆتەیە دوور کەنەوە. گەرچی ئیستا بیری رزگاریی نەتەوەی و یەکگرتنەوەی چوارپارچەی کوردستان هەتا دێ لەناو کۆمەڵانی هەراوی نەتەوەی کورددا لایەنگری پتر پەیدا دەکا، بەڵام هێشتا زۆربەی حیزبەسیاسیەکوردستانیەکان نەیانتوانیوە لەم مۆتەیە ڕزگاریان بێ.

لەباری تیوریەوە، حیزبی تودەی ئێران نەک تەنیا بۆ گەڵانی نیشتەجێی ئێران، بەڵکوو بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ببوو بە سەرچاوەیەکی تاقانە. هەربۆیەشدەکرێ کە ئەو حیزبە بە دارێژەری بیری خودموختاری بە پێی نمونەی سۆڤێت چاولێبکرێ. وەچەی یەکەمی رووناکبیرە کوردەکان کە ڕاستەوخۆ پاش کۆمار قۆڵیان لە بووژاندنەوەی حیزبی دێمۆکرات هەڵکرد بە یارمەتی ڕاستەوخۆی ئەو حیزبە شەش ساڵ پاش کۆمار ببوون بە هێزی سەرەکیی بزاڤی کورد لە ڕۆژهەڵات.

یەکەم مامۆستایانی بڵاو کردنەوەی ئەو بیرۆکە نوێیە لە نێو کوردەکانی ڕۆژهەڵاتدا شەهید سەدیقی ئەنجیری و بەڕێز کاک سارمی سادق وزیری و نەمر محەمەدی قازی، وەڕگیری هەرە مەزنی کورد بوون و هەر سێ کەسیان ئەندامی بەرزی حیزبی تودە بوون. من لەمروویەوە ئەوان بە مامۆستاکانی ئەو بیرۆکە دەزانم چون نەمر کاک عەزیزی یۆسفی کە لە پاش کۆمارەوە لەگەڵ تاقمێک گەنجی کورد بە ئەرکی بووژاندنەوەی حیزب هەستان و نەمر مامە غەنی بلوریان و هێندی لە ئەندامەکانی ڕیکخراوی لاوانی حیزب لەسەردەمی کۆماردا پاش گەڕانەوە لە سۆڤێت تێکەڵیان بوونەوە، بە گشتی ئەو کەسانە بوون کە شەهید سەدیقی ئەنجیری لە تەمەنی پازدە و شازدە ساڵەییدا کاری لەسەر دەکردن. ئەم کۆمەڵە گەنجە هەم حیزبیان بووژاندەوە و هەم لە ١٩٥٢ و ١٩٥٣ دا حیزبی دێمۆکراتیان گەیاندە رەدەی حیزبێکی گەلیی بە هێز لە رۆژهەڵاتدا. نەمر کاک عەزیزی یۆسفی لە ١٩٥٠ هەتا ١٩٥٨ بەڕێوەبەری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بوو، خۆی بە ڕاشکاوی ئەوانەی وەک مامۆستا باسدەکرد و هەتا ئاخر رۆژی تەمەنی بۆ راوێژ کردن سەردانی بەڕێز کاک سارمی سادق وەزیریی دەکرد.
هاتنە گؤڕێی رەسمی خودموختاری وەک دروشمی سەرەکی لەم دەورەدا گەڵاڵە کرا و تەنانەت نەمر کاک عەزیز لە کاتی گیرانیدا رەشنووسی گەڵاڵەکەی کە لە کۆمێتەی بەڕێوەبەری ئامادە کرابوو پێبوو و دەیخواهەتا بەڵگە وەبەردەست دوژمن نەکەوێت.

لەباشوری کوردستان هەل و مەرجێکی تر لەگۆڕیدابوو. بارزانی نەمر کەسایەتێکی بەناوبانگ بوو کە پارتی بەکردەوە بەبێ بارزانی نەدەهاتە ناوناوان. دیارە ئەویش بەهۆی پێوەندی ڕاستەوخۆ و ژیانی ١٣ ساڵە لە سۆڤێتدا هەم نزیکایەتی شیوعیەکان و تەنانەت پشتگریی لەوان و هەم بیرۆکەی خودموختاری لە چوارچێوەی عێراقیدا پێرەو کرد بوو. بەمجۆرە لە شۆڕشی ئەیلولدا ئەو بیرۆکەیە بنەمای وتووێژەکانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد لە باشور لەگەل میری بوو. کە لە ١٩٧٠دا بوو بە هۆی پێکهاتنی ١١ی ئادار.

لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش، تیوریزە کردنی خودموختاری بە تێروتەسەلی لەلایەن وەچەی دوایی حیزب لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی بیستەم هەتا سەرەتای حەفتا پەرەی سەند. لە کۆنگرەی سێهەمی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئیراندا وەک بەرنامەیەکی پوخت داڕێژرا و بەرهەمی کاری فیکری شەهید قاسملو و نەمر حەمەدەمینی سیراجی هاتە گۆڕێ و پەسندکرا. شەهید قاسملو کە ئەندامێکی بەرز و کارای حیزبی تودە بوو و لەسەر داوای بەڕێوەبەرانی کۆمیتەی شورشگێری حیزبی دیمۆکرات، کاک حەمەدەمینی سیراجی و شەهید سولەیمانی موعینی، لەلایەن حیزبی تودەڕا لەگەڵ کاک کەریمی حیسامی ناردرابوونەوە کوردستان هەتا یارمەتی بە بووژاندنەوەی حیزب بدەن، دەوری کارای لە تیوریزەکردنی خودموختاریدا هەبوو.
لە باکوردا بە پێچەوانەی باشور و رۆژهەڵات، رووناکبیرە چەپەکانی کورد تێگەیشتنیان لەمەسەلەی نەتەوایەتی “تورک”ئاسایی بوو. تەنانەت پێیان عەیب بوو خۆ بە کورد بناسێنن. ئەویش بەو هۆیەوە بوو کە سەرکردەکانی حیزبی کۆمونیستی تورکیە لە ئاتاتورک تورکتر بوون. لە زیندانە سیاسیەکانی باکور باو بوو گەر لە کوردێکیان دەپرسی تۆ لە کام نەتەوەی وەڵامی دەداوە: “ئەز ئەنتێرناسیونالیستم”!

بیری نەتەوایەتی لەناو کوردی باکوری چەپی نیشتەجێی ئوروپادا بە هۆی کاری کۆمکار زیندوو بۆوە.
سەرجەمی هێزە سیاسیەکانی کورد لە پاش کۆماری کوردستان هەتابەرەبەری تێکچوونی سۆڤێت و کۆتایی جیهانی دوو بەرەیی، خودموختارییان کردبوو بە دروشمی سەرەکی خۆیان. گەرچی بەرنامەی خودموختاری حیزبە کوردستانیەکان، هەم لەباشور و هەم لە رۆژهەڵاتدا، لەباری ناوەرۆکەوە، زۆر پتر بوو لە ئەو مافەی کە بەناوی خودموختاری لە ئاستی سەردەمدا ناسرابوو، بەڵام بە گشتی دروشمی سەرەکی خودموختاری بوو.

لە دە ساڵی کۆتایی سەدەی بیستەمدا و پاش دوو تێکشکانی پڕئازاری شۆرشی ئەیلول لە ١٩٧٥دا و داسەپانەوەی دەستەڵاتی کۆماری پەت و سێدارەی ئێران لە پاش بەربەرەکانیی هەشت ساڵەی رۆژهەڵاتی کوردستان لەبەرانبەر پیاوکوژەکانی داعەشی شیعەدا، خودموختاریخوازی لە کوردستان رووی هێنانە گۆڕێی نەما و پارتی کرێکارانی کوردستان لە باکور بە هەڵگرتنی دروشمی سەربەخۆیی توانیی کە لە دەستەیەکی ڕووناکبیریی چەپی توندرەووە بەرەو هێزێکی نەتەوەیی چەپی بە گوڕ هەنگاو هەڵبڕیی و هەست و سۆز و خۆشەویستیی سنورەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکی تێپەڕاند. پێڵانی داگیرکەرەکان و پاڵپشتیی زلهێزەکانی پشتیوانی داگیرکەران بوو بەهۆی ڕادەستکردنەوەی عەبدوالا ئۆجالان سەرۆکی پ.ک.ک بە تورکیەی. پاش ڕادەستکردنەوەی بەڕێز ئۆجالان ئەو حیزبە لە ئاستی تیوریدا وردەوردە سەربەخۆیخوازی لەبیر بردەوە و بو بە نوێژەنکەرەوەی چەشنێک بیری ئینتێرناسیۆنالیستی کە دەیەوی ئاڵاهەڵگری پێکهێنانی میکانیکی نەتەوەیەک بێ بە ناوی نەتەوەی دێمۆکراتیک!

پاش رووخانی دەستەڵاتی سەدام لە باشوری کوردستان، حیزبەکانی باشور پاش چەندین ساڵ شەری براکوژی، بە ناوبژیی ئەمریکا یەکتریان گرت و بۆ یەکەمجار فیدراڵی نەتەوەییان بە فەرمی دامەزراند و دەستەڵاتی هەریمی کوردستانیان ڕاگەیاند.
لە ئەنجامی کارتێکەریی گەشەسەندنی بزاڤی کوردلە باکور و باشوردا هەم خودموختاری کەوتە بن هەوری فەرامۆشی و هەم داواکردنی سەربەخۆیی و وەدەستهێنانی مافی رەوای نەتەوایەتی هاتەوە بەرباس. بەشێوازێک کە فیدرالیسم بوو بە دروشمی بەشێکی بەرچاوی حیزبەکوردستانیەکانی باشور و رۆژهەڵات. لەهەمان کاتداچەند حیزب و کۆری ڕۆشنبیری بەڕاشکاوی بانگاوازی سەربەخۆییان کرد و سەردانی ئەو دروشمە لە پارچە دابەشکراوەکانی کوردستان لە بڤەیی رزگار بوو.
ڕادەستکردنەوەی ئۆجاڵان ، لەهەمان کاتدا کە زەبرێکی قورس بۆ بزوتنەوەی باکوربوو، پشتگری سەرتاسەریشی لە هەموو پارچەکانی تری کوردستانەوە بۆ باکور وەدیهێنا. بۆ ماوەیەکی چەندمانگە کۆمەڵانی کورد لەهەرچوارپارچە دژایەتی خۆیان لە ئاست ئەم پیلانە دەربڕیی و بەڕاشکاوی پالپشتیان لە باکور کرد.
هەریمی کوردستان لەگەڵ ئەوەیکە بۆماوەیەک لەباری ئابوری و ئاسودەیی دانیشتوانی پشکوت و شارە وێڕان کراوەکانی لەسەردەمی سەدامدا ئاوەدان بوونەوە بەهۆی پێوەندیی نادروستی حیزبە باشوریەکان بەتایبەت لەگەڵ ئێران بوو بە مەیدانی تەراتێنی سیخوڕەکانی کۆماری پەت و سێدارە و هەمدیسان ڕاڕایی ناو حیزبەکانی باشوریی کە دەستەڵاتیان لەناو خۆیان دابەشکردبوو. لەکاتێکدا سەرکردایەتی هەریم بەپێی توانا هەوڵی دەدا لە عێراق یاسای بنەڕەتیی ڕەچاو بکری رووبەڕووی پێلانی پەیتاپەیتا دەستەڵاتدارە شیعەکانی سەر بە ئێران ببۆوە.

ڕاڕایی ناوخۆ و پێوەندیی ناوچەی سەوز لەگەڵ ئێران هەم پاڵپێوەنانی پتری ناوچەی زەردی بەرەو تورکیە پێوە بوو و هەم کوردی لەئاست بەغدا لاواز کردبوو. لەگەڵ ئەوەیکە سەرۆکایەتی هەریم هەتا دەهات لە دروشمی سەربەخۆیی و هەنگاونانەوە بەرەو ئەو دروشمە نزیکتردەبۆوە، رەوتی پیڵانەکان چڕوپڕتر دەبوون.
تەنانەت مەترسی شەڕی براکوژیش هاتبۆوە گۆر. گەندەڵکاری و بەتایبەت نەخۆشیی مام جەلال و نەمانی لەساحەی سیاسەتدا، هەم زەربی قورسی لە یەکێتیدا و دەستی ئێرانی لەناوچەی سەوزدا کردە دیاریکەر و هەم زەربی لە پارتیدا کە پاڵپشتیی مام جەلالی نەمێنێ و بببێتە ئامانجی ڕەخنەیەکی زۆر. لەگەڵ ئەوەش سووربوون لەسەر دروشمی سەربەخۆیی بەرچاوترە و دووبەرەکیشی خستەناو یەکێتیەوە و بەشێکی بەرچاوی یەکێتی لەباری چۆنێتیەوە، بەڕاشکاوی پشتگری سەربەخۆیین.

بەڵام پ.ک.ک پاش بەندیکرانی ئاپۆ، گەرچی لە باری سیاسیەوە هەوڵێکی زۆری بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی و داسەپاندنی دێمۆکراسیی لە تورکیەدا، لەباری هەڵوێستگرتن لەسەر مافی نەتەوایەتی بەرەو دروشمدانێکی ناروون و ڵێڵ رویشت کە بە ڕاشکاویی جیاوازیی لەگەڵ داوای سەربەخۆیی هەبوو. پەسندکرانی رەتکردنەوەی سەربەخۆیی و بەرزکردنەوەی خۆبەرێوەبەری دیمۆکراتیکی گەڵان، گەرچی پاشوەندی کۆنفێدرالیزمیشی بەخۆوە گرتبوو، بەروونی وازهێنان بوو لە داوای مافی ڕەوای نەتەوایەتی کردن. بەداخەوە ئەوەش لەکاتێکدا روویدا کە پ.ک.ک توانیبووی لەگەڵ حیزبی برای پارتی یەکێتی دیمۆکراتیک لە ڕۆژئاوا حیماسەی کۆبانی بخوڵقێنێ و سەرنجی نێونەتەوەیی بەرەو مەسەلەی کورد ڕابکێشێ.

بەڕێوەبەرایەتی پ .ک.ک و پ.ی .د و پژاکی هاوبیری رەتکردنەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی و سەربەخۆییان کردە دروشمی سەرەکی ستراتێژیی خۆ بە پڕۆپاگەندەی شێلگیر بۆ خۆبەڕیوەبەریی دیمۆکراتی. ئەوان بە دەمارگرژی و پێداگری داهێنانی ئەو سیستمە بە نێوی ئۆجالان دەناسن. لەکاتێکدا لە سەدەی هەژدەهەمەوە ئەو بیرۆکە چەپە توندرەوانە لەلایەن داڕێژەرانی بیری سۆسیال ئانارشیەوەهاتۆتە گۆڕێ. ئانارشیستەکان بە زمانی سیاسی خۆیان لە سیستێمێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بەبێ دەوڵەت و بەگشتی کۆمەڵێکی بی قەوارەی چینایەتی و دەستەڵاتداری دەدوان و دەدوێن. ئەوان لەو بڕوایەدان کە لەسەر بنەمای هاوکاریخوازانەی خودموختار، کۆمەلگایەکی سەربەست پێکدێ کە دەتوانێ باشتر لە دەستەڵاتەکانی میری وڵات هەڵسوڕێنی.
لەمبوارەشدا ئەوان لە تاکرەویی هەرە توندرەوانە و هەرەوزیی هەرەتوندرەوانە داکۆکی دەکەن و دیمۆکراسیش بە دیکتاتۆری زۆربە دادەنێن. ئەو تیوریە لە ساڵی ١٧٧٣ لەلایەن ویلیام گارۆدین لە ژێر سەردێڕی “لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی دادپەروەری سیاسی و کارتێکەریەکەی لەسەر خۆشگوزەرانی و بە قازانجی گشتی” داگەڵاڵە کرا. پاشان پرۆدۆن (١٨٠٩ -١٨٦٥)، باکۆنین (١٨١٤-١٨٧٦)، کرۆپۆتکین (١٨٤٢-١٩٢١) و مۆری بۆکچین (١٩٢١-٢٠٠٦) داڕێژەرانی تیوریەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەلسەفی بەرچاوی ئەو ڕوانگەیە بوون. لەم ناوەدا تێکرای ئەوەیکە پ.ک.ک بەناوی بەڕێز ئاپۆوە تێدەکۆشی رەنگی کوردایەتی بداتێ لە نووسراوەکانی مۆری بۆکچین و تاکسفۆتۆپۆلۆس وەرگیراون.

مۆری بۆچکین مودێلی ” دیمۆکراسی کۆنفێدراڵی شارناوەندێتی رزگاریکەر “پێشنیئار دەکا کە کانتۆنەکانی پێشنیارکراوی پ.ک.ک بەبێ گومان و شک، کۆپی هەڵگرتنی ئەو مۆدیلەن. مۆدێلێک کەلەودا لێژنەیەکی خۆجێی دادپەروەری و سپا و دامەزراوەکانی تری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ماف بەڕێوەبەرایەتی دەکا. بەگشتی هەڵسوڕاندنی کاروباری ناوچەیەکی جوغرافیایی بەربڵاو بە نوینەرانی شوراکانی خۆجێی دەسپێرێ. کونفێدراسیۆن ڕیکخراوەیەکی پێکهاتوو دەبێ لە شوراکانی ئیداری کە ئەندامەکانی لەلایەن ئەنجومەنەکانی شارەکان و گەڕەکەکان و لادێکان هەڵدەبژێردرین و ئەو سیاسەتانە پێڕەوی دەکەن کە ئەنجومەنەکان دیاریان دەکەن. لە ڕوانگەی مۆری بۆچکین و تاکسفۆتۆفۆلۆسدا ئینسانەکان بە گشتی دێنەبەرباس و نەتەوە وەک چین و توێژ بە دەسکردی سەرمایەداری دادەندرێ و ڕێبازی خۆیان لەئاست سەرمایەداریی پەرەگرتووی نوێدا بە دیمۆکراتیزمی پەرەگرتووی سەردەم دەزانن. ئەو ڕوانگەیە تەنانەت لە ئاست فیمینیزمیشەوە باوەڕی بە رەهایی نەگۆڕ هەیە. لەمبوارەشدا فێمینیستەکانی رۆژهەڵات، بەتایبەت لەوڵاتە ئیسلامیەکان کە هەرچەشنە مافێک بەژنان رەوانابینن، ئەو رەهایی نەگۆڕە توندرەوانەتریش لە وڵاتە رۆژئاواییەکان دەکەنە روانگە. هەربۆیەش کارتێکەریی بەتایبەت لەسەر کچ و ژنانی جەواندا زۆرە. هەمدیسان ئەو تیوریە لەلایەن پ.ک.ک وە بە “ژنۆلۆژی”ی دامەزراو لەلایەن بەڕێزئاپۆوە دەناسێندرێ.

بەگشتی بەم روانگەیە لە کۆنفێدرالیزمی دیمۆکراتیک نە بارودۆخی ناوچە، نە جیاوازیی بیروڕا و جینس و وڵات و کولتور لەبەرچاو ناگیرێ و گۆماندەکرێ بە هۆی پەروەردە کردن دەکرێ لە جیاتی نەتەوەی کورد و ئازەری و تورک و … ئینسانهایەک لەقاڵب بدرێ کە پێیان دەڵێن نەتەوەی دێمۆکراتیک. دیارە ئەو ڕوانگەیەش لە وڵاتی ئەمریکا سەری هەڵداوە و تایبەتمەندی ئەمریکا ئەوەیە کە شاروەندەکانی لە کۆچکردوەکانی سەرانسەری جیهانەوە پێکهاتوون. لەو وڵاتەدا نەتەوەیەک دەستەڵاتدار نییە و نەتەوەیەک بندەست نییە. چەوسانەوە سەرمایەداریە و ستەم لە رەنگپێستاندەکرێ. مەسەلەی سەرەکی یەکسانی لە ئاست یاسادایە کە بە نووسراوەکان دانی پێدانراوە و بەکردەوە لیرە و لەوێ پێشێلدەکری. مەسەلەی سەرەکی لە ئەمریکا دادپەروەری کۆمەڵایەتیە.

دیارە ئەم بیرۆکەیە وەک ئاوات و ئارەزو، وەک پوختەی بیری کۆمۆنیستی مارکس جوانە و بریا هیچ سنورێک و هیچ جیاوازییەک لەناو مرۆڤەکاندا نەبا. بەڵام ئایا دەکرێ لە جیهانێکدا کە چەند وڵاتی زلهێز بە هۆی توانایی ئابۆری و چەکداری و زانستیی خۆیان دەستیان لە هەموو رووداوەکانی جیهاندا هەیە، لە جیهانێکدا کە نۆکەر و تێڵابەدەستەکانی ئەو زلهێزانەش خەریکی چەوساندنەوە و داپڵۆسانی خەڵکی وڵاتەکانیانن و بە تایبەت لە کوردستانێک کە بە ٤٥ میلیون کەسەوە هیچ چەشنە مافێکی مرۆڤی پێ ڕەوا نابینرێ و بۆتە بندەستی نەتەوە هەرەدواکەوتووکانی ناوچە، بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوایەتی ئەو وڵاتە ئاڵاهەڵگری شۆڕشێکی وەها بێت کە بناخەی هەموو زلهێزەکان هەڵوەشێنی و هێزێکی وەک پ.ک.ک بە ٢٠ هەزار گریلای لەخۆبۆردووە کە سەرەڕای وەیکە ئازایەتیەکەیان بۆ جیهان دیارە، بۆ چەک و چۆڵ و مەسرەفی مقەر و چل و بەرگیشیان دەستیان بەرەو ئەو و ئەم وڵات درێژە بتوانی لەبەرانبەر ئەو هەموو چک و سپایەدا بەو هەموو زانست و تەکنیکەوە شۆڕشێکی وەها بباتەسەر؟ ئایا رەوایە ئەو هەموو چاوگەشە خوین شیرینانە کە وێنەی نیشتمانپەروەرین بکرین بە سوتەمەنی ئاگرێکی توندرەوانەی بێ بنج و بناوان؟

راستەقینە لە گەڵ ئارەزو و ویست جیاوازە. نەتەوەی کورد بە وەدەست هێنانی مافی نەتەوایەتی خۆی کە بێ لامجۆیی سەربەخۆییە و بە دامەزراندنی وڵاتێکی دیمۆکراتیک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ناوەندی دواکەوتووییدا دەکارێ مەزنترین خزمەت بە مرۆڤایەتی و پێشکەوتن بکا. چاوپێداخشاندنێک بە ریزی دوژمنەکانی دامەزراندنی کوردستانی سەربەخۆ، بەڕاشکاوی پێشان دەدا کە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی کورد ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لەو ناوچەپاشکەوتوویەدا پێکدێنی کە دەبێتە هۆکاری تێکچوونی بەشێکی گەورەی دەستەڵاتداریی دیکتاتۆرەکان و تێکچوونی زۆربەی سنورەدەسکردەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

١٩.٠٢.٢٠١٧

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …