تیروانینێک بۆ رەوتە جیاوازەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان / محەمەد حەکیمی

هابرماس دەڵێت: ناتوانین بیشارینه‌وه، جیهان شاهیدی شه‌ڕ و دڕنده‌ییه، به‌ڵام شه‌ڕ به‌شێکی ناراسته‌وخۆیه له ئینسانیەت، جگه له سروشتی راسته‌قێنه‌ی. ئینسانیەت زۆر به جوانی ده‌توانێ به‌رهه‌می شه‌ڕ پاک بکاتەوە و ده‌بێ بتوانێ بۆ تێگه‌یشتن له یه‌ک و بۆ چاره سه‌ری کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگا هەنگاو هەلگرێت، تا به‌م جۆره کێشه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی مرۆڤ چاره سه‌ر بکات و رێگا چارەیەکی بۆ بدوزێتەوە.
راستە جیهان شاهیدی شەڕ و دڕندەییە، لەم شەڕ و دڕندەییە رۆژهەڵاتی ناوین پشکی شیری بەرکەوتوە و کوردستان لە سەدا ساڵی رابردوودا زیاترین شەڕ و دڕندەیی بە خۆیەوە بینیوە، هەر لە کاتی هاتنە سەرکاری رژیمی شا و خومەینیەوە بگرە تا سەدام، بەشار ئەسەد، ئەتاتورک و داعش… کوردستان هەمیشە لە ژێر مەترسی هێرش و زەبر و زەنگدا بوە و بە دەیان جار لەلایەن ئەو دەسەڵاتە دیکتاتورانەوە ئەنفال و میلیتاریزە کراوە و دەکرێ. هەر بۆیە بە رای من لێکتێگەیشتنی لایەن و تاک و رووناکبیرانی کورد پێویستی بە ناسین و خوێندنەوەی قووڵی هەموو لایەنەکان هەی بۆ چارەسەری گرفت، کێشە و ئاستەنگەکانی ئەم سەردەمەی خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان.
لەم سەردەمەدا حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان توانیویانە زۆر جار خوێندنەوەی راست و جاروباریش هەلەیان هەبێت بۆ رووداو و گرفت و کێشەکانی ئەم بەشە لە کوردستان. هەموان دەزانین ، کوردستان “کولونی نێودەوڵەتیی”ە و بە چوار بەشەوە دابەش کراوە، هەر کام لەم بەشانە بە ئێستاشیەوە توشی کۆمەڵێک گرفتی تایبەت بە خۆیانن کە جیاوازە لە بەشەکانی دیکە و رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر تایبەتیترە لە بەشەکانی دیکە، دەزانین کە رۆژهەڵاتی کوردستان بە ئێستاشیەوە زۆرترین خەباتی تێدایە و کەمترین دەسکەوتی چ لە بواری سیاسی و نیزامیەەوە هەبوە. ئەمەش لە راستیدا دەگەرێتەوە بۆ چەند فاکتی گرنگ کە کۆمەڵێک لەو گرفت و فاکتانە بریەتیین لە:
ئەلف: ناکوکی نێوان هێزە کوردیەکان و لێکتێنەگیشتن، هەموان دەزانین کە خەبات لەم بەشە لە کوردستان توشی جۆرێک لە نوشەست، پەرتەوازەیی و دابران بوە، کە دەتوانین بڵێن ئەمانە هۆکارگەلێکن کە توانیوانە بەرخودان لە رۆژهەڵاتی کوردستان توشی لاوازی و ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین بکەن.
ب: دوورکەوتنەوە لە خاکی خۆمان، یەکێکی دیکە لە گرفتەکان تا رادەیەک کە دەزانین دوورکەوتنەوەیەلە خاکی خۆمان، رەنگە کۆمەڵێک کەس باس لەوە بکەن کە کاتی خۆیی ئێمە هەموو شتێکمان هەبوو، شاخمان بە دەستەوە بوو، لە ناو خاکی خۆماندابووین و …. هتد، هەموو ئەوانە راستی، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە سەردەم گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتوە، بۆ نموونە ئەگەر ئێمە بمانەوێت خۆێندنەوەیەک و هەلوەستەیەک بکەین بەسەر ئەوسا و ئێستای خەباتی نەتەوەکەمان لەم بەشە لە کوردستان، دەبێ سەیری فاکتەکان بکەین وکێشە و گرفتەکان تاوتوێ بکرێت، ئێستا، سەردەمێکی زۆر جیاوازترە لە ساڵەکانی 1357ی هەتاوی، دەمەوێ بە روونی بڵێم کە خەبات لەم بەشە لە کوردستان تەنها بە هۆی دوورکەوتنەوە لە خاکی خۆمان توشی ئەم کێشانە نەبوە، بەڵکوو یەکێک لە گرفتەکان ئەوەیە و گرفتگەلی دیکە زۆرن کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەکەم.
پ: پەرەم پەرەمبوون، و جیابوونەوە و لەت لەتبوون و کێشمەکێشمەکان یەکێکی دیکە لەهوکارەکانن و هەروەها دوورکەوتنەوەی خەڵک و حیزب لەیەکدی و …. هتد.
ئەمە وایکردوە کە لە ئێستادا حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەک خەباتێکی کلاسیک کاربکەن و ئەوان بەو هۆکارانەی سەرەوە کە باسم کردن نەیانتوانیوە خۆیان لەململانێ و کێشە وردەکان رزگار بکەن.
من ئەو پرسیارە ئاراستەی ئێوە دکەم کە ئایا، بەڕای ئێوە “فدرالیزم” پرۆژەیەکی شکەسخواردوو نییە؟ هەموان دەزانین کە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتوەکانی جیهان، بە تایبەتی ئوروپا و ئەمریکا توانیویانە بەشکی بەرچاو لە مافی خەڵکەکەیان بدەن، جا ئەم مافانە چ کولتووری بێت یان سیاسی، ئەو وڵاتانە توانیویانە بەشێکی بەرچاو لە مافی جەماوەر دابین بکەن، بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوین بە تایبەتی کوردستان بە گشتی ئەم شتە رێک بە پێچەوانەوەیە و بەداخەوە کاتێ سیاسیەکانی ئێمە باس لە “خودموختای” یان “فدرالیزم” یان ” کونفدرال” دەکەن، خۆیندەوەیان تەنها بۆ ئەوەیە کە بتوانن روانگە و دیدی پان ئیرانیستەکان بۆ لای خۆیان راکێشن و ئامادە نین کە بڵێن ئێمە مافی چارەی خۆنووسینمان دەوێت. شتێک کە مافی سەرەکی هەر ئینسانێکە، هەمیشە سیاسەکانمان لەمبارەوە نانیان بە قەرز داوە و زۆر دەستەو عەسا لەمبارەوە چونەتە پێش. حیزبەکان و رووناکبیرانی ئێمە دەبێ زۆر بە روونی و راشکاوانە باس لە مافی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بکەن و بە جەختکردنەوە و پێداگری لەسەر مافی چارەی خۆنووسین و خۆگونجاندن لەگەڵ سەردەم، خۆیان و بیر و ئەندیشەیان نوێ بکەنەوە و هەروەها دەتوانین بیشڵێن کە حیزبەکان تا ئێستا نەیانتوانیوە، هاوپەیمانی یان بەرە، یان لانیکەم هەر هیچ نەبێت راگەیاندنێکی هاوبەش پێکەوە وەک کارێکی هاوبەشی سیاسی ئەنجام بدەن. نەبوونی دیالکتیک لە نێوان حیزبەکان و کەسەکانیشدا، بە تایبەتی رووناکبیران بوونی نییە و نابیندرێ و ئەمەش وای کوردوە کە تەنانەت لە ئاستی جیهانیشدا نەتوانین خاوەن دامەزراوە یان کانێکی سەربەخۆ بین کە نوێنەرایەتی هەموو چین و لایەنکان و حیزبەکانی رۆژهەڵات و جەماوەر کوردستان بێت.
نابێ نەخشی رووناکبیرانیش لە بیر بکەین، لەم سەردەمەدا شتێکی ئەوتۆ جیاواز نییە لە نەخشی حیزبەکان و رووناکبیر، بەداخەوە بەشێکی بەرچاو لەرووناکبیرانی ئێمە جیاوازییەکان لە پرسی گشتییدا نابینن و تەنها بەرچاو و بەرپای خۆیان دەبینن و هیچ کات ئەوپەڕی ڕووداوەکان چاو لێناکەن. بۆ نموونە لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ئێران، بەشێکی بەرچاو لە رووناکبیران و تەنانەت حیزبیش بوو کە باسیان لە بەشداری لە هەلبژاردنەکاندا دەکرد و بەو شێوە، تەنها بۆ ئەوەی لە کاتی هاتنە سەر کاری حوزەرات “مووسەوی یان کەروبی،…هتد” شتێک بۆ خۆیان مسوگەر بکەن و بتوانن بەرژەوەندی خۆیان بپارێزن، بەڵام ئایا لە بیرکردنی لایەنەکانی دیکەی خەبات لەلایەن رووناکبیرەوە، ئەوە ناگەێنێ کە ئەم رووناکبیرانە تەنها بیر لە خۆ دەکەنەوە، ئایا رووناکبیری کورد خەبات تەنیا لە پێناوە ئەوەدا دەبێنێ کە ئامانجە تاکەکەسیەکانی خۆی دابین و مسۆگەر بکات.
ڕەنگە جیاوازی رووناکبیران، بە مانای بوردویوییەکەی، بە هۆی سەرمایەی فەرهەنگی زۆرتر، لە سەر ئەم ڕوانگەیە جێگەی تێرامانی زیاتر بێت و دەبێ لە سەر ئەو بیرۆکە بۆەستین. بەلێ منیش لە سەر ئەو بروایەدام کە جیاوازی رووناکبیران، تەنها لە خۆدوزەرەوەی رووناکبیرانە ناخوێندرێتەوە، بەڵام، لە ڕاستییدا، رووناکبیر و حیزبیەکانی ئێمە، هەستی خۆیان سەبارەت بە سیاسەت و کۆمەڵگە بە راست دەزانن و هەر بەم هۆیەیە کە هەموو هەلوێستە هەلەکانیان بۆ کۆمەڵگەی کوردی بە راست دەخوێنێتنەوە و بیری کۆمەڵگەی کوردی بەرەو ئاراستەیەکی لارێ دەبەن و بردوە. کەسانێک کە تەنیا بۆ خۆدوزەرەوە و بۆ ئەوەی بتوانن ناویکیان هەبێت لە ئێستا و دوارۆژدا هەموو ئەرکە نەتەوەتیەکانی خۆیان خستوەتە ژێر پرسیار و ئاوات و خەونی نەتوەوە ئینسان بوونیان ناوەتە گۆڕەوە.
بە رای من کاتی ئەوە هاتوە رۆڵی رووناکبیر و حیزب زیاتر بەرچاوتر بێت و رووناکبیر و حیزب دەبێ بەستێنیکی وا دروست بکەن کە بتوانن شۆڕشێکی گشتگیر لە کوردستان دەست پێبکات و شێوە و میتودی خەبات بگۆڕن، لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوە بکەم کە رووناکبیر و حیزب دەبێت لە گەڵ قشری خوارەوە و مام ناوەند پەیوەندییەکی چڕ و پڕیان هەبێت، ئەم دوانە زیاتر پێوەندییان پێکەوە هەبێت و بە جۆرێک دەبێ ئەوە بڵێم کە ئاشتبوونەوەی ئەم دوانە دەبێتە هۆی ئاشتبوونەوەی خەڵک لەگەڵ حیزبەکان و ئەمەش دەتوانێ یارمەتی زیاتری شۆڕش لە رۆژهەڵاتی کوردستان بدات.
بە دڵنیاییەوە حیزب و رووناکبیر بەشێکی نەپچراوەن لە کۆمەڵگا، بەڵام حیزب و رووناکبیر دەبێت لە گەڵ جەماوەر هاوئاهەنگ بن. ئەوان دەبێت قسەی دڵی لادێیەک، یا گۆشەنشینێک و هەروەها هەموو قشرەکانی کۆمەڵگە ببیستێن و گوێ بە دەردیی دڵی ئەوان بدەن و هەموو هەولی خۆیان بخەنە گەڕ و ئەو خەڵکە ئامادە بکەن بۆ شۆڕش و رزگاربوون لەو دۆخەی ئەمڕۆکە کە گەلی کوردی تێکەوتوە. لە کۆتاییدا دەبێ بڵێم کە رەگ و ریشەی ئازادی لە هێز و دەسەڵاتی هەلبژاردندایە. ئێمە ئەوەی بمانەوێ هەلیدەبژێرین بۆ ئەوەی لە ناو سیستمێکدا قوت نەدرێن و بتوانین نەخشە رێگایەک بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دیاری بکەین. هەموو لایەنەکان بێ دەردونگ بۆیان هەیە کە بیر و ئەندیشەی لایەنی دیکە رەت بکەنەوە و هەروەها بە پێچەوانەوە بۆیی هەیە کە بیر و ئەندیشەی لایەن یان لایەنەکانی دیکەقەبووڵ بکەن. لە واقعدا ئەمە ئەو رایەیە کە دەبێ هەموو لایەنەکان رێزی لێبگرن و بەرەو ئاراستەیەکی دێموکراسیدا بچن. بۆ تێگەیشتن لە یەک و رەتکردنی ئەم گۆمە قەتیسەی رۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە هەمووان بە دڵی ئاوەلاو گەورەوە، برواننە خەبات و شۆڕش، هەر بۆیە پێویستە هیچ کەس یان لایەنێک تەگەرە نەخاتە بەردەم لایەن یان کەسی دیکە و خۆیی بە براگەورە نەزانێت.
تێبینی:
ئەم وتارە  پێشكەش بە سمیناری “رۆژهەڵاتی کوردوستان نەخشەرێگا” كراوە

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …