دوو شه‌ممه‌ 25 ئازار 2024

چەمکەکانی چەپ و ڕاست و چەند تێبینیەک لەسەر چەپی کورد / حەسەن ماوارانی

دیارە ووشەکانی چەپ و ڕاست لە گێڕانەوەی چیرۆکەکانی کوردیدا و لەسەردەمی منداڵیماندا بە گوێ زۆربەمان گەیشتووە. هەمیشە لەو حەکایەتە کوردیانەدا پاشا دوو وەزیری دەستی ڕاست و دەستی چەپی هەبووە کە ڕاوێژکاری بڕیاردانی پاشا لەسەر رووداوەکانی داستانەکە بوون و یەکیان بەباری چاکدا ئامۆژگاریی کردووە و یەکیان بە باری خراپدا.

کە گەورە بووین وردە وردە تێکەڵاوی سیاسەت و حیزبایەتی بووین، بەکار بردنی ئەو چەومکانە کەوتنەسەر زمانمان و زۆربەمان بەبێ زانیارییەکی ڕاستەقینە لەسەر مانای ئەو چەمکانە لە سیاسەتدا خۆمان بە چەپ یان ڕاست دەناساند.
ئێستاش کە بەفری پیری لەسەر سەرمان نیشتوە و کۆڵەباری ژیانی پڕ لە درامای وەچەیەکی سوتاوی وڵاتەکەمان بە کۆڵمانەوە دەبینین کە دۆستانێک سەرەڕای خۆ بەچەپ ناساندنیان لەسەردەمی تێکۆشانیان، بەبێ زانیارییەک لەسەر چەپ و ڕاست فیشکەکوێرەی تۆمەت و تاوانبارکردن بە چەندەها وەچەی تێکۆشەری نیشتمانەکەیانەوە دەنێن، هەتا کوڵی دڵی پڕ لە دژایەتیی حیزبیی خۆیان دامرکێننەوە.

بەتایبەت کە ئێستا باوی بەرەوڕاست وەرسوڕانە، هەندێ کۆنە چەپ، وەها چەپ وەبەر جنێو دەدەن کە پیاو بێزی هەڵدەستێ. ئایا دەرس وەرگرتن لەڕابردوو بەمانا خۆ وەبەر چلم و بەلغەمدان و تێهەلسوونی پیسایی لە روخساری ڕابردووە؟
چەمکەکانی چەپ و ڕاست لەسەرتادا بەپێی شوێنی دانیشتنی ئەندامەکانی پارڵمانەکانی وڵاتە ئوروپاییەکان لە سەدەی ١٩ وە لە هۆڵی پارلماندا بوونەباو. لە پارلمانەکانی ئاڵمان و ئینگلیس و فەرانسەدا شوێنی دانیشتنی فراکسیۆنە جیاوازەکان بەو شێوەیەی دیاریکرابوو کە لایەنگرانی دەستەڵاتدار کە داکۆکیان لە دەوڵەتەکان دەکرد و تێدەکۆشان زروفی ئابۆری و رامیاری گۆڕانکارییان بەسەردانەیە لە لای راست دادەنیشتن و مامناونجیەکانی لیبێڕال لە ناوەڕاست و حیزبەکانی لایەنگری کۆمەڵانی هەراوی چەوساوەش لە لای چەپی هۆڵی پارلێمان دادەنیشتن. لەم جۆری دابەشینی هۆڵی پارلمانەڕا چەمکی چەپ و ڕاست هاتە ناو ئەدەبیاتی سیاسیەوە و هەتا ئێستاش بە پێی هەڵوێستیان لەسەر مەسەلەکانی ئابۆری و ڕامیاری حیزبی چەپ و حیزبی ڕاستیان پێدەکوترێ.
چەپ و ڕاست وەک باوە لە هەموو سەردەمێک دا بەیەک شێواز مانای لێدراوەتەوە. ڕاست لە مانەوەی زروفی زاڵ داکۆکی دەکا و چەپ لە گۆڕان و بەرەو پێشچوون. گەر بمانهەوێ بە دەستەواژە سیاسیەکانی ئێستا بڕوانینە ڕابردووش دەبێ بڵێین لەسەردەمی کۆیلەداریدا، چەپ دژی سیستێمی کۆیلەداری بووە و راست داکۆکی لە سیستێمەکە کردوە. لەسەردەمی دەربەگایەتیدا چەپ دژی چەوساندنەوەی وەرزیڕ بەدەستی دەرەبەگانەوە بووە و ڕاست داکۆکی لە دەرەبەگایەتی کردوە. لەسەردەمی سەرمایەداریدا چەپ داکۆکی لە چین کرێکار و چەوساوە کردوە و ڕاست داکۆکی لە سەرمایەداری کردووە. لەسەردەمی ئێستاشدا کە سەرمایەداری هەنگاوی ناوەتە پلەیەکی هەرە پەرەگرتوو کە بە نێوی گلۆبالیزە کردنی جیهان هەموو سنوورەکان پاک کاتەوە بۆ چەوساندنەوە، چەپ دەبێ ئاڵای دادپەروەری کۆمەڵایەتی و گلۆبالیزەکردنی دادپەوەری بکاتە ئامانجی خۆی. (بە وتەیەکیتر چەپی مۆدێرن کە هێشتا خەریکی گاگۆڵکەیە و بە دارەدارە نەگەیشتووە.)

بەو پێیەش لە کۆتایی سەدەی نوزدەهەمدا بیری چەپ و بیری ڕاست، حیزبی چەپ و حیزبی ڕاست هاتنەکایەوە. هەرلەهەمان کاتیشدا بیری راست و بیری چەپ قەوارەیەکی خەتی و نوسخەیەکی پێچراوە و یان نوشتەیەکی شیخنووسانە نەبوون. هەر کۆڕ و کۆمەڵێک بە پێی زروفی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابۆری ولاتەکەی کە لێی نیشتەجێ بوو، خوێندنەوەی خۆی لەو بیرانە هەبوو.

هەروەها حیزبەکانی چەپ و ڕاستیش قەوارە و ڕوانگەیەکی کۆپیکراو لەیەکتریان نەبوو. هەرکام دیاردەی تایبەت بەخۆی پێوەدیار بوو. گەر بمانهەوێ حیزبی چەپ و حیزبی ڕاست بە شێوەیەکی ڕاستەقینە بخەینەبەرباس، دەبێ وەک لێکۆڵینەوە لە رەنگەکانی کۆڵکەزێرینە بە چاوی وردبینانە باسیان بکەین کە لە هەمانکاتدا هەموویان رەنگدانەوەی تیشکن لە دلۆپەکانی ئاوی ناو هەوران، بەڵام بە جیاوازی رەنگەوە و بەبێ سنوور و سەرحەدێکی خەتی. هێزەکانی ڕاست سەدان باڵی جیاوازیان هەیە وەک فاشیستی ئایینی (چەشنی هەرە رژدی ڕاست) و فاشیستی سیڤیل، سەرمایەداری زلهێز و دنیاخۆر، سەرمایەداری نەتەوەخواز، سەرمایەداری بەستراوە، سەرمایەداری لیبێڕال و …. هێزەکانی چەپیش هەر بەو جۆرە، چەپی ویشکەرۆ، چەپی ئانارشیست، چەپی کلاسیک، چەپی سەرلێشێواو، چەپی نوێخواز، کۆمۆنیست و سۆسیالدێمۆکرات و … یان تێدایە.

لەوڵاتێکدا کە سەربەخۆیە هەم چەپ و هەم ڕاست نوێنەری کلاسیکی خۆیان هەیە و هەم راست و چەپی ویشکەڕۆ بەرچاون. لە گۆڕەپانی سیاسیشدا لەدژی یەکتر خەبات دەکەن و هەر کام بەهیوای ڕاکێشانی جەماوەر بەدەوری بیر و روانگەی خۆیەتی. واتە چەپ و ڕاست سنوورێکی دیاریکراویان هەیە.

بەڵام لە وڵاتێکی ژێردەستە و داگیرکراودا، پەنجەڕاکێشان بۆ داڕشتنی سنورێکی روون لە نێوان چەپ و ڕاست کارێکی ئاسایی نییە. ناکۆکی سەرەکی وڵاتی داگیرکراو لەگەڵ داگیرکەرانە. رزگاری نەتەوایەوتی بناخەی گرینگی بزاڤی نەتەوەی ژێردەستە و بەشی گرینگی دابینکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیە.

کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوە و دابەشکراوە. واتە هەرکۆردێک چ کرێکار و زەحمەتکێش بێ و چ سەرمایەدار و مامناونجی بەرەورووی ستەمێک بۆتەوە کە دایکی هەموو زۆرداری و دەستدرێژییەکانە بە ماف و کەرامەتی مرۆڤ. ئەوەش ستەمی نەتەوایەتیە لەلایەن داگیرکەرانەوە. هەر بۆیەش لە سەرانسەری سەد ساڵەی ڕابردوودا، بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوایەتی کورد بە گشتی بە بزوتنەوەیەکی چەپ دەناسرێ.

چەپی کورد چەمکێکە کە بەکاربردنی رەمەکی ئەو چەمکە بە سوک و چروکی بۆ دەرەبڕینی ڕق و قینی حیزبایەتی لەئاست یەکتر تاوانە. چما کە ئالاهەلگری بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوایەتی هەر لەسەرەتای پێکهاتنی یەکەم ڕێکخراوەکانی کوردستانی چەپی کورد بووە. گەر مێژووی خەباتی سەدساڵەی ڕابردوو لێکدەینەوە و لێی بکۆڵینەوە ئەو ڕاستیە بە روونی دەردەکەوێ.
گەر بەسەرپێیش لیستە لە ناوی دامەزرێنەران و ئاڵاهەڵگرانی حیزبایەتی لە کوردستاندا ئامادەکەین بەڕاشکاوی پتر لەسەتا نەودی ئەو تێکۆشەرانە بە تێکۆشەری چەپ ناسراون. گەر بە سەرپێیش شەهیدان و گیانبەختکردووەکان و بەندیکراوەکان و ئەشکەنجە دیتووەکان بخەیەنە بەرچاو، چەپەکانی کورد دەیان سەروگەردن بەرزترن لە ” ڕاست”.

هەم بەدرخانیەکان و هەم شەریف پاشا و هەم سمکۆ و هەم رێکخراوەکانی دەستپێشخەری بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوایەتی کورد هەتا ١٩٥٨ بەگشتی لە ئاست سەردەمی خۆیان چەپی کورد بوون.
پیڵانی دەرکردنی هەمزە عەبدوللە و هاوڕێیانی لە لایەن برایم ئەحمەد و دارو دەستەکەیەوە کە بە نهێنی لە ١٩٥٨ لەگەڵ ساواک (دەزگای ئەمنی شا) پێوەندیان هەبوو(سەرچاوە بیرەوەرییەکانی پژمان بەرپرسی ساواک لە بەإدا لەو سەردەمدا)، بۆ یەکەمجار ڕاست و چەپی لە ناو بزوتنەوەی نەتەوایەتی کورددا هێنا گۆڕێ و برایم ئەحمەدی کردە سکرتێری پارتی. کارتێکەری پارتی و پێوەندییەکانی برایم ئەحمەد چێکردووی لەگەڵ ئێران لەسەر ڕەوتی خەباتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانیش رەنگی دایەوە. وردە وردە ئەو بەرەو ڕاستچوونە داوێنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانیشی گرتەوە و ئەحمەد تۆفیق کە خۆی زەمانێک ئاڵاهەڵگری بیری چەپ بوو، بە هەمان شێوازی برایم ئەحمەد بەرەنگاری هاوڕێیانی بۆوە. بەڵام زەختی شۆڕشی باشور بۆ کپ مانەوەی کوردی ڕۆژهەڵات و مل نەدانی کۆمیتەی شۆڕشگێری حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران بوو بە هۆی تاک مانەوەی ئەحمەد تۆفیق و پڕش و بڵاوەی هاوڕێکانی. بەڵام حیزبی دێمۆکرات لە ڕۆژهەڵات هەروەک حیزبێکی چەپی کوردی مایەوە و بووژایەوە. لە باشوریش سەرەڕای پێوەندی شۆڕش لەگەڵ ئێران، حیزبی شیوعی عێراق کە زۆربەیان کورد بوون دەورێکی گەشیان لە شۆڕشی ئەیلولدا هەبوو.

دیارە هاوکاریی بەشێک لەچەپی کورد (چەپی کلاسیک) و تیکەڵاویان لەگەڵ حیزبەسەرانسەریەکان بە هیوای چارەی مەسەلەی نەتەوایەتی و دادپەروەیی کۆمەڵایەتی هاوکات لەگەڵ دەسکەوتی ڕوشەنبیریان بوو بە هۆی هەڵەی بەرچاویش کە بۆ ماوەیەکی کورتخایەن ئەوانی لە رەوتی بزاڤی کورد جیاکردەوە. بەڵام پاش داڕمانی سیستێمی سۆسیالیستی ئەو کوردە چەپانەش بە شێوازی جیاواز لە هەرچوارپارجەی کوردستان دیسان بەخۆیان داهاتنەوە.
ئەو هێزە چەپە کوردیانەش کە رێکخراوی چەپی کوردیان پێک‌‌هێنابوو، بەبەشداریی خۆیان لە بزاڤی کورددا بە هەزاران تێکۆشەریان گیانیان لەپێناو رزگاری نیشتمان دانا.

ئێستاش بەشێک لە چەپی کورد لەباکور و رۆژئاوا و تەنانەت رۆژهەڵات و باشوریشدا خەبات دەکەن و بەرەو ڕووی داعەشی دڕندە و تورکیای خوێنمژ و داگیرکەر بوونەوە و بەو پەڕی لەخۆبووردوویی خەبات دەکەن.
ڕێکخراوە ڕۆژهەڵاتیەکانی چەپیش، لە کۆمەڵەییەکانەوە بگرە هەتا دێمۆکرات و پژاک بەش بەحاڵی خۆیان و بە گوێرەی توانایان خەبات دەکەن. لەوانەیە کە شێوازی خەباتی ئەوان و ڕێبازیان بە مەیلی ئەم و ئەو نەبێ.
ئایا رەوایە بە بیانووی جیاوازیی حیزبی و بۆچوون و هەڵە و هەڵەکاریی کە لە تێکرای حیزبەکوردستانیەکاندا بەرچاوە، تاوانی خەیانەت وەپاڵ ئەو هەموو خۆبەختکەرانە بدرێ؟

ئایا هۆی سەرەکی تێکشکانەپەیتاپەیتاکانی ٥٠٠ ساڵەی کورد لە خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوایەتیدا چەپی کورد بووە یان ڕاستی کورد؟ ئایا هەر بە تەنیا چەپی کورد بووە کە لێرەو لەوێ هەڵەی کردووە و داکۆکی لە داگیرکەرێک کردووە؟ ئایا ئەو ڕاستەکاسنی کورد ن ەبوون کە بوونە گوێڕایەڵی ئەم یان ئەو دەوڵەتی داگیرکەر؟ کام حیزبی کوردستانی هەیە کە پێوەندی بە داگیرکەرێکی کوردستانەوە نەگرتبێ و تەنانەت گەمەشی پێنەکرابێ؟ ئایا هەتا ئێستا کەس بەسەر هەڵەکانی لاباڵی ڕاسترەوی بزوتنەوەی کورددا هاتۆتەوە و بە چاوی ڕەخنەگرانە لەم بوارەی کۆڵیوەتەوە؟

دیارە چەپی کوردیش هەوراز و نشێو و هەڵە و کەم و کوڕیی خۆی هەبووە و هەیە. گەر نەیبایە کاروانی خەباتی بەرەو سەرکەوتن دەبرد.
ئێستا چەپی کورد لە کوردستان کەم و کۆریی ریکخراوەیی و فیکریی زۆرە. ئەوەش دیاردەیەکی نێونەتەوەیی بۆ چەپە لە ئاستی جیهانیدا. بەڵام بە دڵنیاییەوە کۆمەڵگای کوردەواریش رۆژێک دەبێتە خاوەن بەرەی چەپ و ڕاست و ئەو ڕەوتە هەتا دابینکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی هەروەها بەردەوام دەبێ.
با فێری دیالۆگ و وتووێژ بین و پێنووسەکان نەکەین بە تیری چلکنان و بوار بۆ هێندی سەرسەری و نازناوی نەناسراوی کارتی بەسیجدار خۆش نەکەین کە بە ناوی کوردایەتی بازاری شەڕەجنێو لە فەیسبووکدا خۆش بکەن و مێژووی زێڕینی و خوێناوی بەرەی چەپ خەوشدار ببکەن بۆ پاکانەکردن بەڵای حیزبە تازەکانیانەو!

چەپی کورد لە مێژووی بزاڤی کورددا رەگاژووی کردووە و بە کوردایەتی پەروەردە بووە و بە دڵنیاییەوە خەباتی خۆی بۆ دابینکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سەروەری یاسا لە کوردستانی سەربەخۆی داهاتووشدا درێژە دەدا.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …