دوو شه‌ممه‌ 23 ته‌مموز 2018
ماڵەوە / کوردستان / نازم دەباغ: ئەگەر حیزبەكانی كوردستانی ئێران پابەند نەبن، دەبێت چاوەڕوانی كاردانەوە بن

نازم دەباغ: ئەگەر حیزبەكانی كوردستانی ئێران پابەند نەبن، دەبێت چاوەڕوانی كاردانەوە بن

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئێران رایدەگەیەنێت ئەگەر حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان پابەندی رێكەوتنەكە نەبن، دەبێت چاوەڕوانی كاردانەوە بن.

نازم دەباغ كە ماوەی 17 ساڵ وەك نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تارانە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هەواڵنێری تەسنیمی ئێران، لەسەر چەندین تەوەر لێدوان دەدات.
نازم دەباغ سەبارەت بە بەشداری كورد لە شەڕی موسڵ دەڵێت: بەشداری هێزی پێشمەرگە بە بێ رێكەوتن بووە لەگەڵ بەغدا، بەڵام رێكەوتنی بنەڕەتی لەسەر ئەوە كراوە كە ئەو ناوچانەی لەلایەن پێشمەگەوە ئازاد دەكرێت‌و سەر بەناوچەكانی مادەی 140 دەستورە، لەدەستی پێشمەرگە بمێنێتەوە.

سەبارەت بە بەشداری ئێران لە شەڕی داعش لەعێراق دەڵێت: ئەگەر هێزەكانی هاوپەیمان‌و برادەرانی ئێرانی نەبوونایە ئێستا عێراق “عێراقێكی داعشی” بوو. سەبارەت بە یارمەتی حكومەتی بەغدا بە هەرێمی كوردستان بۆ شەڕی موسڵ نازم دەباغ دەڵێت، “یارمەتی دارایی بەغدا زۆر كەم بووە بەڵام ئەمەریكییەكان 423 ملیار دۆلار یارمەتی ئێمەیان كردوە!”.

نوێنەری حكومەتی هەرێم لەتاران سەبارەت بە ریفراندۆم‌و پرسی سەربەخۆیی دەڵێت: “خودی بارزانیش لە بەغدا بە ئاشكرا وتی كە ئەو جودایی خواز نیە‌و ئەمەش بابەتێكە كە هەموومان لەسەر رێكەوتووین‌و بەو مەرجەی ماف‌و داخوازییەكانمان لە دەستوری عێراق دابین بكرێت، باسی سەربەخۆیی ناكەین”.

سەبارەت بەوەی كە بارزانی داوای ریفراندۆم دەكات نازم دەباغ دەڵێت: “بارزانی نەیوتوە كە جیا دەبینەوە، بەڵكو دەڵێت وەرن ریفراندۆم بكەین تا بزانین ئەوەی من دەیڵێم قسەی منە یان هەموو خەڵكی كوردستان؟”.

نازم دەباغ سەبارەت بە شەڕ‌و پێكدادانەكانی ئەم دواییە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەگەڵ هێزەكانی سوپای پاسداران دەڵێت: “من جارێكی دیكە جەخت دەكەمەوە لەسەر ئەوەی كە كوردستانی عێراق پابەندە بەو رێكەوتنەی لەگەڵ ئێران هەیەتی‌و رێگە نادەین لەخاكی هەرێمی كوردستانەوە هێرش بكرێتەسەر ئێران، ئەگەر جاروبار ئەوەش پێش دێت، ئەوە لەدەرەوەی ئیرادەی حكومەت‌و وڵاتەكانە..”.

وتیشی: بەپێی ئەو رێكەوتننامەیەی لە دانیشتنی هەولێر – تاران واژۆ كرا، بەهەموو حیزبە كوردییەكانی ئێرانمان راگەیاندوە كە چالاكی چەكدارانە‌و حوزوریان مەحكوم دەكەین‌و سەركردەی ئەو حیزبانەش لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم رێكەوتوون كە بەو رێكەوتنەوە پابەند بن.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر ئەوان پابەند نەبن، نازم دەباغ دەڵێت: ئەگەر پابەندی رێكەوتنەكە نەبن، دەبێت چاوەڕوانی كاردانەوە بن.

بابەتی هاوپۆل

کرماشان،بۆمەلەرزە هەژاندی

ڕۆژی یەک شەممە ۳۱ی پوشپەڕی بۆمەلەرزەیەیک بە پلەی ٥٫۹  ڕیشتەر ناوچەە جیا جیاکانی پارێزگای کرماشانی …