چوار شه‌ممه‌ 17 نیسان 2024

توركیاو كورد: لە ئەتاتوركەوە بۆ ئەردۆگان / عەتا قەرەداخی

لە دوای شەڕی چاڵدێرانی ساڵی 1514 لە نێوان عوسمانی‌و سەفەوییەكاندا، بە تایبەتی دوای ئەوەی كە سوپای عوسمانی سەركەوتنی بەدەستهێنا، پێگەی عوسمانییەكان بەهێزتر بوو. دواتریش لە پەیمانی رێكخستنی سنووردا لە ساڵی 1639 ، هەردوو دەوڵەت وڵاتی نێوان دوو رووبارەكەو كوردستانیان لە نێو خۆیاندا دابەشكرد. بێگومان ئەم دابەشكردنە كاریگەری نێگەتیفی لەسەر كورد وەكو نەتەوەو كوردستان وەكو نیشتیمان بەجێهێشت.

هەر لەو كاتەوە فارس‌و توركەكان‌و پاشانیش عەرەبەكان سوودیان لەو دابەشكردنەی كوردستان وەرگرتووە‌و تەنانەت لە هەركاتێكدا پێویست بووبێت هاریكاری یەكتریان كردووە بۆ لێدان‌و سەركوتكردنی ئەو بزووتنەوەو راپەڕینانەی لە بەشەكانی كوردستاندا درووستبوون. هەركاتێكیش ئەو دەوڵەتانە ناكۆكی لە نێوانیاندا درووستبووبێت، هەریەكەیان هەوڵیداوە كوردی بەشەكەی تر لەبەرژەوەندی خۆی بەدژی دەوڵەتەكەی تر بەكاربهێنێت.

لە دوای جەنگی یەكەمی جیهان و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی، لە مادەی یەكەمی میساقی نیشتیمانی توركیادا باسی ئەوە كراوە ئەگەر پێویستی كرد ئەوا بڕیاری چارەنووسی ئەو بەشانەی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی دەدرێت كە زۆرینەی دانیشتوانەكانیان تورك نین. ئەوەش بەپێی دەنگدانی ئازادانەی خەڵكی ئەو ناوچانە خۆیان دەبێت. بەڵام دیارە بەبیانووی پێكهێنانی نیشتیمانێك كە ناوی توركیا بوو ئەوە رووینەدا. لەم رووەوە ئەو بەندەی میساقی نیشتیمانی توركیا دانی نەنا بە جیاوازبوونی كورددا وەكو نەتەوەیەك. هەروەك دوای ئەوەش كۆمەڵەی نەتەوەكان مافی كوردو كەمە نەتەوەییەكانی تری نەسەپاند بەسەر توركیادا. دواتریش لە رێكەوتنی سیڤەری ساڵی 1921 بەندەكانی 61، 62، 63 سەبارەت بە مافەكانی كورد یان چارەنووسی ولایەتی موسڵ جێبەجێنەكران‌و، لە رێكەوتنی لۆزاندا زیندەبەچاڵ كران. دواتریش بەپێی مادەی ( 88 ) لەدەستووری یەكەمی كۆماریدا ئەوە جێگیر كرا كە دانیشتووانی توركیا بێگوێدانە بڕوای ئایینی‌و ئینتیمای نەتەوەییان هەموو هاونیشتیمانی توركین ( بڕوانە:د. لگفی المعوش: المسألە القومیە فی تركیا، القچیە الكردیە. الفكر العربی، اتعدد 98، 1999 ).

دیارە لەدوای درووستبوونی دەوڵەتی ناسیونالیستی تورك لەسەر دەستی كەمال مستەفا‌و باڵادەستبوونی تێزی توركچێتی لەو وڵاتەدا، دەوڵەتی تورك هەموو هەوڵێكی داوە كەسێتی كورد تێكبشكێنێت‌و كورد لەنێو توركدا بتوێنێتەوە تا ئەو ئاستەی كە ناسیونالیستی توركی بەگشتی‌و بەرنامەی دەوڵەت بەتایبەتی كوردیان ناونا توركی چیایی. ئەوەش ئاشكرایە دەوڵەتی تورك بەشێوەیەكی شۆڤێنیانە رەفتاری لەگەڵ كورددا كردووە. لەو رووەوە كوردیش دەستەوسان دانەنیشتووە. پێش رووخاندنی دەوڵەتی عوسمانی بزووتنەوەی بەدرخانیەكان‌و بزووتنەوەی شیخ عوبەیدوڵای نەهری سەریان هەڵداوە. لەسەردەمی دەوڵەتی نوێی توركدا بزووتنەوەی شێخ سەعیدی پیران‌و بزووتنەوەی شیخ رەزای دەرسیم‌و، لە چواردەیەی رابردووشدا پارتی كرێكارانی كوردستان لە خەباتێكی نەپساوەدا بووە لەپێناوی بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانی كورددا.

لەماوەی رابردوودا پارتی كرێكارانی كوردستان لەرووی نەتەوەییەوە رۆڵێكی دیاری هەبووە لە زیندووكردنەوەی هەستی نەتەوایەتی كوردی لە باكوری كوردستان‌و توانیووێتی پرۆژەی تورك بۆ تواندنەوەی كورد رووبەڕووی شكست بكاتەوە‌و بەشێوەیەكی گشتی ئەو هەستە لە باكوری كوردستان درووست ببێت كە كورد نەتەوەیەكی جیاوازە لە تورك‌و شتێك نیە بەناوی توركی چیایی، بەڵكو عەقڵێكی شۆڤێنی هەیە ئەو ناوانە دەبەخشێتەوە كە ئەوەش دەرئەنجامی سیاسەتێكی شۆڤێنیانەیە كە دەوڵەتی نوێی ناسیونالیستی تورك لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تاكو ئێستا پیادەی دەكات. بارودۆخی كوردی ئەو راستییەی سەلماند كە هەرگیز ناتوانرێت نەتەوە یان ئیتنیكێك لەنێو نەتەوە، یان ئیتنیكێكی تردا بتوێنرێتەوە. بەهەرحاڵ ئێستا ناسیونالیستی كوردی لە باكوری كوردستان لە پەرەسەندندایە‌و لە ماوەی رابردوودا هەرچۆن پارتی كرێكاران رۆڵی دیاری هەبووە لە زیاتر زیندووكردنەوەو پەرەسەندنی ئەو تێزو تێڕوانینەدا، بەهەمان شێوە رۆڵی دیاریشی هەبووە لە رێكخستن‌و ئامادەكردن‌و سەركردایەتیكردنی بزووتنەوەی نەتەوایەتی كورددا لەو بەشەی كوردستان. هەروەك مەسەلەی رزگاری نیشتیمانی‌و سەربەخۆیی كوردستان لە باكور رووبەرێكی فراوانی لە كۆنەستی كۆمەڵایەتی كوردی داگیر كردووە.

لەو كاتەوە پارتی كرێكاران دەستی داوەتە خەباتی چەكداری‌و گەریلاكانی كورد سەرباری بەهێزیی سوپای توركیاو پشتگیری كردنیشی لەلایەن نەیتۆوە، بەڵام هێزەكانی گەل چاونەترسانە رووبەڕووی سوپای داگیركەر بوونەتەوەو لەو رووەشەوە بێجگە لە زیانی گیانی، دەوڵەتی تورك ساڵانە بەو بارودۆخە خراپە ئابوورییەوە كە هەیەتی بودجەیەكی زۆر بۆ دژایەتی كردنی هێزی گەل خەرج دەكات، ئەوەش بارێكی قورس لەسەر دەوڵەتی توركیا دەكەوێت. هەروەك لەلایەكی ترەوە توانای پارتی كرێكاران‌و جەماوەری كوردی باكور بۆ گواستنەوەی خەبات بۆ نێو شارەكانی توركیا بە ئەنقەرەشەوە، لە دوو ئاستدا زیانی گەورەی لە دەوڵەتی تورك داوە: یەكەمیان زیانی مەعنەوییە واتە دەوڵەت سەرباری ئەو هەموو هێزو توانا سەربازییەی هەیەتی‌و سەرباری خۆنیشاندانی وەكو هێزێكی باڵادەست، بەڵام نەیتوانیووە رێگری لە گەیشتنی دەنگی كورد بە هەموو گەلی توركیا بكات. هەروەك گواستنەوەی خۆپیشاندان‌و دەنگی نارەزایی كورد بۆ شارە گەورەكانی توركیا بە پایتەختیشەوە رۆڵی دیاری هەبووە لە خراپتركردنی ناوبانگی توركیادا لە بواری دیموكراسیدا. لەم رووەشەوە ناسەقامگیری‌و پشێوی لە وڵاتەكەدا رۆڵی هەبووە لەسەر كەرتی گەشت‌وگوزاری توركیا كە ئەو كەرتەش یەكێكە لە پایە سەرەكییەكانی ئابووری وڵات.

دیارە بارودۆخی نوێی سوریا‌و ئەگەری نزیكبوونەوەی رژێمەكەی ئەسەد لە رووخاندن، توركیای خستۆتە بەردەم مەترسیەكی گەورەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی توركیا نەیتوانیووە ئەجیندای خۆی لەو وڵاتەدا بۆ دوای ئەسەد نەخشە رێژ بكات‌و بیخاتە كار، بەتایبەتی ئەوەی كە پەیوەندی بە رۆژئاوای كوردستانەوە هەیە. توركیا دەترسێت لە سووریا رووبەڕووی هەمان ئەو ئەزموونە ببێتەوە لەگەڵ باشووری كوردستان لەسەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا رووبەڕووی بووەو پاش چەندین دژایەتی كردن ناچاربوو دان بەو دیفاكتۆیەدا بنێت‌و مامەڵەی راستەخۆ لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكات كە دەشزانێت ئەو بارودۆخەی لەباشووری كوردستان درووستبووە كاریگەری راستەخۆی لەسەر باكوری كوردستان هەیە. دەشێ بەرژەوەندییە ئابوورییەكانی لەگەڵ باشووری كوردستان وای لێكردبێت مامەلە لەگەڵ ئەو دیفاكتۆیەدا بكات ئەگینا توركیاو داگیركەرانی تری كوردستان لە فارس و عەرەبیش هەمووان دوژمنی كوردن و ئەوە ئەوانن بە درێژایی مێژوو هەموو هەوڵو كۆششێكیان كردووە بۆ سڕینەوەی ناوی كوردو كوردستان و بۆ پاكتاوكردنی رەگەزی ئەم نەتەوەیەو ئێستاش هەر هەمان روانینیان هەیە بۆ كوردو ئەگەر بۆیان بلوێت بە هەموو شێوەیەك هەوڵی لە ناوبردن و سڕینەوەی كورد دەدەن.

ئێستا پەیوەندی خراپی توركیا لەگەڵ رووبەرێكی فراوان لە جیهان توركیای خستۆتە بەردەم جۆرێك لە ترس‌و گومان كردن لە ئایندە. ئەوەش ئاشكرایە كە ماوەیەكی دوورو درێژە توركیا هەوڵدەدات‌و خەونیش دەبینێت كە لە كۆمەڵەی ئەوروپیدا ببێتە ئەندام. بەڵام لە روانگەی ئەوروپاوە توركیا ئەو خاسێتە پێویستانەی تێدا نیە كە دەبنە هۆكاری وەرگرتنی لە ریزی ئەو یەكێتیەدا. خاڵی لاوازی توركیاش لەو رووەوە لاوازی بنەماكانی دیموكراسی و بوونی پشێوی سیاسی‌و سیاسەتی تووندو تیژییەتی بەرامبەر بە كوردو دان نەنانە بە شووناسی نەتەوەیی پێكهاتەیەكی گەورەی وڵاتەكەیدا و هەوڵدانیەتی بۆ پاكتاوكردنی ئەم پێكهاتە گەورەیە.

توركیا لەماوەی 35 ساڵ زیاتری رابردوودا هەموو كۆششێكی كردووە بۆ سەركوتكردنی بزووتنەوەی كوردی لە باكورو لەو رووەشەوە زیانی ئابووری‌و مرۆیی گەورەی كردووە. گومانێك یان گریمانەیەك هەبوو كە دەوڵەتی تورك لەوە تێگەیشتبێت كە لە رێگەی سەربازییەوە ناتوانێت بزووتنەوەی كوردی لە باكور سەركوت بكات بەڵكو بە پێچەوانەوە بزووتنەوەی كوردی رۆژ لەدوای رۆژ بەهێزتر دەبێت‌و فشاری زیاتر لەسەر هێزەكانی دەوڵەتی داگیركەری سەر وڵاتەكەی دادەنێت. بۆیە ئەگەرێكی لاوازی ئەوە هەبوو كە دەوڵەت بۆچوونی لەو جۆرەی لەلا درووستبووبێت كە هەوڵبدات جۆرە سەوداگەرییەك لەگەڵ كورددا بكات. هەرچەندە من بۆ خۆم پێموانیە دەوڵەتی تورك بە ئاسانی دان بە بوون‌و شووناسی كورددا بنێت. پیشتر دەوڵەتی سیكولاری توركیا بە هیچ شێوەیەك دانی بەوەدا نەدەنا كە پێكهاتەیەك هەبێت لە توركیا بە ناوی كورد، بەڵكو كوردی ناونابوو توركی چیایی. لە سەركەوتنی یەكەمی ئیسلامیەكانیشەوە لە توركیا هەر لەسەردەمی نەجمەدین ئەربەكانەوە روانینی تورك بۆ كورد گۆڕانێكی وەهای بەسەردا نەهاتووە كە شایانی باس بێت. بەتایبەتی ئەو ئاراستە ئیسلامییەی كە ئێستا لە دەوڵەتدایە لە دوو رووەوە زیانی لە كورد داوە. لەلایەك بەكاریگەری ئایینەكە رووبەرێكی فراوان لە خەڵكی باكوری كوردستان دەنگ بەو ئاراستە ئایینیە دەدەن كە هیچ سوودێكی بۆ كورد وەكو نەتەوە تێدا نیە. لە لایەكی تریشەوە ئەو ئاراستە ئایینیە روانینێكی ئومەمی هەیەو بڕوای بە مەسەلەی نەتەوایەتی نییە‌و وەها سەیری كورد دەكات كە بەشێكە لە گەلی توركی مسوڵمان واتە ئەو بڕوای بە شووناسی توركیای مسوڵمان و شووناسی توركیایی هەیە و هیچ بڕوایەكی بە مەسەلەی نەتەوەیی كورد نیە.

هەر لەم رووەوە من پێموایە ئەردۆگان لەسەرەتاوە دەیوویست لە رێگای هەندێ نەرمی نواندنەوە بەرامبەر بە عەبدوڵا ئوچالان ریزەكانی پارتی كرێكاران تێكبدات ودرز بخاتە نیچو ئەو حیزبەوە. هەم لەو رووەوە سەرنجی بەشێك لە كورد بەلای خۆی و حیزبەكەیدا رابكێشێت و دەنگی دانیشتووانی رووبەرێكی فراوان لە باكووری كوردستان بۆ خۆی ببات. لەم رووانەشەوە تا ئەندازەیەك سەركەوتوو بوو. دواتر ئەردۆگان گووتی ئێمە لە لایەك گفتوگۆ دەكەین ‌و لە لایەكی تریشەوە شەڕی تیرۆر دەكەین كە مەبەستی لە شەڕی تیرۆر شەڕی پێكەكەو كوردە. كەواتە ئاشكرا دیارە گفتوگۆ لەلایەن ئەردۆگان و دەوڵ‌تەوە لەگەڵ كورد لە باكورد جگە لە فێڵ و تەڵەكە هیچی تر نەبووە. ئێمە دەزانین كە كورد بێجگە لە خەباتی چەكداری لە باكور خەباتی مەدەنیش دەكات و لەو رووەوە پارتی دیموكراتی گەلان كە لە رێگای دەنگی خەڵكەوە بووەتە هێزێكی مەدەنی خاوەن كەسێت و ئامادە نەك لەسەر ئاستی توركیا بەڵكو جیهان ئەو هێزە دیموكراتەی كوردی ناسیەوە كە چۆن بە خەباتی مەدەنیانە داوای مافەكانی كورد دەكات. كەچی دەوڵەتی ئاكپارتی و ئەردۆگان دوكو دەوڵەتێكی تۆتالیتاری شمولی بە هەموو شێوەیەك هەوڵدەدات ئەو دەرگایەی خەباتی مەدەنی لە كوردی باكور دابخات و رێگا نەدات كورد بە مەدەنیانە كۆشش بۆ بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانی خۆی بكات.. ئەوەتا لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا بینیمان چۆن دەوڵەتی شۆڤێنی تورك سەرۆك شارەوانیەكان و چالاكەوانی كورد دەستگیر دەكات. بە پێچەوانەی سادەترین بنەماو عورفی دیموكراسیەوە ئەندام پەرلەمانانی پارتی دیموكراتی گەلان دەستگیر دەكات. سەرئەنجام گەیشتە ئەوەیەی هاوسەرۆكانی پارتی دیموكراتی گەلان بە شێوەیەكی دڕندانە راپێچی زیندان بكات. ئەمەش پاساوی ئەو راستیە دەدات كە دەوڵەتی توركیا لە گەوهەرو ماهیەتدا گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە بەرامبەر بە كوردو ئەدرۆگانیش وێنەیەكی تری دیكتاتۆرە شۆڤێنیستەكانی توركە لە مستەفا كەمال ئەتاتوركەوە تا دەگات بە تانسۆچیللەر، هەموویان یەك ئاراستەو یەك روانین و یەك هەڵوێست و یەك سیاسەت و ستراتیژیان بەرامبەر بە كورد هەیە كە ئەویش سیاسیتی پاكتاوكردنی كوردە.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …