یه‌ك شه‌ممه‌ 1 ئه‌یلول 2024

مەلا بەختیار: پاسداران وەك پێشمەرگە بۆ كوردستان فیداكارییان كردوە

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەدیدارێكدا لەگەڵ سەرۆكی دەستەی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژیم وەسفی پاسداران دەكات‌و دەڵێت “وەك پێشمەرگە فیداكارییان بۆ كوردستان كردوە”.

لەو دیدارەدا كە رۆژی یەكشەممە 8ی خەزەڵوەر لەنێوان مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ‌و موحسین رەزایی، سەرۆكی دەستەی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی رژیم سازكرا مەلا بەختیار سوپاسی موحسین رەزایی دەكات كە ساڵانێكی زۆر “پاسدارانی كۆماری ئیسلامی پاراستووە‌و بەهێزی كردون”‌و دەڵێت “پاسدارانی سپا وەك پێشمەرگەكانی كورد بۆ كوردستان فیداكارییان كردوە”. هەروەها داوای لێدەكات رێز‌و سڵاوی ئەو بە رابەری ئێران بگەیەنێت.

هەر لەو دیدارەدا عومەر فەتاح، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتی: “ئێمە، ئێوە لەخۆمان دەزانین‌و درێژە بە بۆچوونەكانی مام جەلال لەسەر ئێران دەدەین‌و دوژمنانی كۆماری ئیسلامی بە دوژمنی خۆمان دەزانین‌و داوای ئەوەش دەكەین كۆماری ئیسلامی پشتیوانمان بێت”.
لەبەرامبەردا موحسین رەزایی پاش بەخێرهاتنی وەفدی یەكێتی وتی “35ساڵ لەوەپێش ئاغای تاڵەبانیم لە كرماشان دیوە‌و دەستی برایەتیمان لێداوەتەوە‌و خۆشحاڵم كە تا ئەمرۆ ئەم برایەتییە پارێزراوە”.

رەزایی وتیشی “پێویستە ئەو گروپانە لەناوی یەكێتی نیشتمانیدا هەن، یەكێتی ناویەكێتی بپارێزن تا هیچ لایەك توشی زیان نەبێت”.
موحسین رەزایی ئاماژەی بەوەشدا كە “ئێوە دەبینین كە وڵاتانی ناوچەكە لەگەڵ كوردەكانی توركیا، سوریا‌و عێراق شەڕ دەكەن بەڵام ئێمە رێز لە كوردانی ناوچەكە دەگرین لەهەر وڵاتێك كە هەن.

سەرۆكی دەستەی دیاریكردنی بەرژەوەندی رژیم وتیشی: “سعودیە دەست لەكاروباری ناوچەی كوردستانی عێراق وەردەدات‌و بەهاندانی دیموكراتەكان دەیەوێت ئاسایشی ئێمە تێكبدات. هێزەكانی ئێمە لە مەریوان‌و شنۆ لەگەڵیان بەشەڕ هاتن. پەیوەندییەكانی ئێوە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی زۆر باشتر لە خەڵكانی دیكە بووە‌و دەبێت ئەم پەیوەندییە پەرەی پێبدرێت. ئاغای تاڵەباانی رۆڵێكی كاریگەریی هەبووە‌و ئێمە فیداكارییەكانی ئەو فەرامۆش ناكەین”.

ئێوارەی رۆژی یەكشەممە وەفدێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێری‌ و بە  ئەندامێتی عومەر فەتاح كارگێر و سەعدی ئەحمەد پیرەلێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییە گشتییەكان ‌و  خەسرەو گوڵ محمەد ئەندامی سەركردایەتی ‌و  بەرێوەبەری گشتی ئاسایشی هەرێم ‌و  باڤێڵ تاڵەبانی لێپرسراوی كاروباری دژایەتی تێرۆر  یاسین سابیر لێپرسراوی پەیوەندییەكانی ئێران، گەیشتنە تاران.

بەپێی هەواڵی میدیاكانی یەكێتی سەردانی شاندە باڵاكەی ی.ن.ك بۆ تارانی پایتەختی چوار رۆژ دەخایەنێت و لەدیدارەكاندا باس لەدۆخی شەڕی داعش و دوای سەركەوتن بەسەر داعش و چۆنێتی چارەسەكردنی كێشەی حزبە سیاسییەكانی و هەرێم و قەیرانی دارایی و ئابوری و دۆخی ناوچەكەو ئەگەرە سیاسییەكان لەگەڵ گەورە لێپرسراوانی رژیمی ئێران باس دەكەن.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …