پێنج شه‌ممه‌ 21 ئه‌یلول 2017
ماڵەوە / کوردستان / گیراوەكانی شاری مەریوان تا ئێستاش چارەنوسیان نادیارە

گیراوەكانی شاری مەریوان تا ئێستاش چارەنوسیان نادیارە

پێنج کەس لە ڕێکخەران و هەڵسووڕاوانی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکەی مەریوان كە لە لایەن هێزەكانی ئیتلاعاتەوە دەستگیر كراون تا ئێستاش چارەنوسیان نادیارە.

بەپێی ئەو هەواڵەی بەزاگرۆس پۆست گەیشتوە، پاش خۆپیشاندانی ژمارەیەك لەخەڵكی شاری مەریوان بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بە بارودۆخی جادەكان‌و هاتوچۆی بێ سەروبەرەی تانكەرە نەوتەكانی باشوری كوردستان، 5 كەس لە رێكخەرانی ئەو خۆپیشاندانە بەناوەكانی ئارتین حەسەنزادە، بەهرە عارفی، سەیران خۆرنیکا، عادڵ ڕەشیدی و ڕۆژین ڕەزایی دەستگیركران كە تا ئێستاش چارەنوسیان نادیارە.

بە پێی زانیارییەكان ٤ کەسی دیكە لە هەڵسوڕاوانی مەدەنی‌و كەمپینی “نا بۆ تانكەری مەرگ” کە لە لایەن ئیتلاعاتەوە تەلەفوونیان بۆ کراوە، خۆیان بەدەستەوە نەداوە و لە ئێستادا لە شوێنێکی نادیار دەژین.

لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی پێنج شەممە 14ی ڕەزبەری راگەیەنراوێک بە ناوی کەمپەینی “نا بۆ تانکەری مەرگ” خوێندراوە.

دەقی راگەیەنراوەکەی دەخوێننەوە:

کارەساتی سووتانی چەند هاوشارییەکمان لە ئاگری ڕووداوێکی هاتوچوودا، برینێکی نوێیە لەسەر جەستەی ئەم شارە زامدارەمان. بەردەوام هەر برینی نوێیە کە برینی کۆن دەکولێنێتەوە و وا دیارە ئەم برینانە ساڕێژ نابن. ئێمە کۆمەڵە خەڵکێکین کە دەبێت چیرۆکی قارەمانیی عارف نەساج چیرۆکی گوێی ئاگردانی منداڵەکانمان بێت و دەبێت لە کتێبە ئەدەبییەکانیشماندا لەجێی باسی شاکارە ئەدەبییەکانی هەیاسی غەریبی باسی کارەسات و کوژرانی ئەدیبانمان لە ڕێگەکاندا بگێڕینەوە.

دیارە لە دەستچوونی گیانی خۆشەویستترین کەسەکانمان جەرگبڕترین زیانەکانی ڕێگەوبانەکانی مەریوانە بەڵام ئەوە تەنیا تێچوو و هەزینەی ڕێگاکانی مەریوان نییە. ئێمە دەزانین کە ڕۆژانە زیانی ئابووری، زیانی گیانی و زیانی دەروونی و نەفسی لەو زیانانەن کە بەهۆی خراپیی ڕێگەوبانەوە لە خەڵکی ئەم ناوچەیە دەکەون. کاتێک کە باسی زیانی گیانیی دەکەین تەنیا گیان لەدەست دانی ئازیزانمان نییە کە خەمبارمان دەکات، بەڵکوو دەزانین کە ئەم ڕێگەیە ساڵانە دەبێتە هۆی کەمئەندام بوونی سەدان کەس کە تا کۆتاییی ژیانیان دەبێت بە ئازارەکانی بێبەش بوون لە ڕێگاوبانێکی باشەوە بتلێنەوە. هەروەها زیانی گیانییەک کە لە نەبوونی ئیمکاناتی دەرمانیی پێویستدا، لە کاتی گواستنەوەی نەخۆشەکانی شار بۆ شوێنەکانی تر لە خەڵکی شار دەکەوێت، لەسەر زیانە گیانییەکانی ڕێگەوبانی خراپ حەساب دەکەین. لەلایەکی ترەوە دەزانین کە زیانی ئابوورییەک کە لە ماشێن و هۆکارەکانی گواستنەوەی تری خەڵک دەکەوێت و کاتێک کە لەو ڕێگەیانەدا بە فیڕۆ دەچێت، مەترسییەک کە بە هۆی خراپیی ڕێگەو بانەوە بۆ هاتوچووی تووریست بۆ ناوچەی تووریستیی مەریوان دروست دەبێت هەمووی زیانی ئابوورین کە لەو خەڵکە دەکەون. لەگەڵ ئەمانەیشدا دەبێت ئەو ئازارانەی کە بنەماڵە و نیزیکانی قوربانیان و زیان دیتووانی ڕێگاکانی مەریوان دەیچێژن، زیاد بکرێنە سەر ئەو مەینەتییانەی کە ڕێگەوبانەکانی مەریوان، بۆ خەڵکی مەریوانیان دروست کردووە.

ئێمە دەزانین کە گرفتی ڕێگەوبانەکانی مەریوان کێشەیەکی بێ چارەسەر نییە. ئەگەر سەرنجێکی شوێنەکانی تری ئێران بدەین دەبینین کە لەباری ئەندازیارییەوە هەموو تواناکانی پەرەپێدانی ڕێگەوبان هەیە و بۆیە ئێمە خراپ بوونی ڕێگەوبان بە کێشەی دابین کردن و بەڕێوەبردن دەبینین نەک بە کێشەی فەننی و هەڵکەوتەی جوگڕافیایی شارەکەمان. بەبڕوای ئێمە هەڵکەوتەی جوگڕافیایی بیانوویەکە کە خراپیی بەڕێوەبەریی پێ دەشاررێتەوە. ئێمە دەزانین کە ئەگەر ئەو ڕادە زۆرەی هاتوچوو نەکەوێتە سەر ئەو جادەیە، هێندە مەرگی عەزیزانمان بە چاو نابینین. ئەگەر جادەکانی کامیاران، پاوە، سەقز و بانە دروست بکرێن و پەرە پێ بدرێن نە کوشتاری خۆشەویستانمان لەوێ دەبینین و نە ئەو ڕادە زۆرەی هاتوچوو دەکەوێتە سەر تاقە ڕێگەی مەریوان-سنە. خراپیی ڕێگەکانمان پێشی پێ نەگرتووین کە وەزعی ڕێگەوبانی شارەکانی تر ببینین و لە خۆمان بپرسین ئەی بۆ ڕێگەوبانی شارەکەی ئێمە ئاوا نییە؟! خراپیی لەو ڕادەیەی ڕێگەوبانەکانمان هێشتا هێندە کورتبینی نەکردووین کە بیر لە دامەزراندنی فڕۆکەخانە و هێڵی قەتار و ئامرازی گواستنەوەی بێجگە لە جادە بۆ شارێکی دووسەد هەزار کەسی نەکەینەوە.

ئێمە بۆ کۆ بووینەتەوە و خواستمان چییە؟

ساڵانێکە کە باسی سڕینەوەی بێبەشی لە سیمای ناوچە بێبەشەکاندا دەکرێت و دیارە ئەم برینە کۆنە پێویستی بە هەڵاواردن و تەبعیزی موسبەت هەیە؛ خواستی هەرە کەمی ئێمە ئەوەیە کە ئەگەر لە دانی ماڵیات و حەقی گومرکی شتومەک لەگەڵ هەموو خەڵکی ئێران یەکسانین، دەبێت لە بوودجەی ڕێگەوبان و ئاوەدان کردنەوەیشدا یەکسان بین. ئەم ناوچەیە پوتانسیەلێکی پەرەسەندنی گەلێک مەزنی هەیە کە خراپیی ڕێگاوبان هەمووی بە نەپشکووتوو هێشتووەتەوە؛ ئێستا ئێمە لە پەرەنەسەندووییدا دەتلێینەوە و لە جادەکاندا دەسووتێین و دەکوژرێین. چون سەرباری ڕێگەوبانی خراپ، هاتوچووی تانکەرەکانی بەرهەمە نەوتییەکانیش زیاد بووە کە هیچ سوودێکی بۆ ئاوەدانیی شار نییە و دەبێتە هۆی گەلێک زیانی ئابووری و گیانی و دەروونی بۆ شار. داوای بەشێک لە داهاتی سنوور بۆ ئاوەدان کردنەوەی شار و چاککردنی ڕێگەوبانی شارەکەمان داوایەکی ڕەوایە و بە مافی خۆمانی دەزانین؛ لانیکەم مافی ئەوەمان هەیە کە داوا بکەین قازانجی شوێنەکانی تر لەسەر حەسابی زیانی شارەکەی ئێمە نەبێت و ئەو هەموو زیانە گیانی و ماددییە کە ئەم هێڵە بێسوودەی گواستنەوە لێمانی دەدات لەڕێگەی بوودجەیەکی تایبەتەوە قەرەبوو بکرێتەوە. هەر وەها ئەگەر وەک هەندێک لە بەرپرسان ڕایدەگەیەنن کە لە باری فەننییەوە چاک کردنی تەنیا یەکێک لە ڕێگەکانی مەریوان، دوو ساڵ دەخایەنێت، داوا دەکەین لەو دوو ساڵەدا هاتوچووی تانکەر و سووتەمەنی ڕابگیررێت کە ئیتر سووتانی عەزیزانمان بە چاوی خۆمان نەبینین. ئێمە دەزانین کە گرفتی ڕێگەوبانی مەریوان دەبێت وەکوو پەکەیجێک سەیر بکرێت و چارەی هەموو گرفتەکان لە بەڵێنی چاک کردنی تاقە ڕێگەیەکدا نییە.

بابەتی هاوپۆل

ئێران: 8 سەربازی کورد لە ماوەی دوو مانگدا کوژراون

سەربازێکی کورد بە ناوی “تەوحید شەهلایی” خەڵکی شاری کامیاران بە شێوەیەکی گوماناوی کوژرا.