سێ شه‌ممه‌ 23 نیسان 2024

حزبی دیموکرات: دوو پێشمەرگەمان لەلایەن پارتی ئازادییەوە رفێنراون

حزبی دیموکراتی کوردستان ئاشکرایکرد، دوو پێشمەرگەیان لەلایەن پارتی ئازادییەوە رفێنراون  و لە پێشمەرگەیەکی تریان دراوە و داواش لەلایەن پەیوەندیدارەکان دەکەن بەدواداچوون بکەن.

حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ڕونکردنەوەیەکدا رایدەگەیەنێت: لە دوو ڕۆژی ڕابردوو‌دا، هەواڵی ڕفاندنی چەند پێشمەرگەیەکی حیزبی دیموکراتی کوردستان کەم‌ و زۆر ‌و بە نیوەچڵی ‌و ناتەواوی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ‌و هەندێک ڕاگەیاندندا بڵاوکرایەوە، بە پێویستی دەزانن ڕای گشتی‌ لێ ئاگادار بکەنەوە.

لە ڕونکردنەوەکەدا هاتووە “لە ڕۆژانی دووشەممە‌ و سێشەممەی ڕابردوو‌دا، چەند پێشمەرگەیەکی حزبی دیموکراتی کوردستان بە ناوەکانی (نادر ئیلامی، ئارام نازر و سیروس رەبیع بەیگی) کە پێشتر لە نێو گرووپی ناسراو بە “پارتی ئازادیی کوردستان”‌دا بوون ‌و دواتر ئەم گرووپەیان بەجێهێشتوە‌ و بوون بە پێشمەرگەی حیزبی ئێمە، لە سێ پیلانی جیا جیا‌دا، هەوڵی گرتن‌ و ڕفاندنیان دراوە.”

حزبی دیموکرات وتوشیەتی “ئەم کەسانە لەلایەن کەسانێکی سەر بە پارتی ناوبراو ‌ بە ناوی دیدار ‌و دەعوەتی دۆستانە بۆ شوێنی دوور لە بنکەکانی حیزب ڕاکێشراون‌ و دواتر کۆمەڵە چەکدارێکی “پارتی ئازادی” بەپێی نەخشەی دیاریکراوی پێشوویان لە ژێرناوی ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا، هەڵیان کوتاوەتەسەر ئەم هاوڕێیانەمان.”

حزبی دیموکرات چیرۆکەکە بەم شێوەیە باس دەکات و دەڵێت، یەکێک لەم ڕووداوانە شەوی دووشەممە لە سەر سێشەممەی ڕابردوو(١٢لە سەر ١٣ئەیلول)لە نزیک کۆیە‌ و لە نێو دارستانەکانی دەروازەی ڕۆژاوای شار(نزیک دەواجین) بووە کە دیارە پێشمەرگە “نادر ئیلامی” ئەگەر چی لێی دراوە ‌و بریندار کراوە، بەڵام بەرگریی لە خۆی کردوە‌ و توانیوێتی خۆی لە دەستیان ڕزگار بکات.

هەروەها دەشڵێن، ڕووداوی دووەم، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی ئەیلول لە ماڵێک لە کەسنەزانی نزیک هەولێر بووە‌، چەکدارەکانی پارتی ناوبراو بەپێی نەخشەی لە پێشدا دیاریکراوی خۆیان لە ڕێگای کەسێکی هاودەستیانەوە، پێشمەرگە “ئارام نازر” بۆ ماڵی ناسیاوێکی پێشووی خۆی ڕادەکێشن، هەر کە ناوبراو لە تاکسی دادەبەزێ ‌و پێدەنێتە نێو ئەو ماڵە، کۆمەڵێک چەکداری “پارتی ئازادی” پەلاماری دەدەن، قۆڵبەستی دەکەن‌ و دەیفڕێنن.

هەروەک حزبی دیموکراتی کوردستان باس لەوەش دەکات حاڵەتی سێهەم بێشەروشوێن بوونی پێشمەرگەیەکیان بە ناوی “سیروس رەبیع بەیگی” لە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو (١٠/٩/٢٠١٦)وەیە “ناوبراو بە نیاز بووە بە سەفەر و بۆ دیداری ناسیاوێکی خۆی لە کۆیەوە بچێتە سلێمانی، بەڵام لەو ڕۆژەوە بێسەروشوێنە‌ و هیچ هەواڵێکمان لێی نیە، بە سەرنجدان بە هاوکاتبوونی ونبوونی ناوبراو لە گەڵ ئەم ڕووداوانەی دیکە‌و بە لە بەرچاوگرتنی پێشینەی ناوبراو کە ئەویش لە گرووپی ناسراو بە پارتی ئازادییەوە هاتبووە نێو ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی ئێمە، گومانی بە هێزمان ئەوەیە کە بێسەروشوێنکرانی ناوبراویش هەر کاری ئەو لایەنە بێت.”

حزبی دیموکرات ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات “ئەو کەسانەی پارتی ئازادی نەخشەی لە داواخستن ‌و ڕفاندنی بۆ کێشاون ‌و جێبەجێی کردوون، تەنیا گوناهو‌ تاوانیان ئەوەیە کە ڕیزەکانی ئەو گرووپەیان بەجێهێشتوە ‌و هاتوونەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بێ ئەوەی چەک و کەلوپەل‌ و ئەموالی ئەم گرووپەیان لەگەڵ خۆیان هێنابێ، ئەمە لە کاتێکدایە کە جاری وا هەبووە لە حیزبی دیموکراتیشەوە کەس یا کەسانێک چوون بۆ نێو ئەو گرووپە و بە شتێکی زۆر ئاساییمان زانیوە.”

هەروەها دەشڵێن “هەر بۆیە لێدان ‌و بێڕێزی پێکردن‌ و ڕفاندنی ئەم کەسانە بە پێشێلکردنی ماف‌ و ئازادیی تاک ‌و ڕێوشوێنە دیموکراتیکەکان دەزانین‌ و‌ بە توندی مەحکوومیان دەکەین”. لە بەشێکی تری ڕونکردنەوەکەی حزبی دیموکراتدا هاتووە “لەسەر خاکی هەرێم‌ و لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا‌ لایەنێکی چەکدار کە خۆی وەک پارتێکی سیاسی دەناسێنێ، ئەگەر کێشە‌ و گرفتی لەگەڵ کەسانێک لە حیزب ‌و ڕێکخراوێکی دیکەش‌دا هەبێ، دروست وایە بە ڕێگای پێوەندییە سیاسییەکان، یا بە ڕێگای یاسایی ‌و هێمنانە و لە ڕێگای دامەزراوە حکومییەکانەوە، هەنگاوی بۆ بنێ، نەک نەخشە ‌و پیلان بۆ تۆڵەستاندنەوە‌ و ڕفاندن ‌و بێسەروشوێنکردنیان دابڕێژێ ‌و جێبەجێیان بکات.”

حزبی دیموکرات دواجار ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات “پاراستنی گیانی ئەم پێشمەرگە ڕفێندراوانە‌ و ڕاگرتنی ڕێز ‌و کەرامەتیان لە ئەستۆی لایەنی ناوبراوە، ئێمە داواکاری ئازادیی هەر چی زووتر ئەم پێشمەرگانەین، سەرکردایەتیی پارتی ئازادی لە ئاکامی زیانباری ئەم جۆرە کردەوانە ئاگادار دەکەینەوە.”

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …