سێ شه‌ممه‌ 23 نیسان 2024

کودتای تورکیا و پێلانگێری لەدژی کوردان / حەسەن ماوەڕانی

گەرچی لە تورکیا کودتای سپا دیاردەیەکی تازە نییە، بەڵام کودتای ئەوجارە تایبەتمەندی دیاری خۆی هەبوو کە هیچ هاوچەشنێکی لەگەڵ کودتاکانی بەر لەخۆی نەبوو. ئەردۆغان ئەو کودتایەی ناو نا “خواناردە و رەحمەدتی خوا”. بەوڵام خوا ناردەیەک کە لە پێش بڕیاردانی خوا بۆ ناردنی، لیستەی بەندیکردن و لەکارلادن و هەڵپەساردنکردنەکانی دیاریکرابوون و لە لای دارودەستەی ئەردۆغانەوە خۆ بۆ هەموو شت تەیارکرابوو و خوای گەورە و تەعالاش خەبەری نەبوو.
ئەنجامی ئەو کودتایە بوو بە هۆی کوشتاری داعەش ئاسایی سەدان سەربازی بەستەزمان کە بێجگە لە بەجێگەیاندنی ئەمری سەرکردەکانیان گوناحێکیان نەبوو و دەسکەوتێکی فراوان بۆ دار و دەستەی ئەردۆغان بۆ داسەپاندنی فەزای خنکێنەری هەرچەشنە ڕەخنەیەک.

ئەو دار و دەستەیە لە پلەی یەکەمدا هێرشێکی پان و بەرینیان کردە سەر سیستێمی دادوەری وڵات و پتر لە سێ هەزار دادوەر و حاکمیان هەڵپەسارد کە زۆربەیان کەسانی مەدەنی و سەربەخۆ و دژ بە داسەپاندنی ویشکەرۆیی شەرع بوون. لەپاشاندا بەهەزاران مامۆستایان لە دەزگای پەروەردە هەڵپەسارد کە بە دڵنیایەوە زۆربەیان دژی حوکمرەوایی شەریعەتچێتی و کاسبی بە دین بوون. پتر لە سەد دەزگای ڕاگەیاندن و میدیاییان داخست و بە پان و بەرینی ئاگری شەڕیان لە دژی کوردان پەرە پێدا. دیارە لە ناو سپادا کە دەبوایە تەنیا لەوێدا کودتاچی بناسێندرێ زور کەمتر لە دادوەر و مامۆستاکانی فێرگەکان و دەزگاکانی دەوڵەتیدا خەڵک هەڵپەساردرا. لە کۆی گیراوەکان کە ژمارەیان لەڕادەبەدەرە و هەڵپەسێردراوەکان کە لە هەشتا هەزار کەس تێپەڕیون، بەشی سپا لە هەموویان کەمترە.

بەرەکەتەکەی تری “خوادادە” بە ئەردۆغان، بەدەستەوە گرتنی هەوساری دەرزگای ئەمن و سپایە بە دەستی خۆیەوە. هەروها دەستەڵاتی تایبەتە بۆ لێدانی دژبیرەکانی خۆی.

شانۆگەرییەکانی خۆپێشاندانی جەماوەری و ملکەجی سۆسیال دێمۆکراتەکان وەک هێزی دووهەمی سیاسی وهاوکاری توند و تۆڵی فاشیستەکانی مەهەپە نیشانیدا کە تورکیا کە دەهات بەرەو وڵاتێکی دێمۆکراتیک بڕوا و لەوانەش بوو تێکەڵاوی ئوروپا بێت، بە خێرایی پاشگەز دەبێتەوە و ڕەوشی دێرینەی باوی تورکیای دیکتاتۆری و سەرکوتکەری دەگرێتەوە پێش، بەس بە ناوی حیزبایەتی ئیسلامی و پاڵپشتیی جەماوەر و بەرەکەتی “خودادە”ی کودتا.
لەوناوەدا هادپ وەک تاقە هێزی ڕاستەقینەی دێمۆکراتی کەوتۆتە ژێر چاوەدێریی و دار و دەستەی ئەرۆغان بە هیوای فەوتاندنی ئەو حیزبە خەرریکی پێلانگێرانن بۆ نوێنەرەکان و شارەدارەکانی هەلبژێردراوی ئەو حیزبە.

هاوکات لەگەڵ توند و تیژیی دامودەزگای ئەردۆغان و بووژاندنەوەی شەر لەدژی کوردان دەستدرێژیی تورکیا بۆ خاکێ سوریا بەڕاشکاوی بەمەبەستی هێرش بردنە سەر رۆژئاوای کوردستان بۆ پێشگرتن لە گەیشتنی ئەو بەشەی کوردستان بە بەشێک لە مافە نەتەوایەتیەکانی، هەنگاوی داڕژتراوی خەلیفەی تازەی عوسمانلی بوو. سپای تورکیا بە ئاشکرا کۆنە چەتەکان و پیاو کوژەکانی داعەشی بە نێوی شەری دژی داعەش بردە ناو جرابلۆس و هێرشی بردە سەر کوردەکانی رۆژئاوا.

ئەو هێڵە سیاسیە تازەی تورکیا بە ئاشکرا لەسەر ناتەبایی ناو ماڵی کوردیش سەرمایەی داناوە و بە هیوای لە خشتەبردنی بزاڤی کوردە بەگشتی. لەجاڕدانی پەیتا پەیتای تورکیا بۆ شەڕ لە دژی کوردان ئەم هیوایەی دەستەڵاتدارەکانی ئیسلامچی بە ڕاشکاوی نیشان دەدەن.

پێوەندییەکانی کوتوپڕی ئەردۆغان بە روسیا و ئێران و ناڕاستەوخۆ بە سوریاوە و سەفەری پەیتا پەیتای وەزیرەکانی دەرەوی ئێران و تورکیا بۆ لای یەکتر ئەڕاستیە پشتڕاست دەکەنەوە کە خەونی هاوبەشی داگیرکەرانی کوردستان بۆ پووچەڵکردنەوەی دەسکەوتەکانی نەتەوەی کورد لەناوچەدا نەبڕاوەتەوە و هەموو لایەکیان ئاواتی بووژاندنەوەی پەیمانێکی دیکەی ئەلجەزایریان لە مێشک دایە.

بەرهەمێکی دیکەی ئەو کودتایەش ئەوە دەبێ کە ڕەچاو کردنی ئەو ڕیبازە و زەماوەندی ئیسلامچیەکان و فاشیستەکان داهاتوویەکی گرژ و ڵێڵی بۆ تورکیا بەدواەیە. چوونە ناو سوریا بۆ تورکیا دژوار نەبوو بەڵام هاتنەدەری لە سوریا بە سوک و سانی جێبەجێ ناکری.

تورکیا سەلماندی کە مەبەستی سەرەکی لە چاوداگرتن لە کوردەکانی باکور و وتووێژە پچڕ پچرەکانی لەگەڵ پ. ك. ك تەنیا بۆ وەدەستهێنانی کات بوو بۆ یەکلایی کردنەوەی دەستەڵاتی رژیم و زاڵکردنەوەی دیکتاتۆڕی و لادانی کزەبای دێمۆکراسی لەو وڵاتە. هەروەها ئاکاری ڕژیمی ئەردۆغان دەریان خستوە کە مەبەستی سەرەکیاسن لە سناریۆی کودیتا سەرکوتکردنی کوردی باکورە و بەس.

بە راگەیاندنی فەرمی ڕژیمی تورکیا دار و دەستەی فەتح اللە گولین ئەو کودیتایەیان وەڕێخستوە. بەڵام لە باکوری کوردستان ١٤ هەزار مامۆستا بە نێوی لایەنگری لە پارتی کرێکارانی کوردستا\ن لە ناو کەف و کوقڵی خەبات لە دژی کودتاچیەکان لە کار دەدەکرێن. دیارە هەم ئێران لە ١٩٦٦/١٩٦٧ دەستی بە دەکردن و ڕاگواستنی مامۆستاکانی کورد لە ڕۆژهەڵات کرد و لە سەردەمی خومەینیش نیزیک بە تێکرایانیان دەرکرد و هەم عێراقی سەدام ئەو سیاسەتە نگریسەیان ڕەچاو کرد. ئەوان چەندیان دەسکەوت هەبوو لەو ڕەوشە تاوانبارانەیەدا تورکیاش هەر ئەوەندەی دەسکەوت دەبێ.

ڕەوشی تورکیای خەلیفە ئەردۆغان لە ئاست مەسەلەی کورد و هەڵایساندنەوەی ئاگری شەڕ پاش ئەو کودتایە بۆ تورکیاش هەر ئەو ئەنجامەی بەدواوە دەبێ کە بۆ عێراقی پاش سەدام وەدیهات و پێکەوە ژیانی کورد و تورک لەچوار جێوەی وڵاتێکدا نەگونجاو نیشان دەدا. هەر چەشنە شێوازێک کە بۆ ئەو پێکەوە ژیانە ڕەچاو بکرێ سەرناکەوێ.

دامەزراندنی دەستەڵاتێکی دێمۆکراتی گەلی بەبێ چارەی مەسەلەی نەتەوایەتی لەوڵاتێکی فرە نەتەوەیی یان دوو نەتەوەییدا ناگونجێ و خەونێکی ڕووناکبیرانە زیاتر نییە. ئەزمونەکانی سۆڤیت و بالکان شاهیدێکی زیندوون بۆ سەرنەگرتنی ئەو خەونە ڕووناکبیرانەیە. چارەی مەسەلەی نەتەوایەتی بەبێ بەدەستەوەگرتنی مافی دیاریکردنی چارەنووس بەدەست خودی نەتەوەی داگیرگراو ناکرێ و ئەیش ئاشکرایە کە دامەزراندنی کیانی سەربەخۆیە.

ئەم ڕاستیە پاش کودیتای تورکیا جارێکی دیکەش خۆێ سەلماند کە دروشمی سەرەکی سەربەخۆیی کورد پێویستە لە باکوری کوردستان بە راستەقینەیەکی رۆژ بناسێندرێ. هەروەها پێویستە کە کوردان بەناوماڵی شەق و شڕی خۆیان دابچنەوە و بەرژەوەندییەکانی کەسی و حیزبی و دەستەیی لەپێناو بەرژەوەندی نەتەوەییدا وەلا بنێن. پێویستە کە داوی تنراوی ئێران و تورکیا بفەوتێندرێ و بزاڤی ڕزگاریخوازانەی نەتەوایەتی کوردخۆی لە نەخۆشی خۆ بەستنەوە بە تورکیە و ئێران رزگار بکا. کۆتایی کردن لەئاست ئەم ئەرکە لەمێژووی کورددا وەک تاوان و خەیانەت تۆماردەکرێ.

٨.٠٩.٢٠١٦

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …