پێنج شه‌ممه‌ 25 نیسان 2024

با پەکەکە بزانێ کە ” ئێران ” سەری مارەکەیە / عیرفان رەهنمون

لە ماوەی ٢٠ ساڵی رابردوو دا ، پارتی کرێکارانی کوردستان ، سیاسەتێکی چەوتی لە هەمبەر لانیکەم ٣ پارچەی کوردستان دا ، گرتۆتە بەر و ئەو سیاسەتەش هاوئاهەنگ بوە لە تەک رژیم فاشیستیی ئێراندا.کاتێک کەعەبدوڵا ئۆجەلان لە دیمەشقی پایتەختی سوریا دەژیا ، بۆ چرای سەوز هەڵکردن بۆ رژیمی خومەینی و هاوپەیمانە بەعسییەکەی ، بەدەیان جار لە نووسین و هەڤپەیڤینەکانیدا ، دەیگووت :” خاکی کوردستان نەکەوتۆتە نێو ولاتی سوریە و ئەو کوردانەی لەوێ دەژین ، لەلایەن عوسمانییەکانەوە بۆ ئەو ناوچەیە راگوێزراون و ئێمە و سەرۆک حافز ئەسەد ، لە هەوڵی ئەوەداین کە کوردەکانی پەنابەری سوریا ، بگەڕێنینەوە بۆ زێدی خۆیان لە باکووری کوردستان”

هەر ئەم بۆچوونەی ئۆجەلان بوو کە دروشمێکی کۆمیکی لێهاتەدەر کە ئەو ساڵانە و پیش بەهار بەناو عەرەبی لە لایەن ئەندامانی پەکەکە وە دوپات و هەزارپات دەکرایەوە “باکوور-باشوور-رۆژهەلات…ئاپۆ سەرۆکی وڵات “.لایەنی کۆمیکی ئەم دروشمە ئەوە بوو کە کوردستان تەنیا وڵاتێک بوو کە “رۆژئاوا “ی نەبوو.

دوای راپەڕینی باشووری کوردستان ، پەکەکە بە سەدان جار رایگەیاند کە “هەرێمی کوردستان ” ، ساختەی ئمپریالیزمە و بۆ دژایەتی پەکەکە دروست کراوە ، ئاشکرایە کە ئەم وتەیە ئافەرینی هەرچوار داگیرکەرەکەی کوردستانی بەدواوە بوو و زۆر خۆشحاڵ بوون کە وتەیەکی دژە کوردی ئەوتۆ لە زاری پارتێکی کوردیەوە بەردەبۆوە. لە ساڵەکانی شەڕی خۆکوژی لە باشووری کوردستاندا ، پەکەکە درێژەی بە سیاسەتی چەوتی خۆی دا ، لەگەڵ رژیمی عیراق و ئێراندا ، هاوئاهەنگ بوو بۆ گەرمکردنی کێشەکانی باشووری کوردستان و لەتەک هەردوو هێزی سەرەکیی باشوور دا ، کەوتە شەڕی خۆکوژییەوە و نەتانیا هەوڵی نەدەدا کە هێمنی باڵ بەسەر باشووردا بکێشێ ، بەڵکوو خۆیشی ببوە بەشێکی جیدی لە کارەساتەکانی باشووری کوردستان دا.

دزێوترین سیاسەتی پەکەکە لەهەمبەر رۆژهەڵاتی کوردستان دا بوە .هەموان لەیادیانە کە بەناڕەوا هێرشیان کردە سەر پۆلێ پێشمەرگەی ” یەکیەتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان ” و پاش شەهید کردنیان لە کردەوەیەکی نامرۆڤانەدا ، تەرمەکانیان رادەستی رژیم خومەینی کردەوە و پاسدارانی خوێنڕێژیش ، ئەو تێکۆشەرانەیان بە مردووی ، لە پشت ماشینی سپاوە بە شەقامەکانی رۆژهەڵاتدا ، رادەکێشا تا رۆڵەکانی رۆژهەلاتی کوردستان چاورترسێن بکات.

لە ٣ی رەشەمەدا ، کاتێ کوردەکانی رۆژهەڵات دژی گرتنی ” ئۆجەلان” هاتنە سەرشەقامەکان و وێڕای پشتیوانی لە ئۆجەلان ، دژی سیاسەتی فاشیستیی رژیمی ئێران ، دروشمیان دا و بە دەیان تێکۆشەری شاری سنە ، خەڵتانی خوێن کران ، کۆنسەی سەرکردایەتیی پەکەکە ، لەباتی دەستخۆشی کردن لە کوردانی رۆژهەڵات ، بەیاننامەیەکی دژی خۆپیشاندەرانی سنە دەرکرد و ئەوانی بە بەکرێگیراوی ئمپریالیزمی ئامریکا و ئیسرائیل ناساند.

سیاسەتە چەوتەکانی پەکەکە دژی تەڤگەڕی رۆژهەڵات گەیشتە لوتکە ، کاتێ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ، لە کێلەشین جێگیر بوو ، خێڵی درۆ و قەلەمە کۆیلەکانی رۆژهەڵات کەوتنە خۆبادان و ئەو درۆ شاخدارەیان بڵاو دەکردەوە ، کە حیزبی دیموکرات بە فەرمانی ” ئەردۆگان ” چۆتە چیا و ئامانجیان ئەوەیە دەنگەکانی “هادەپ ” لە کزی بدات. زۆری پێ نەچوو تەپڵی ریسوابوونی درۆکانیان لێدراو و بەبردنە ناوشاری شەڕی کوێر و بێ ئەنجامیان ، سەری “هادەپ ” و دەمیرتاش ‘یشیان خوارد.

کۆمیدی ترین پروپاگەندای پەکەکە دژی بزاڤی نەتەوایەتیی رۆژهەلاتی کوردستان ، لە زاری ” موراد قەرەیلان” ەوە هاتە دەر کە لە تلویزیۆنی ” نەورۆز ” دا گوتی :” نابێ خەباتی چەکداری دژی کۆماری ئیسلامی بکرێ ، بەڵكو پێویستە خەباتی مەدەنی پێشبخرێ ، چونکا ئەگەر تۆ خەباتێکی چەکداری دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێ بخەی دەکەویتە خزمەتی تورکیا و عەرەبستانی سعودی”
پرسیار لە بەڕێز قەرەیەلان ئەوەیە ، بەپێی ئەو لۆژیکەی بەڕزیشتان ” ئایا خەبات دژی تورکیا ناچێتە خانەی خزمەت بە کۆماری ئیسلامی و رژیمی بەشار ئەسەد ؟ ”

پێویستە ئەو پرسیارە بەرەوڕووی پەکەکە بکەینەوە ، چۆناوچۆنە ئێوە دەیان پارلمانتارتان هەبوو ، دەیان شارەداریتان بە دەستەوە بوو ، میتینگی ملیۆنیتان رێک دەخست ، رۆژنامەنووسەکانتان لە دەرەوە بە ئاشکرا دەڕۆشتنە تورکیە و بەرنامەیان بۆ کاناڵەکانی پەکەکە دروست دەکرد ، بەڵام وازتان لە خەباتی مەدەنی هێنا و شەڕتان بردە شارەکان و هەرچی ” دەمیرتاش ” رستبووی ، کردتانەوە بە خوری و سەدان گەریلا و خەڵکی سڤیلتان بە کوشت دا و دەیان شاری باکووری کوردستان بە هۆی سیاسەتی چەوتتان لە لەیەن تورکیای فاشیستەوە کاول کرا ، بوونە هۆی ئاوارەیی زیاتر لە یەک ملیۆن کورد و چەند ملیارد دۆلار زیانتان گەیاند بە ئابووریی خەڵک لە باکووری کوردستان، بۆ خۆتان شەڕی چەکداری بەرەوا دەبینن ، بەڵام بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان کە بچوکترین دەلاقە بۆ هەناسەدانی سیاسی و مەدەنی بوونی نیە ، رەچەتەی خەباتی مەدەنی دەپێچنەوە ؟

کەمتر لە دوو رۆژ پاش پشتیوانی ناراستەوخۆی “موراد قەرەیەڵان” لە کۆماری ئیسلامی ، هێزەکانی رژیمی بەعسی سوریا ، هێرشیان کردە سەر بەشێک لە شاری “حسەکە’ کە بەدەست لقی سوریای پەکەکە وە بوو و بە ئاشکرا دەرکەوت کە پشت بەستنی پەکەکە بە ئێران و سوریا و روسیا ، سیاسەتێکی هەڵە و چەوت بوە. روون و ئاشکرایە کە رژیمی سوریا بە بێ هەماهەنگیی ئێران و روسیا ئەو هێرشەی ئەنجام نەداوە و بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستانیش ئاشکرایان کرد کە پاسداری ئێرانی و ملیشیاکانی حیزبوڵاش بەشداری کورد کوژی بوون.
ئەم رووداوانە ، پێویستە بەرپرسانی پەکەکە راچڵەکێنێ و بۆیان روون بکاتەوە کە سەری مارەکە رژیمی ئێرانە و ئەو رژیمە بۆ ئەوە نابێ کە پشتی پێ ببەسترێ. پەکەکە پێویستە واز لە دەستێوەردان و کوێخاگەری بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان ، بێنێ و ئەگەر وا بکات ، لە تەنگانەدا ، تەنیا دەتوانێ لەسەر پستیوانیی کوردەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان حیساب بکات. پێویستە پەکەکە ، سەنگ و وەزنی خۆی بزانێ و کەڵکی تاکتیکی لە پارچەکانی دیکەی کوردستا ن وەرنەگرێ .چونکا پەتی درۆ و ساختەکاری کورتە و کورد گوتەنی ” خۆر هەمیشە لە پشت هەورەوە نامێنێ”. کورد هیچ دۆست و هاوکارێکی لە رۆژهەلاتی نێوەڕست دا نیە و ئەوە تەنیا کوردەکانن کە دەتوانن قووڵایی ستراتیژیکی یەکدی بن و هیوابەستن بە داگیرکەرانی کوردستان ئاکامەکەی تەنیا دەستخەڕۆیی و شکەست و داڕمانە.

 

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …