سێ شه‌ممه‌ 23 نیسان 2024

سەلەفیەت: وێنەی خودا وەک ھیتلەر و سەدام حوسەین / د. مەریوان وریا قانیع

کارخانەی دروستکردنی دوژمن

سەلەفیەت لە بەگژاوچونەوەیدا بۆ شێوازە ناسەلەفییەکانی دینداریی ‌و بەگژاچوونەوەی جۆرەکانی نادینیی ‌و بێدیندا، خۆی دەگۆڕێت بۆ ماشێنێکی گەورەی بەرهەمهێنانی دوژمن. ئەم دوژمنایەتییە تەنها دوژمنایەتییەکی مەدەنیی و شارستانیی ‌و فەرهەنگیی نییە، بەڵکو دادەبەزێت بۆ ئاستی ژیانی رۆژانە و دراوسێ دەکاتە دوژمنی دراوسێ ‌و کەسێکی سەر بەم دین دەکاتە دوژمنی کەسی سەر بەدینێکی دیکە و موسڵمانێکی ناسەلەفیی دەکاتە دوژمنی موسڵمانێکی سەلەفیی. سەلەفیەتی دینیی شەپازلەیەکی گەورەیە لە بیرۆکەی هاوڵاتیی یەکسان ‌و لە دەربازبون لەدابەشکردنی دونیا لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی دیندار لە بێدین ‌و موسڵمان لە ناموسڵمان، سەلەفیی لە ناسەلەفیی.

دوبارەکردنەوەی جەنگە کۆنەکان
سەلەفیەت ناچارمان دەکات سەرجەمی ئەو شەڕانەی کە مۆدێرنە و تازەگەرەکانی دونیای ئێمە لەسەدەی نۆزدەهەمەوە لەگەڵ دونیای تەقلیدیدا دەیکەن، جارێکی دیکە دوبارە بکەینەوە، لە ڕێزگرتنی ئافرەتان ‌و هاتنەدەرەوەیان لەماڵ بەرە و کۆمەڵگا و ژیانی گشتتییەوە بیگرە، بۆ پەرەدان بەبیرۆکەی هاوڵاتییبونی یەکسان لە دەرەوەی ئینتیمای دینیدا، تا بە بەدەمەوەچونێکی عەقڵانیانەی سەرجەمی بەها تازەکانی دونیا دەگات کە تیایاندا رێزی زانست ‌و رێزی مرۆڤ ‌و رێزی بیرکردنەوەی عەقڵانیی بەهای سەرەکین. سەلەفیەت تەنها نامانگەڕێنێتەوە بۆ دواوە، بەڵکو دەخوازێت بمانباتەوە بەردەم یەک وێنە لە وێنە زۆرەکانی دونیای کۆن خۆیشی، ئەو وێنەیەی کە دەخوازێت هەموان وەک عەبدولەتیفی سەلەفی لێبکات. ئەم سەلەفیەتە دینییە، چ باڵە جیهادییە داعشییەکەی‌ و چ باڵە مەدخەلییە هێمنەکەی، وامان لێدەکات جارێکی تر زۆر بەتوندی بەرگریی لە سەرجەمی ئەو دەسکەوتانە بکەینەوە کە ماوەی سەدەیەکە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەبڕ و رادەی جیاواز خەباتیان بۆ کراوە و هاتونەتە کارەوە. ئەو جەنگە فەرهەنگیی ‌و رۆشنبیرییانە دوبارە بکەینەوە کە لەگەڵ هەمو ئەو هێزانەدا کراون کە دژ بە یەکسانیی مرۆڤەکان ‌و یەکسانی نێر و مێ و دیندار و بێدیندا بون لەدونیای ئێمەدا.

خودا لەشێوەی هیتلەردا
سەلەفیەت کارگەی بڵاوکردنەوەی سایکۆلۆژیای ترسە، بەتایبەتیی کانگای بەرهەمهێنانی ترسی ئاینییە. سەلەفیەت وێنەیەک بۆ خودا دروستدەکات تەواو توڕە و بێڕەحم کە خولیای سەرەکیی ئەوەیە مرۆڤ بکاتە بونەوەرێکی تەسلیمبو و ئیتاعەتکەری بێویست و بێئیرادە. لەمەشدا وێنەی خودا لەسەر وێنەی ستەمگەرە گەورەکانی ناو مێژو دروستدەکاتەوە. لەڕاستیدا ئەو خودایەی سەلەفیەت وێنایدەکات ‌و بە کۆمەڵگا و تاکەکەسەکانی نیشانئەدات، خودایەکی تەواو زۆردار و بێڕەحم‌ و نامیهرەبانە، خوادەیەکە لەسەر شێوازیی هیتلەر و سەدام حوسەین و ستمەگەرە کۆن و نوێکان دروستکراوە. خودایەکە چێژێکی کەموێنە لە سوتاندن‌ و برژاندن‌ و پارچەپارچەکردنی ئینسان دەبینێت. لەباتی میھرەبانیی و خۆشەویستیی ھەڕەشە و سزا و کوشتن جەوھەرەکەیەتی.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …