شه‌ممه‌ 23 ئه‌یلول 2017
ماڵەوە / وتار / بۆ کودەتاکەی تورکیا شکستیهێنا؟ / د. شێرکۆ کرمانج

بۆ کودەتاکەی تورکیا شکستیهێنا؟ / د. شێرکۆ کرمانج

دوێنێ شەو لە تورکیا هەوڵێکدرا بۆ لەسەر کار لادانی حکومەتەکەی رەجەب تەیب ئەردۆگان‌و بینالی یڵدرم. دوای چەند سەعاتێک واپێدەچێت کە هەوڵەکە شکستیهێناوە. ئەم پرسە هەمەلایەنەو قسە زۆر هەڵدەگرێت. لەم بابەتە هەوڵدەدەین کە هۆکارەکانی پشت هەوڵە شکستخواردوەکە دەستنیشان‌و شرۆڤە بکەین، قسەیەکیش لە کاریگەرییە راستەوخۆکانی ئەو هەوڵە بکەین.

کودەتا لە مێژووی تورکیاو ناوچەکە کارێکی نامۆ نییە. لەڕاستیدا هیچ کەس‌و لایەن‌و بکەرێک بە قەد سوپا نەخشی لە شەکل‌و سیماو داڕشتەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبووە. لە پەنجاکانەوە ناوچەکە شایەدی دەیان هەوڵی سەرکەوتو و سەرنەکەوتوی کودەتا بووە، نوێترینیان هەوڵە سەرکەوتوەکەی عەبدولفەتاح سیسی بوو لە میسر. داخۆ هۆکارەکانی شکستی هەوڵەکەی سوپا لە تورکیا بۆ چی دەگەڕێتەوە.

لەوە دەچێت ئەو هەوڵەی ئەمجارەی سوپا لە تورکیا تەنیا لەلایەن گروپێکی دیاریکراو لەناو سوپای تورکیا کرابیت نەک زۆرینەی یەکەکانی سوپای تورکیا. ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، وەک لە وێنە ڕاستەخۆکانی سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان دەردەکەوتن، کودەتاچییەکان نەک هەر کۆنتڕۆڵی بەشی هەرە زۆری سوپایان نەکردبوو بەڵکو کۆنتڕۆڵیان وەک پێویست لەسەر ئەوانەی بەشداری کودەتاکەشیان کرد نەبوو. سوپای تورکیا یەکێک لە بەهێزترین دامەزراوەکانی دەوڵەتی تورکیا، ئەوە ئەگەر نەڵێین بەهێزترینیانە. ئەگەر زۆرینەی سوپا لەگەڵ هەوڵەکە بوونایە ئەوە ئەگەری سەرکەوتنی زۆر زیاتر دەبوو چونکە سوپای تورکیا توانایەکی بەرفراوانی هەیەو ژمارەی سەربازەکانی خۆی لە ٤٠٠ هەزار دەداو دووەمین گەورەترین سوپایە لە ناتۆ.

هۆکاری ئەوەی کە زۆرینەی سوپای تورکیا پشتیوانیان لە کودەتاکە نەکردوە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە ئەردۆگان ماوەی دەیەیەکە سوپای تورکیای لە نەیارەکانی خۆی پاککردۆتەوەو کەسانی نزیک لە خۆی لە جومگە سەرەکییەکانی داناون. ئاکامەکانی ئەوەش دوێنێ شەو دەرکەوت کاتێک ئەردۆگان هێزە نزیکەکان لە خۆی زۆر زوو ناردە ئاسمانی ئەستەمبۆڵ بۆ پاراستنی خۆی لە گەیشتن بە فڕۆکەخانەی ئەستەمبۆل‌و سەرکوتکردنی ئەو هێزانەی کە لە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاسمانی تورکیا بوون.

بەبەراورد بە هەوڵە سەرکەوتوەکەی سیسی دەکرێت بڵێن کە چۆن بەشێکی زۆر لە خەڵکی میسر بێزارببوون لە سیاسەتەکانی محەمەد مورسی ئیخوانی کەچی بێزاری خەڵکی تورکیا لە سیاسەتە ناوخۆیی‌و دەرەکییەکانی ئەردۆگانی نیمچە ئیخوانی نەگەیشتبووە ئەو ئاست‌و ڕادەی کە بێزارییەکان ببنە مایەی پشتیوانیکردنی خەڵک لە سوپا لە دژی ئەردۆگان.

هاوکات، دەبێت ئەوە لەبیرنەکەین کە ئەوە بۆ زیاتر لە ١٣ ساڵ دەچێت کە ئەردۆگان لەسەر حوکمە لە تورکیاو لەو ماوەیەدا تاڕادەیەکی چاک سوپاو میت‌و پۆلیس‌و جەندرمەی دەستەمۆکردوەو میدیای تورکیای تاڕادەیەکی زۆر کۆنتڕۆڵکردوە. بۆیە بەگژاچوونی ئەردۆگان واتە بەگژاچوونی خودی ئەو دامەزراوانە، ئەمەش ئەگەرەکانی هەر هەوڵێکی کودەتای لە تورکیا لاوازکردوە. سوپا ئەگەر چاوەڕوانیکردبا کە ناڕەزاییەکان لەدژی ئەردۆگان بتەقنەوە، وەک چۆن ناڕەزاییەکان لە میسر لەدژی مورسی تەقیبوونەوە، ئەوە ئەگەرەکانی سەرکەوتنی هەوڵەکەیان زیاتردەبوو بەڵام هەر سەد دەر سەد نەدەبوو.

سەرەڕای ئەوەی کە کودەتاچییەکان، وەک نەریتێکی پەیڕەوکراو لەلایەن هەموو کودەتاچییەکانی جیهان، هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی میدیاو سەرچاوەکانی زانیاریاندا، ئەویش بەهێرشکردنە سەر کەناڵی TRT و CNN Turk، بەڵام لەوەدەچێت ئەوان درکی ئەوەیان نەکردبێت کە ئەمڕۆ مرۆڤایەتی، بەتورکیاشەوە، لە دنیای دوای شۆڕشی تەکنەلۆجی (post-technology revolution)دەژی. بەکارهێنانی مۆبایلێک بۆ گەیاندنی یەکەم پەیامی ئەردۆگان، هەر لەوکاتەی وەک گەشتیارێک لە مەڕماڕە، دوور لە نوسینگەکانی خۆی لە ئەنقەرەو ئەستەمبۆڵ، لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتەواوی خەڵکی تورکیاو هەموو دۆستەکانی لە سوپاو دامەزراوە ئەمنییەکان هۆکارێکی دیکە بوو لە پشت شکستی هەوڵەکەی کودەتاچییەکان. تەکنۆلۆجیاو تەلەفۆنی زیرەک‌و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە بوون بە سەرچاوەیەکی سەرەکی پەیوەندییەکان‌و زانیارییەکان نەبا ئەردۆگان لەوانەبوو نەتوانێت کە پەیامەکەی خۆی بگەیەنێت بەخەڵك‌و دۆستەکانی.

گەیشتنی پەیامەکەی ئەردۆگان بە خەڵک‌و ڕژانی یەکسەرەی خەڵک بۆناو شەقامەکان‌، بەتایبەتی چوونیان بۆ فڕۆکاخانەی ئەتاتورک لە ئەستەمبۆڵ بۆ پێشوازیکردن لە ئەردۆگان‌، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازەکان‌و تانکەکانیان‌ لەسەر جادەکان ئەگەر هۆکاری هەرە سەرەکی پشت شکستەکەی هەوڵەکەی کودەتاچییەکان نەبووبێت ئەوە هۆکارێکی زۆر گرنگ بوو.

ڕژانی خەڵک بۆ سەر جادەکان پێشماندەڵێت کە ئەردۆگان زیرەکانە توانی خەڵک وەگەڕبخا بە داواکەی، هاتن بۆ سەر جادە‌. هاوکات ئەوەشمان پێدەڵێت کە ئەردۆگان هێشتا بنکەیەکی جەماوەری بەهێزی هەیە. دیارە نابێت ئەوە لەبیربکەین کە ئەوانەی دۆستی ئەردۆگانیش نەبوون بەشێکی زۆریان دژی سەربازو سوپاو کودەتاچییەکان بوون، چونکە خەڵکی تورکیا دەستوپەنجەی لەگەڵ حوکمی جونتەی تورکیا نەرمکردوەو ئاگادارن کە کودەتاچییەکان نەک هەر ئازادی لەگەڵ خۆیان ناهێنن بەڵکو ئەو ئازادییانەی کە هەشن بەرتەسکتردەکەنەوە.

پشتیوانیکردنی عەبدوڵا گول‌ سەرۆکی پێشوتری تورکیا و داود ئۆغلو سەرۆک وەزیرانی پێشوتری تورکیا لە حکومەت‌‌و شەرمەزارکردنی کودەتاچییەکان کاریگەریی خۆی هەبوو. پەیامەکەی عەبدوڵا گول کە لەڕێگەی مۆبایلێکەوە گەیەنرا، تەنانەت من کە لە ئوسترالیا بووم لەوکاتە یەکسەر بینیم، جارێکی دیکە گرنگی هۆکارەکانی پەیوەندی، بەتایبەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە گۆڕینی ئاراستەی ڕووداوەکان پشتڕاستدەکاتەوە.

هێشتان زۆر زووە قسە لەسەر دەرکەوت‌و دەرئەنجامەکانی ئەم هەوڵە بکرێت بەڵام هەوڵەکەی کودەتاچییەکان ئەو ڕاستییە نیشاندەدات کە کۆمەڵگەی تورکی تاڕادەیەک پۆلبەندو ڕیزبەند بووە، بەڵام نەگەیشتۆتە ئەو ڕادەی کە خەڵک لە دژی ئەردۆگان پشتیوانی لە کودەتا بکات.

هەوڵەکە لەنزیکمەودا لەوانەیە پێگەی ئەردۆگان بەهێزبکات لەناو حکومەت‌و سوپا بەڵام لەدرێژمەودا لەوانەیە خەڵکی تورکیا بەو قەناعەتە بگەیەنێت کە ئەردۆگان بە کەسێکی دابەشکەرو مەترسی لەسەر پڕۆسەی سیاسی‌و دیموکراسی تورکیا ببینن.

ئەردۆگان بەتەواوی لەم هەوڵە نەجاتی بێت، ئەوە مەیلە دیکتاتۆرییەکانی هێندەی دیکە زیاددەکات‌و هەوڵەکانی بۆ کۆنتڕۆلکردن‌و دەستەمۆکردنی سوپاو میت‌و پۆلیس‌و دادگاو میدیا زۆر زیاتر دەبن لە جاران. لەوانەشە ئەم هەوڵەی سوپا ببێت بە هۆکاری بەهۆشخۆهاتنەوەی ئەردۆگان‌و دەستبەرداربوون لە مەیلە خۆسەپێنەکانی. ئەگەر وابێت ئەمە لە قازانجی تورکیا دەبێت بە پرسی کوردیش لە تورکیا. ئەگەرنا، دواڕۆژێکی تاریکتر لەوەی ئێستا هەیە چاوەڕوانی تورکیا دەکات. ڕۆژانی داهاتو زۆر شتی دیکەمان بۆ ڕوندەکاتەوە

بابەتی هاوپۆل

کانون تجاوز جنسی/ آناهیتا اردوان

کارل مارکس در دست نوشته های اقتصادی- سیاسی سال 1844،می گوید:«موقعیت زنان در جوامع معیار …