پێنج شه‌ممه‌ 25 نیسان 2024

وتووێژ بۆ کرانەوەی دەروازەی بەشداریکردن لە خەباتی مەدەنیدا! / حەسەن ماوەرانی

لە دیمانەی بەڕێز کاک خالیدی عەزیزی سکرتێری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە گەڵ تەلەویزیۆنی ڕوداودا، هەمدیسان جارێکی تر مەسەلەی وتوێژی ح.د.ک لەگەڵ کۆماری پەت و سێدارە هاتەوە بەرباس. ئەمجارەیان بەرێز خالیدی عەزیزی ڕوانگەی خۆی و حیزبەکەی لەسەر ستراتێژی خوی و خۆیان بە بەربڵاوی باسکرد.

خاڵی سەرەکی بیرۆکەی بەڕێز کاک خالید بریتیە لە سەر دۆزینەوەی ڕیگای چارەی مەسەلەی کورد لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی ئێران. واتە ڕوانگەیەک کە بەهیوایە کۆماری ئیسلامی هەنگاو بەرەو چارەکردنی پرسی نەتەوایەتی هەڵبگرێ. ئینجا ئەو هەنگاوە بە تێگەیشتنی بارودۆخ بێت یان لەڕووی زەخت و گوشاری سیاسی هەڵبگیرێت.

ئەو ڕوانگەیە لەخەباتی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نوێ نییە. لەسەرانسەری مێژووی بزوتنەوەی ڕزگارێخوازانەی نەتەوایەتی کورددا، چ لە شوڕشەکانی بەر لە پەێمانی سایس پیکۆ و چ لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا و چ لە سەردەمی شوڕشی گەلانی ئیراندا لە ١٩٧٩ و سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان هەر لایەنی کورد بەردەوام بووە لەسەر ئەم ڕوانگەیە و کورد بەرەوپیری دانیشتن و ئاخافتن چووە. بەڵام ئاکامی ئەو دانیشتنانە بۆ نەتەوەی کورد تیرۆر و خۆ بەکوشتدانی بەڕێوەبەرەکانیان بووە و بەس.

لە مێژووی ٣٧ ساڵەی ڕابردووشدا کە لە ڕوانگەی کاک خالیدەوە سەڵماندوویەتی کورد بە خەباتی چەکداری سەرناکەوێ، هەم بە ناردنی دەستەی نوێنەرایەتی کورد بۆ تاران، هەم بە هەڵگرتنی دروشمی پالپشتی لە کۆماری ئیسلامی و خەباتی سیاسی لەلایەن حیزبەکانی کۆنگرەی چوار و تودە و فیداییەوە، کۆماری ئیسلامی ڕیگای بە هیچ هێزێکی سیاسی کورد و سەرانسەری نەداوە کە بە ئاشکرا دەست بە تێکۆشانی سیاسی بکا.

گەر بەرئاوەردێکی هێزەکان بکەین، لەو سەردەمدا کۆماری ئیسلامی لاواز بوو. شەڕی ئیران و عێراقی لەسەر مل بوو، حیزبی دێمۆکرات دەستەڵاتی بەسەر بەشێکی بەرچاوی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبوو و هێزی چەکداریشی تەنیا چەند سەت کەسێک نەبوو کە لە باشور لە کەمپ دا خۆیان پاراستبێ. لەڕووی ڕیکخراوەیشەوە دەکری بە ئاشکرا بڵێین سەدان قاتی ئیستا بەهێز بوون. کۆمەڵەش کە لە پاش شوڕشەوە لەسەر بناخەی هێندێ کۆڕی رووناکبیریی بەر لە شوڕش پێکهاتبوو ببوو بە هێزی دووهەمی ڕۆژهەڵات و بەسەدان گەنجی کورد چەکیان بۆ هەڵگرتبوو و خاوەنی تەشکیلاتێکی بەهیزتر بوو لە ئێستا. لەوسەروبەندەشدا کۆماری ئیسلامی ملی بە دانی هیچ چەشنە مافێک نەک تەنیا بە کورد بەڵکوو بە هیچ چەشنە خەباتێکی دێمۆکراتیک، تەنانەت بە نەهزەتی ئازادی و ئیسلامیەکانی جیاوازیش نەدا.

ئیستا ح.د.ک هێزێکی کوردی ڕۆژهەڵاتە کە بەداخەوە نەک هەر ئەو هێزەی جارانی حیزبی دێمۆکراتی نەماوە، بەڵکوو دووپارچەبوونی حیزبەکەو و دڵساردبوونەوەی گەلێک کادیری تێکۆشەری ئەو حیزبە و گۆشەگیری لەلایەک و گوشاری حیزبەکانی پێوەندیداری باشوری کوردستان لە لایەکی دیکەوە، خستویانەتە بارودۆخێکی دژوارەوە. ئایا لەم بارودۆخەدا کۆماری ئیسلامی کە دەستەڵاتەکەی لە باشوردا کارتێکەری هەیە و تەنانەت دەستەڵاتی هەریمی کوردستانیشی خستۆتە مەترسی مان و نەمانەوە، مل بە داواکاریی کاک خالید و ح.دک دەدات؟

وتووێژ تاکتیکێکی لەبارە بۆ بەرگری لە توند و تیژی و ئاڵۆزی. گەیشتن بە پێکهاتنیش بە بڕوای هەموو کەس پەسندە. بەڵام حیزبێکی سیاسی کاتێک وتوێژ دەکا کە دەستەڵاتیشی بۆ چەسپاندنی وتوێژەکەی هەبێ. دەنا ئەنجامەکەی یەک شتە کە تەنیا خۆبەدەستەوەدانە. ئەوەش ئامانجی ڕیکخراوە جاسوسیەکانی ئێرانە و هەر بەو مەبەستەش بە هۆی دەست و پێوەندیەکانیان رازی بە دیداری بەڕێز خالید عەزیزی بوون. کەبەداخەوە ئەندامەکانی کۆمیتەی ناوەندیشیان هەتا کۆتایی دیدارەکە و لەقاودانی لەلایەن کاربەدەستەکانی ئیتلاعاتی ئێران لەم چاوپێکەوتنە ئاگادار نەبوون.

گەر کاک خالید هێندێک بە وردی بیری لێبکاتەوە مەبەستی لەقاودانی دیدارەکەش لە لایەن ئێرانەوە شکاندنی حورمەتی ئەوی بوو و بەس.
کاک خالید مەبەستی وتوێژکردن بە وازهێنان لە خەباتی چەکداری و بیرکردنەوە لە بەشداری لە خەباتی مەدەنی ڕادەگەیەنێ. ئایا بەشداری لە خەباتی مەدەنی و کەڵکوەرگرتن لە هەموو دەرەتانێک بۆ کاری ئاشکرا و نیوە نهێنی کە بەشێکی دانەبڕاوی کاری حیزبێکی سیاسیە؟
ئایا بەشداریکردن لە خەباتی مەدەنی پێویستیی بە ئیزن وەرگرتن لە کۆماری ئیسلامیە؟

بەڕێز کاک خالید لە دیمانەکەیدا پێدادەگرێ لە سەر پێناسەکردنی کۆماری ئیسڵامی بەوجۆرەی کەهەیە. کۆماری ئیسلامی کە لەڕاستیدا هەمان داعەشی شیعەیە، لەئاستی دنیادا بە ڕژیمێکی دژ بەئازادی و دژ بە مافی مرۆڤ ناسراوە کە هەم زیندانەکانی لە ئازادیخوازان ئاخنراون و هەم ئەشکەنجەگانی بەو پەڕی دڕندەیی بەڕێوە دەبردرێن و پاش وڵاتی چین زۆرترین ژمارەی ئیعدامی تێدا دەکرێ کە بەلەبەرچاوگرتنی نفوسی میلیاردی و نفوسی هەشتا میلیۆنی ئێران دەکرێ بڵێین دڕندەترین وڵاتی سەر ئەستێرەی زەویە. گەر ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە زۆرترین ئیعدامکراوەکان کوردن و ئاماری تیرۆری کوردەکانیشی لەدەرەوەی وڵات بخەیەنە سەر، روخساری رأدی ئەو کۆمارە روونتر دەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەش ڕادەی گەندەڵکاری و دزیی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران و سیستێمی دەستەڵاتی هیرەمیی مەلاکانی لەبەرچاو بگرین کە بە خالی ویڵایەتی فەقێ لە قانوونی ئەساسیدا هیچ دەرەتانێکی بۆ ئازادی نە لە هەڵبژاردندا و نە لە بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵایەتی و سیاسیدا نا‌هێڵێتەوە. لەئاست کوردستانیشدا نەک هەرئەوە بەڵکو سیاسەتی شۆڤینی ئایینیشی دەوری ماڵوێرانکەرانەی هەیە.

کۆماری ئیسلامی تەنانەت بە حیزبی ئیسلامیی شیعەش دەرەتانی کار و تێکۆشانی سیاسی نادات. ئایا کاک خالید دەیەوێ لەوچوارچێوەیەدا وەک حیزبێکی چۆکداداو بۆ ئەم سیستێمە دەرەتانی کاری سیاسیی بدرێتێ یان وەک حیزبی سکۆلاری دێمۆکرات؟ بەڵێ ڕاستە کۆماری ئیسلامی بەوجۆرەی هەیە دەبێ پێناسە بکرێ. بەڵام بە پێی پێناسەکەشی لەدژی خەبات بکرێ نەک وەک وڵاتێکی نیوە دیکتاتۆر و نیوە لێبێڕال. لەسەرەتای شۆڕسی ئیراندا کە هێشتا مەلا سواری کەری دەستەڵات نەببوون، ئۆتۆپی سیاسی کاری ئاشکرای سیاسی سەرەڕای ویڵایەتی فەقێ و بە کەڵکوەرگرتن لە بەندە دەڵەمەکانی قانونی ئەساسی وەک بەندی ١٥ کە بەشیك لە دێموکراتەکان و تودەیی و فیداییەکان و نەهزەتی ئازادی و بەشێک لە مەزهەبیەکانەوە دڵیان پێخۆشکردبوو، بە بەهێز بوونی کۆماری ئیسلامی بوو بە هۆێ فیداکردنی ویچەیەک لە ئازادیخوازەکانی نەتەوە جیاوازەکانی ئێران. ئایا کاک خالید گەر سەرکەوت و حیزبەکەی بەئاشکرا بردەوە ناو ڕۆژهەڵات، ئامادەیە بەرپرسیارێتی خوینڕشتنێکی دیکەی ئەم جانەوەرانە وەئەستۆ بگرێ؟ ئایا بەڕێز خالیدی عەزیزی لەوە ئاگادار نییە کە “تقیە”، واتە درۆکردن، بنەمایەکی ئایینی شیعەیە و هەر بەو پێوەرەش کوشتنی شەهید دۆکتور قاسملویان بۆخۆیان بە ناوی سەرکەوتن دانا و هەر بەو پێوەرەش تەنانەت ڕووناکبیرەکانی شیعەش کە سکۆڵارن و لەسەر مێژوو دەنووسن دەرمانداو کردنی میرزادەکانی کورد لەلایەن ئەمیرکەبیرەوە بە “کمند تدبیر” (واتە بیرکردنەوەی ژێرانە) نێو دەبەن؟!

بە پێی پێناسەی کۆماری ئیسلامی وەکی هەیە بەڕوونی دەردەکەوێ کە ئەو کۆمارە هەر ئێستاش لەگەڵ تورکیەو عێراق و سوریە بەهیوای فەوتاندنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوایەتییە و کاری بۆ دەکا. بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییانە و هەزاران ئاکاری ئەو کۆمارە، ئایا خود دانیشتن لەگەڵ ئەو تاوانبارانە هەڵە نییە؟

بەڕێز خالیدی عەزیزی لەو گومانەدایە کە بیرۆکەیەکی تازەی هێناوەتە ناو بزوتنەوەی کورد. بەڵام ئەوە دووپاتکردنەوەی هەڵەی هەشتاکانی کۆنگرەی چوارەم و حیزبی تودە و تەنانەت وتووێژی شەهید قاسملوشە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی کەبەداخەوە سەری لەسەر دانا.
ح.د.ک دەتوانی بە ڕەچاوکردنی شێوازی ڕێکخراوەیی نهێنی بەپێز دەوری بەرچاو لە خەباتی کۆمەڵایەتی ئاشکرای مەدەنیدا بگێڕی و هێچ پێوەندیکیش بە کۆماری ئیسلامی نەگرێت. ئەوەی کە بەرگریی لە دەوری حیزبی دێمۆکرات (بە هەموو لاباڵەکانیەوە) لەخەباتی مەدەنیدا دەکا و پێگەی لەناو کۆمەڵدا بێ هێز دەکا هەڵگرتنی دروشمی ڕووخاندنی ڕژێمی پەت و سێدارە نییە. ئەوە لاوازی سیاسی و ڕێکخراوەیی و پەروەردەکردنی ئەندامانی خۆیانە. نەبوونی سیستمێکی دێمۆکراتیک و پێشکەوتوویە کە داسەپاندنی بیری سەرکردەکانیان بەسەر ئەندامەکاندا دەخوڵقێنی و پێشیان دەگرێ کەلە هەموو تواناییەکانی خۆیان کەڵکوەرگرن.

دیارە بەڕێز کاک خالیدیش ئەوەی چەندجاران دووۆپاتکردۆتەوە کە دەبێ بە خۆماندا بێینەوە و ڕابردوومان شیکەینەوە هەتا هەڵەی جاران دووپات نەکەینەوە. ئایا ئەم بەخۆداچوونەوە بە ڕێکوپێکی کراوە؟ ئایا هەوڵدراوە کە مێژووی ڕێکو پێکی حیزبێکی ٧١ ساڵە بە دروستی و بەبێ بوغز و غەرەز و لایەنگری لەو کەس و لەم کەس تۆمار بکرێ و دەزگای پەروەردەیی حیزبدا بەگەنجەکانی بناسێنن؟ ئایا بەرگری کراوە لە بەکار هینانی وشەکانی سەردەمی دەربەگایەتی وەک{گەورەم} لە ناو حیزبدا؟ ئایا ئەندام و سەرکردە خاوەنی مافی بەرانبەری ڕادەربڕینن؟ و سەدان ئایای تر …

سیاسەت کردن تەنیا قسەی جوان و ڕێکۆپیکی سەر شاشەی تەلەویزیۆن و مێدیا نییە. لێکدانەوەی زانستیانەی ئیستا و ڕابردوو و پڵانداڕژتنی داهاتووی پێویستە. خۆپاراستنی لە چەندپاتکردنەوەی هەڵەکانی پێشووی پێویستە. وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیش بەو شێوازەی کە شەهید قاسملو و کاک خالید کردیان ، ئەویش بە ڕاسپاردەیی کەسانێک لە حیزبەکانی باشوردا، واتە دانیشتن لەگەڵ چەند نوێنەری دەزگای جاسوسی ئێران، کوتانی ئاوە لەدەسکاونگدا.
وتووێژی حیزبێکی سیاسی لەگەڵ دەوڵەتێک، کاتێک بەرهەم دەداتەوە کە بەڕێوەبەرانی حیزب لەگەڵ بەڕێوەبەرانی دەوڵەتەکە دانیشن. ئەگەر کاتی خۆی دکتور قاسملوی شەهید کادرێکی ناردبا بۆ وتووێژ، ئەو فەوزایە نەدەقەوما و دوژمن ئەوی پێنەدەکوژرا.

لەهەموو وڵاتی دنیادا سەرۆکی حیزبێکی دژ بە حکومەت تەنیا لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەتی ئەو وڵاتە دادەنیشێتە سەر میزی وتووێژ. تەنیا لەناو کورداندایە کە بەداخەوە ڕەوشی وتووێژ لەبەرچاو ناگیرێ و سەرۆکەکان لەگەڵ کەسانی بوودەڵە و بێ مایەی ناو دەستەڵات دادەنیشن.
بەڕێز کاک خاڵیدی عەزیزی دەبێ ئەوەی لەبەرچاو بگرێت کە کەس وتووێژ لەگەڵ دوژمن رەت ناکاتەوە. بەڵام چۆنێتی و کاتی وتووێژ و توانای داسەپاندنی خۆت لە وتووێژدا دەبێتە پێوەری ڕاستبوون یان هەڵەبوونی دانیشتنەکە.

بەبڕوای من وەک کەسێک کە هەم لەناو دێمۆکرات و هەم لەناو حیزبی تودەدا بەچاوی خۆم ئەو هەڵەکارییەم دیوە و ئەزموونە تاڵەکەی هەتا ئێستاش جەرگم وەئازار دەخا، لادانی دروشمی ڕووخاندنی کۆماری ئیسڵامی و دانانی چەک یان هەڵگرتنی چەک پێوەندییان بە دەوری ح.د. ک و هەر حیزبێکی دیکەی کوردستانی یان سیاسی لە خەباتی کۆمەلایەتی و مەدەنی وڵاتێکدا نییە. تەنانەت لەسەر ئەو باوەڕەم کە حیزبێکی کارا دەوری خۆی لەو خەباتەدا دەگێڕێ. ئەزموونی حیزبی دێمۆکرات و حیزبەکانی دێکەی سەرانسەری ئێرانیش لە خەباتی سەردەمی شادا و لە باکوری ئیستادا و لە ناو کۆماری ئیسلامیشدا ئەو ڕاستەقینەیە دەسلمێنێ. مەیدانی خەبات هەمیشە هەیە. شێوازەکانی دەگۆڕدرێ، توند و کز دەبێ، بەڵام بەردەوام هەیە. حیزبێک سەردەکەوێ کە بتوانێ مەیدانداری بکا. بۆ ئەو مەیدانداریە کەس پێویستی بە ئیزن وەرگرتن لە کۆماری ئیسلامی یان هەر حکومەتێکی سەرکووتکەری دیکەش نییە. بەڵکو پێویستی بە شارەزا بوونە لەسەر شێوازەکانی خەباتی نهێنی و نیوە نهێنی و ئاشکرا. پێویستیی بە بەهێز کردنی ڕیزەکانی ناو خەبات و یەکگرتن هەیە. پێویستیی بە تێگەیشتن لە مافی نەتەوایەتی و تێکۆشانە بۆ پتەوکردنی شعوری نەتەوایەتی لە ناو حیزبەکان و خەڵکدا.
هەڵگرتنی دروشمی وتووێژ بۆ کرانەوەی دەرگای خەباتی مەدەنی ئەویش لەکاتێکدا کە حیزبێک پەرش و بڵاوە و بێهێزی ئەکتیوە، تەنیا بە متمانەی خوشەویستی لەسەر پێشینەی خەبات، هەڵەیەکی ئاشکرایە کە ئەنجامەکەی خۆبەدەستەوەدان و تێداچوونی حیزبەکەیە.

بەڵێ کاک خالید دەیتوانی و دەبوا بیرۆکەیەکی تازە بێنێتە گۆڕێ، بەڵام بە گەڵاڵە کردنی پرۆژەیەک بۆ لێکدانەوەیەکی سەر لەنوێی زانستیانە لە خەباتی ٧١ ساڵەی دێمۆکراتەکان، هەڵبژاردنی سیاسەتێکی نوێ بۆ یەکگرتنەوەی هەموو ئەندام و لاباڵ و گۆشەگیرەکانی کۆنە دێمۆکرات لەسەر بناخەی خەباتی رزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد و هێنانی شێوازی نوێ و زانستیانەی کاری ڕیکخراوەیی و سیاسی و دوور کەوتنەوە لە کاوێژ کردنەوەی “گەورەم، گەورەم” و دابی دەرەبەگایەتی لە ناو حیزبدا و هاوکاریی هەمەلایەنەی هەموو هێزە کوردستانیەکانی ڕۆژهەڵات بە بێ جیاوازی و ئەگەر و ئەمما تێخستن، نەک بە هێنانەگۆڕێی دروشمی سوراوسپیاو کردنی کۆماری پەت و سێدارە بە بیانووی مەودا پەیدا کردن بۆ خەباتی مەدەنی لەناوخۆدا.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …