چوار شه‌ممه‌ 17 نیسان 2024

ناساندنی جینۆسایدی ئەرمەن لە نێوان دوو ئۆز بایدەمیردا / عەلی مەحمود محەمەد

رۆژی پێنج شەمە 2ی حوزەیرانی 2016, رۆژێكی مێژویی بوو بۆ ئەرمەنیەكان, لەو رۆژە نزیكترین هاوپەیمانی ئەوكاتی خەلافەتی عوسمانی كە ئەڵمانیایە دوای 101 ساڵ و 39 رۆژ لە ئەنجامدانی تاوانەكە, لە رێگای پەرلەمانە 630 كورسییەكەیەوە دان بە حەقیقەتی تاوانەكە دەنێت بە جینۆساید كە خۆی هاوبەش بووە تیایدا, بە زۆرینەی دەنگ پەرلەمانی(بۆندستاغ) ی ئەڵمانیا دانی نا بە جینۆسایدی ئەرمەنیەكان لە لایەن توركیاوە, تەنها 2 دەنگی ناشاز لە ریزی پارتی دیموكراتی كریستان, یەكیان دژ و یەكیان دەنگی نەدا لە پرۆسەكە بونی هەبوو, كە لە راستیدا بەهۆی هاوبەشیكردنی ئەڵمانیا لە تاوانەكە دەبوایا لە پێش كۆماری ئۆرۆگوایەوە دانی بە تاوانەكەدا بنابایا, كە كۆماری ئۆرۆگوای لە كیشوەری ئەمەریكای لاتین لە بەرواری 20ی ئەبرێل 1965 وەك یەكەم وڵات دانی ناوە بە جینۆسایدی ئەرمەنەكان لەسەر دەستی توركیا, هەر ئەو دان پێنانە بوو پاڵی بە ئەرمەنیەكانی كۆماری ئەرمینیای سۆڤیەتییەوە نا داوای ئەوە بكەن وڵاتە ناوەندییەكەیان دان بە جینۆسایدی ئەرمەن بنێت, ئەوە بوو لە ساڵی 1967دا كۆمارەكانی سۆڤیەت یەكەم وڵات بوون مۆنمێنتیان بۆ وەبیرهێنانەوەی تاوانەكەو رێزگرتن لە قوربانیەكانی لە شاری یەریڤان دروست كرد.

ئەوەی لای من گرنگە لە پرۆسەی دان نان بە تاوانی جینۆسایدی ئەرمەنەكان, بۆچونی دوو پەرلەمانتاری توركە لە پەرلەمانی ناوەندی ئەڵمانیاو پەرلەمانی هەرێمی برۆكسل لە بەلجیكا, هەردووك بە پاشناوی ئۆزدەمیر ناوەكانیان هاتووە, یەكیان پیاو چەپی ژینگە پارێز و ئەوی دیكە ژنی حیجاب لەسەر نەتەوەیی ئیسلامی, هەردوكیان لە دایك بووی دەرەوەی توركیا و پەروەردەی ژینگەی رۆژئاوا, ئەم دوو ئۆزدەمیرە بە دوو هەڵوێستی پێچەوانە سەبارەت بە دۆسیەی جینۆسایدی ئەرمەنی دەناسرێنەوە, یەكیان پێشەنگ لە بواری ناساندنی, بیركردنەوەیەكی مرۆڤدۆستانەی ئەنتەرناسیۆنالستانە, ئەوی دیكە سەرسەخت لە ئاست رەتكردنەوەی حەقیقەتەكان, بە بۆچونی ئاینی و ناسیۆنالیزمەوە لە ئاست ئەو هەموو ئێسك و پروسكە هەوڵوێست وەرەگرێت.
جیم ئۆزدەمیر لە دایك بووی 21ی دیسەمبەری 1965ی شاری باد ئۆراخی ئەڵمانیا, بنەچە چەركەس, سەرۆكی لیستی سەوزەكان لە پەرلەمانی ئەڵمانیا, كە پێشتر لە ساڵی 2007 بە پێی بڕگەی 301ی دەستوری توركیا, كە بریتیە لە ( یاسای سوكایەتی بە ناسنامەی توركی) بە پێی یاساكە تاوانە دان بە كۆمەڵكوژی لە توركیا بنرێت, ج ئۆزدەمیرو و چەند پەرلەمانتارێكی پارتەكەی تۆمەتباركران بە پێشێلكردنی ئەو بڕگەیە لە دەستوری وڵات, بەهۆی هەڵوێستیانەوە لە سەر دۆزی ئەرمەن و عەلەوییەكان هەیانبوو, كە پێشتر بەهەمان تاوان و پێشێلكردنی هەمان بڕگەی دەستوری توركیا نووسەری ئەرمەنی هرانت دینك سزا دراو دواتر تیرۆر كرا, هاوكات رۆمانووسی ناسراو ئۆرهان بامۆك هەڵگری خەباتی نۆبڵی ئەدەب بەهەمان بڕگەی دەستور سزادرا.

ج ئۆزدەمیر پارتەكەی بە بۆنەی یادی 101 ساڵەی وەبیرهێنانەوەی تاوانەكەوە لە 24ی نیسانی ئەمساڵ, پرۆژەی ناساندنی تاوانی كۆمەڵكوژی ئەرمەنییەكانی لە توركیا بە جینۆساید پێشكەش بە پەرلەمانی ئەڵمانیا كرد, لە رۆژانی پێش دەنگدانەكە جیم ئۆزدەمیر بەهۆی هەڵوێستە شێلگیرانەكەیەوە لەسەر دۆسیەكە, دەكەوێتە بەر هەڕەشەی توركە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەكان, لێ گوێی نەدا بە هەڕەشەكان لە وتەكەیدا لە پەرلەمان لە چركە ساتی پێش دەنگدانەكە وتی: ( 80-90%ی سەرجەم هاووڵاتیانی ئەرمەن, 98%ی پیاوانیان,100%ی پیاوانی ئاینیان لەناو براون لەو تاوانە) هاوكات لە بەشێكی دیكە لێدوانەكەی هەمان رۆژی لە پەرلەمان وتی: هەموو ئەو تاوانانەی ئەڵمانیا بەرامبەر بە گەلانی ئەوروپا ئەنجامی داوە دەبێت بە جینۆساید بناسرێت .
ج ئۆزدەمیر لە درێژەی بۆچونەكەیدا رایگەیاند گرنگە دان بە رابردووماندا بنێن, نابێت توركیا شانازی بە رابردووی خۆیەوە بكات, دەبێت رابردوو قەبوڵ بكرێت .

تەواو دژ بەم هەڵوێستە ئەخلاقیانەیەی ج ئۆزدەمیر بەرامبەر بە كۆمەڵكوژی گەلێك كە گەلەكەی خۆی ئەنجامی داوە, ماهینۆر ئۆزدەمیر لە دایك بووی 7ی دیسەمبەری 1982 ی شایربێكی بەلجیكا, یەكەم پەرلەمانتاری حیجاب لەسەر لە ئەوروپا, پەرلەمانتار لە پەرلەمانی هەرێمی برۆكسل لەسەر لیستی پارتی ناوەندی دیموكراسی مرۆڤایەتی CDH, كە پارتێكی سۆسیالستی كریستانییە, لە ساڵی 2009 بە هێنانی تەنها 2501 دەنگ ئەو كورسیەی بەدەست هێنا لە پەرلەمانی هەرێمی برۆكسل, هەڵوێستێكی دژ بە هەڵوێستەكەی ج ئۆزدەمیر وەردەگرێت, نكۆڵی تەواو لە بوونی تاوانەكە دەكات, ئەو پارساڵ لە یادی 100 ساڵەی ئەم تاوانە قێزەونەدا, لە بەرامبەر ئەوەی رەتی كردەوە وەڵام بە پرسیارەكانی كەناڵی ئاڕ تی ئێڵ ی تایبەت بداتەوە سەبارەت بە پرسی جینۆسایدی ئەرمەنەكان لە توركیا, لە بەرواری 29ی ئایاری 2015 لە پارتەكەی دەركرا, ئەمەش روداوێكی گرنگ و هەنگاوێكی ئەخلاقیانەی گرنگ بوو, لیژنەی ئەخلاقی پارتی ناوبراو نای.

پارتی ناوەندی دیموكراسی مرۆڤایەتی ( (CDH لە بڵاوكراوەكەیدا لە 29ی ئایاری پارساڵ رایگەیاند,ماهینۆر ئۆزدەمیر كاتێك لیژنەی ئەخلاقیاتی حیزبەكەمان بانگیان كردووە بۆ لێپرسینەوە لە بەرامبەر خۆ دزینەوەی لە وەڵامدانەوەی پرسیاری رۆژنامەنوسان سەبارەت بە جینۆسایدی ئەرمەنەكان لە توركیا, رەتی كردەوە دان بە جینۆسایدی ئەرمەنەكان بنێت, لە كاتێكدا هەڵوێست وەرگرتن لە بەرامبەر جینۆساید راڕایی قەبوڵ ناكات و دەبێت بە رونی هەڵوێست دەرببڕدرێت لەسەری, بۆیە بەو هۆیەوە لە پارتەكەمان دەركراوەو دورخراوەتەوە.

هاوكات لە بەرواری 24ی نیسانی 2015 , كە یادی 100 ساڵەی تاوانی كۆمەڵكوژی ئەرمەنەكان بوو, 6 پەرلەمانتاری بەلجیكی بە ڕەگەز تورك ئامادەی پەرلەمان نەبوون ئەو رۆژە, بۆ ئەوەی بەشداری نەكەن لەو دەقە بێدەنگیەی لە پەرلەمانی بەلجیكی راگەیەنرا بۆ گیانی پاكی قوربانیانی ئەرمەنی لە یاداوەری 100 ساڵەی تاوانەكە.

بە دوای دەركردنی خاتوو ماهینۆر ئۆزدەمیر لە پارتەكەی توركە ئیسلامی و ناسیۆنالستەكان لە برۆكسل و ئەستەمبوڵ خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیان بۆ پشتیوانیكردن لە هەڵوێستەكەی بەڕێوەبردو وەك قارەمان ناساندیان, تەنانەت ئەردۆگان و كچەكەی سومەییە هاتنە سەرخەت بە توندی رەخنەیان لە دەركردنی ناوبراو لە پارتی ناوەندی دیموكراسی مرۆڤایەتی CDHگرت, خۆپیشاندەران لەسەر لافیتەكانیان نوسیبویان ماهینۆر ئۆزدەمیر شەرەفمانە, ماهینۆر و هەندێك لە نەتەوەیی و ئیسلامییەكان رایانگەیاند بۆیە لە پارتەكەی دەركراوە, چونكە حیجاب لەسەر بووە, گوایە سەرۆكی پارتەكەی بینویت لوتغن پێشتر دژایەتی بەردەوامی كردووە, ئەمە لە كاتێكدا ئەوی حیجاب لەسەر هەلپەرستانە لە رێگای حیزبێكی بە ئایدۆلۆژی سۆسیال كریستانەوە چۆتە پەرلەمانەوە باوەڕی بە بەهاكانی ئەو پارتە نەبووە,تەنها بۆ گەیشتن بەو كورسیە ئامادەی پەسەند كردنی بەرنامەی ئەو پارتەی هەبووە, رێك ئەوانەی ئەو رۆژە پشتیوانیان لە ماهینۆر ئۆزدەمیر دەكرد, ئەمرۆ هەڕەشە لە ج ئۆزدەمیر دەكەن.
وەك دەبینین ئێمە لە نێوان دوو ئۆزدەمیرداین, یەكیان بەهۆی هەڵوێستەكانییەوە لە دان نان بە راستییەكان دەبێتە پاڵەوانی هەموو مرۆڤایەتی, ئەوی دیكە دەبێتە پاڵەوانی گروپەكەی خۆی, مرۆڤایەتی پێویستی بە نموونەی یەكەمە, بۆ ئەوەی نموونەی دووەم كە سەرچاوەی ماڵوێرانییەكانی رابردووە نەمێنێت.

لە كوردستاندا پێویستمان بە چالاكوان و سیاسەتمەداری چەشنی ج ئۆزدەمیر هەیە, لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی لە رابردوودا لەم نیشتمانە رویان داوە, حەقیقەتەكانی قەبوڵ بكات و دان بە راستییەكاندا بنێت كە چەندە تاڵیش بێت, چاو لە ئاستی تاوانی نەتەوە, ئاین, حیزب, سەركردەكەی نەنوقێنێت, لە كاتی بڕیارداندا تەنها حەقیقەت حاكم بڕیاردەر بێت بەسەر ویژدانیدا, پرسی جینۆساید پرسی گەڕانە بە دوای حەقیقەتەكان , تەنها ئەو حەكایەتە سواوە دوبارانە نییە دەنوسرێنەوە یان دەوترێنەوە, بەڵكە ئاشكرا كردنی نهێنییەكان و دان نانە بە راستییەكانی رابردوو وە سزادانی تاوانبارانە.

ج ئۆزدەمیرەكان و ئۆلكەكان (پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا) فریادڕەسەكانی داهاتووی دۆسیەی جینۆسایدی ئێزیدییەكان و دەرسیم و چەكە كیمیاوییە فرۆشراوەكانن بە عێراق, مرۆڤە راستەقینەكانی داهاتوون, پێویستمان بەوەیە نموونەیان زۆر بێت بۆ ئەوەی رۆژە رەشەكانمان دوبارە نەبنەوە.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …