دروشمی ڕووخاندنی حکوومەتی تاران و ئێمەی کورد / د. کامڕان ئەمین ئاوە

یەکێک لەو پرسیارانەی کە لە لایەن بەشێک لە چالاکانی کوردی ڕۆژهەڵات جاروبار دێتە ئاراوە، ئەوەیە کە، بڵێی دروشمی ڕووخاندنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کێشە و مەسەلەی کورد بێ؟ ئایا بە گشتی، هەڵدانی ئەم دروشمە درووستە و دەست‌ و باڵی کورد لە بواری دیپڵۆماسی ‌و وتووێژ لە گەڵ تاراندا نابەستێتەوە؟

بۆ وڵامی ئەم پرسیارانە، پێویستە وڵامی چەند پرسیاری دیکە بدرێتەوە؟

١. بڵێی ئەوەی کە تاران تا ئێستا ئاوڕی لە کێشەی کورد نەداوەتەوە، زۆرتر خەتای سیاسەتی نوێنەرانی کوردی ڕۆژهەڵات بووبێ، هەتا حکومەتی ناوەندی؟

٢. بڵێی حکومەتی تاران لە نزیک بە ٤ دەیە دەستەڵاتداریی خۆیدا، بە چەشنێکی ڕاستەقینە ئاوڕی لە کێشەی نەتەوەیی لە ئێران و یەک لەوان مەسەلەی کوردی دابێتەوە‌ و ئێمەی کورد لە سەر ڕووخانی تاران وەها سوور بووبین کە پێشنیاری حکوومەتی ناوەندیمان بۆ چارەسەریی کێشەی کورد لە ئێراندا قەبووڵ نەکردبێ؟

٣. بڵێی حکوومەتی تاران بتوانێ و یاخود ئامادەی قەبووڵکردنی ئەم ڕاستییە بێ، کە لە ئێراندا بێجگە لە “ئوممەتی ئیسلامی” پێکهاتە یاخود چەمکێک بە نێوی “گەل” و “نەتەوە” و “کێشەی نەتەوەیی” هەیە؟

٤. بڵێی فارس گوتەنی ئەوە لە “عدم حسن نیت”ی ئێمەی کوردە، کە تاران نایەوێ درگای وتووێژێکی ڕاستەقینە لە گەڵ ئێمە بکاتەوە و کاتێک حکوومەتی ئێران تەنیا بە مەبەستی کوشتنی ڕێبەرانی کورد وەکو دوکتور قاسملوو یاخود درزخستن لە نێو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چرا سەوزێک دەدا و بەشێکیان بۆ وتوووێژ!! بانگهێشتن دەکا، ئەوە لە “خێرخوازی” ئەوان بۆ چارەسەری کێشەی کورد بووبێ و کوژرانی ڕێبەرانیش تەنیا بە هۆی “لەبەرچاو نەگرتنی باری ئەمنییەتی” لە لایەن کوردەکانەوە بێ؟

٥. بڵێی تاران ئامادەی گۆڕینی سیستمی ئیداری، ئەویش تەنیا لە کوردستان وەکو بەشێک لە جوغرافیای سیاسی ئێران بێ‌ و بۆ نوێنەرانی “حکوومەتی اللە” لە تاراندا، چاو و برۆی کورد ڕەشتر و جوانتر لە نەتەوەکانی دیکەی ئێران بووبێ؟ یان دێموکراسی لە ئێراندا تا ئەو ڕادەیە گەشەی کردبێ(!؟) کە کاتێک مافی “خودموختاری و خودگەردانی”شمان پێ نادات، ئیزنی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بدات؟

٦. بڵێی حکوومەتی تاران، کە لە چوارچێوەی” یاسای حیزبەکاندا” ئیزنی چاڵاکی بە هێزەکانی “خۆیی”‌ش وەکو چاکسازیخوازەکان ‌و حیزبگەلێک وەکو “مشارکت اسلامی” نادات، هەروەها نوێنەران و ئەندامەکانیشیان دەخاتە بەندیخانەوە، ڕێگە بە حیزبە سکۆلارەکانی کوردستان بۆ کار و چاڵاکی لە چوارچێوەی ئێراندا بدات؟

٧. بڵێی حیزبێکی کوردستانی کە خۆی لە نێو بەرەی سۆسیال دێموکراسی یاخود چەپ ‌و دێموکراتیکدا دەبینێتەوە یان خوازیاری پێکهێنانی کۆماری کوردستان، حکومەتێکی فیدراڵی لە ئێراندایە، بتوانێ بێ قەبووڵکردنی یاسای بنەڕەتی، “ولایت فقیە” و نیزامی تێوکراتیکی ئێران، کە دژایەتی لە گەڵ تەواوی بناخەکانی دێموکراتیک و مافی مرۆڤ لە جێهاندا هەیە، ئیزنی چاڵاکی سیاسی بۆ تێکوشان و بەرگری لە مافی نەتەوەیی کورد بە چەشنێکی فەرمی وەربگرێ؟

٨. بڵێی بەرژەوەندیی کورد و حکوومەتی ئیسلامی تەنانەت لە یەک دوو خاڵیشدا تەبا بێ‌ و دەوڵەتی تاران بەو ئاستە لە تێگەیشتنی سیاسی گەیشتبێ، کە تەنانەت لەبەر مسۆگەرکردنی “ئاسایشی نیشتمانیی ئێران؟” ئامادەی قەبووڵکردنی مافی نەتەوەی کورد بە فەرمی، بێ لەبەرچاوگرتنی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بێت؟

٩. بڵێی بە گشتی، لە نێو سیستمێکی کۆجێیی ئیسلامیی لە چەشنی ئەسناعەشەری، واتە “متمرکز”دا دەرفەتی چارەسەری کێشەی نەتەوەکان هەبێ؟

١٠. بڵێی کاتێک حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تاراوگەدا ئاوا تووشی دابڕان و لێک دووربوونەوە بوون و ئاسۆیەک بۆ پێکهێنانی تەنانەت بەرەیەک بۆ کارێکی هاوبەش نیە، کێشەی کورد، کێشەی حکوومەتی ئیسلامیش بێ، کە بیەوێ ئاوڕی لێ بداتەوە؟

ئەگەر وڵامی زۆربەی پرسیارەکانی سەرەوە ئەرێ بێ، ئەوە بەو مانایەیە کە ئیتر پێکهاتەیەک بە نێوی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەم ناوەڕۆکەوە نەماوە، ئەگەر وڵامەکە نا بێت، ئەوە بەو مانایەیە کە بوونی حکوومەتی تاران بەربەستێکە بۆ گەیشتنی کورد بە مافەکانی خۆی. جا ئێمە چ دروشمی ڕووخان بدەین یان نەدەین، پێکهاتەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەم ناوەرۆکەوە، پتانسیەلی چارەسەریی کێشەی کوردی ‌نیە و بە پێی “فەلسەفەی بوونی” ناتوانێ خوازیاری چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەکان و گۆڕانی سیستمی ناوەندخواز بۆ نەناوەندی بێ.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …