دوو شه‌ممه‌ 7 تشرینی یه‌كه‌م 2024

ڕۆژ ژمێری شه‌ڕی ٢٤ ڕۆژه‌ی سنه‌ / عه‌تا ریازی/ بەشی 2

پاش هه‌ڵاتنی حه‌مه‌ڕه‌زا شا و هه‌ڵوه‌شیانی ڕژیمی پاتشایه‌تی ئێران، له‌ زستانی ١٩٧٩وه‌ولا له‌ ژێڕ سێبه‌ری خه‌بات و ڕاده‌ی به‌رزی شارستانه‌تی گه‌لی كورد،له‌ سنه‌ و فره‌یكتر له‌ شاره‌كانیتری كوردستانا ڕێكخراوه‌ ڕامیارییه‌كان ده‌یانتووانی به‌ ئازادانه‌ چالاكی بكه‌ن و هه‌وڵێ بۆ دابین كردنی مافی چاره‌ نووسی كورد بده‌ن. ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ئێران كه‌ ته‌نیا به‌ قه‌ڵاچۆكردنی كورده‌كان بیری ده‌كرده‌وه‌ نه‌یده‌ویست كه‌ ئه‌و گه‌له‌ هه‌وڵ بۆ ڕزگاری خۆی بدات. بۆیه‌ كه‌ له‌ به‌هاری ساڵی ١٣٥٩ا فه‌رمانی هێرشێكی سه‌رانسه‌ری به‌ سه‌ر كورده‌وارییا به‌ تایبه‌ت به‌ سه‌ر سنه‌ یا دا.
بۆ له‌ ناو بردنی بزووتنه‌وه‌ی كورده‌‌كان، له‌ باكوور و باشووره‌وه‌ پاسدار و سه‌ربازێكی فره‌ی هه‌نارده‌ سنه‌ كه‌ به‌ یارمه‌تی له‌شكه‌ری شاره‌كه‌ ئیراده‌ی گه‌له‌كه‌ تێبشكێنێ.


هه‌ناردنی پاسداروسه‌رباز بۆ سنه‌ ڕۆژی ٢٩ی خاكه‌لێو له‌ باكوور و باشووری سنه‌وه‌ به‌م چه‌شنه‌ ده‌ستی پێ ده‌كا:
به‌ پێ تی ڤی نه‌ۆرۆزبه‌یانی ڕۆژی هه‌ینی ٢٩ ی نه‌ورۆزی ١٣٥٩ ڕژیمی ئێران ستوونێك له‌ سپاگه‌ی سه‌قزه‌وه‌ بۆ سه‌ركۆت كردنی كورده‌كان ڕه‌وانه‌ی سنه‌ ده‌كات.له‌ نیمه‌قه‌و ڕێگادا ‌ پێشمه‌رگه‌كان ته‌قه‌یان لێ ده‌كه‌ن. به‌ دووای ٩كاتژمێر شه‌ڕسه‌ربازه‌كانی ئێرانی، پاش‌ دانی چه‌ندین كوشته‌ و له‌‌ ده‌ست دانی ئه‌ندازه‌یكی زۆری سووته‌مه‌نی و ته‌قه‌مه‌نی توانیان به‌ ڕێگای خویان درێژه‌ بده‌ن به‌ڵام دیسان پێشمه‌رگه‌قاره‌مانه‌كان له‌ حوسه‌یناوا به‌ره‌كیان ده‌گرن و ڕێگای سنه‌یان لێ داده‌خه‌ن.
ئه‌و جۆره‌ی كه‌ كاك حه‌مه‌ ده‌نووسێ ده‌مه‌و به‌یانی هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ و چریكه‌كان كه‌ له‌ میحوه‌ری جاده‌ی كامیاران- سنه‌ كه‌ نۆبه‌به‌ریان ده‌دا، دییان كه‌ ستوونێكی گه‌وره‌ ی‌ له‌شكه‌ری ئێران له‌ كرماشانه‌وه‌ به‌ره‌و سنه‌ كه‌وتووته‌‌‌ ڕێگاوه‌‌.


هه‌ر چه‌نده‌ی كه‌ جاده‌كه‌ ئیسفاڵت بوو به‌ڵام ئاژۆه‌كان به‌ خێراییكی كه‌مه‌وه‌ له‌ ماشینه‌كانیان ده‌خوڕیان‌‌، وادیاربوو كه‌ سه‌ربازه‌كان به‌ ترس و ئیحتیاته‌وه‌ ئه‌ڕۆێشتنه‌ به‌ره‌وه‌‌.‌ ئه‌م ترس و له‌رزه‌ ئه‌ونده‌ فره‌ بوو كه‌ ته‌نانه‌ت ‌ لێخوڕێكی جیپێكیان كه‌ تۆپێكی ١٠٦ میلیمیتری به‌ سه‌ر دابه‌سترابوو به‌ بینینی‌ پێشمه‌رگه‌كان له‌ دووره‌وه‌ ترس هه‌ڵی ده‌گرێت و‌ ماشینه‌كه‌ی چه‌په‌ ده‌كات و ده‌كه‌وێته‌ ناو گاوه‌رۆ .یه‌كێكیان لێ ئه‌خنكێت و ته‌رمه‌كه‌یچی هه‌ر بۆیان نادۆزرێته‌وه‌ .
پێشمه‌رگه‌كان كه‌ فه‌رمانی به‌رگریان وه‌ر نه‌گرتبوو ته‌قه‌ له‌ سه‌ربازه‌كان‌ ناكه‌ن و هێشتبوویان كه‌ ستوونه‌كه‌‌ به‌ بێ ده‌ردیسه‌ری به‌ ڕێگای خۆی درێژه‌ بدات.
كاتژمێر یازده‌ی به‌یانی هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ ستوونه‌كه‌ ده‌گه‌یته‌ خیابانی ششی به‌همه‌ن كه‌ یه‌كێك له‌ ڕێگاكانی هاتنه‌ ژووره‌وه‌ی سنه‌ یه‌. خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ دیتنی ستوونه‌كه‌ به‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی كه‌ فه‌رمان له‌ ڕێكخراوه‌ ڕامیارییه‌كانیان وه‌رگرتبێ یاكوو كه‌سێ هانیان دابووبێت‌ ئه‌ڕژنه‌ نا‌و خیابانه‌ كه و‌ له‌ پێشڕه‌ویان به‌رگیری ده‌كه‌ن.


خه‌وه‌ری هاتنی له‌شكه‌رییه‌كانی ئێران بۆ سنه‌ به‌ خێرایی برووسكه‌، وكوو ئاگروپووش به‌ ناو شاره‌كه‌ بڵاو بووه‌وه‌‌‌. خوێنده‌واران كه‌ هێشتا له‌ سه‌ر كلاسه‌كانیانه‌وه‌ بوون خوێندنگه‌كانیان به‌ جێ ده‌هێڵن و ده‌ڕژنه‌ ده‌ره‌وه‌، كارمه‌نده‌كان ڕێبه‌رایه‌تییه‌كان (ئیداره‌كان)ده‌وه‌سن، كاسبكاره‌كان دوكانه‌كانیان داده‌خه‌ن و بازاربه‌ جێ ده‌هێڵن. هه‌مووان له‌ چووار سووچی شاره‌كه‌وه‌ به‌ره‌و خیابان شش به‌همه‌ن ده‌كه‌ونه‌ ڕێگاوه‌‌‌. به‌ره‌ به‌ره‌ خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌رچێ ده‌كه‌وێته‌ ده‌ستیان ده‌یخه‌نه‌ ناو ڕاس خیابانه‌كه‌ كه‌ ببێته‌ به‌رهه‌ڵستێ كه‌ ماشین و زرێپۆش و تانكه‌كانی له‌شكه‌ری ئێران نه‌توانن لێان ڕه‌د ببن.
له‌ ماوه‌ی كه‌متر له‌ یه‌ك كاتژمێر خیابانه‌كه پڕ بوبوو له‌ مه‌ردم. خه‌ڵكه‌كه‌ ده‌وری ماشینه‌كانیان دابوو و تێ ده‌كۆشان به‌ قسه‌ی خۆش سه‌ربازه‌كان ڕازی كه‌ن كه‌ هه‌ڵ بگه‌ڕنه‌وه‌.
سه‌رۆكی ستوونه‌كه‌ ده‌یوت كه‌ ئه‌وان ‌ به‌ره‌و عێڕاق ڕێ كه‌وتوون وهیچ كارێكیان به‌ كورده‌كانه‌وه‌ نییه‌. خه‌ڵكه‌كه‌یچ له‌ وڵامیدا ده‌یانوت كه‌ ڕێگای عێراق له‌ ناو شاری سنه‌وه‌ ڕه‌د نابێت ده‌بێ هه‌ڵگه‌ڕنه‌وه‌….
حه‌شیمه‌ته‌كه‌ ‌ به‌ره‌ به‌ره‌ ده‌ستیان كرده‌‌ دروشم دان:


ئێمه‌ شه‌ڕ ناخوازین- ئاشتی خوازین،
نه‌مان بۆ ئه‌م ڕژیمه‌ شه‌ڕ خوازه‌، نه‌مان بۆ ئه‌م سپای پاسداره‌ ….
سه ر‌بازه‌كان له‌ ناو ماشینه‌كانی خویاندا ته‌كانیان نه‌ده‌خوارد.لاوه‌كان ده‌ستیان كردبووه‌ نووسینی درۆشمگه‌لی دژی ڕژیم له‌ بان درگا و جه‌سته‌ی ماشینه‌كانی ستوونه‌كه‌وه‌. له‌م ماوه‌دا دوو هێلیكۆپتێری سه‌ربازی به‌ به‌رزاییكی كه‌مه‌وه‌ ده‌ستیان كردووه‌ خولانه‌وه‌ به‌ سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌.له‌ هه‌مان كاتدا لاوه‌كان كه‌ ده‌وری ماشین وتانك و زرێپۆشه‌كانیان دابوو درێژه‌یان به‌ قسه‌ كردن له‌ گه‌ڵ سه‌ربازه‌كان ده‌داو مه‌به‌ستی خویان له‌ به‌رگیری كردن له‌ ستوونه‌كه‌ بۆیان ڕاوه‌ ده‌كرد. هێندێ له‌ سه‌ربازه‌كان ده‌ستیان كرده‌ گریان و ده‌یانوت كه‌ به‌ زۆر ئێمه‌یان هه‌ناردووه‌ته‌ كوردستان،ئێمه‌ نامانئه‌وێ شه‌ر بكه‌ین.…
به‌ره‌ به‌ره‌ كات ڕائه‌بگارێ و سه‌ربازه‌كانی ئێرانی هه‌ر وا جووڵه‌یان لێ بڕابوو‌. پێشمه‌رگانی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ خوێنی خه‌ڵكه‌كه‌ نه‌ڕژگێت هێرشیان نه‌كرده‌‌ سه‌ر ستوونه‌كه‌ ، به‌ڵام ده‌فره‌تی ئه‌وه‌یان پێان دا كه‌ پاشه‌ كشی بكه‌ن. ده‌ورووه‌ر كاتژمێر چوواری نیوه‌ڕۆ سه‌ربازه‌كان له‌ ژێر، ێ و فیكه ی خه‌ڵكه‌كه‌ پاشه‌كشیان كردوهه‌ڵگێڕانه‌وه‌ بۆ فڕۆكه‌خانه‌ له‌ ده‌ كیلومیتری شاره‌كه‌وه‌.
سنه‌ییه‌كان ‌ كه‌ گومانیان له‌وه‌دا نه‌بوو كه‌ ده‌وڵه‌تی ئێران دیسان سه‌ربازه‌كانی ده‌نێرێته‌وه‌، ده‌س به‌ جێ ده‌ستیان كرده‌ چه‌په‌ر و سه‌نگه‌ر به‌ندی و قومه‌ش و نۆكه‌ن كه‌ندن و پته‌وكردنی به‌رهه‌ڵسته‌كان و ڕژاندنی لم و ڕێخ له‌ ناو خیابان و ڕێگاكانی هاتنه‌ ژووره‌وه‌ی سنه‌وه‌.


شه‌و كه‌ هه‌ڵات لاوه‌كان كه‌ ئاگری نیشتمان په‌ره‌ستی تێاندا گه‌شه‌ی گرتبووه‌وه‌‌ به‌ شووروشه‌وقه‌ێكی شۆڕشگێڕانه‌ وه‌ ‌ ئاگرێكی فره‌یان داگرساندبوو و به‌ ده‌وریا ده‌ستیان كردبووه‌ هه‌ڵپه‌ركێ و سروود و گۆرانی شۆڕشگێڕانه ‌خوێندن و هه‌تا به‌یانی له‌ ناو كزه‌ی سه‌رمای مانگی نه‌ورۆزدا‌له‌ خیابانی ششی به‌همه‌ن و جاده‌ی فرۆكه‌ خانه‌ ‌ نۆبه‌داریان كرد.
هه‌ر ئه‌وشه‌وه‌ به‌نی سه‌در سه‌رۆككۆماری ئیسلامی ئێران له‌ ڕادیودا ڕای گه‌یاند: كه‌ هێزه‌كانی بێگانه‌ په‌ره‌ست و دژی شۆڕشی ئیسلامی ئێران له‌ سنه‌ به‌رگیریان له‌ ستوونی له‌شكه‌ری ئێرانیان كردووه‌…. داوایان لێ ده‌كا ئه‌م كاره‌ دووپات نه‌كه‌نه‌وه‌…. چوونكوو سپای ئێران بۆ به‌رگری له‌ سنووره‌كانی ئێران ده‌یانه‌وێ بڕۆنه‌ ناو شاری سنه‌وه‌….(ڕۆژنامه‌ی ئیتڵاعات ٢٩ نه‌ورۆز ٥٩)

 

هه‌ینی ٢٩ ی خاكه‌لێوه

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …