چوار شه‌ممه‌ 17 نیسان 2024
مەریوان وریا قانع

ئیجماعی درۆزنانەی کوردیی / مه‌ریوان وریا قانع

ھیچ شتێک ھێندەی سیاسەتی کوردیی ئەمڕۆکەی ھەرێم قابیلی پێکەنین نییە. لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەم سیاسەتە گۆڕاوە بۆ گاڵتەجاڕییەکی پێنج ئەستێرەیی: گاڵتەکردن بە کۆمەڵگای کوردیی وەک گشتێک، گاڵتەکردن بە دەزگا شەرعییەکانی حوکمڕانیی، گاڵتەکردن بە خەم و ئازار و نەھامەتییەکانی ھاوڵاتیان، گاڵتەکردن بە ھەموو یاساکان و بەھاکان، گاڵتەکردن بە ھەڵبژاردنەکان، گاڵتەکردن بەھەموو شتێک لەدەرەوەی ئیرادەی چەند سیاسییەکی نەرجسیی و سواودا، ھێڵە سەرەکییەکانی ئەو سیاسەتانەن لە ھەرێمدا پیادەدەکرێن.

ئەمە جگە لە گاڵتەکردن بەسەرجەمی ئەو ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییانەی نیشانیئەدەن چۆن کوردستان لەوە کەوتوە نیشتمانێکی نەتەوەیی بێت بەلانی کەمی ڕێزگرتنی مافەکانی مرۆڤەوە و چۆن گۆڕاوە بۆ مەزرەعەی داخراوی چەند خێزان و کەسایەتییەکی سیاسیی دیاریکراو و بەڕێوەبردنی بەو شێوەیەی ئەوان دەیانەوێت. لەناو ھەرێم خۆیدا نەک شتێک بەناوی ”ئیجماعیی سیاسیی”ەوە بوونی نییە و بوونی نەماوە، بەڵکو جەنگێکی تا ئەم ساتە پاسیڤ و ڕەمزیی گەورە لەنێوان لایەنە کوردییە خۆیان و لەنێوان بەشە جیاوازەکانی کوردستاندا لەئارادایە. گوێ لە قسەکەران و نوێنەرانی دەسەڵاتدارانی ھەرێم بگرن لەوە تێدەگەن چۆن دەکرێت ئەم جەنگە ڕەمزییە بە ئاسانی بگۆڕدرێت بۆ جەنگێکی خوێناویی و سەرتاسەریی. لە ھەرێمدا ھیچ بنەمایەکی دروستبوونی لانی ھەرکەمی ھیچ جۆرە ئیجماعێکی سیاسیی بوونی نەماوە، کوردستان بە کردەوە چەند زۆنێکی داخراوی دەسەڵات و ھەر زۆنێکیشیان بە ویست و ئارەزو و تەماحی دەستەیەکی بچووک لە بازرگانانی نەوت و غاز بەڕێوەدەچێت. ھەر یەکێک لە زۆنانە ڕووی لە بەرە و وڵات و ھێزێکی ئیقلیمی جیاوازە و گوتارە ئاشکراو نھێنییەکانیان پڕیەتی لە ئەگەری جەنگ و پێکدادانی چاوەڕوانکراو.

ئەگەر ”مەسەلەی کورد” بەدرێژایی مێژووی خۆی ھێزێکی تایبەتی ھەبووبێت، ئەوا ئەو ھێزە نە ھێزی سەربازیی و جەنگیی، نە ھێزی ئابوریی و نە ھێزی میدییایی نەبووە. ھێزی مەسەلەی کورد ھێزێکی ئەخلاقیی بووە. ئەم مەسەلەیە لەدەوری کۆمەڵێک پرنسیپیی ئینسانیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی کۆبۆتەوە کە ڕەھەندێکی ئەخلاقیی بەھێزیان ھەبووە، بەرگریی لە کۆمەڵێک بەھا کردوە، وەک بەھای دادپەرەوریی و ئازادیی و یەکسانیی، کە لەزۆر شوێنی دونیادا قابیلی ناسینەوە و ڕێزلێنان. ئەوەی ئەمڕۆ دەبینینن بەتاڵبوونەوەی مەسەلەی کوردە لەسەرجەمی قورساییە ئەخلاقییەکەی، لە سەرجەمی ئەو بەھایانەی قابیلی بەرگریلێکردنن، سەرەتا لەناو کوردستان خۆیدا ئینجا لەبەرچاوی دونیای دەرەوەدا. ئەوەی ئەمڕۆ دەبینین گۆڕانی مەسەلەی کوردە بۆ ھەڵکەندنی چەند چاڵە نەوتێک و تاڵانفۆرشکردنی بەدریاچاوی ھەمووانەوە لەناو کێشوەرێک تاریکیی و گەندەڵییدا. بەبۆچوونی من ئەمڕۆکە شتێک لە ھەرێمدا بەناوی ”مەسەلەی کورد”ەوە بوونی نەماوە، ئەوەی ھەیە مەسەلەی دەسەڵاتی سیاسیی چەند خێزانێکی کەم و دیاریکراو و مەسەلەی بەردەوامیدانە بەتاڵان فرۆشی غاز و نەوت لە کوردستاندا. وەک ووتم لەناو سیاسەتی کوردیدا شتێک بەناوی ”مەسەلەی کورد”ەوە نەماوەتەوە تا باس لە ”ئیجماعی کوردیی” بکەین، کەی ئەم مەسەلەیە بووەوە بە مەسەلە، کەی لانیکەمی بەھا و پرنسیپە سەرەکییەکانی ئەم مەسەلەیە گەڕانەوە، ئەودەم دەکرێت باس لە ”ئیجماعی کوردیی” بکەین. لەدەرەوەی ئەم ھاوکێشە سادەیەدا ھەموو باسکردنێک لە ”ئیجماعی کوردیی” درۆیەکی سیاسیی و ئەخلاقیی گەورەیە و بەشێکە لە پرۆژەی درێژەدان بەو وێرانەیەی لە ھەرێمدا دروستکراوە و دروستدەکرێت.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …