پێنج شه‌ممه‌ 25 نیسان 2024
عەلیڕەزا قادری

سەرنجێک سەبارەت تێبنی و دژکردەوەی ڕەخنەگرانی کتێبی (باسەکانی کۆنگرەی یەکەمی کۆمەڵە )

وادیارە ئەرک و زەحمەتەکانی ساعد وەتەندوست و مەلەکە موستەفا سوڵتانی لە نووسینەوەی مێژوو و باس و بەسەرهاتەکانی چالاکیی بەشێک لە دامەزرێنەران و ئەندامانی کۆنی کۆمەڵە پێش شۆڕشی ١٩٧٨ ی گەلانی ئێران ، بووەتە هۆی دڵشکان و نیگەرانیی چەند کەسێک و بەم بۆنەشەوە ڕەخنەی توندیان لێ گیراوە و گلەیی زۆریان لێ کراوە . بە تایبەتی ئاماژەم بە وڵام و دژکردەوەی بەڕێزان ئیرەج فەرزاد ، عەبدوللا موهتەدی ، ئیبراهیم عەلیزادە و عومەر ئیلخانیزادەیە کە لە تۆڕە ئینتێرنێتەکاندا سەرنج و ڕای خۆیان دەربڕیوە . ٣ کەسی تر لەم کۆمەڵە ١٠ کەسییە ، کاک فواد و کاک سدیق و کاک تەیب بە داخەوە گیانیان بەخت کردوە. تائێستاش ئاگاداری بۆچوونی بەڕێزانی تری بەشداربوو نیم .

ئەرکی ئەم نووسینە و ئەم ئاماژە کورتەی من لێرەدا، نە هەڵسەنگاندنی چالاکییەکانی ئەو سەردەم و کۆبوونەوە ٣٧ رۆژیەکەی کە زۆر دواتر ناوی کۆنگرەی یەکەمی کۆمەڵەی بەخۆە گرت و نە خۆی کتێبەکەیە ، بەڵکە سەرنجی منە بۆ ڕوانگەی ڕەخنەگرانەی ئەم چەند بەڕێزە .
ئەرکی مێژوو نووس ، نووسینەوەی دەقی ڕووداوەکانە ڕاست بەو شێوەی کە ڕوویانداوە، نەک بەو جۆرەی کە خوێنەر حەز بە بیستنی ئەکات. نەک میژونووس ، بەڵکە ئەوە ڕەوتی ڕوداوەکان و راستیەکانن کە قارەمان و پاڵەوانی چیرۆکەکان دەخوڵقێنن و تاڵیی و شکست ، یان خۆشیی و سەرکەوتنەکان دیاریی ئەکەن . دواتر ، ئەوە ئیتر دەکەوێتە سەر خۆی خوێنەر کە قەزاوەت لە سەر ئەو مێژووە بکات .

ئەوە کە ئەم کتێبە لە گواستنەوەی دەقاو دەقی بەسەرهات و ڕاستیەکاندا چەندە سەرکەوتوو بووە ، باسێکە کە پێویستیی بە لێکۆڵینەوە و شارەزایی خۆی هەیە ولە توانا و تاقەتی ئەم کورتە نووسینەدا نییە ، و مەبەستی منیش لێرەدا ئەوە نییە. هاوکات ، مەبەستم وڵامدانەوە بە هیچ کام لەو بەڕێزانەی پێشتر ناوم هێنان ، نییە و تەنیا دەمهەوێت زۆر بەکورتی باس لە گۆشەنیگا ، چاوەڕوانیی و شێوازی ڕوانینی ئەم بەڕێزانە بۆ مێژوو بکەم.

بە بڕوای من ، نووسینەوەی مێژوو، جگە لە شارەزایی و پسپۆڕبوون لەو بوارەدا، پێویستیی بە ویژدانێکی زیندوو و بوێریی و ڕاستگۆیی هەیە .من لە نووسینەکەی ساعد وەتەندوست دا ، ئەمەم بینی . ناوەرۆکی کتێبەکە و کەم و کورتیی لە گێڕانەوە و هێنانەوەی بەڵگە و دۆکۆمێنتەکاندا، ئەکرێت ببێتە جێی باس و ڕەخنە و هەڵسەنگاندن ،بەلام دەست بردن بۆ نووسینەوەی مێژوویەکی وون و جێی پرسیار بۆ خۆی ڕەوتی کۆمەڵە بە تایبەتیی و بۆ بیر و ڕای گشتیی خەڵکی کوردستان ، دەسپێک و سەرەتایەکی باشە بۆ ئیش و کاری گەورەتر و زانستییتر لەم بارەوە .

من جگە لە نووسین و ولامەکانی بەڕێزان ئیرەج فەرزاد ،عەبدوللا موهتەدی ، ئیبراهیم عەلیزادە و عومەر ئیلخانیزادە ، لە هیچ کوێیتر نەمبینیوە و نەمبیستووە کە مێژونووس ئەبێ پرس بکا و ئیزن وەربگرێت بۆ ئەوەی ڕاستیی ڕەوتی ڕووداوەکان بنووسێتەوە . هیچ نووسەر و مێژونووسێک بۆ نووسینەوەی مێژووی مرۆڤایەتیی ، مێژووی شۆڕشەکان ، مێژووی فاشیسم و نازیستم و بلشویسم و ئیسلام و مەسیحییەت و زۆر شتی تر ، پرسی بە کەس نەکرد و ئیزنی لە کەس وەرنەگرت . ئەرکی نووسەری مێژو ، نوسینەوەی ڕووداوەکانە ، بە باش و خراپ ، بە تاڵ و شیرینیەوە. شکست بێت یان سەرکەوتن . هۆکاری ڕسوایی بێت یان شانازیی . ئەم چەمکانە لای مێژونووسێکی ڕاستەقینە نامۆ و ناگرینگن .ئەمە ڕاست ئەو خاڵەیە کە ڕەخنەگرانی کاک ساعید لەبیریان کردووە کاتێک دەڵێن کە کتێبەکەی نووسیی و پرسی نەکرد .
کتێبەکەی نووسیی و پرسی نەکرد یانی ئەوە کە ئەبوایە پێشتر بێت و نووسینەکەمان بۆ بێنێت و ئێمەش بە دڵی خۆمان ڕێک و پێکی کەین و بیڕازێنینەوە و وەک شتێکی حەماسیی و هەست بزوێن و پاک و پاراو و بێ غەل و غەش ، بۆی دیکتە کەین و ئەویش بینووسێتەوە .

پێم سەیرە کە ئەو هاوڕێیانە هێندە نیگەرانن . لە ڕوانگەی منەوە هەر کام لەم هاوڕێیانە خۆیان مێژوویەک لە خەبات و چالاکیی و شۆڕشن کە بەداخەوە لێرەدا تەسلیمی هەڵەیەکی فیکریی و زانستیی بوون . نووسەر مافی خۆیەتی چی ئەنووسێت و بەرپرسایەتیی ئەم نووسینە لە ئەستۆی خۆیەتی و خوێنەریش ئەتوانێ دواتر ڕەخنەی خۆی بگرێت و سەرنج و هەڵسەنگاندنی خۆی دەرببڕێت . نەک هەر مێژووی نەتەوە یان حیزبێک ، بەڵکە مێژووی هەر تاکێکیش تێکڵاوێکە لە تاڵ و شیرین ، کەوتن و هەستانەوە ، باش و کەمتر باش و زۆر شتی تریش کە لەوانەیە لە ساڵەکانی داهاتوودا حەز بکەین خۆمانی لێ بێساحەب کەین و حاشای لێبکەین . هەرچەند من لە کۆی بەرسەرهاتەکەدا شتێک نابینم کە جێی شەرم و خۆ دزینەوە و حاشاکردن بێت ، بەلام دیسانیش ئەو هاوڕێیانە هەر نیگەرانن .ئەمەش ئەتوانێ هۆکاری خۆی هەبێت .

کەلتورێک کە بە هزر وعەقڵییەتی شتە پیرۆزەکان و پاڵەوان و قارەمان و کاریزماکان گۆش کرابێت، غەیری ئەمە هیچ نابینێت و هیچی لا پەسند نییە و حاشا لە هەموو عەیب و ئیرادەکانی تری خۆی دەکات. ئەم کۆمەڵگایەی ئێستای ئیمە ، بنچینەیەکی فیکری و عەقڵیی مێژوویی هەیە. واتا مێژووی ئێمە ، ئەمڕۆمانی پێک هێناوە .ئەگەر ئاوا بیر نەکەینەوە و لەوە نەگەین کە بۆ گەیشتن بەمرۆمان ڕێگایەکی پڕ لە هەوراز و نشێو و تاڵ و شیرین و جوان و ناحەزمان بڕیوە ، تووشی لە خۆ بێگانە بوون دێین و لانی کەمەکەی ئەوەیە کە لەگەڵ خۆمان و دەور و بەرمان درۆ ئەکەین .

یەکێک لە نیگەرانییەکانی ئەم بەڕێزانە ئەوەی کە خوێنەری ئەمڕۆ بە هەڵە تێدەگات و ناتوانێ شتەکان ئەو جۆرەی کە بوون ، بێنێتە بەر چاوی . کارم بەوە نییە کە کاک ساعید لە نووسینەکەیدا چەندە توانیویەتی ڕاستیەکان ئەو جۆرەی کە بوون نیشان بدات ، بەڵام ئەوەندە ئەزانم کە بە سادە و ساویلکە زانینی خوێنەر دیاردەیەکی ناشیاوە . بەتایبەت بۆ ئەم هاوڕێیانە کە هەر کامەیان لە پلە و پایەی زۆر بەرزی حیزبیی کۆمەڵێک حیزب دان کە بانگەشە بۆ بیر و هزری پێشکەوتوانە ئەکەن و ڕێز لە توانای هەڵسەنگاندن و دەرک و بیر و هزری خەڵکی کۆمەڵگا ئەگرن .بەڕێزان دڵنیا بن بە ناسینی زیاتری بەرەی نوێ کە پێتان وایە تێگەیشتنی هەڵەی بۆ ئەم کتێبە ئەبێت و ئێوە باسی ئەکەن ، ئەمە نیگەرانییەتان لە جێی خۆی نامێنێت.

مێژوی کۆمەڵە بە هەموو فەراز و نشێو و هەڵە کەم و کوڕییەکانییەوە بێگومان تەژیی سەرفیرازیی و شانازییە و ڕیزەکانی کۆمەڵەش لێوانلێوە لە چالاکوانی شیاو و خۆبەختکەر و شۆڕشگێڕ بەم هاوڕێیانەشەوە کە لەم نووسینەدا ناویان هاتووە ، بەڵام هاوکات زۆر پێویستە کە هەوڵی لە چەشنی زەحمەتەکانی کاک ساعید و مەلەکە خانم ، بە هێند وەربگیردرێت و پشتگریی بکرێت . مێژووی کۆمەڵەش راست وەک مێژووی کورد و کوردستان و هەموو حیزب و دەزگا و دامەزراوەکانی ، مێژوویەکی نەنوسراوە ( مەبەستم بە شێوەیەکی زانستیی و ئاکادێمیکە) ، تا ڕادەیەک نادیار و بە ڕادەیەکی زیاتریش زارەکیی و سینە بە سینەیە . ئەگەر لە سەر قسەی ئەم هاوڕێیانەی ڕەخنەگری ئەم کتێبە بێت، خۆ کەس مافی نابێت دەست بۆ قەڵەم ببات بەر لەوەی ئیزن لە هەموو مرۆڤەکان وەرنەگرێت.

عەلیڕەزا قادری
12.04.2016

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …