پێنج شه‌ممه‌ 28 ئازار 2024

هەڵسەنگاندنی لیبڕاڵیزم لە ڕوانگەی سۆسیالیستییەوە (١ـ ٢)

توێژینەوە: د. کامران ئەمین ئاوە

پێشەکی
بە دوای ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤیەت و بلۆکی خۆرهەڵاتی سۆسیالیستیی لە کۆتایی سەدەی ڕابردوودا، لە بەرامبەر هێزی چەپ گەلێک پرسیاری جیددی سەبارەت بە سۆسیالیزم‌ و هۆی سەرنەکەوتنی لەم وڵاتانە، زاڵبوونی سەرمایەداری بەسەر چەندین قەیرانی گەورەی ئابووری و کۆمەڵایەتی، گەشەسەندنی سیستەمی خزمەتگوزاریی بە تایبەتیی لە ولاتە ئەورووپاییەکان و هتد … هاتە پێش و داهاتووی سۆسیالیزم کەوتە ژێر ڕەخنەی توندی لیبڕاڵەکان و تەواوی هێزە دژەچەپەکانی جیهانی. ئەوان بە پێداگریی لەسەر ئەم خاڵە کە ڕووخانی وڵاتە سۆسیالیستییەکان بە مانای سەرنەکەوتنی بیر و هزری سۆسیالیستیی بە یەکجاری و سەرکەوتنی بیری لیبڕاڵییە‌، بەم ئاکامبەندییە گەیشتوون کە مێژووی بەکارهێنانی چەمکی سۆسیالیزم بە یەکجاری کۆتایی پێ‌هاتووە. بەم پێیە پێویستە ئاورێک لە مێژوو و بیری لیبڕاڵیزم بدەینەوە تا ببینین تا چ ڕادەیەک لیبڕاڵیزم توانیوێتی وڵامدەری ویستی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە بێ‌و بتوانێ خۆی وەک بەدیلێکی بە‌هێز بۆ سۆسیالیزم پێناسە بکات؟ سۆسیالیستەکان بە گشتی و کوردی سۆسیالیست بە تایبەتی، لە ڕەوتی چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی‌ و چینایەتیی لە کوردستاندا، پێویستە چ هەڵوێستێکی لە بەرامبەر بە دێموکراسیی بۆرژوایی یان لیبڕاڵی هەبێ؟

هەڵسەنگاندنی لیبڕاڵیزم لە ڕوانگەی سۆسیالیستییەوە
مێژووی سەرهەڵدانی لیبڕاڵیزم دەگەرێتەوە سەدەی ١٧ی زایینیی کە هاوکاتە لەگەڵ لە‌ناوچوونی پێوەندیی فیوداڵیی و پێکهاتنی کۆمەڵگەی تازە پێگەیشتووی سەرمایەداری. پرۆتێستانە ڕادیکالەکان هەوەڵین لیبڕاڵەکان بوون کە بە نێو بەرگریی لە ئازادیی تاک لە بەرامبەر پلە‌و پایەی نائایینیی و ئۆلیی ڕاوستان و بەم باوەڕە بوون کە خەڵکی ئاسایی توانایی داوەرییان سەبارەت بە کاروباری دەوڵەت و هەڵبژاردنی ڕێگەی گەیشتنیان بە ڕزگاریی هەتاهەتایی هەیە. هەر لەو کاتەوە لیبڕاڵەکان بوون بە ڕێبەری بەشێک لەو بزووتنەوانەی کە ئامانجیان ڕزگاریی تاک لە هەلومەرجی دژوار و ئاستەمی سیاسی، ئۆلیی، ئابووریی و هتد … بوو. بە باوەڕی هێرۆلد لاسکی 1 “لیبڕاڵیزم “… بیرۆکەیەک بوو کە چینی مامناوەندی نوێ بە یارمەتیی ئەو بە دەستەڵاتی سیاسیی گەیشت”. لیبڕاڵیزم بە تەواویەتی بە شۆرشی جیهانی سەرمایەداری پێوەند دراوە، لایەنگرانی ئەم بیرۆکەیە بەرگری لە مافی کۆکردنەوەی دارایی خۆیی دەکەن و تا کۆتایی سەدەی نۆزدە دژ بە دەستەڵاتی ئەریستۆکراتەکان2 بوون. بە وتەی لاسکی، “ئەم ئایدۆڵۆژییە ناچار لە ئاکامی ئەو بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتیانە پێکهات کە پێوەندییان پێیەوە بوو”.

چەمکی لیبڕاڵ تا سەرەتای سەدەی ١٩ زۆرتر لە چوارچێوەی ئازادبیرکردنەوە و سازاندا خۆی نیشان دەدا، بەڵام لەوە بەولاوە وشەی “لیبڕاڵیزم” لە پێوەندیی لەگەڵ حیزب و بزووتنەوکاندا بە کار هێندرا. سەرەرای ئەوەی کە مێژووی لیبڕاڵیزم تا ڕادەیەکی زۆر مێژووی خەبات بۆ وەدیهێنانی ئازادی لە بەرامبەر حکوومەتی خۆسەرانە، وشکەڕۆیی ئایینیی، مافە ناڕەواکانی ئابووریی و بێبەشبوونی نادێموکراتیکی تاک لە مافێ دەنگدان بە هۆی سەرمایەداری سەربزێوە. خوێندنەوەی لیبڕاڵەکان لە ئازادی، لە درێژایی مێژوودا، یەکسان نەبووە و لە نێوان خوێندنەوەی پارێزکارەکان و سۆسیالیستەکاندا لە نەوەسان ماوەتەوە. لیبڕاڵە سەرەتاییەکان لە خەباتی دژ بە حکوومەتی خۆسەرانە و مافە تایبەتەکانی ئەریستۆکراتەکان، دەیانویست چوارچێوە‌ و سنووری دەستەڵاتی دەوڵەت کەم کەنەوە و پاشگەزیان بکەنەوە. ئەوان بەم باوەڕە بوون کە ئازادیی تاک بەستراوە بە بەهرەمەندبوون لە بەشێک لە ئازادییە مەدەنییەکانە بە دوور لە دەستێوەردانی دەوڵەت ـ وەکو ئازادیی کۆکردنەوەی سامان و دارایی و مافی دەربڕینی بیروڕا و پێرەویکردن لە بانگی ویژدان لە کاروباری ئایینیدا. بە وتەیەکی دیکە ئازادی یانی نەبوونی کۆسپی جۆراوجۆرە و کۆمەڵێك (Collective) کاتێک ئازادە کە هەر کەس بتوانێ بە کەمترین دەستێوەردانی خەڵکی دیکە یان دەستەڵاتی گشتیی، خاوەن دەسەڵاتی خۆی و “دارایی”یەکانی (بە وتەی جان لاک 3) بێ. ئەم چەشنە ئازادییە کە وەکو “ئازادیی نەرێنیی” پێناسە دەکرێ و بیرمەندەکانی کلاسیکی لیبڕاڵیزم وەکو جان‌ لاک، بێنیامین کۆنستانت4 و جان ستوارت‌ میل5 تیۆریزەیان کردووە، پاکانە بۆ دوکترینی 6 “دەوڵەتی لانیکەم” دەکات. بە باوەڕی ئایزا بێرلین 7 مەبەست لە ئازادیی نەرێنیی ئەو بارودۆخەیە کە تێدا وێچوونی گەشەکردنی تاک بێ‌خورتی دەرەکیی هەبێ. لەوە دەچێ خورتی دەرەکی لە لایەن مرۆڤێک، ڕێکخراوە‌یەکی کۆمەڵایەتی یان حکوومەتەکان و تەنانەت ئایدۆڵۆژیای زاڵ بەسەر کۆمەڵگە یان تاکدا بێ. بەم پێیە ئازادیی نەرێنیی هەمیشە وەکو کارێکی ئازادیخوازانە لەقەڵەم دراوە و دەکرێ وەکو ئازادیی لە دەستەڵاتی دەرەکیی پێناسە بکرێ. ئیمانوێل کانت8 ئازادیی نەرێنیی وەکو سەربەخۆیی و ڕەتکردنەوەی هەرچەشنە بەستراوەیی پێناسە دەکات. لەم پێوەندییەدا مارتین هایدیگێر9 پرسیار دەکا “سەربەخۆیی لە چی ناوی ئازادی بە خۆ دەگرێ؟” بە وتەیەکی دیکە ئەم سەربەخۆییە چۆن دیاریی دەکرێ؟ لە ئازادیی نەرێنییدا گوڕگ و مەڕ هەر دوو مافێکی بەرامبەریان هەیە و ناکرێ گۆڕانکارییەک لە کوژرانی مەڕ بە دەستی گوڕگ بکردرێ. یەکێک لە لاوازییە سەرکییەکانی چەمکی “ئازادیی نەرێنیی” مانای نەبوونی بەرتەسکی، واتە “نەبوونی کۆسپە”. بە تەواویەتی دەرهێنانی بەشێک لە بوارەکان، بۆوێنە چوارچێوەی خاوەندارێتی لە بڕیارە گشتییەکان، نە تەنیا نابێتە هۆی پەرەسەندنی ئازادیی تاک و لەناوبردنی کۆسپەکان، بەڵکوو تەنیا جێگای کۆسپەکان دەگۆڕێ و لە ناوی نابا. بۆوێنە دەکرێ ئاماژە بە پێشگیریی ڕەهای لیبڕاڵیزمی زێدە‌خواز لە مافی خاوەندارێتی‌ بکرێ. بەپیرۆززانینی مافی خاوەندارێتیی بڕیاردەری بۆ خاوەندارێتی لە چوارچێوەی بڕیارە گشییەکان دەردێنێ و کۆسپێکی تازە بۆ گەیشتن بە سامان و دارایی و سەرچاوە ئاراییەکان بۆ ئەو کەسانە پێک دەهێنێ کە خاوەندار نین. ئازادیی نەرێنیی بە باوەڕێک نە تەنیا چەمکێکی ورد نییە بەڵکوو چەشنە ئوستوورەیەکی شیاوی تێگەیشتنە کە ڕەخنەگرتن لەو کارێکی هاسانە. بۆ تێگەیشتن لەم مەسەلەیە دەکرێ لە بۆچوونێکی ژیربێژانەی ساکار کەڵک وەربگیرێ کە هانز کێلزێن10 یەکێک لە فیلۆسۆفە قانوونناسەکانی هاوچەرخ شی کردۆتەوە و لە ڕوانگەی ژیربێژیەوە گەلێک وردە. بە پێی ئەم بۆچوونە هەر چەشنە مافێکی قانوونی و هەر ئیزندانێک، بەرامبەر بە یەک ئەرک یان کۆسپێک بۆ کەسانێکی دیکەیە. “دەستوور و ڕێسا کاتێک ئیزن و ماف [بە کەسێک] دەدا کە ئەرک، کار و خزمەتێکی دیاریکراو بەسەر کەسانێکی دیکەدا داسپێنێ”. هەر چەشنە ڕێسا یان قانوونێک بۆ کار و چالاکیی ئازادانەی تاک، دەبێتە هۆی پێکهاتنی بەربەست و کۆسپێکی نوێ. بە وتەی ئایزا بێرلین، نووسەری ناودار و بیرمەندی لیبڕاڵ، بۆ ئەو کەسانەی کە لایەنگریی لە ئازادیی نەرێنیی دەکەن “گرینگ ئەوە نییە چ کەسێک ئەمر دەکا، بەڵکوو گرینگ ئەوەیە لە چ بوارێکدا (بێ دەستێوەردانی خەڵکی دیکە) دەستەڵاتدارم”. بەم مانایە، لیبڕاڵە سەرەتاییەکان، بە ڕەواڵەت پێرەوی ئەو بیرە پارێزکارانە بوون کە “ئازادیی لە کۆمەڵگەیەکدا گەشە دەکا وا خەڵکەکەی خاوەنی ئازادیی کەسپوکارێک بن کە ڕادەی داسەپانی بەرتەسکییەکان لە بەرامبەر بەرزەفڕیی تاک لە ئاستێکی زۆر نزمدا بێ”.

لە بەرامبەر “ئازادیی نەرێنیی”دا باس لە “ئازادیی ئەرێنیی” دەکرێ، بە پێی وتەی نۆربێرتو بۆببیۆ11 مافناسی ئیتالیایی، ئەم چەشنە ئازادییە بە مانای “توانایی ملنەدان بە یاساکان، بێجگە لەوانەیە کە من خۆم پابەند بە ڕێزگرتنیان دەزانم”. لە لایەکی دیکەش ئازادیی ئەرێنیی بە مانای ڕادەی بەشداریی تاک لە دەستەڵاتی گشتی و دیاریکردنی بڕیار و یاساکانی دەربەستی‌هێنەر بۆ هەموانە. بە باوەڕی ئایزیا بێرلین مەبەست لە ئازادیی ئەرێنیی ناسین و کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکانی ئارایی بۆ گەیشتن بە ئامانجە دیاریکراوەکانە. لە چوارچێوەی ئازادیی ئەرێنییدا بۆ بەرتەسککردنی کۆسپەکان، پێویست بە ڕەوشت و قانوونگەلێک بۆ بەرتەسککردن یاخود ڕێ پێ نەدان بە کوشتنی مەڕ بە دەستی گوڕگە. لە ڕوانگەیەکەوە “کارل مارکس”12 وەکوو بیردارێژی ئازادیی ئەرێنی پێناسە دەکرێ، ئەستەڤانۆ پێترۆچیانی13 فیلۆسۆف و سیاسەتوانی ئیتالیایی، پێیوایە مارکس لە چەمکی لیبڕاڵیی مۆدێرنی ئازادیی وەکو نرخێک (ئەرزش) دەست پێدەکا تا پیشان بدات کە چۆن لە کۆمەڵگەی ڕاستەقینەی بۆرژوازیدا حاشا لەم نرخە کراوە و خەیانەتی پێکراوە. مارکس نیشان دەدات کە وەدیهاتنی بە‌ بەهرە و تەواوی ئازادیی تاکەکان، پێویستیی بە گۆڕانکاریی بنەڕەتیی بنەماکانی ئابووری و سیاسیی کۆمەڵگە ـ یانی دابەشکردنی خاوەندارێتیی و دەزگاکانی دەوڵەتیی هەیە. مارکس نە بەپێی چەمکەگەلێک وەکو بەرامبەری و دادپەروەری ڕەخنە لە پێوەندییە ئاراییەکان دەگرێ، بەڵکوو بەردەوام ڕەخنەی ئەو لە ئاستێک لە پێوەندییە ئاراییەکان بووە کە بە باوەڕی وی ئازادیی تاکی پێشێلکراوەتەوە. مارکس لە کتێبی”بنەماڵەی پێرۆز”دا دەنووسێ: “ئازادیی مرۆڤ نە بە پێی توانایی نەرێنیی پارێزکردن لەم یان ئەو [شت]، بەڵکوو بە پێی توانایی ئەرێنیی بایەخدان بە تاکیەتیی تایبەتمەند بە خۆیەتی”.

لە کۆتایی سەدەی نۆزدە‌دا، بەشێکی زۆر لە لیبڕاڵەکان ـ کە لیبڕاڵی “پێشکەوتوو” یان “نوێ”یان پێ دەگوترا ـ بەو ڕاستییە گەیشتن کە نابەرامبەریی زەقی سەرمایەداری خوازیاری ڕکابەرکێ، تێکدەری ئازادیی خەڵکێکە کە هەوڵدانیان بۆ زیندوومانەوە کات و ساتێکی وەهایان بۆ کەڵکوەرگرتن لە توانایی خۆیان ناهێڵێتەوە. ئەوان بە مەبەستی هێنانەخوارەوەی ئاستی بێکاری و بەرزکردنەوەی مووچە، بوون بە لایەنگری دەستێوەردانی دەوڵەت لە کاروباری ئابوری، هەروەها پێداگرییان لەسەر دەرمان و مافەکانی خۆشبژیویی دیکە بۆ هەموان دەکرد. ئەم لیبڕاڵانە، هەر چەند لە پێوەندیی لەگەڵ وەلانانی باوەڕی پێشینییانی خۆیان بە سەرمایەداری سەربزێو و بێزار لە نابەرامبەرییەکانی زەقی ئابووریی بازار، هاوبیری سۆسیالیستەکان بوون، بەڵام هاوکات ئامادەی وەلانانی تەواوی فەڕزکراوەکانی پێشینییانی خۆیان، یەک لەوان ئەوەیکە “سیستێمی ئابووریی لەسەر بنەمای پێشبڕکێ، کاتێک دادپەرەورانەیە کە مووچە بە پێی لێهاتوویی تاک دابەش بکرێ” نەبوون.

بە باوەڕی ئەوان “لە کۆمەڵگەیەکی لیبڕاڵیدا، بە هۆی ئەوەی کە ئازادی لە بنەڕەتەوە ئازادیی پێشکەوتن و پاشکەوتنیش لە خۆ دەگرێ و لیبڕاڵەکان ناتوانن لە مەر بەرژوەندیی تاکێک کە بە شێنەیی دەڕوا بەرژوەندیی تاکێک بەرتەسک‌ بکەنەوە کە بەخێرایی دەڕوا، ناتوانێ بەرامبەرخواز بێ”. بەم پێیە دەبینین لیبڕاڵە نوێیەکان، هاوکات لەگەڵ پارێزکارەکان، ئازادی وەکو مافی خەڵک بۆ هەوڵدان بۆ وەدەسهێنانی سامان و دارایی پێناسە دەکەن و هاوکات وەکو سۆسیالیستەکانیش پێیان وایە ئازادی لە ناودەچێ، مەگەر ئەوەی کە هەر کەس توانایی دەست ‌پێڕاگەیشتنی بە دەرفەتەکانی ژیان بێ.
جان ڕۆڵز14 فیلۆسۆفی ئەمریکی و یەکێک لە نووسەرە گەورەکانی سەر بە ڕشتەی “لیبڕاڵیزمی کۆمەڵایەتی” کە خوازیاری “پێرەویی بەرامبەریی لە ئازادییە”، پێرەوی بنەواشەیەکی گەڵاڵەکراو لە چەشنێکی بەرتەسکە. ئەو بەکارهێنانی ئەم بنەواشەیە تەنیا “لەسەر بنەمای “ئاستی لانیکەمی داهات” بە شیاوی رێزگرتن دەزانێ. هەڵبەت ئەم بۆچوونە بە لانیکەم لە جیهانی سێهەم (کە زۆرترین بەشی گۆی زەوی لە خۆدەگرێ) جێی بروا نییە. تەنانەت ئەگەر مانای ڕواڵەتیی ئەم بنەواشە بەرتەسکەی ڕۆڵزیش لەبەرچاو بگرین، بە باشی دەبینین کە سەروەریی ئازادی بەسەر بەرامبەریدا، لە پێوەندیی لەگەڵ وڵاتە پێشکەوتووەکانی سەرمایەداری‌ و بە‌تایبەتیی ئەمریکادا، دەچێتە ژێر پرسیارەوە. چونکە لەم وڵاتانەدا “چوونەسەرەوەی ڕێژەی هەژاران” حاشاهەڵنەگرە ‌و ڕێژەی ناوچە هەژارنشینەکان و تەنانەت هەڵەخۆرەکان ـ بە پێی لێکۆڵینەوەکانی پرۆفسۆر لاری براون 15 لە زانستگای هاروارد و سەرۆکی “گروپی زەبری پزیشکەکانی دژ بە برسێتیی” ـ سەقامگیریشە. لێرەدا بە باوەڕی مارکس (پێش ئەویش فریدریش هێگێل16) لە “ئاستی لانیکەمی داهات”، نە تەنیا سەروەریی ئازادیی لە بەراوەرد لەگەڵ بەرامبەریی لەرزۆکە و لێک هەڵدەوەشێتەوە، بەڵکوو لەم حاڵەتەدا ئازادی بوونی دەرەکیشی نابێ. بە وتەیەکی دیکە “دابینکردنی ئازادی لە مسۆگەرکردنی لانیکەمی بەرامبەریی جیاناکرێتەوە”.

مارکس و ئینگێلس17 لە هەوەڵین ژمارەی گۆڤاری کۆمۆنیست (١٨٤٧) سەبارەت بە پێوەندیی ئازادیی تاک، بەرامبەری و پێکهاتنی بارودۆخی پێویست بۆ گەشەسەندنی ئەم ئازادییە، بە پێچەوانەی ئەوانەی کە پێیان وایە دامەزڕێنەرانی بیری کۆمۆنیزم بایەخێکیان بە ئازادیی تاک لە بەرامبەر بە یەکسانیی و بەرامبەریی نەداوە، نووسیویانە: “ئێمە لەو چەشنە کۆمۆنیستانە نین کە دەیانەوێ ئازادیی تاک لە ناو ببەن و جیهان بکەنە سەربازخانەیەکی مەزن، یان کارگایەکی زەبەلاح‌ئاسا. بێگومان هەن ئەو کۆمۆنیستانەی کە خاوەندارێتی خۆیی بە کۆسپێک لەسەر ڕێگەی هاوئاهەنگییەکی تەواو دەزانن ‌و بە ویژدانێکی ڕاحەت حاشا لە پێناسەکردنی خاوەندارێتیی خۆیی دەکەن و پێیان خۆشە بە یەکجاریی لە جێهاندا بیسڕنەوە، بەڵام ئێمە مەیلێکمان بە گۆڕینی ئازادی لەگەڵ یەکسانیدا نییە. ئێمە بەم باوڕە گەیشتووین کە ئازادی لە هیچ سیستەمێکی کۆمەڵایەتیدا بە ئەندازەی ئەو کۆمەڵگەیەی کە لەسەر بنەمای خاوەندارێتیی کۆیی پێکدێ، دەستەبەر ناکرێ”.

هەروەها بە باوەڕی مارکس، “خۆدانەدەسەوە مەترسییەکی کوشندە بۆهەر بوونەوەرێکە، بەم پێیە نەبوونی ئازادی مەترسییەکی بە ڕاستی کوشندە بۆ مرۆڤە”. ئازادیی مارکسی، بێگومان لایەنی بنەڕەتیی ئازادیی دێمۆکراتیک لەخۆ دەگرێ و بەم پێیە ئازادی بریتییە لە چاودێریی کۆی خەڵک بەسەر بارودۆخی ژیانی هاوبەشیاندا.

مارکس لە کاپیتاڵدا دەنووسێ: “کۆمپانیا بەرهمهێنەرەکان بە چەشنێکی عەقڵانیی ئاڵوگۆڕی ئورگانیکی تایبەتمەندیی خۆیان لەگەڵ سروشت ڕێکوپێک دەکەن، ئەوان بە جێگەی ئەوەی کە لە ڕێگەی ئەم دانووستانەوە وەکو هێزێکی کوێر ببزوێندرێن، بە چەشنێکی هاوبەش [ئەم دانووستانە] کۆنترۆڵ دەکەن”. یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی بیری مارکس، پێداویستیی ئازادی بە تێپەربوون لە پێوەندییەکانی تێکەڵ بە توندوتیژی‌ و زۆرداری، هەروەها پێشبڕکێی نێوان تاکەکان بە قازانجی پێوەندیی لە چەشنی هاویاریی [تعاونی]و کۆمەڵە. مارکس لە کتێبی ئایدۆڵۆژیی ئاڵمانیدا دەنووسێ “بەم پێیە تەنیا لە کۆمەڵدایە18 کە ئازادیی خۆیی مسۆگەر دەبێ”. لە ئازادیی مارکسیدا‌ چەند خاڵی بنەرەتیی وەکو “گەشەکردنی مرۆڤ، بڕشت‌ و توانایی تایبەتمەندییەکانی مرۆیی” (لە حاڵێکدا لە کۆمەڵگەکانی ڕابردوودا گەشەسەندنی بەشێک بە حیسابی زیان و زەرەر بۆ بەشێکی دیکە تەواو دەبوو) ڕۆڵی ناوەندیی و سەرەکییان هەیە. بە باوەڕی مارکس “گەشەسەندنی ئازادانەی هەر کەس شەرتی گەشەسەندنی هەموانە”.

سەرچاوەی بابەتەکە: http://www.nnsroj.com/detiles.aspx?id=50380

درێژەی هەیە.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …