شه‌ممه‌ 9 تشرینی دووه‌م 2024

ئەو كۆڵبەرانەی بەدەستی هێزەكانی رژیم كوژراون پارەی گوللەكانیان لێدەسەنرێتەوە

بەپێی ئامارێكی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان ساڵی رابردوو 72 كۆڵبەر بەدەستی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی كوژراون‌و لە هەندێكیان داوای پارەی ئەو گوللانە كراوە كە پێی كوژراون.

راپۆرتەكەی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان لەزاری كەسوكاری ئەو كۆڵبەرانەی بەهۆی دەستڕێژی گوللەی هێزەكانی رژیمی ئیسلامی كوژراون دەنوسێت: لەهەندێك حاڵەتدا هێزە ئەمنییەكان تەرمی كۆڵبەرانیان بەدوای خۆیاندا راكێشاو، لەهەندێك حاڵەتی دیكەشدا لە بەرانبەر رادەستكردنەوەی تەرمی كوژراوەكان بە بنەماڵەكانیان داوای پارەی ئەو گوللانەیان كردووە كە كۆڵبەرانیان پێ پێكاوە.

رێكخراوەكە لە راپۆرتەكەیدا شیكردنەوەی یاسایی بۆ دۆخی كۆڵبەرانی كورد كردووەو ئاماژەی بەوەكردووە بەپشت بەستن بە بڕگە و ماددەكانی سیستمی یاسایی ئێران، كۆڵبەریی بە تاوان نازانرێت ‌و كوشتنی كۆڵبەران بە”كوشتنی بە ئەنقەست” لەقەڵەم دەدرێت.

لە پێشەكی راپۆرتەكەدا ئاماژە بەدیاردەی كۆڵبەری لە زۆربەی وڵاتان كراوە و تێیدا هاتووە “لەگەڵ ئەوەی كە كێشەی ئابووری ‌و قاچاغچی كاڵا  لە هەموو وڵاتانی جیهاندا بوونی هەیە، بەڵام لە هیچ شوێنێكی ئەم دونیایەدا خەڵك بەهۆی گواستنەوەی چەند كارتۆن چا یان چەند تۆپ قوماش و ناكوژرێن”.

بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان، لەماوەی ساڵی رابردووی زاییندا، ٤٤ كەس بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانی ئێران كوژراون ‌و ٢١ كەسیش برینداربوون، ٧ كەسی دیكەش بەهۆی خنكان لە ئاودا، سەرمابردوویی ‌و رووداوی دیكەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئەم ئامارە سەرجەم حاڵەتەكانی پێشێلكاری بەرانبەر كۆڵبەرانی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەخۆ ناگرێت ‌و تەنیا ئەو حاڵەتانەن كە لەلایەن (رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان)ەوە تۆماركراون ‌و كۆكراونەتەوە.

بەپێی راپۆرتەكە كە 13 لاپەڕەیە، كۆڵبەرانی كورد تەنیا بەمەبەستی دابینكردنی بژێوی ژیانی خۆیان هەموو ئەو مەترسییانە بەگیان دەكڕن ‌و لە ئێران ‌و بەتایبەت لە كوردستاندا، بەهۆی روانینی ئەمنییانەی دەسەڵاتی ئێران لە بوارە كۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری ‌و فەرهەنگییەكاندا، بەشێوەی توندوتیژیانەش لەگەڵ ئەم كێشە ئابوورییەشدا دەجووڵێتەوە.

ئە‌و جۆرە روانینەش بووەتە هۆی ئەوەی كەسانی ئاسایی و شوانەكانی سەر سنووریش لە گولـلەی هێزە ئەمنییەكان بێبەش نەبن، لەكۆی ئەو ٧٢ كەسەی ساڵی رابردوو گیانیان لەدەستداوە ٤ كەسیان شوان بوون‌و كەسێكیش كۆڵبەر نەبووە و تەنیا بەگومانی ئەوەی كە كۆڵبەرە لەلایەن هێزەكانی سەر سنوورەوە تەقەی لێكراوە و كوژراوە، ئەمە بەپێی هەمان راپۆرت.

رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستانی لەگەڵ بنەماڵەی چەند كەس لەو كوژراوانەدا قسەی كردووە و ئەوان وتویانە كە هێزە ئەمنییەكان لە ٣ حاڵەتی ئەو كوشتنانەی كۆڵبەران لەساڵی رابردوودا، تەرمەكانیان راكێشاوە و لە هەندێك حاڵەتیشدا لەبەرانبەر رادەستكردنەوەی تەرمی كوژراوەكان بە بنەماڵەكانیان داوای پارەی ئەو گوللانەیان كردووە كە كۆڵبەرانیان پێ پێكاوە.

زۆرترین ئاماری كوژرانی كۆڵبەران لەپارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا (ئورمیە) تۆمار كراوە و بەپێی راپۆرتەكە لە شاری پیرانشار  ٨ حاڵەت ‌و لە مەریوان ٦ و لە هەریەك لە شارەكانی ئورمیە و سەردەشت  ٥ حاڵەتی كوژرانی كۆڵبەران تۆمار كراون.

لەباری تەمەنیشەوە ٤١.٧%ی كوژراوان لە گروپی تەمەن ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵ  و ٢٠.٨% لە سەرووی ٣٠ ساڵ بوون‌و ٣٣.٣% ی كوژراوان تەمەنیان نەزانراوە، هەروەها ٢.٨%یان تەمەنیان لەنێوان ١٨ بۆ ٢٠ ساڵ و ١.١٤% تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵ بووە.

دوو لاپەڕەی راپۆرتەكە تەرخان كراوە بۆ شیكردنەوەی یاسایی دۆخی كۆڵبەرانی كورد و تێیدا بە پشتبەستن بە بڕگە و ماددەكانی سیستمی یاسایی ئێران كۆڵبەریی بە تاوان نازانرێت ‌و كوشتنی كۆڵبەرانیش بە “كوشتنی بە ئەنقەست ” لە قەڵەم دەدرێت.

تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان لەسەر ئەو بروایەیە كە لەو رووەوە كە سزای یاسایی لە یاسای ئێراندا بۆ كاری كۆڵبەری پێناسە نەكراوە، كۆڵبەری بەپێی ماددەی ٢ی یاسای سزای ئیسلامیی، تاوان نییە و هەر جۆرە دەستدرێژییەك لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بۆ سەر گیان ‌و ماڵی كۆڵبەران، پێشێلكردنی یاساكانی ئێران ‌و مافە نێودەوڵەتییەكانە.
هەروەها ئاماژە بەوەشدراوە كە بەپێی بەندی ٢ی ماددەی ئەلف لە یاسای قاچاخی كاڵا، ئەگەر نرخی ئەو كاڵایە كەمتر لە یەك ملیۆن تمەن ( ٣٤٠ هەزار دینار) بێت، ئەوا هیچ سزایەك بەرەو رووی تاوانبار نابێتەوە، لەو رووەوە كە كۆڵبەران ئەو شت و كاڵایانەی كە دەیگوازنەوە نرخەكەی كەمترە لەو بڕە پارە دیاریكراوە، كەوابوو تەنیا دەتوانرێت سزا بدرێن یان دەستبەسەر كاڵاكانیاندا بگیرێت.

“بەڵام لە كردەوەدا نەك هەر كاڵاكانیان زەوت دەكرێت، بەڵكو خۆشیان بەبێ ئەوەی تاوانەكەیان رابگەیەندرێت ‌و بەبێ هیچ دادگایی كردنێك، دەكەونە بەر دەستدڕێژی گولـلەی هێزە ئەمنییەكان”.

لە راپۆرتەكەدا، بێكاری، نەبوونی ژێرخانی ئابووری، نەبوونی دەرفەتی كار، جیاوازیكردن لە تەرخانكردنی بودجەی ساڵانەی كوردستان بەراورد بەشوێنەكانی دیكە، نەبوونی سەرمایەگوزاری لە كەرتەكانی كشتوكاڵ، كانزاكان و گەشتوگوزاری و بە گشتی سیاسەتی بێبەشكردن‌و هەژار هێشتنەوەی كوردستان لەلایەن دەسەڵاتەوە بەگرنگترین هۆكارەكانی پەرەسەندنی كۆڵبەری لە قەڵەم دراون، كە خەڵك سەرەرای ئاگاداربوون لە مەترسییەكانی بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان رووی تێدەكەن.

تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان دامەزراوەیەكی مافی مرۆڤی سەربەخۆ و ناحكومییە، ساڵی ٢٠١٤ لەسەر دەستی چەندین پارێزەر و چالاكی مافی مرۆڤی كورد لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دامەزراوە.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …