چوار شه‌ممه‌ 27 ئازار 2024

كۆمەڵەی زەحمەتكێشان: وتارەكەی موهتەدی تەنیا بێ پرنسیپی سیاسی خۆی تێدا دەردەکەوێت و بەس

سكرتاریەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان لە راگەیەنراوێكدا سەبارەت بە وتارێكی عەبدوڵا موهتەدی دەنوسێت “ئەم وتارەی موهتەدی تەنیا نییەتی ناپاک و بێ پرنسیپی سیاسی خۆی تێدا دەردەکەوێت و بەس “.

پاش ئەوەی سكرتێری كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستان لەوتارێكدا بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی كاناڵی رۆژهەڵاتی تیڤی، كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی بە “دز” ناولێبردبوو، سكرتاریەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشان لە راگەیاندنێكدا كە وێنەیەكی بۆ زاگرۆسپۆست نێردراوە وەڵامی عەبدوڵا موهتەدی دەداتەوە.

دەقی راگەیەنراوەكە بخوێنەرەوە:

راگەیاندنی کۆمەڵە سەبارەت بە وتاری چەواشەکارانەی عەبدوڵلای موهتەدی

بە بۆنەی دە ساڵەی دامەزراندنی ڕۆژهەڵات تی ڤی، ڕۆژی یەکی مانگی یەکەمی ٢٠١٦ عەبدوڵڵا موهتەدی، وتارێکی لە سایت و گۆڤاری حیزبەکەیدا بڵاو کردۆتەوە، سەرەڕای بەخۆدا هەڵدانی بێبنەما، زۆر نابەرپرسانە هێرش دەکاتە سەر رەوتی رێفۆرمی ناو کۆمەڵەی ئەوکات (کە دواجار بوو بە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان). لە دوو شوێن بە دز ناومان دەبات. گوایا ڕۆژهەڵات تی ڤی ئەوکات لە لایەن ئێمەوە دزراوە. بەوەشەوە ناوەستێ و خۆی بۆ کۆنتڕۆڵ نابی و چز لە ئاسۆساتیش دەدات کە گوایا هەمووی “دژ بە کۆمەڵە” کاری کردووە (لە حاڵێکدا بە شاهیدی هەموان لەو پێنج ساڵ و چەند مانگەی وا وەشانی بوو، زۆر پڕ بینەر و خۆشەویست بوو). ئێمە بە هۆی هەلومەرجی ئێستای کوردستان و ناوچەکە، ماوەیەکی زۆرە، لەو کاتەوە پڕۆسەی یەکگرتنەوەی کۆمەڵەیان گەیاندە بنبەست، پێمانباش نەبوو و نەمانویستوە شەڕی راگەیاندن بکەین. بەڵام وادیارە کاک عەبدوڵڵا دەستهەڵگر نییە، ئەوە لە سیمی ئاخری داوە و دەستی داوەتە قسە و قسەڵۆکی ئاوەها ناسیاسی و قین لە دڵانە. بۆیە ناچار بووین بێدەنگ نەبین و بەشێک لە راستییەکان لەو خاڵانەی خوارەوەدا بخەینە بەر دیدەی هەموان:
١. لە کاتی کێشەکانی نێو کۆمەڵە لە ساڵی ٢٠٠٧، ڕۆژهەڵات تی ڤی دوو ستۆدیوی لە کوردستان و لە سوێد هەبوو. هەتا ئاخرین ڕۆژەکانی پێش جیایی بەڕێوەبەریی و کارکردی ڕۆژهەڵات تی ڤی، بە دەست هاوڕێیانی ئێمەوە بوو. لە سوێدیش هەشتا لە سەدی هاورێیانی ڕۆژهەڵات تی ڤی لەگەڵ رەوتی ریفۆرم بوون. کاتێک کە هەوڵەکان بۆ پێکەوە بوون سەری نەگرت و جیایی خەریک بوو دەبوو بە چارەنوسی نەخوازراو، بۆ نیشاندانی نیازپاکی بەڕێوەبەرایەتی تەلویزیۆنمان کردە هاوبەش لەگەڵیان. فایدەی نەبوو و عەبدوڵڵای موهتەدی هەڕەشەی دەکرد و دەیگوت ئۆردوگا دەبێتە گۆمی خوێن. تا وایلێهات لەگەڵ لایەنی سێیەم کە لە نیوانماندا بوون، لەسەر داوای عەبدوڵڵا موهتەدی، قەرار درا ئۆردوگا جیا بکەینەوە. قەرار وابوو ئیمکاناتی حیزبی بەسەرماندا دابەش بکرێ. هەر لە ماوەیەک پێشترەوە بە بڕیاری خودی عەبدوڵڵا موهتەدی (کە دارایی لای ئەوان بوو) یارمەتی و خۆراکی پێشمەرگە و بنەماڵەکان بڕدرا، چەکوچۆڵی ئەنبارەکانی کۆمەڵە گۆزرایەوە بۆ ماڵی عەبدوڵڵا و ماڵێکی تەنیشتی (لە ئۆردوگا ئەمین نەبوون)، ستۆدیۆی ڕۆژهەڵات تی ڤی لە کوردستان دەستی بەسەردا گیرا. خەڵکیان بەکرێ گرت کە بێن لە ئۆردوگا شەڕمان پێبفرۆشن کە تا هەتایە پەڵەیەکی دیکەی ڕەشە لە مێژوی سیاسی کاک عەبدوڵڵا (کەس هەیە کە ویژدانی جوڵاوە و بیرەوەریەکانی بە وردی لەوبارەوە نوسیوەتەوە)، بەوجۆرە کەشوهەوای شەڕ و پێکدادانیان رەخساند. بۆیە بە بڕیاری ئێمەو، بۆ بەرگری لە کارەسات، تەنانەت چوون بۆ سێلفسرویس لە لایەن هاوڕێیانی ئێمەوە راگیرا. ئێمە چەندین جار لەگەڵ لایەنی سێیەم کۆبوینەوە و گرفتەکانمان لەگەڵ باس کردن، ئەوانیش هەموو راستیەکانیان دەزانی و داوایان لە ئێمە ئەوە بوو کە تا چارەسەر، ددان بە خۆماندا بگرین.
٢. بەڵێ دوای هەموو ئەو رووداوانە، ستۆدیوی سوێد کە بە قانونی هەم قەراردادەکەی، هەم ئەنجومەنەکەی بە ناوی هاوڕێیانی ئێمەوە بوو، تەنیا ئیمکاناتێک بوو کە لە لایەن ئێمەوە دەستی بەسەردا گیرا.قەتیش ئەوەمان نەشاردۆتەوە. مەگەر عەبدوڵڵا لە بیری چۆتەوە کێشەکە کەوتە شکایەت و شکایەتکاری؟ لە سوێد کە یاسا هەبوو، حەقیان دا بە هاوڕێیانی ئێمە؟ بەڵام لێرە لەبەر نەبوونی یاسا و لەبەر ئیسرار و داوای لایەنی سێیەم بۆ راگرتنی حورمەتی مێژووی هاوبەشمان، توانیتان دارایی کۆمەڵەو هەموو ئیمکانات و کەلوپەل و چەکوچۆڵ بشارنەوە. ئایا کام لەو ئاکارانە ناوی دزیی لێدەنرێ؟ ئێمە تا ئێستا لەبەر حورمەتی لایەنی سێیەم و حورمەتی رەوتی کۆمەڵە، قەت نەمانویست ئەو قسەڵۆکانە کە بە ناڕەسمی دەکران، بە هەند وەربگرین و دژکردەوەمان هەبێ. بەڵام ئێستا کە ئاغای موهتەدی وەک سکرتێری حیزبەکەی دەستی داوەتە ئەو درۆ و چەواشەکارییە، نەدەکرا بێدەنگ بین. دەبێ لە بەرێزیان بپرسین ئەرێ سێ ئەندامی دەفتەری سیاسی و حەوت ئەندامی کومیتەی ناوەندیتان کە لە کاتی کێشەکان موخالیفی رەوتی ریفۆرم بوون بۆ لەگەل نیوەی حیزبەکەت ڕۆیشتن و بەجێیانهێشتن؟ ئەوانیش دزییان کردبوو؟ مەگەر غەیری ئەوەیە کە کێشەیەکی سەرەکی ئەو هاوڕێیانە ناڕوونی دارایی و شاردنەوەی پێوەندیەکان لە لایەن سکرتێرەوە بوو؟ غەیری ئەوەیە کە لە کۆنگرەی چواردەتان ئەو کەسانە بوون کە هەوڵیان بۆ یەکگرتنەوەمان دەدا و ئێوە نەتانتوانی بەریان پێبگرن، بۆیە لەو کاتەوە قینتان لێهەڵگرتن؟ مەگەر بۆخۆیان لەوبارەوە نەیان نووسی و تاوانی پەکخستنی یەکگرتنەوەیان راستەوخۆ نەدایە پاڵ عەبدوڵڵا خۆی؟ ئەگەر ئێمە دز بووین بۆ ویستتان وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لەگەڵمان یەکبگرنەوە؟ خۆ دەرکەوت مەبەستتان پێلانگێڕی بوو و ئەوانەش کە فریویان خواردن زۆربەیان ئێستا پەشیمانن. بە ڕاستی قسە و هەڵوێستی بە هەوای ڕۆژ کاریگەر نییە و مەبەست لێی ڕۆژێک هەر ئاشکرا دەبێ. ئەوکات بۆ هێورکردنەوەی ناوخۆتان، بۆ پیلانگێڕی، بە فێڵ هاتنە ناو ئەو پڕۆسەیە، ئێستاش ئەو قسانەی جەنابی سکرتێر حەولی ئەوە ناوخۆی دژ بە ئێمە تیژ کاتەوە، چونکوو دەزانێ وەزعی بە هەموو پووڵداریشیەوە باش نییە و هیوا بە یەکگرتوویی ریزەکانی کۆمەڵە هەر زیندوە. ئایا بە هەڵکەوتە کە لە هەموو ڕەوتی کۆمەڵەدا بێ باوەڕی و بی ئیعتیمادیەکی بێ وێنە بە شەخسی عەبدوڵڵا موهتەدی هەیە؟ مەگەر قسەی هەموان ئەوە نییە کە عەبدوڵڵای موهتەدی نە بۆ هاورێیانی و نە بۆ هیچ کەس و لایەنێک وەفای نییە و نەیبوەو، قەتیش لەسەر هەڵوێستێکی سیاسی سەقامگیر نابێ و نان بە نرخی ڕۆژ دەخوات؟ ئایا بەو پاشخانە نەباشەو، بەو تەریککەوتنەوەیەی عەبدوڵلا موهتەدی کە حیزبەکەشی تووش کردوە، پێیوایە بەو قسانە خۆی لەو گێژاوە نەجات دەدا و نێو خۆیانی پێ فریو دەدرێ؟ ئەم وتارەی موهتەدی تەنیا نییەتی ناپاک و بێ پرنسیپی سیاسی خۆی تێدا دەردەکەوێت و بەس. خەڵک بە دز دانان بۆ ئەوەیە دەستی چەوری خۆی لەسەری خەڵک هەڵسوێ، ئەم نوسینە لەو کاتەدا بەشێکە لەم سناریۆ درۆینەیە کە ئیتر کەس باوەڕی پێی نەماوە، بۆ وەزعی قەیراناوی ناوخۆشی ئیتر کاریگەریی نابێ. تۆ کە بڕیارت دا ماڵی ئەو پێشمەرگانەی وا لەگەڵ ئێمە بوون تاڵان بکرێ، تۆ کە هەموو قودرەت لە پوڵدا دەبینی و دونیات لەوەدا خولاسە بۆتەوە، نەدەبوو باسی دزی بکەی. هەموو کەس دەکەوێتەوە بیر ئەم مەسەلە فارسییە: “کافر همە را بە کیش خود پندارد”.
٣. لە ئاخری وتارە دوژمنکارانەکەیدا عەبدوڵڵا موهتەدی خۆی پێراناگیرێ و دەنوسێ “بەشێک لە کەلوپەلی ستۆدیۆی سوێدمان بۆخۆمان کڕیوەتەوە”و، خۆشی دڵی خۆشی لە داخستنی ئاسۆسات ناتوانێ بشارێتەوە (بەڵام ئەوە بۆی نابێ بە ماڵ). راستە کە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە بارێکی زۆر خراپی داراییدا نەیتوانی ئاسۆسات رابگرێ و ئەوە نەک عەیب نییە، بەڵکوو سەرەوەریە کە بۆ درێژەی کار بە هەر قیمەت و هەر دانەواندنێک ئامادە نەبووین و ناشبین. بەڵام با جەنابیان بزانێ هەموو کەرەسەی بەکارهاتوی کارپێکردنی ستۆدیۆ ماوە و دڵنیا بێ لە مۆتەکەی ئاسۆسات رزگاری نابێ، درەنگ و زوو ئاسۆسات دێتەوە ناو مەیدانی میدیای کوردی و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانیش ئەم دەورە تێپەڕ دەکات.

سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٢ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاویی
٢ ژانویەی ٢٠١٦ زایینی

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …