دوو شه‌ممه‌ 11 كانونی یه‌كه‌م 2017
ماڵەوە / وتار / ٢٦ی رێبەندان و چەند وتەیەک / هیدایەت قادری

٢٦ی رێبەندان و چەند وتەیەک / هیدایەت قادری

٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی کۆمەڵە بەرێوەیە، ڕۆژی کۆمەڵە ڕۆژی ئاشکرا بوونی خەبات و تێکۆشان و بەرەنگاریی رەوتێکی چەپ و عەداڵەت خوازە کە پاش ۹ ساڵ کار و خەباتی نهێنی لە سەردەمانی دەزگای تۆقێنەر و سامناکی “ساواک”ی شا سەرئەنجام لە ۲٦ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧بە گیانبەختکردنی هاورێی رێبەر کاک حەمە حوسێن کەریمی یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە لە کاتی گرتنی شارەوانی شاری سەقز خەباتی  ئاشکرا و ڕاشکاوانەی خۆی ڕاگەیاند، بەم هۆیەوە ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی کۆمەڵە دیاری کراوە.

هەموو ساڵێک بۆ رێز گرتن لە یاد و فیداکاری  کاک حەمە حسێن و هەر وەها ئاشکرا بوونی حیزبێکی پێشکەوتووی هەڵگری بیرو فیکرێکی نوێ و تازە بە تایبەت لە کۆمەڵگای نزیک بە چل ساڵ لەوە پێشی کوردستان و داکۆکی لە مافی هەژاران و خەڵکی بەش مەینەت و خۆشی نەدیو ،ئەم رۆژە لە لایەن هەموو “گیف”و بەرەی بەرینی کۆمەلەوە رێزی لێدەگیرێت.

رۆژی کۆمەڵە تەنیا رۆژی حیزب و رێکخراوێکی سیاسی نییە ،بەڵکوو بەرین تر لەوە رێز لێنانە لە ئازادی ڕادەربڕین،پێکهێنانی رێکخراو و کاری ئازادانەی رێکخراوەیی، ئازادی چاپەمەنییەکان ،یەکسانی ژن و پیاو، فرەچەشنی و هەڵکردن و فرە دەنگی ،سێکۆلاریزم و جیایی دین و ئیدئۆڵۆژی لە دەوڵەت و دامەزراوەگشتی یەکانی بەرێوەبەری کۆمەڵگا، لە دێمۆکراسی بە مانای واقیعی وشە و سەرئەنجام رێز گرتنە لە بزووتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە لە هەڵومەرج و بارودۆخی تایبەتی  جیهانی (شۆرشەکانی چین و کوبا و ….هتد)، ئێرانی و کوردستانی ئەوکات  بەستێنی هاتنە مەیدان و لە دایک بوونی وەها ڕەوتێک دێنێتە ئاراوە .کۆمەڵە بە هاتنە مەیدان و هەڵقوڵینی بۆشاییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی جیاوازی لە شێوەی رێکخراەیی پێش خۆی پڕ کردەوە، ئەم بۆشاییە کە بە هۆی هەڵومەرج و گۆرانکارییەکانی ئەو سەردەمانە هاتبوونە ئاراوە ، تەنیا رەوتێکی چەپ و کۆمۆنیست و عەداڵەت خوازی  وەک کۆمەڵە دەیتوانی وەڵامی شیاو و پڕ بە پێستی خۆی پێ بداتە.بە واتایەکی تر کۆمەڵە و سەرهەڵدان و پێویستیی هاتنە مەیدانی ئەم رەوت و رێبازە لە قوڵایی و ناخی کۆمەڵگای کوردستان  بەرهەمی کۆمەڵێک ئاڵوگۆر و گۆرانکاریی ئابووریی ،سیاسیی ، کۆمەڵایەتی و کلتووریی لە ئاستی جیهانی ،ئێرانی و کوردستانی دا بوو.پەیوەندییەکی “علّت ” و “معلول”ی لە نێوان وەرچەرخانی کۆمەڵگا و داڕمانی سیستەمی دەرەبەگایەتی و ەستپێکی  قۆناغی سەرمایەداری و هاوکات سەرهەڵدانی چینێکی ساوای کرێکار و زەحمەتکێش لە ئێران و کوردستان و لە دایک بوونی کۆمەڵەدا بوونی هەیە .

دامەزرێنەرانی ئەو کاتی کۆمەڵە و بە تایبەتی” کاک فواد” بە لێکدانەوەی تایبەت لە هەڵومەرجی تایبەت بناغەی رەوتێکی داڕشت کە کاکڵ و ناوەرۆکی بیر و کرداری لە باوەڕ بە جەماوەر و ئەو ئەسڵەی سەرچاوەی شۆرش و گورانکاریی دەبێ لە ناخ و قوڵایی کومەڵگا و هێزی لەبن نەهاتووی کرێکاران و زەحمەتکێشان ، هەژاران ، چەساوە و ستەم لێکراوانەوە هەڵقوڵێ و بڕبڕەی پشتی شۆرش و خەبات و هەر ئاڵوگۆرێکی واقعی ئەم سەرمایە پڕ بایەخەیە.کۆمەڵە و مێژووی سەرهەڵدانی ئێستا بە کۆمەڵێک هۆکار و گۆرانکاریی و بەرژەوەندی ناپێویستی حیزبی و تاکە کەسی نەک جەماوەری ، خوێندنەوەی ناواقعیی ،تا ئاستی چەواشە کردنی بۆ دەکرێت.چاو خشاندنێکی خێرا و سەرپێیی بە سەر نووسراوە،ڕاگەیاندن، پەسەندکراوی کۆنگرە وکۆنفرانس و بۆنە رەسمییەکانی ئەو کات زۆر بە روون و ڕاشکاوی دەرێدەخات کە چەپ و بەتایبەتی کۆمۆنیست بوونی ئەو سەردەمانی کۆمەڵە کە کولەکەی رۆحی ئەم رێبازە بووە لە بیر و کردار و ئەدەبیاتی هەندێ  رەوت و باڵی ئێستای کۆمەڵەدا بە هیچ جۆرێک ئاماژەی پێ ناکرێت و بەڵکۆ مێژووی ئەو کات بە پێوانە و کیلەی ئێستا دەپێون و خۆ لە هەموو راستییەکانی ئەم مێژوویە وەک خۆی نادرێت..پرۆسەی سەرهەڵدان و گەشەی مێژوویی و مێژووی هەر رەت و رێکخراوێک دەبێ بە ئەمانەتداری و هەست بە بەرپرسیارێتی و وەک واقعی خۆی بۆ جیل و نەوەی نوێ باس بکرێت.

کۆمەڵە وەک هەموو رێکخراو و پێکهاتەیەکی تر پێناسە و “شناسنامە”خۆی بووە.چەپ و کۆمۆنیست بوون و باوەڕ بە چینی کرێکار و زەحمەتکێش یەکەم پێناسەی کۆمەڵە بوو.هەموو ستراتێژی و تاکتیک و پلان و بەرنامەکانی تری کۆمەڵە لەم روانگە و دونیابینی و چوارچێوە فیکرییەوە هەڵدەقولین و ئاراستەیان پێ دەدرا.باسکردن لەو سەردەمانە بە هۆی خێرایی گۆرانکارییەکان و دۆخی ئیستای نێودەوڵەتی ،ناوچەیی ئێرانی و کوردستانی بە مانای پێداگری لە سەر هەموو لایەنە فیکرییەکانی ئەو کات و نەگۆران و نەبوونی هیچ گۆرانکارییەکی فیکری و ستراتێژی و تاکتیکی لە حالەتی ئێستادا نییە، بەڵکو باس لە گێرانەوەی مێژوویەک وەک  واقعی خۆیەتی .کۆمەڵەش لە مێژووی خەبات و خۆراگریی خۆیدا وەک هەر ئۆرگانیزم و بوونەوەرێکی تری کۆمەڵایەتی گەڵێک گۆرانکاریی و کارلێک و کارتێکردن و هەوراز و نشێوی بریوە و کۆمەڵێک هەڵکشان و داکشانی بە خۆیەوە بینیوە.ئێستا زۆر روون و ئاشکرایە و هەم مێژوو و هەم ئەزموونی چەندین ساڵە پێمان دەڵێن هەر کات و بە هەر هۆکار گەڵێک  کۆمەڵە لە بزووتنەوە جەماوەری و گشتی یەکان،لە تێکەڵاوی و باوەڕ بە بنەمافیکرییەکانی واتە بڕوا بە رێکخستنی کۆمەڵانی خەڵک، کاری جەماوەری، داکۆکی و دیفاعی پڕاوپڕ لە چین و توێژی هەژار و دەست قەڵەشیو،ماڵە قورینەکان و سەرئەنجام ڕوانین لە ناخ و قوڵایی کۆمەڵگاوە بۆ گۆرانکارییەکان و هێزی سەرەکی ئاڵوگۆرەکان ،دوور کەوتۆتەوە توشی داکشان و تەنگ و چەڵەمە بووە،دۆخی لانی کەم دە بۆ پازدە ساڵی رابردووی کۆمەڵە بە باشی ئەم راستییە دەردەخات.

جوانترین و شیاوترین پێناسە بۆ پەیوەندی کۆمەڵە لە گەڵ جەماوەر و کۆمەڵانی خەڵک دوکتور جەعفەری شەفیعی دەکات.”پەیوەندی کۆمەڵە و پێشمەرگەی کۆمەڵە لە گەڵ جەماوەر ،وەک تێکەڵاوی و پەیوەندی دەریا و ماسی  وایە”.هەر کات کۆمەڵە لە زەریای جەماوەر بێتە دەر و لە گەڵ خەڵک و جەماوەر مەودا بگرێت توشی پەلەقاژە و خنکان دەبێ.بە کورتی و زۆر سادە کۆمەڵە حیزبێکی (۱)چەپ و فیکرێکی کۆمۆنیستی هەبوو.(لە ژێر کاریگەرییەکانی بەتایبەتی شۆرشی کۆمۆنیستی چین) باوەڕی قوڵ  بە سوسیالیزم
(۲)حیزبی کرێکاران و خەڵکی فەقیر و هەژار و دەست کورتی کۆمەڵگا بوو .
(۳)رێکخراوێکی نوێ و نوێخوازبوو،داهێنەری کلتوور وفکری نوێ بوو
(٤) باوەری بە دێمۆکراسی ،سکۆلاریزم و جیایی دین و دەوڵەت هەبوو
(٥) یەکسانی ژن و پیاو
(٦)چارەسەری پرسی نەتەوەیی و ئەسڵی مافی دیاری کرندنی چارە نووس

واتە کۆمەڵە ئەو هەڵۆ تیژ باڵە بوو کە دوو باڵی چەپ بوون و کوردستانی بوونی هەبوو ،بەڵام بە یەک دەندووک دەیوەشاند و ئەوەش لێهاتوویی و ناسینی ڕایەڵ و پۆی  کۆمەڵگا و هەڵومەرجی ئەوکات لە لایەن  رێبەریی کۆمەڵە و بە تایبەت کەسایەتی کاک فواد ،”دانش و بینش”ی ئەو، هێژمونی و کاریزمابوونی بووە.پێکهێنانی یەکێتی جوتیاران و رۆڵی لە دیفاع لە هەژاران و زەحمەتکێشان لە بەرانبەر زۆر داری ئاغا و دەرەبەگەکان،رێ خستن و رێبەریی کردنی کۆچی مێژوویی مەریوان وەک یەکەم نموونەی خەباتی شارستانی و مەدەنی و لە هەمانکاتدا بۆ لێک هەڵپێکانی خەباتی شار و شاخ ، دەوری گرنگ لە هەیئەتی نوێنەرایەتی خەڵکی کورد بۆ دانوستان لە گەل رژێم، سازماندانی بزووتنەوەی خۆراگری خەڵکی کوردستان لە بەرامبەر هێرشی کۆماری ئیسلامی وبە فیتوای خۆمەینی  چەند نموونە لە کاری گەورە و داهێنەر و شاکاری ئەم مرۆڤە خاوەن بیرە بوون.ئەمانە کاک فوادیان کردووە بە قوتابخانەیەکی فکری و رێبەریی کە ئێستاش دەبێ ئەم قوتابخانەیە کانگا و سەرچاوەی فێر بوونمان بێت.هەر کام لەم کارانەی سەرەوە و بۆ وێنە کۆچی مێژوویی مەریوان و راکێشانی پشتیوانی لە شارەکانی تر بۆ ئەم رووداوە جێگای لێکۆلینەوە و توێژینەوەی ئاکادێمیک و پسپۆرانەیە.

“خلق کرد در بوتە ێ‌زمایش”نیشانەی رەچاو کردنی سیاسەتی”رئال پلیتیک”لە لایەن کاک فوادەوە بووە.کۆمۆنیستێک کە لێکدانەوەی تایبەتی لە هەومەرجی تایبەت بووە.بۆشایی نەبوونی کاک فواد لە ناو بزووتنەوەی چەپ و عەداڵەتخواز لە کوردستان بە گشتی و لە ناو کۆمەڵە بە تایبەتی حاشا هەڵنەگرە و نکۆڵی لێناکرێت.بێ گومان ئەگەر کاک فواد زیندوو دەبوو بزووتنەوەی خەڵکی کورد و تایبەتەن کۆمەڵە ئاراستە و چارەنووسێکی تری دەبوو.کۆمەڵەبە حەق حیزبێکی داهێنەر،وشیار و وشیاری بەخش،کلتوور ساز بووە.کەواتە رابردووی کۆمەڵە بەگشتی پڕە لە شانازی و دەرس و وانەی خەبات.داهێنان و “ابتکارات”ی جەماوەری کۆمەڵە پێشەنگی بووە.زۆر بیر و کلتووری پێشکەوتووانەی کۆمەڵە لە کۆمەڵگای کوردستان جێکەوت و بوون بە باوەر و کلتوور و هەڵسوەکەوت لە ناو بنەماڵە و کۆمەڵگادا.ئەسڵی جەماوەر و کاری جەماوەری و هۆکاری رزگاری تەنیا هێزی لە بنەهاتووی خەڵکە کاتێک دەگۆردرێ بەو فیکرەی “هەموومان چاوەرێن”کە هێزی رزگارکەری دەرکی نەجاتمان بدات ،ئەمە دار  لێدان لە کولەکەی روحی کۆمەڵە بوو.دیارە کۆمەڵیک هۆکاری جۆراجۆر بۆ دۆخی ئێستای کۆمەڵە و بە گشتی بزوتنەوەی کوردستان هەیە و ئێستا مەجالی ئەم باسە نییە.

لە بەرەو  چوون و نزیک بوونەوەی ۲٦ رێبەندان پیرۆزبایی لە سەجەم خەڵکی کوردستان و هەموو کۆمەڵە دەکەم.

ئەم باسە بە پێی دەرفەت و مەجال درێژەی دەبێ.

بابەتی هاوپۆل

کبوترهای صلح ! / رشاد – مصطفی سلطانی

پیام کبوتران صلح :  بعد از مرگمان بدنبال قبر ما نگردید ، آرامگاە ما در …