سێ شه‌ممه‌ 16 نیسان 2024

پاڵەوانی میدیازاد / مەنسوور تەیفووری

فیلمی ترۆمەن شۆ چیرۆکی دەسەڵاتی میدیایە. لەم فیلمەدا دەبینین چۆن میدیا دەتوانێت پاڵەوانێک بخولقێنیت و خۆیشی هەموو ژیانی ئەو قارەمانە ئاراستە و دەستکاریی بکات. ترۆمەن کەسێکە، بێ ئەوەی بزانێت، لە سکی دایکیەوە ژیانی کراوەتە فیلمێک کە هەموو دنیا دەیبینێت و شایەتیەتی. ئەو دوورگەی ئەوی لێدەژی، دایکی، باوکی، ژنەکەی، ماشینەکەی و هاوڕیکانی هەر هەمووی لە لایەن دەرهێنەر و خاوەن کۆمپانیاکەوە دەستکاری و بەڕێوەدەبرێن. جلەکانی ژێرەوەی ئەو بۆ بانگەشەن و پێشتر بە کۆمپانیایەک فرۆشراون، مۆبلی ماڵەکەی و کراسەکانی بەری، ژەمە خواردنی رۆژو شەوی، قاوەکەی بەردەمی، پێڵاوەکانی پێی هەر هەمووی لەسەر داوای کۆمپانیاکان و لە لایەن دەرهێنەرەوە رێکدەخرێن. هاوشاریەکانی، خاوەن کار و هاوکارەکانی دیسان ئەکتەرن و کاریان ئەوەیە لەو شارە بژین. ترۆمەن رۆژێک گومانی لا دروست دەبێت و دەیەوێت لە شار بچێتە دەر، بەڵام تەنیا یەک رێگەی بۆ دەمێنیتەوە کە ئەویش رێگەی ئاوە. بەڵام ئەو پێشتر لە ئاو ترسێنراوە و پێیان وتووە کە باوکی لە ئاودا خنکاوە و بۆیە رێگەی ئاو بۆتە ترسی هەرە گەورەی ترۆمەن. ئەو لە دواییدا بڕیاری رۆییشتن دەدات و بە گەمیەک دەچێتە دەریاوە. دەرهێنەر لە دەریاکەدا هەموو هێزی خۆی بەکار دەهێنێت کە ترۆمەن نەڕوات. لێرەدا دەبینین لەغاوی دەریا و با و تەنانەت هەتاویش بە دەستی دەرهێنەرەوەیە. ئەو رستەیەکی سەیر دەڵێت:” ئەگەر ترۆمەن ئیدەی روونی هەبێ، دەتوانێ لە دەریاکە بپەڕێتەوە”. ترۆمەن دەریاکە و هەموو هەورە برووسکە و تۆف و با دەبڕێ، دەگاتە کۆتایی یان ئەوپەڕی دەریاکە و لەوێدا دەبینین دیواریک هەیە. دەرهێنەر چەند جار دێتە دەنگ و پێی دەڵێت: مەڕۆ، تۆ هی ئەم دنیایت و ژیانی تۆ لێرەیە، لە دەرەوەی ئەم دنیا دنیایەکی دیکە نییە، دنیا هەر ئەمەیە. دەنگی دەرهێنەر لێرەدا نوێنەرایەتی هەموو ئەو دەنگانە دەکات کە هاوڕا لەگەڵ ئەو بە شێوەی جیاواز بە ترۆمەن دەڵێن : دنیاکەت وەها خۆشە، راستە ژیانت هی خۆت نییە، راستە هەموو شتێکت کۆنتڕۆڵ کراوە، بەڵام لانیکەم لەم دنیادا دەتوانیت ئاسوودە بیت و “بژیت”، راستە بە سەرتەوەن، بەڵام ناخۆشیش نییە و دەتوانی جار جار یاخیش ببیت و یاریش بکەیت و ملیۆنان کەسیش سەیرت بکەن و خۆشیان بوێیت، سووژەیەکی خۆش بیت بۆ ملیۆنان کەس. دەنگی دەرهینەر دەنگی هەموو ئەوانەیە قەبوڵیان کردووە : ” هەر وا بووە و هەر وا دەبێ” و تەنیا کایەیەک بۆ کردن هەبێت ئەوەیە واقع قەبوڵ بکەیت و تێیدا یاری بکەیت و تەنیا شارێک هەبێت ئێرەیە. لە دواچرکەکانی فیلمەکەدا دەبینین ترۆمەن درگایەک لە دیوارەکەدا دەدۆزێتەوە و بۆ رێز کڕنۆشێک بۆ بینەران دەبات و لە دیمەنەکە دەچێتە دەرەوە.

ترۆمەن زادەی میدیایە، پاڵەوانێکە بە پێی بەرنامە و لە سەر داوای کۆمپانیاکان ژیانی رێکخراوە، لە ئەلف تاکوو ئێی دنیای ئەو بەرهەمی تێکترنجان و تێکەڵبوونی بەرژەوەندیی کۆمپانیاکانە و تەنانەت هاوڵاتیان و بینەرانیش بەرهەمهێنراون، دەبینن و سەیر دەکەن. ترۆمەن دەزانێ و دەچێتە دەر، واتە زانینی ئەو بە شانۆکە و هاوکێشەکان و چوونە دەرەوەی دەبن بە یەک شت. ئەرێ ترۆمەن پێشتر نەیزانیوە و لە نموونەی ئەودا دەتوانین باسی جۆرێک وشیاریی ساختە (false consciousness) بکەین، واتە ئەو نازانێت و بۆیە وادەکات. ئەمە حاڵی دۆخی نەزانینە. تا ئێرەی باسەکە دەتوانین بە ئەم چەمکە لێکبدەینەوە، بەڵام وێنای ئەوە بکەین کە ترۆمەن بزانێت و نەڕوات، ئەی لەسەر ئەوە دەتوانین چی بڵێن؟ ئەمە حاڵی دانیشتوانی شارە دەسکردەکە و بینەرانی بەرنامەی ترۆمەن شۆیە، ئەوان زۆر پێش ترۆمەن کایەکە دەناسن و کەچی دیسان سەیر دەکەن و بەشدار دەبن. گی دۆبۆر جارێک وتوویەتی کە خەڵک نازانن بۆیە وەها دەکەن. لە وەڵامی ئەم وتەدا ژیژەک دەڵێ کە ئێمە لەم وتەی گی دۆبۆر تێپەڕیوین، لە ئێستەدا کەسەکان دەزانن چ باسە و چی دەکەن و کەچی هەر وەک دۆخی نەزانین هەڵس و کەوت دەکەن.

ترۆمەنی زانا دەکرێ ناوێک بێت بۆ شایەتانی کارەسات لە ئێستەدا، بۆ بینەران و سەیرکەرانی دۆخی ستەم. ترۆمەنێک هەیە دەزانێت و کەچی زانینەکەی بۆ هیچ تەرجومە نابێت، دەزانێت و لە دنیاکەدا دەمێنێتەوە. ترۆمەنی زانا وەک ئەستێرە یان نوخبەی جۆرێک جیهانی داڕێژراوی بەڕێوەبراو دەتوانێت نموونەی باڵای تیپێک بێت کە دنیا خۆی بەرهەمی هێناوە، نموونەیەکی میدیازاد کە ماڵی لە میدیایە و دەیەوێت لە میدیاوە دنیا کۆنتڕۆڵ بکات. ترۆمەنی زانا لە دنیاکەیدا خۆشە و قەناعەتی کردووە بەوەی پێدەدرێت، میدیا و شاری دەسکرد ژیانێکی ئاسوودەیان بۆ درووست کردووە و ئەو لەم دنیادا یەک کاری هەیە: هەڵکشان بە زنجیرەپلەی دەسەڵاتدا، سەرکەوتن بەو پەیژەدا کە کۆتاییەکی دەگات بەوەی ببێتە بەشێک لە ژووری فەرمان و بڕیاردان لەسەر دووریبینەکان، پاشان سەرکەوتن بەرەو پلەی جێگری دەرهێنەر، دوای ئەوەش پلەی دەرهێنەریی دێت و لەدوای ئەوەش نوێنەری ئەو کۆمپانیایانەی کە داوا بۆ بانگەشە و ریکلام دەدەن بە ترۆمەن شۆ. ترۆمەنی زانا ئێستە لە شێوەی نوخبە و میدیاکاردا لە هەموو شوێنێکە و ناوی “کار” ئەو رەمزەیە ئەو خۆی پێ لە هەر پێوەرێک و هەر پرسیارێک بپەڕێنێتەوە. ئەم دەزگای ئێستە لە کاردایە چیدی ترۆمەنی زانا بەرهەم دێنێت، کە ناوێک لە ناوەکانی شیکارانی میدیایی و نوخبەیەکی دەسەڵاتپەرستە. لە کوێێش دەسەڵات راستەوخۆتر لە پاوانی ئازادیەکان و سەرمایەوە گلابێت و ئابووری و هێزی دەوڵەت بە تەواوی پێکداچووبن، ئەم نوخبە هاوکات دەوری جۆرێک لە پۆلیسیش دەگێڕێت، بۆیە سەیر نییە سیمای وەک گۆبێلز کە تێکەڵێکە لە بەڕێوەبەری میدیا و پۆلیس و نوخبە. کارکردن بە ئەقڵی سەلیم و دووپاتکردنەوەی زانیاریی گشتی هەموو توانای ئەم چەشنە تازەزادەیە.

ترۆمەنی زانا لە کوردستانیشدا لە دایک بووە. زانین بەمەش شتێکی تازە نییە. بەڵام نموونەی رۆژهەڵاتیەکەی زۆر زیاتر جێگەی رامانە. ئەم سیما میدیازادە بە رەوتێکدا تێدەپەڕێت: لە میدیایەکەوە دەست پێدەکات کە بە زۆری هی یەکێک لە پارتەکانی رۆژهەڵاتە کە ناچنە چوارچێوەی کایەی دەرهێنەری ترۆمەن شۆوە. ئەم جۆرە لە میدیا هی پارتە رۆژهەڵاتیەکانن و بە کەمترین توانا و ئیمکانی ماددییەوە بەڕێوەدەچن و شیکارییان ناچێتە ئەم خانەوە و کاری دیکەی دەوێت. بەڵام هاوکات بنەڕەتێکیشن بۆ فڕینی ئەم نوخبە. ئەمان لە یەکێک لەم میدیایانەوە دەڕۆن و لە رەوتێکدا دەگەنە رووداو یان کوردستان ٢٤ یان میدیایەکی گەورەی یەکیەتی. نموونەیەکی دیکەی ئەم لۆژیکە ئەوەیە زۆربەی ئەوانەی بۆ نموونە لە قەندیل جیا دەبنەوە بە خێرایی دەکرێت وەک شارەزای تورکیا و پ ک ک دواتر لەم میدیایانە ببینرێنەوە. ئەم نوخبە میدیازادە لە شێوەی رۆشنبیر یان ژوونالیست و شیکاری سیاسیدا ئایدیالەکەی دەبێت بە ئەوەی کە بگات بە رووداو و کوردستان ٢٤ و لە باڵاترین حاڵەتیشدا هەموو ئایدیالیان ئەوەیە بگەنە دەنگی ئەمریکا یان بی بی سی. ئەم ترۆمەنە زانا کە بە زانینەوە بەشداری ئەم رەوتە دەبێت، لە دنیای دەرهێنەردا بەختەوەرە و کارەکەی ئەوەیە گشت شتێک پاساو بدات. نموونەکانی ئەوەیە لە بی بی سی دادەنیشێت و دەڵێت ” بنەماڵەی بارزانی وەک بنەماڵەی بووشن لە ئامریکا” و لێرەوە ئاساییە چەندین نەوەی ماڵی بارزانی سەرۆک بن لە باشووری کوردستان. دیسان ترۆمەنی زانا تا ئەو جێگە دەڕوات کە بڵێت سەرۆکی خاوەن تیتری بنەماڵەیی” بە دابینکردنی بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی ناوچە کاری تاکتیکی دەکات”، ئەم لۆژیکە دەتوانێ تا ئاستێک بکشێت کە ببێتە هاودەنگی ئەو گوتارەی کە راکردن لە شەنگال دەکاتە تاکتیک بۆ راکێشانی یارمەتیی نێودەوڵەتی و هاتنی ئێستەی سپای تورک و تێپەڕینی تانکەکانیان بە جادەکانی باشووری کوردستان و دامەزرانیان بۆ پەلامار بۆ سەر قەندیل ببێتە بەشیک لەو تاکتیکە. دوایین نمونەی باسکراو دەڵێ بارزانی بە دابینکردنی بەرژەوەندیی وڵاتان سەرکەوتووە بە سەر دۆژمنانیدا، چما کوردستان لای ئەم نوخبە میدیازادە تەنیا هەر ئەو کێکەیە کە سەرۆک بۆی هەیە بۆ پاراستینی خۆی بەشێکی بدات بە هەر کەسێک. کەیک لەم ناوەدا خۆی دەوری سەمپتۆم دەگێڕێت: مۆدێلی دنیا لای ئەوان مۆدێلی کەیکە و ئەمانیش دەبێ زیاتر ماندوو ببن بۆ ئەوەی بگەن بە قاشێکی گەورەتری ئەو کەیکە.

ئەمە دۆخی هەمان ئەو ٢٢٥٠ ئیمزا بوو کە بۆ مانەوەی بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم کرا. ئەم شێوەی ترۆمەن لە دنیای خۆیدا ئاسوودەیە و خەریکی کاری خۆیەتی، بۆ ئەو دنیا شوێنی ململانێیە لەسەر بەشێکی زیاتر لە کەیکەکە، بۆ ئەو کەسانێک هەن بۆ مردن خولقاون و خەڵکی ئاسایی و نەزانن و کاری ئەمیش ئەوەیە لەسەریان قسە بکات، بۆ ئەوەی بەردەوام پێان بڵێت بێجگە ئەو دۆخەی هەیە دۆخێکی دیکە نییە.

نمونەیەکی دیکەی ئەم ترۆمەنە زانا نوخبەیەکە لە دووی بەشێکی زیاتر لە کەیکەکە، بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی رۆژهەڵات، دیسان هەر لە شارەکەدا دەمێنێتەوە. ئەو ترۆمەنێکی زانایە بەڵام شێوەی دەرکەوتنەکەی میدیا نییە، ئەو شێوەی دیکەی هەیە. بۆ نموونە سادەیە ئەمە بکات: لاپەڕەیەکی فەیس بووکی دەکاتەوە، ناوی دەنێت سمینارێک لە سەر رۆژهەڵاتی کوردستان. پووستێرێک لێدەدات، لەسەری دەنووسێت “پرس، راڤە، رێگا” و خەڵک بانگ دەکات، بەڵام لە راستیدا خەڵکی بانگ کردووە بۆ ئەوەی وەک سیالەشکر سەیریان بکات و دوای چەندین سەعات قسە دەبینیت هیچ نەوتراوە، چونکوو ئەم کارە بڕیارە ببێتە ریزوومەی چالاکیی بۆی، بۆ ئەوەی بتوانێت زیاتر بە پەیژەکەدا سەرکەوێت و لە دواییدا هەموو بەهاکە بداتەوە بە خۆی و کۆی کارەکە ببێت بەوەی کە خەڵک نەزان وێنا بکات و بڵێت نوخبەی چرا بە دەست پێویستن.

ئەم ترۆمەنە زانا لە شێوە میدیاییەکەیدا کارەکەی ئەوەیە لە دواییدا مافی قسەکردن ببڕێت بە بەر ماس میدیاکان و قسەکردن پاوان بکات؛ لە ئاستە نوخبەییەکەشیدا خەڵک وەک نەزان وێنا بکات و بە نێوەنجی خۆی بیانداتەوە دەست سەرۆک. دووری و نزیکی لەم لۆژیکەی میدیا و نوخبە، لە کولتووری نمایش، ئاستی دووری و نزیکی لە سیاسەتی خەڵکی دیاری دەکات.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …