پێنج شه‌ممه‌ 28 ئازار 2024

ناسیۆنالیزم و ئاڵا / مەریوان وریا قانیع

ناسیۆنالیزم، بەمانەی ھەستی نەتەوایەتیی، بە شێوازی جیاواز دەچێتە ناو ژیانی ڕۆژانەوە و چەندان گوتار لە پەیوەندیدا بە ژیانی ڕۆژانەوە دەخاتەکار. ھیچ ناسیۆنالیزمێک نییە بێبەرییبێت لەم گوتارە ڕۆژانییەیە.

مایکڵ بیلیگ، Michael Billig، کە یەکێکە لە تیوریستە گرنگەکانی بواری نەتەوە و ناسیۆنالیزم، ئەم گوتارە ڕۆژانەییانەی ناسیۆنالیزم بە ”ٙBanal“، ”بێنرخ” یان ”تافیھ“ ناودەبات. دەکرێت بە کوردی دەستەواژەی ناسیۆنالیزمی ٙBanal، وەک ناسیۆنایزمی ”ڕۆژانە“ یان ”بێقووڵایی“ بناسێنین. لای ئەم نووسەرە ناسیۆنالیزم، ھەموو ناسیۆنالیزمێک، ھەڵگریی گوتارێکی ڕۆژانەی بێقوڵاییە، بەڵام ئەم گوتارە بێقووڵاییە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە بەھێزکردنی ھەستی نەتەوەیی و نیشتیمانیی و بەھێزکردنی کردە و جوڵەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیشدا. ھاوکات ئەم گوتارە ڕۆژانەییە ڕۆڵێی گرنگ دەگێڕێت لە دروستبوونی ”ھەستی گشتیی“ ناو کۆمەڵگادا و بەو ھەستە گشتییە ناوەرۆکێکی نیشتیمانیی و نەتەوەیی تایبەت دەبەخشێت. ئەو شێوازانەی کە بەشێکی زۆری ”خەڵک“ لە ڕێگایانەوە باسی خۆیان و وێنای خۆیان وەک دانیشتوانی وڵاتێک دەکەن، زرۆرجار لە پەیوەندیاندا بە دراوسێکانیان و بە نەتەوەکانی ترەوە، لەژێر کاریگەریی ئەم گوتارە ڕۆژانەییەدایە. ھاوکات ئەم گوتارە ڕۆڵی بەرچاو دەبینێت لەدروستبوونی ئەو چوارچێوە گشتییەدا کە تیایدا زانیارییەکان کۆدەکرێنەوە ڕێکدەخرێن و بەشێوازێکی دیاریکراو بەکاردەھێنرێن، بە مەبەستی بەرھەمھێنانی شوناسێکی ئەتنیی، نەتەوەیی، نیشتیمانیی.

مایکڵ بیلیگ ئەم ناسیۆنالیزمی ڕۆژانەییە بە یەکێک لە سیمبۆڵە ھەرەسەرەکییەکانی دەوڵەتی نەتەوەیی مۆدێرنەوە دەبەستێتەوە کە ئاڵایە. لای ئەم نووسەرە ئاڵای وڵات، یان نیشتیمان، یان نەتەوە، ئەو ڕەمزە ڕۆژانەییە سادە و بێقووڵاییەیە کە ڕۆڵێکی گرنگ و بەردەوام لە بەرھەمھێنان و پاراستنی گوتار و شوناسی نەتەوەییدا، دەبینێت، بەتایبەتی لە ئاستە کردارییە ڕۆژانەییەکەیدا. ھەم سیاسییەکان و ھەم بڕێک لە ھونەرمەندان و ڕۆشنبیران و ھەم میدیای جەماوەریی، ڕۆڵی گەورە دەبینن لە بەرھەمھێنان و بڵاوکردنەوەی ئەم گوتارەدا. بێگومان ئەم گوتارە ڕۆژانەییە تەنھا لە ئاڵادا بەرجەستە نییە، بەڵکو لەچەندەھا بۆنەی ڕۆژانە و چەندان بەرنامەی تەلەفیزۆنی و چەندان گۆرانیی و شێوازی جلوبەرگ و سەما و شتی دیکەی تری لەم بابەتەدا بەرجەستەیە. ئەم گوتارە، بۆ نموونە، نەک تەنھا لەناو بەرنامەی ھەواڵە سیاسییەکاندا ئامادەیە، بەڵکو لەناو ھەواڵەکانی کەش و ھەوا و گەرمیی و ساردیی بەش و ناوچە جیاوازەکانی نیشتیمانیشدا ئامادەیە. ئەمە جگە لە ئامادەگیی زمانێکی ڕۆژانە کە باس لە ”ئێمە“ و ”ئەوان“ و لە ”نەتەوە“ و ”نیشتیمان“ و لە ”مەترسیی“ و ”شادیی“ و لە ”ئەرک“ و ”بەرپرسیاریەتیی“ و لە ”ئێرە“ و ”ئەوێ“ دەکات، کە بەسەر یەکەوە ئەو ھەستە لای خوێنەران و بیسەران و بەکارھێنەرانی ئەو زمانە گەوردەکەن، کە ئەوەی لەو ھەوڵانەد و لەو زمانەدا باسدەکرێت ماڵی نەتەوەیی و نیشتیمانیی ئەوانە. ھەموو ئەمانەش بەسەر یەکەوە ئەو گوتارە دروستدەکەن کە ئەندامانی کۆمەڵگایەک دەکەنە ئەندامی نەتەوە و نیشتیمانێکی دیاریکراو. بێگومان لەھەر شوێنێکی دونیادا ئەم ڕەھەندە ڕۆژانەییەی ناسیۆنالیزم و شوناسی نەتەوەیی بەشێوەی جیاواز دەردەکەوێت و دروستدەکرێت و دەپارێزرێت، بەڵام بەبۆچوونی مایکڵ بیلیگ ئاڵا لە زۆربەی ھەرەزۆری شوێنەکانی دونیادا یەکێکە لە سیمبۆڵە سەرەکییەکانی ئەم ناسیۆنالیزمە ڕۆژانەییە. ئەم نووسەرە تا ئەو شوێنە دەڕوات کە بڵێت ناسیۆنالیزمی ڕۆژانە خەریکی ”بەئاڵاکردنی نەتەوەیە“، “flagedging nationhood“، کە مانای بەرھەمھێنانەوەی بەردەوامی نەتەوە دەگەیەنێت لەڕێگای ئاڵای نەتەوەیی و سیمبۆڵی ترەوە. ئەم شتانە ناسیۆنالیزم دەکەنە بەشێک لە ڕۆتینی ڕۆژانەی ژیان، دەیکەن بە ئایدیۆلۆژیایەک کە بەشی زۆری کۆمەڵگا دەچێتە ناوییەوە، تا ڕادەی ئەوەی قسەکردن بە زمانی ئەم ڕەمزانە و لەڕێگای ئەم ڕەمزانەوە ببێت بە ”خویەکی ئایدیۆلۆژیی“.

لە مێژووی سەدەی بیستەمدا ”ئاڵا“ ڕۆڵێکی سەرەکیتر لە بەرھەمھێنانەوەی ”نەتەوە“دا دەبینێت تا ڕەمزە نەتەوەییەکانی تر، ئاڵای نەتەوەیی بەشێکە لە پرسۆەی دروستکردنی ئەو ڕووبەرە نەتەوەیی و نیشتیمانییە کە کۆمەڵگا بە سنووری جیاکردنەوەی خۆی لە دونیای دەروەی خۆی دەزانێت. لەسەر باڵەخانە و ئۆفیسە حکومییەکان، لەسەر قوتابخانەکان، لە بۆنە گشتییەکاندا، لە پاڵەوانێتییە وەرزشییەکاندا، لە کێبڕکێ ھونەریی و مۆسیقییەکاندا، لەسەر سنوورەکان، ئەمە جگە لە ھەموو ئەو کاتانەدا کە ”نەتەوە“ و ”نیشتیمان“ دەکەونە بەردەمی مەترسیی و ھەڕەشەوە. لەھەموو ئەو کاتانەدا ئاڵای وڵات لەزۆر شوێنی وڵاتدا بەشێوەیەکی شانۆییانە بەرزدەکرێتەوە و نمایشدەکرێت. فەرنسای دوای پەلامارە تێرۆریستییەکانی ئەم دواییە یەکێکە لەو نموونە زۆرانەی کە نیشانمائەدەن چۆن ناسیۆنالیزمی ڕۆژانە لەڕێگای ئاڵاوە بەرگریی لەو بوونە دەستەجەمعییە دەکات کە ناوی نەتەوە و نیشتیمانە. ئەم بە ناوەندییکردنەی ئاڵا وەک سیمبۆڵی نەتەوەیی و نیشتیمانیی لەسەدەی بیستەمدا بەڕادەیەکە کە ئاڵا دەگۆڕێت بۆ تەوتەمێکی سیاسیی، کە لەلایەن زۆرینەی کۆمەڵگاوە وەک تەوتەم ماماڵەدەکرێت. ئەم دۆخی بەتەوتەمبوونە لەو کاتانەدا بەباشی بەرجەستەدەبێت کاتێک ململانێێ سیاسیی و ئایدیۆلۆژیی و سەربازیی لەنێوان نەتەوەکاندا ڕوودەدان. سوتاندنی ئاڵا، یان ژێرپێنان و تفلێکردن و ژێرپێنانی، لەم دۆخانەدا دەبنە ڕەمزی لەناوبردن و بێنرخکردن و ئیھانەکردنی نەتەوە. ئاڵا بەڕادەیەک بە نەتەوە و نیشتیمان یەکساندەکرێت و ئەمیان وەک درێژکراوەی ئەویتریان دەبینرێت، کە ئازاردانی ئاڵاکە وەک ئازاردانی نەتەوەکە خۆی وێنادەکرێت.

ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ھەرێم و لە بەشە شیعەکەی عێراقدا بینیمان سوتاندنی ئاڵای عێراق بوو لەلایەن چەند کەسێکەوە لە کوردستان و سوتاندنی ئاڵای کوردستان بوو لەلایەن ھەندێک لایەنی شیعەوە. لەھەردوو دۆخەکەدا کردەی سوتاندنەکە لەسەر ئەو لۆژیکە تەوتەمییە کاردەکات کە باسمکرد. ڕاستە مەبەستی سیاسیی و ھێزی سیاسیی تایبەت لەپشتی ئەم کارانەوەن، لەدۆخی ھەرێمدا سیاسەتی سەرقاڵکردنی کۆمەڵگای ئێمە ئامادەیە بە کێشەیەکی رەمزییەوە بۆ لەبیربردنەوە و داپۆشینی کێشە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی وڵاتەکە، کە کێشەی دەسەڵاتداریەتییەکی سوڵتانیی گەندەڵ و توندوتیژ و دەسەڵاتگەرە و لەھەموو ئاستەکاندا ئیفلاسیی تەواوی کردوە. دەڵێم ڕاستە ھەندێک پلانی سیاسیی ناشیرین و خواستێکی بەھێزی بەلاڕێدابردنی کۆمەڵگا لەپشتی ئەو سیاسەتی ئاڵایەوە ئامادەیە، بەڵام ئەمە لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ئاڵا لەسەدەی بیستەمدا ڕەمزی ھەرەسەرەکیی ناو گوتارە ناسیۆنالیستییە جیاوازەکانە. ئاڵا وەکچۆن لە کۆمەڵگای ئەمریکیدا ڕۆڵێکی سێنتراڵی دەبینێت و بەشێکە لەو ناسیۆنالیزمە ڕۆژانەییەی مایکڵ بیلیگ باسی دەکات، ئاواش لە شوێنێکی وەک فەرەنسادا، بەتایبەتی لە ساتەوەختە قەیراناویی و زەحمەتەکاندا، ئەو ساتانەی دۆرکھایم ناوی ساتەوەختی ”عەزاپۆشیی گشتیی“ان لێدەنێت، دەبێتە یەکێک لە ڕەمزە نەتەوەیی و نیشتیمانەییەکان و کۆمەڵگا لەدەوری خۆی کۆدەکاتەوە. گۆڕینی ئاڵا بۆ تەوتەمێکی سیاسیی یەکێکە لە دیاردە بەجیھانییبووەکانی سەدەی بیستەم. لەدۆخێکی وەک دۆخی فەرەنسادا دەشێت ئاڵا ھێزێک بێت بۆ کۆکردنەوەی کۆمەڵگا لەدەوری ڕەمزێکی ناوەندیی بەمەبەستی زاڵبوون بەسەر کێشە و گرفتەسیاسییە سەرەکیی و بنەڕەتییەکاندا، بەڵام لەشوێنێکی وەک ھەرێم و عێراقدا، ئامرازێکە بۆ مێشکشۆرینەوە و سەرقاڵکردنی کۆمەڵگا بە مەسەلە ھەرە لاوەکییەکانەوە.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …