سێ شه‌ممه‌ 23 نیسان 2024

لە پەراوێزی “شۆڕشی سووتاندنی ئاڵای عێراق” / کاوە کەریمی

بەڕاستی ئەوەی لە باشووری کوردستان دژ بە ئاڵای عێراق دەستی پێکردووە لە شۆڕشێک ئەچێت، وەک هەموو شۆڕشە کوردییەکانی تر! بەڵام ناوەرۆکی ئەم شۆڕشە چییە کە زیاتر ئەیچوێنێت بە شۆڕشی کوردی؟

 

یەکەم. ئەوەیکە ئەم شۆڕشەش، هەروەک شۆڕشەکانی تر ”کاردانەوە”یە بە کردارێک لەلایەن نەتەوەی عەرەبی عێراقی، ئەمجارە شێعەوە. شۆڕشی سووتاندن و بێڕێزیکردن بەو ئاڵایە، لە پێناو بەرزترکردنەوە و بە جیهانیکردنی ئاڵای کوردستاندا نییە، بەڵکوو پەرچەکردارێکە بە هەڵدەرانی ئاڵای بەرامبەر بۆئەوەی پێیان بسەلمێنێت: منیش ئەتوانم سووکایەتی بکەم، ژێرپێ بخەم و بسووتێنم و لەوەشدا لە پێشترەوەم.

 

دووەم. کەس ئەم شۆڕشەی ڕێک نەخستووە و سەرهەڵدانێکی لەناکاو و کتوپڕی هەیە، لەم ڕوانگەوە زیاتر لە ڕووی ڕاگەیاندنەوە لە شۆڕشە کوردییەکان ئەچێت، بەوەیکە میدیایەکی بەهێز، یا تۆڕێک لە ڕاگەیاندنی فەرمیی لە پشتەوە نییە، جگە لە ژمارەیەک پەیجی نافەرمیی توڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت لە فەیسبووک.

 

سێیەم. ئامانجی درێژخایەن و ستراتێژیی نییە.

 

چوارەم. زۆرێک لەوانەی بوونەتە شۆڕشگێڕی ئاڵا لە چینی پەراوێزکەوتوو یا خوار مامناوەندیی کۆمەڵگان و خوێندنەوەی سیاسییان نییە. ئامادەن بۆ سووتاندنی پەڕۆیەک کە نوێنەرانی خۆیان بەشێک لە دەنگدەرانی بوون بە ”بەڵێ”و هەموو مانگێک چاوەڕوانیی هاتنی بودجەی لێوە ئەکەن خۆیان بە کوشت بدەن.

 

کولتووری “بەرزپەرستی” بەرزایی شانازییە و دەشتایی بەزین!

لە کوولتووری کورددا باوە ئەڵێن: ”تەنیا چیاکان دۆستی کوردن”، زۆر چالاکی کورد هەن تا ئێستاش باوەڕیان بەو دروشمە هەیەو وەک بنەمایەک بۆ ناسیۆنالیزم-پاتریۆتیزم (خاکپەرستی)ی کوردتەوەر و خۆبەدوورگرتنیان لە گەلانی تر وەک پێویست ڕەچاوی ئەکەن. ”بەرزایی، چیاو سەرەوە” هەمیشە لای کورد ئیمتیازێکی یەکجار گرنگ و گەورەکراوەی هەبووە؛ پێموایە ئەوە بێڕەبت نییە بە کولتورو ڕێوڕەسمی دۆعاکردن یا پاڕانەوە لە خوا، خوایەک کە لە دینە باوەکانی ئەمڕۆدا لە ئاسمانەکاندایە، ئەگەر خوا لەهەموو شوێنێک هەیە، بۆ ناتوانێ لە ژێر پێی ئێمە، یانێ لە قووڵایی دڵی زەوی بێت و لە چاڵێکی قووڵدا بپاڕینەوە لێی؟ ئەوە پرسیارێکە کە وڵامەکەی، لەڕادەبەدەر پیرۆزبوونی ئاسمان و بەرزایی مان بۆ ڕوون ئەکاتەوە، لانیکەم لە کولتوری کورددا. بەڵام جیاوازییەکە تەنیا لەوەدا نییە لە ئێمەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەموو شتێک بەباش ئەزانین، بە مەەرجێک لە بەرزاییدا بێت: شوێنە خۆشەکان، شتە پیرۆزەکان، مرۆڤە باڵا بەرزەکان، باڵەخانە زۆر بەرزو تاوەرە سەدان میترییەکان زۆر پەسەندکراوترن لە دەشت و مێرگە دڵڕفێنەکان، مرۆڤە سادەو باڵا کورتەکان و ماڵە ئاسایییەکان. کولتوری ئێمە تەنانەت لە ”سێکس کردن و وێنە گرتن لەگەڵ پرد”یشدا لە ژێرەوە کێشەی هەیەو بەرزایی پێ شەرتە؛ مرۆڤی کورد لە زهنیدا بەردەوام لە هەوڵی بردنەوەو باشترین بووندایەو ئەوەش لە سەرەبوونی فیزیکیدا دەبینێت.

 

بەگوێرەی ئەو کولتوورە: بۆ نموونە پیاوی کورد پێی عەیبە لە کاتی سێکس کردندا هاوڕێکەی لە سەرەوە بێت و خۆی لە ژێرەوە؛ کاتێکیش وێنە ئەگرین، دیمەنی وشک و بێ گیانی سەر پردێکمان پێ باشترو جوانترە لە دیمەنی جوان و زیندووی ژێر پردەکە! بەگشتی ئێمە ئەبێ هەمیشە لەسەرەوە بین و ژێرەوە لای ئێمە واتای بەزین و کارلەسەرکراو (مفعول)ی هەیە، کە بە باوەڕم عەقڵیەت و هەڵسەنگاندنێکە لە مێژووی سێکس کردنی کوردەوە سەرچاوە ئەگرێت. هەر ئەم هەڵسەنگاندنە بۆ ئاڵاو وێنەو سێکس کردن و پیرۆزییەکان لای رۆژاواییەکان (ئەروپای رۆژاوا تا ئامریکا) هیچ پێوەندییەکی بە براوەبوونەوە نییەو بەتەواوی پێچەوانەیە.

 

کاتێک ئاڵای کوردستان، لەسەر قوماشێک ئەنەخشێنرێت و ئەبێت بە جلوبەرگ، ئەم جلوبەرگە بێگومان پیس ئەبێت، ئەدڕێت و دواجار ڕۆژێ لە ڕۆژانیش فڕە ئەدرێت! ئەمەمان بەلاوە ئاساییە… ئەو ملوانکەیەی ئاڵای کوردستان کە پێیەوە ئەچینە توالێت، ئەم مۆبایلەی دەستمان کە ئاڵای کوردستان لەسەر تێمەکەیەتی و زۆرجار فڕێی ئەدەین و ئەکەوێتە بەر دەست و پێ و دەیان نموونەی تر، ئەوانەمان لا ئاساییە، بەڵام ئەگەر ئاڵا لەسەر جادە ڕابخرێت و خەڵک بەسەریدا بڕۆن، پێمان سووکایەتییە! نەک ئەوە، من پێموایە سووتاندنی ئاڵاش ئەبێ لە کولتووری ئێمەدا نیشانەی ڕێزگرتن بێت! چونکە ئاگر، گەورەترین داهێنانی پێش شۆڕشی پیشەسازی، لە داهێنانەکان و پیرۆزییە دێرینەکانی کوردە، ئەو ئاگرە وزەو گەرما ئەبەخشێت، سووتەمەنییەکەیشی هەرچی بێت جێی دەسپێوەگرتن و ئاگلێبوونە؛ وەک ئەوە وایە بوترێت سووتاندنی دار و نەوت و گاز و وزەی ناوکی، سووکایەتیکردنە بەو سووتەمەنییانە! ڕۆژاواییەکان کاتێک سەمبولێک لایان گرنگ بێت، لە هەموو شوێنێک دایئەنێن، لە ژێرپێ و لە سەر سەریان، لە سەر دیوارو لە ناو کامپیوتێرو مۆبایلەکانیان، ئەگەر لە شوێنێکیش سەرمایان بێت و بۆ گەرمکردنەوە پێویستیان پێ بێت، ئاڵا دائەگرن و ئەیسووتێنن و بە گەرماکەی ”ڕێز لە خۆیان ئەگرن”… .

 

خەڵکی باشووری کوردستان ئەبێ خۆشحاڵ بن بەوەی خەڵکی کەربەلا ئەزانن ئاڵای کوردستان چۆنە! یان لانیکەم ئەگەر لەو پەڕی تووڕەییدا ئاڵای کوردستان شڕ ئەکەن بە سەر یەکا، بە عەقڵ و تێگەیشتنیان پێ بکەنن… ، ئەو تێگەیشتنەی ئێستای رۆژاواییەکان، بەتایبەت ئامریکا و بریتانیا بە هەوڵ و نوێگەریی هونەرمەندەکان هاتووەتە بەرهەم، ئەو هونەرمەندانەی مرۆڤ لایان لەهەموو سەمبول و هێما و ئاڵایەک گەورەترە و پیرۆزیش لایان تەنیا لە بەرزایی و سەر تاق و دیوار نییە، بەڵام هونەرمەندی کورد ئەگەر وەک هەمیشە فووی بە زوڕنای ئەو تاق و ئاسمان پەرستییەدا نەکردبێت، بەداخەوە بایەخی بە بابەتی ”سڕینەوەی تارمایی پیرۆزییەکان لەسەر ژیانی مرۆڤ” و بە زەمینیی و ژێرزەمینی کردنی پیرۆزی و جوانی و بەهاکان نەداوە

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …