پێنج شه‌ممه‌ 25 نیسان 2024

باسێکی کورت سەبارەت بە : ڕۆمانی “دیداری بەرە بەیان” / ڕەشاد – مستەفا سوڵتانی

ڕۆمان نوسی ڕوسی شولوخۆف دەڵێت:  نەمدەویست قارەمانی داستانەکەم بکوژرێت و، کاتێک گیانی لە دەست دا، خۆم (نووسەر) دەستم بە گریان کرد .

دیداری بەرە بەیان ناوی ڕۆمانێکی تازەیە ، کە ڕێزدار : کاک “ئەحمەدی بارامی ” نوسیویە و بڵاو بوەتەوە . نووسەر زەحمەتی زۆری کێشاوە و خۆی بۆ هێلاک کردووە و ، بەرهەمەکەی لە گەڵ بیری نوێ هەڵشێلراون . کۆدەکانی بیر کردنەوەی نووسەر بە زمانی زگماکی داڕێژراوە . نووسەر پێشمەرگەیەکی دڵسۆز، ساکار، پاک ، بێ فیز و نەفسبەرز بووە . ئەم ڕۆمانە کارەساتە خوێناویەکان ، شکستەکان، سەرکەوتنەکان و دەوری تاقمی مفتە خۆر، سیخوڕ و شۆڤارەکانی کوردستان، لە سەر بناغەی ڕێزە پێوانەیەک باس دەکات . ڕۆمانەکە سەرجەم ٢٨٨ لاپەڕیە و ، بە بیرمەند و چیڕۆک نووسی پایە بەرزی کورد ڕێزدار: ” حەسەنی قزلجی” پێشکەش کراوە . ئەم ڕۆمانە لە کاتێکدا نوسراوە کە مێژووی کورد، خاڵێ لە خاڵەکانی وەرچەرخانی خۆی دەپێوێت!

ڕۆمانەکە بۆ من زۆر تامەزرۆ و لە سەر دڵان بوو . نوسینی ڕۆمان لە لایەن نووسەرانی کوردەوە ، جگە لە چەندکەسێك ، لە کلتوری کۆمەڵایەتی ئێمەدا باو نیە . ئەزمونی ئەم بوارە هەندێ بە لێڵی دێتە بەر چاو و، ئاستێکی بەرزی نیە و تا ڕادەیەک نەیتوانیوە گرفت و کۆسپەکان بن کەن بکات و سەر لە نێو ئەدەبیاتی نەتەوەکانی تر بەرز کاتەوە . مرۆڤی هۆشیار و ویجدان زیندوو ، هەست بەم بۆشاییە دەکات . ئەوەندە بیرمەندان ، نوسەران و ڕووناکبیران لە مەیدانی هەڵبەست وشیعردا کاریان کردووە و بەرهەمیان خولقاندووە ، لە بواری شانۆ، پەخشان و ڕۆماندا کارێکی زۆر و بەر چاو نە کراوە . پێم وایە ئەم رۆمانە یەکەمین نوسینی کاک ئەحمەد بەهرامی دابێت . نووسەر بە تایبەت هەرگیز خۆی لە داوی دیاردەی ڕەشی حیزبایەتی تۆخ و بەرتەسک نە خستوە و ، قەڵەمی تاو داوە و خامەکەی نەترساوە و، ئەم هەڵویستە جوانەی ، پاڵنەرێکی چاک بۆ نوسینی ڕۆمانەکە بووە .

 هەڵسەنگاندنی من ، هەرگیز لە نێوان ڕەخنە و ڕووخاندا جێگای نابێتەوە . ئەگەرجی ڕاستەوخۆ بەرەو چەمک و نرخی هونەری شۆڕ بومەتەوە ، و ئەگەر لە هەمان کاتدا خاڵە کزەکانم بەر چاو کەوتبێت ،ئاماژەم پێ کردووە و هەر گیز مەبەستم کەمڕێزی بە نووسەر نە بووە . ئەم دیاردەیەش ڕەنگە ڕێژەیش بێت . و خۆم لە پێشداوری پێشوەخت پاراستوە ، بۆیە میتودلۆژی وکاتگوری ڕۆمانەکەم مەبەست بووە . و لێرەدا گرد و کۆیەکی وردم سەبارەت بە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە کردووە . هەڵویستی داگیرکەران سەبارەت بە ئەدەبیاتی کورد یەک جٶرە و ژەهر و تاڵاو لە قەڵەمیان، مێشکیان و دەمیان دێتە خوارەوە . حکومەتی باشوری کوردستان هیشتا نەیتوانیوە ، ئوڕگانێک دامەزرێنێت کە بەرپرسی زمان و ئەدەبیاتی کوردی بێت . ئەگەر چی ئیستا بە ناو ئاکادیمیای کوردستان ؟ هەیە ئەمما بە ڕاستی گاڵتەجاڕێکە و هەر لە داهٶڵ دەچیت ، کە مایەی نائومێدی، ڕیسوایی و شەرمەزاریە .

زمان وئەدەبیات :

میلان کوندێرا ١٩٢٩ دەڵێت : ( “یەکەم هەنگاو بۆ لە ناو بردنی نەتەوەیەک سڕینەوەی زمان و فەرهەنگیەتی .”) زمان بە نرخ ترین سەروت و سامانە ،کە بەها مەعنەویەکانی جەماوری خەڵک دەپاریزێت . هەڵبژاردنی مەوزوعەکان ، پڕ مانا و جوان و، هارمونی ڕەوتی ڕوداوەکان دڵگیر وخوێنەر ڕادەکێشێت . دەقی نوسینەکە ڕەوان و ئاسانە ، ئەمما جار و بار هەڵەی ئیملایی و چاپی ، لە گەڵ خوێنەر چاو بڕکێ دەکەن . زمانی ڕۆمانەکە پاراو ، بێ گرێ و هەموارە و لە گەنجینەی زمانی قوڵایی ناوچەکانی کوردستان هەڵیهێنجاوە و کەڵکی وەر گرتوە و ، شان لە زمانی ستانداری کوردی دەدا و فرە نزێک بوەتەوە و ساتیر ( تەنز ) ی پڕ مانای تێدایە . تا خەیال بفەرمێ و بڕ کات ژینگەی کوردستان و گٶڕانی وەرزەکان ، چۆڵگە و چێرەگە ، دەشت و ئارانان ، کەژ و چیا، ڕووبار و کانیاو، بەفرو زۆزانان ، باران و دەشتەکان، لەوڕگە و مێرگ ،کێو و کۆساران ، جوانی بەهار و خەزانی پایزی بە شێوەیەکی ئەدیبانە داڕشتوە و باس کراوە . هەڵەی داڕشتن و ڕێزمانی تێدایە کە، بە هیچ شێوەیەک لە وەزنی قورس و نرخی بەرزی ڕۆمانەکە ، کەم ناکەنەوە .

دەوری نوێنەرەکانی کۆمەڵگا :

زۆر ماهرانە و ئوستادانە و بە ئیحساسەوە دەوری نیگەتیڤی توێژ ، چین و تۆێژاڵەکانی ناو کۆمەڵگا باس دەکات . بە تایبەت دەوری وشکە سۆفی، مەلا، شێخ، ئاغەوات،دەرویشی وشکە بڕوا، حیزبی کۆنەپارێز، دەزگای داپڵۆسێنەری دەوڵەت، پاسگا، ئەمنیە،پولیس، ئەرتەش ، مەزهەب و دین بە لیهاتووی نیشان دەدات . دەوری پۆزتیڤی پێشڕەوان ، لە رۆمانەکەداجێگای تایبەتی خۆیان هەیە و هەڵسوکەوت و هەڵویستیان شیاوی قەدردانی و حورمەتە .

قارەمان و کاراکتیرەکان :

 قارەمانەکان ، کاراکتیری ڕاستەقینە ، خۆش ناو و فیداکاری ناو بزووتنەوەی گەلی کوردن . لەم بوارەدا نووسەر زۆر سەرکەوتوە . بۆ نمونە ” مام برایم” هەم لە تۆێژی خۆش نە ژینی دیهاتە( ڕەشایی ) و هەم پێشمەرگەیە و و قسەی جوان و حەکیمانە بۆ دۆست و دوژمن دەکات . زۆر ئازایانە و لیبڕاوانە چارەنووسی بنەماڵە و خێزان و منداڵی ، بە چارەنووسی نەتەوەکەی گرێ داوە . خاوەنی هەڵویستی شۆڕشگیڕانەیە کاتێک دەڵێت : خودایە ئەمە ژانی چ میللەتێکە ، وا دایم یەک دەکوژین . کێ پێمان دەکات ؟ چ میللەتێکین بە دەستی خۆمان ، خۆمان زیندە بە چاڵ دەکەین ! قارەمانێکی تر خانمێکی پێر و بە ساڵاچوە کە ” حەبیبەی ” ناوە و بە دەم ڕۆژگارەوە ئەزمون و مەهارتێکی باشی بەدەس هێناوە . حەبیبە بۆ بەشێکی زۆری بزووتنەوەی ڕۆژهەڵات ناسراو بوو . بە شوین تەنیا کوڕەکەی کە فەرماندەیەکی لایەق و بە جەسارەتی بزووتنەوە بوو ، سەری خۆی هەڵگرت و هاتە ناو ڕێزەکانی پێشمەرگە و تاڵاوی داگیرکەران و ڕۆژگاری چشت . قارەمانێکی تری ئەم ڕۆمانە ” بابی سانس ” خەڵکی ئیرلەندی باکوورە و دژی سیاسەتی کولونیالیزمی بەریتانیا ، بۆ ماوەی ٧٢ ڕۆژ لە خواردن مانی گرت و پاشان گیانی دەر چوو . بابی سانس نمونەی خۆڕاگری و مەقاوەمەت دژی کولونیالیزم بوو و، لە بواری مانگرتندا، ڕچەیەکی بەرزی شکاند . و بژاردەی ناوەکان بە گشتی کوردین و بۆ جەماوەری خەڵک گیر و گرفت پێش ناهێنیت . لەو شوینانە پێویست بوە و دەوری دوژمن باس دەکات نووکی قەلەم شارەزایانە هەڵسوڕاوە و ناوەکان هی میللەتی داگیرکەرن . ئارەزووم ئەوە بوو و خۆزگە قارەمانی داستانەکە نە کوژرابا .

کاتگوری ژنان !

نووسەر ، بڕوای سادیقانەی بە ئازادی ژنان هەیە . دروشم و شیعار نادات و بە کردەوە و لە نوسراوە ناسک و جوانەکانی ڕەنگی داوەتەوە . لە کەنیشکێک بە ناوی ” خەجێ ” ئاوا نەقڵ دەکات : دەزانن ئەم شۆڕشە باسی ژنان دەکات . ئەوە نیە کچە شاریەکان هاتونە دەرێ و، تفەنگیان هەڵگرتوە . ئێتر ناتوانن لێمان دەن ، ژن بە ژنەمان پێ بکەن و بمان دەن بە پیر و پەککەوتە . ژن بە ژن نامێنێ . لە سەر لانک کچ لە کوران نابی مارە کرێت . کچینە دەزانن خەریکە دەرگا دەکرێتەوە بە ڕووماندا . یەکێک لە هاوڕیکانی خەجێ ڕوو ی تیدەکات و دەڵێت : خەجێ ئەوە بۆ ناچی لە گەڵ شۆڕش کار بکەی ؟ خەجێ وەڵامی دایەوە و وتی: ناوێرم تەنیا لە بەر ئەوەش دەڵێن بۆ شوو چووە . و بریا ئەم دوو ممکەم نە دەبوو ، خۆ لەو کوڕانە کەمتر نە بووم . مەلاکان زۆتر جنێو بەو ژنانە دەدەن کە دەچنە ڕێزی شۆڕشگێڕانەوە . لەم دیالۆگانەدا بیری ڕادیکاڵ و نوێ و بیری سوننەتی و کلاسیک وەک دوو قەتاری تیژ تێپەڕ پێکدا دەدەن .

عینوانی ڕوداوەکان :

عینوانەکان ، لە ئەو پەڕی شارەزایی و دەسەڵاتی نوسیندا ، هەڵبژێردراون و باری مرۆڤدۆستانەیان ، سەر لە ئاسمان دەکوتێ بۆ نمونە : شۆڕشی ڕەش و ڕووتەکان ،دوژمن ژینگەی کوردستانی ئاور تێ بەرداوە ، شەرت بێ من دوژمنی خەڵک نەکەم ،کوڕنوش نابەم ، دیلەکان تیا نەچن ، کاروانی سەر عەرزی سوتاو، هیچ گلەیمان لە دوژمن نیە، وریای سیخوڕەکان بن ،کانییە خنکاوەکان ، شەڕی برا کوژی ، وەمزانی گورگن و … بە خوێندنەوەی ئەم عینوانانە، خوێنەر ڕاستەو خۆ دەچێتە ناو کۆڵان و شەقامی کارەساتەکان و ئەم پەیوەندیە نەپچڕاوە و هەر بەر دەوامە .

هەڵبەستەکان :

بە پێچەوانەی زۆربەی ڕۆمانوسەکان ، نووسەر لە کاتی پێویستدا و بۆ ڕاگەیاندنی ئیحساس و هەستی عاتیفی و مرۆڤدۆستانەی خۆی و هەل و مەرجی بزووتنەوە ، چەند پارچە شیعری نوێی ، کە لە گەڵ کارەساتەکان گونجاون داناوە . و ئاماژە بە برینە پەترۆ نە بەستراوەکانی گەلی کورد ، تا لێواری تراژیدیای چارەنوسی نادیاری خەڵکی کورد، دەکات . شیعرەکان ڕۆمانەکەیان دەوڵەمەند کردووە ولە هەمان کاتدا ڕازاندوەتەوە .

خەباتی میللی و چینایەتی :

لەم ڕۆمانەدا ، بی پەردە و ڕوون بێژانە ، باسی خەباتی میللی و چینایەتی دەکرێت و یەکێک لە خاڵە بە هێزەکانی ڕۆمانەکەیە . دەور و نەقشی ژنان بەر جەستە کراوە و نرخی گرانبەهای بۆ   ، هەڵسوڕان و فیداکاری ژنان لە بزووتنەوەی گەلی کورد داناوە . و زۆر بە تۆخی بە گژ دیاردەی “پیاو سالاری” دا چوە و ئەم دواکەوتوییەی وەک ئاستەنگ و کۆسپی سەر ڕێگای خەباتی ژنان ناو زەد کردووە . لە کاتی ئیمزای شوراکانی شار و دێهات باس لە خەباتی شار کراوە وئیشارە بە نامەی نهێنی چەند شار دەکات . خۆش باوڕی و دەوری چەپی توند ئاژۆ، لووت بەرز و ترسنۆکەکانی ناو بزووتنەوەی گەلی کورد ئاوا باس دەکات . – ئەمانە لە وڵات و ناو میللەتی خۆیان کەس جوابی نە دابونەوە . هەرچی گوتبویان فیکەیان لێ کردبوون و پێیان پێکەنیبوون ، کە چی لە کوردستان ڕەهبەرن ! یان وەک تاریقی عەتر فرۆش دەچن لە ئوروپا دادەنیشن و منداڵی کورد بە کوشت دەدەن ، مەگەر ئەوانە هاورێن ؟؟         ئامێری مێشک شوردنەوە ودەوری تێنەگەیشتوەکان :   بیگومان نە زانی و سەرکوت ، هەمیشە جەماەر گۆج ، سست و بێ دەسەڵات دەکات . نووسەر بە پێی زانیاریەکانی لە بارو دۆخی کۆمەڵگا ، بە باشی دەوری مرۆڤە لێنەزان و تێنەگەیشتوکان نیشان دەدات . لە کولکە مەلاوە بگرە تا دەگاتە فەلان ڕەنجبەری فریو دراو و تا فەلانە کاروانچی بێ ئاگا لە چەوساندنەوە ، هەمووی وەک زەنجیرەیەک لە شارۆمەندانی دێهاتی کوردەواری داوەتە بەر تۆژێنەوە و لێکۆڵینەوە . و بیر و ئەندیشەی زوڕناژنی پشتماڵە و پێشماڵە و هەڵویستی چاک و خراپیان باس دەکات . جەماوری بەر بڵاوی پاسداری کلیل لە مل ، کە مێشکیان شوردراوەتەوە ، بۆ ئیفلیج کردنی بزووتنەوەی کورد وەک گورگی هار لە پانتای کوردستان بێ وچان دەکوژن و کاول دەکەن .

ڕێز لە شۆڕشەکانی کورد و جیهان:

ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٤٧ ی وەبیر هێناوەتەوە ویەکێک لە خاڵە پۆزیتیڤەکانی ڕۆمانەکەیە و ڕێزی لێ گیراوە . بە وردی و دڵسۆزانە کارەساتی دڵتەزینی کوشتنی ڕێزدار : کاک سمایل شەریف زادە و هاوڕێ کانی ، بە دەستی ساواک و شۆڤار و هەڵخەڵەتاوانی کورد باس دەکات . باسی خەباتی خەڵکی ڤیەتنام ، کە قارەمانانە هەوەڵ کەڕت فەرانسا و پاشان ئامریکایان شکست دا و ،خۆیان ڕزگار کرد لە بەستێنی مێژوییدا مەترح دەکات . سەبارەت بە ویەتکۆنگ ( پێشمەرگەی ڤیەتنام ) کە لە ماسمێدیای ڕۆژئاوا وەک تالانکەر ، جەردە و ڕێگر ناو دەبران و ، بە خێرایی ستاتوس و ئیعتباری جیهانیان بە دەست هێنا باس دەکاو نرخی بۆ داناون .

ئیرادە و بڕیاری خەڵک :

ئەم باسە زۆر حەکیمانە و هونەرمەندانە نیشان دراوە و کاتێک شەڕی کۆمەڵە و دیموکرات بە میلیون شارۆمەندی کورد دڵسارد و نائومێد دەکات ، نووسینی نامە بۆ شەڕ خوازەکانی کۆمەڵە و دیموکرات بەرجەستە کراوە . و لێرەدا، نووسەر دیواری پیرۆز و گەندەڵی ” حیزبی ” دەداتە بەر شاڵاو و هێرشی قەڵەم و بە نووکی خامە دیوارەکەی هەڵدەتەکێنیت و دەیڕۆخێنیت . ئارەزوەکانی جەماوەر لەم دێڕانەی خوارەوەدا خۆیان هێما دەکەن : — بالندەکان ، حەیوان،چیا ، دەشت ،دارستان و ئینسان ئەوەی ناوی کوردی لە سەر بوایەت ، هیچ فەرقیان نەبوو هەموو وەک یەک دادەپڵۆسران . — ئەم دەوڵەتە بە پاسدارە ئینسان کوژەکانی خۆی ڕازی نیە . منداڵی عەرەبە شیعەکانی ئێراق و فەلەستینیان هێناوە بۆ سەرکوتی خەڵکی کورد .   – زۆری     سەرکردەکانمان هەر وەک ئەم مارانەش ژەهراوین و دژی بەرژەوندی کوردن .

توڕەیی جەماوەر لە شەڕی خۆکوژی !
چەند دێڕێک سەبارەت بە شەڕی خۆکوژی کە، بێگومان ئاوینەی باڵانوێنی، نائومیدی و پەریشانی خەڵکە لێرەدا نوسراوەتەوە.

– شۆڕشگیڕانی ڕۆژهەڵات ، لە ئاوییەکاولکراوەکانی کوردستانی باشور جێگیر بوون و لە گەڵ یەکتریش شەڕ دەکەن . – نوێنەرانی شار و ئاوییەکان یەک ببینن و ئەم نامەیە ئیمزای هەموویانی لە سەر بێت . چونکە ئەم نامەیە “غوروری میللەتی ” لە خۆیدا کۆ کردوەتەوە . دەبێت بە زوویی بگاتە دەست شەڕخوازەکان .- لە نێوان خۆیاندا شەڕ پەیدا بووە ، ئەوە جەرگی ئێمەی بڕیوە ، چش لە دەوڵەت ! – جارێک ئێوە بۆ خۆتان هیچ نین یەک دەکوژن . ئەی بەیانی لە سەر دەسەڵات چۆن بەیەکەوە هەڵدەکەن ؟- خەڵک دەزانێت شەڕتان لە سەر خۆپەرەستی و دەسەڵاتە .- دەوڵەت ئەم شەڕەی پێی خۆشە و بەکەیفی خۆی ئاوایی و شارەکانی کوردستان بە تۆپ و بۆمب دەسوتێنێت و کوردەکانیش لە ناو خۆیاندا شەریانە !- پیاو نازانی چی بکات بەدەست ئەم حیزبانەوە .  – دیموکرات ، کۆمەڵە ، یەکێتی، پارتی ، موجاهید، چریک وشیوعی پارەی گومریکیان دەوێ. و لە سەر پارەکە یەک دەکوژن . – ئەگەر ئەو چریکە گڵاوانە ، کە خۆیان تەسلیم کردووە، دەبینی چیمان لە سەر دەڵێن؟

*  بەستێنی باسەکان :

 فەزا و بەستینی باسەکان بە زۆری هەر دێهاتی کوردەواریە و ، لە گوندەکان ڕوو دەدات و، باسی شار و بزووتنەوەی ناو شار تۆخ نیە . دەبوا پانتایی زۆر بەر بڵاوی بۆ چەسپاندنی ڕاسپاردەکان لە بەر چاو گرتبا ، و باشتر وا بوو   نووسەر خۆی لە ناوچە بەر تەسک و لوکاڵیەکان پاراستبا و ، لە کارەساتە تاڵ و شیرینەکان ، کە لە شارەکان ڕووی دەدا، دووری نە کردبا وخۆی نە پاراستبا . خەباتی بێ وێنەی شارەکانی کوردستان ، کە خەباتی مەدەنی و شارستانی بوو، لە پەراویزە و جێگای خاڵییە وتا ڕادەیەک باس کراوە . ڕەنگە بۆ چەسپاندنی شێوەی ژیانی هەندی دێهات و باسەکە ، وا هەڵبگرێ بەڵام دەور و نەقشی دیاریکەری شارەکان لە پەراوێز خراوە ولە بیر چوە . باسی خەباتی نهێنی و ئاشکرا و پێشکەوتوی شارەکان لە ئاستی بەرزدانیە و یا بزر و گومە . دەس پێکردنی باسە کان و سەر تیتری باسەکان دەبوا بە خەتی گەورە تر نوسرابا و ئەمە ، سەلیقە و زەوقی خوێنەر ڕادەکێشێت . و لە هەمان کاتدا ، ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی ڕازاوە و جوان دابەش و ، بەشەکان و کاپیتاڵەکان شوێنی دیاری خۆیان دەبوو .

 ** نیشانەکانی زمانی کوردی :

خاڵبەندی و هەڵەی ڕێنوسی تێدایە . نیشانەکانی سەرسوڕمان ، پرسیار ، دووخاڵ ،کاما ، ویرگول و نوقتە جار و بار لە جێگای خۆیان دانەنراون . بۆ نمونە نیشانەی پرسیار ( ؟ ) بێ ئامانج لە زۆر شویندا دانراوە کە بیگومان پێویست نەبوون . وا دیارە هەڵە چن وهەڵە بژێر ،بەر پرسانە کاری خۆی بە چاکی نە کردووە . ئەگەر لە ناو فەسڵەکانی ڕۆمانەکە چەند پەردە عەکس ، دانرابا ، باشتر بوو . چونکوو پەیامی ” وێنەیەک” ی بزووتنەوەی گەلی کورد ، لە هەزار وشە دڵگیر ترە . کتێبەکە بێ ناسنامەیە و هێچ شتێک دیاری نە کراوە . بۆ نموونە کێ ئامادەی کردووە؟ تەرح و دیزاینی ڕوی جەڵد و پشتی جەڵد کێ کردوویەتی؟ لە کام وڵات و شار و لە چ ساڵێک چاپ کراوە ؟ چاپی ژمارە چەندە؟ تیراژی چەند دانە بووە؟ ژمارە سپاردن ( شابەک ) هەر دیار نیە ؟ کام چاپخانە ئەرکی چاپی لە ئەستو گرتوە؟ دەبوا ئادرەسی نووسەر، ئی مەیل و ژمارەی تلەفونی نوسرابا.

دوا وتەم :

لە لاپەڕەکانی ئەم ڕۆمانەدا ، نووسەر : ” کاک ئەحمەد بەهرامی” تا ئاستێکی بەر فراوان ، بانگەواز بۆ بیری مودێڕن و پێشکەوتوو ، ئازادیخوازی، عەدالتخوازای، مرۆڤدۆستی، ئاشتی و مافپەروریی دەکات . و ڕێز لە بیر جیاوازەکان دەگرێت . ڕۆمانەکە لە پێڤاژەی مارپێچانەی خۆیدا ، بەرەو پێش هەنگاوی قورس وقایمی ناوە . و بیری ڕێز گرتن لە تاکی مرۆڤ نەرمە ساو و تیژ کراوە . بە دڵنیایەوە دەڵێم : “دیداری بەربەیان ” ڕێبازێکی نوێ و ڕۆمانێکی ڕئالیستیە .

بیستی ئوکتوبری ٢٠١٥

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …