سێ شه‌ممه‌ 23 نیسان 2024
مەریوان وریا قانع

دەوارێک لەناو ئاگردا / مەریوان وریا قانیع

ئەوەی ئەمڕۆ لەدۆخی گشتیی هه‌رێمی کوردستان ڕابمێنێت بەئاسانی بۆی دەردەکەوێت کە تەحەدای ژمارە یەک لەکوردستاندا تەحەدای پاراستنی جێگیریی نییە، مەسەلەی پاراستنی ئەمن‌و ئاسایش نییە کە مەترسییەکی گەورەو بەرچاوی لەسەر نییە، ڕاستە بەرەیەکی گەورەو درێژ لەگەڵ داعشدا هه‌یە، بەڵام نە داعش توانیویەتی دزەبکاتە ناو شارەکانی کوردستان‌و نە لەبەرەکانی جەنگیشدا هه‌ڕەشەی گەورە لەهه‌رێمدەکات.

بۆیە مەسەلەی سەرەکیی مەسەلەی جێگیریی‌و ئەمن‌و ئاسایش نییە، مەسەلەی سەرەکیی لەکوردستاندا مەسەلەی ڕێگرتنە لەدروستبونی ستەمگەریی، لەپتەوبون‌و چەسپاندنی یەکجارەکی بنەماکانی دیکتاتۆریەت‌و دەسەڵاتگەرێتیی، کە لەدونیای ئێمەدا لەفۆرمی سوڵتانیزمی سیاسیدا ئامادەیە. بەڵام ڕێگرتن لەچەسپاندنی یەکجارەکی بنەماو پایەکانی دیکتاتۆریەت‌و ستەمگەریی بەچی دەبێت؟ چ جۆرە خەباتێک پێویستە بۆئەوەی نەھێڵین سوڵتانیزم گەمەکە بباتەوە؟ خوێنەر سەرنجی ئەوە بدات کە من باوەڕم بەوە نییە کۆمەڵگای ئێمە ئەم گەمە سیاسییەی دۆڕاندبێت، ڕاستە دەسەڵاتگەرێتیی‌و دیکاتۆریەت پێگەو کۆڵەکەی بەھێزیان لەکوردستاندا هه‌یەو بەردەوامیش سەرقاڵی بەھێزکردن‌و چەساپندنی زیاتری ئەو پێگانەن، ڕاستە زۆر هه‌ڵقەی گرنگی دەسەڵات‌و ئابوریی‌و میدیاو ھێزی سەربازیی لەژێر دەستی ئەو ھێزانەدان کە کەمتر لەخەوی پایەدارکردنی سوڵتانیزم نابینن، بەڵام ئەمە هه‌مو ئەو دۆخە نییە کە ئەمڕۆکە لەکوردستاندا ئامادەیە. هه‌نگاوی یەکەم‌و هه‌رەسەرەکیی لەبەرەنگاربونەوەی ئەو دۆخە دەسەڵاتەگەرە سوڵتانییە دیکتاتۆریەدا لەباوەڕهه‌بون بەم سەرەتا سادەیەوە دەستپێدەکات، واتە لەڕێگرتن لەوەی کە شێوازە جیاوازەکانی بەزینیی سیاسیی‌و کۆمەڵایەتیی‌و فیکریی دزەبکەنە ناو سایکۆلۆژیایی گشتیی‌و سایکۆلۆژیای تاکەکەسیی دانیشتوانی هه‌رێمەوە. گەشەدان بەسایکۆلۆژیای بەزین‌و گەورەکردنی فشارەکانی لەسەر مرۆڤ بەشێکە لەپرۆژەی سەرخستنی یەکجارەکیی دەسەڵاتگەرێتیی خۆی. دەسەڵاتگەرێتی لەهه‌مو فۆرمەکانیدا بەردەوام لەهه‌وڵی ئەوەدایە کە “سایکۆلۆژیای بەزین” بگۆڕێت بۆ “ئایدیۆلۆژیای بەزین”، واتە ئەو هه‌ستە دەرونییە ڕەشبینەی لەساتێکدا لای مرۆڤ دروستدەبێت‌و وادەکات مرۆڤ باوەڕێکی ئەوتۆی بەپیادەکردنی گۆڕانکاریی‌و دەسکاریکردنی جیهان نەبێت، بگۆڕێت بۆ ئایدیۆلۆژیایەک کە لەناوەوە ڕوانینەکان‌و توانای کردەییەکانی تاکەکەس‌و گروپەکان ئاراستەبکات. دیکاتۆریەت لەئاستێکی دیاریکراودا ھێزێکی سایکۆلۆژییەو گەمەیەکی دەرونیی تایبەت لەگەڵ کۆمەڵگادا دەکات، گەمەیەک بەھۆیەوە دیکتاتۆریەت دەیەوێت دۆخی بێئومێدیی‌و بێھیوایی دەرونیی کاتیی لای تاکەکەس‌و گروپەکان بگۆڕێت بۆ ئایدیۆلۆژیایەکی بەرفراوانی شکست، ئەوەی بەئینگلزیی پێیدەگوترێت Defeatism، دیکتاتۆریەت دەیەوێت ساتە تایبەتەکانی هه‌ستکردن بەشکست بگۆڕێت بەئایدیۆلۆژیایەکی شکستگەرا.

خاڵێکی دیکە کە پێویستە لای هه‌موان ڕون‌و ئاشکرابێت ئەوەیە کە بەھێزبونی پایەکانی ستەمگەریی‌و چەسپاندنی دەسەڵاتگەرێتی، کە لەدونیای ئێمەدا لەفۆرمی سوڵتانیزمدا ئامادەیە، خۆی سەرچاوەی ژمارە یەکی تێکچونی ئەمن‌و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی‌و سیاسییە. ئەم ڕاستییە سادەیە کۆمەڵێک دەرەنجامی گرنگیی لەبوارە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییدا هه‌یە، ڕەنگە لەهه‌مویان گرنگتر ئەوەبێت کە نەھێڵێت مرۆڤ بەدۆخێک بگات پشتبکاتە “ژیانی گشتیی”و بەدوای دۆزینەی چارەسەر لە”ژیانی تایبەت”دا بگەڕێت. هه‌مو پشتکردنە”ژیانی گشتیی”و هه‌مو هه‌ڵاتنێک لەو ژیانە بەرەو”ژیانی تایبەت”، لەشوێنێکی وەک وڵاتی ئێمەدا، پایەکانی ستەمگەریی بەھێزتردەکات. مرۆڤ ناتوانێت لەناو شارێکی پڕ گڕو ئاگرو دوکەڵدا ماڵێکی ھێمن‌و بێکێشە بۆخۆی دروستبکات. هه‌ڵاتن لەژیانی گشتیی بەرەو ژیانی تایبەت هه‌م بەرهه‌می ئەو سایکۆلۆژیای بەزینەیە کە دروستدەبێت‌و هه‌م هه‌نگاوێکی گرنگیشە بەئاراستەی گۆڕانی ئەو سایکۆلۆژیایە بەئایدیۆلۆژیا. پشتکردنە ژیانی گشتیی، بەهه‌مو قوڕو لیتەکانی ئەو ژیانەوە، گەڕانە بەدوای دەوارێکی ئارامدا لەناو دارستانێکی گڕگرتودا. کە “ژیانی گشتیی” ئاگری گرت، مرۆڤ یان ئەوەتا سەرهه‌ڵدەگرێت‌و لەشوێنێکی دیکەدا بەدوای ژیانێکی گشتیی دیکەدا دەگەڕێت، یان پاشەکشەدەکات بۆ ناو “ژیانی تایبەت” تائەوساتەی ئاگرەکە دێتەسەری دەیسوتێنێت، یان ئەوەتا ڕوبەڕوی ئەو ئاگرە دەبێتەوەو هه‌وڵی کوژاندنەوەی ئەدات. سایکۆلۆژیای بەزین سایکۆلۆژیای هه‌وڵدانی دروستکردنی کەپرێکی ئارامە لەناو سەرزەمینێک ئاگردا.

خاڵێکی گرنگی دیکە کە هاریکارە بۆ بەگژاچونەوەی سایکۆلۆژیاو ئایدیۆلۆژیای شکست‌و بەزین، بریتییە لەچۆنیەتی وێناکردنی کۆمەڵگا خۆی. هه‌مو ئەوانەی کۆمەڵگا وەک یەکەیەکی گەورەی بێجیاوازیی‌و بێناکۆکیی‌و بێململانێ وێنادەکەن‌و پێیانوایە “جەوهه‌ر”ێکی کولتوریی یان سیاسیی یان ڕەمزیی هه‌یە کە بەبێ گۆڕان بەسەردەم‌و قۆناغە جیاوازەکاندا تێدەپەڕێت‌و لەکۆنی کۆنەوە تائەمڕۆ وەک خۆی ماوەتەوە، نەک ته‌نها وێنەیەکی هه‌ڵەی کۆمەڵگاو مرۆڤیان لەلایە، بەڵکو بەشێکی سەرەکیی ئەو سایکۆلۆژیاو ئایدیۆلۆژیای دۆڕانەن کە دیکتاتۆریەت‌و ستەمگەریی پێویستی پێیەتی. لەدیدی مندا ھیچ کۆمەڵگایەکی مۆدێرن خاوەنی ھیچ جۆرە “زۆرینە”یەکی نەگۆڕ نییە. لە٢٥ ساڵی ڕابردودا کوردستان بەرەو ئەوە گەشەیکردوە بگۆڕێت بەکۆمەڵگایەکی بێ زۆرینە، کۆمەڵگای کۆمەڵێک کەمینەی جیاواز. هه‌مو ھێزێک لەکوردستاندا کەمینەیە، هه‌مو گروپ‌و پارتە سیاسییەکان کەمینەن، هه‌مو گروپە دینییەکان کەمینەن، هه‌مو گروپە ڕۆشنبیرییەکان کەمینەن، هه‌مو گروپەکانی ئافرەتان کەمینەن، هه‌مو پێکهاتەکانی ناو کۆمەڵگای مەدەنیی کەمینەن، لەڕاستیدا لەکۆمەڵگای ئێمەدا شتێک بەناوی ھیچجۆرە زۆرینەیەکەوە بونی نییە، مەگەر ته‌نها ئەو “زۆرینە ناڕازیی”ییە نەبێت کە ئەمڕۆ لەسەرجەمی دەرکەوتە جیاوازەکانی دەسەڵاتدارێتی سوڵتانیی لەکوردستاندا ناڕازییە. بەڵام تەنانەت ئەم زۆرینە ناڕازییەش زۆرینەیەکی هاوشێوە نییەو لەناوخۆیدا لەچەندەها کەمینەی جیاواز دروستبوە. ڕەنگە کەسانێک هه‌بن باس لەوە بکەن کوردستان خاوەنی زۆرینەیەکی موسڵمانەو ئیسلام دینی ئەم زۆرینەیەیە، بەڵام ئەم ڕوانیننەش لەزۆر ڕوەوە هه‌ڵەیە، چونکە شێوازی ئامادەگیی‌و ڕۆڵ‌و جۆری دینداریی لەناو ئەم زۆرینەیەدا جیاوازە، هه‌مو ئەوانەی بەخۆیان دەڵێن موسڵمان بەیەک ماناو بەیەک شێوەو بەیەک مەبەست موسڵمان نین‌و هه‌موشیان هه‌مان ڕۆڵ بەئیسلام لەژیانی خۆیان‌و کۆمەڵگادا نابەخشن. ئەم شێوازە لەڕوانین بۆ کۆمەڵگا هه‌میشە چەندان پەراوێز بۆ ئەگەری کردەی کۆمەڵایەتیی جیاواز دەبینێت. وێناکردنی کۆمەڵگا وەک کۆمەڵگای چەندەها کەمینەی جیاواز مانای ئەوەنییە کە لەساتێکدا چەند کەمینەیەک ناتوانن کۆببنەوەو زۆرینەیەکی مێژویی دروستبکەن، کە دەشێت زۆرینەیەکی ستەمگەر بێت، بەڵام وەکچۆن دروستبونی ئەو زۆرینەیە کردەیەکی مێژویی‌و کۆمەڵایەتییە، ئاواش کۆتاییپێھێنانی کردەیەکی مێژویی‌و کۆمەڵایەتییە. ئەرکی سەرەکیی تاکەکەس‌و گروپەکانیش ئەوەیە نەھێڵن زۆرینەیەکی لەو بابەتە دروستببێت.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …