سێ شه‌ممه‌ 3 ئه‌یلول 2024

داعشیزم بە کوژرانی ‘دونیا’ کوردستانی داگیر کرد! / کاوە کەریمی

کۆمەڵگای پڕزەبروزەنگ، لانکەی تۆڵەو توندوتیژی و ئاخێزگەی کوشتن (ی بەتایبەت ‫#‏ژن‬) شوێنی گەشەو تێگەیشتن و پێشکەوتن نییە…، بەڕواڵەت نەبێ! هەرێمی کوردستانی عێراق، لەدوای راپەڕینەوە لە باشترین حاڵەتیدا لەرووی ئابووری-سیاسییەوە شوێنکەوتووی مۆدێلی تورکییەو لەڕووی کولتووری-شارسازییەوە شوێنکەوتووی وڵاتانی عەرەبی بووە، کەهیچیەکە لەو دوو مۆدێلە، ئاماژە بۆ سەرکەوتن و گەشەی بەردەوام نین و بەدەست تاکحوکمی و مەسرەفگەراییەوە ئەناڵێنن.
لە دوای ئەزموونی سۆڤیەت، بەروونی هێماکانی سڕینەوەی رۆڵی ژن لە دروستکردن و سەرخستنی شۆڕشەکانی ئەم ناوچە دیارە، راپەڕینی 1991 یش لە ‫#‏باشوور‬ راست لەو کاتەدا روویداوە، بۆیە سەرەڕای پێگەی ژن لە میرنشینی ‫#‏بابان‬، زۆربەی عەشیرەتەکان و هەروەها ئەدەبی کوردی، ژن لە دوای قۆناغی راپەڕین، جادووئاسا ئەکرێتە ماڵەوەو ئەچێتەوە ژێر حوکمی مەلا، سیاسەتیش ئەبێتە کۆی هەموو عەقڵەکان لەدەرەوەی عەقڵی ژن.

لەدوای کوشتنی هەر ژنێک، بێهیواییەکی قووڵ، ترسێکی ژاناوی، مناڵ و ژن و لاوو بوونەوەرە لاوازکراوەکانی تری ‫#‏کۆمەڵگا‬ دائەگرێت و لەگەڵ هەر هەواڵ بیستن و وێنەبینێکیدا، خۆگێلکردنی ناچاری دایان ئەگرێت… . هەر ئەوەش، بێ ئەوەی کەس بانگەشەی بۆ بکات یان بەباشی بزانێت (سەرەڕای رۆڵی مەلاو مینبەر لە پەرەسەندنی ئیرادەی سڕینەوە لە بری چاکسازی و، کوشتن لەبریی خۆشەویستی لە مزگەوت و زانکۆ و شەقامەکانی باشوور) کۆمەڵگا بەرەو تەقینەوەی تۆڵەئاسا لە هەموو شت و کەسێ ئەبات.

ئەوەی پێشمەرگەیەکی پارتی ئەیکات و رووی تفەنگی بەراشکاویی ئەکاتە مناڵێکی دڵتەنگ و هەست و مێشک برسی و لە چرکەیەکدا مێشکی ئەپژێنێت، هیچ نییە جگە لە بەرهەمی شەڕی ناوخۆو درێژکراوەی ئیرادەی سڕینەوە، ‘ئەگەر نەیکوژم، ئەو ئەمکوژێت’؛ ئەوەیشکە لە ژێرناوی بێمووچەیی و تاکڕەویی پارتی و بارزانی، بە پارتییەکانی گەرمیان و قەڵادزێ ئەکرێت، داعشیزمێكی رووت و پەتییە کە وردەوردە هەموو شەڕەکە بەهەڵە ئەخاتە ئەستۆی ئەندامی سادەی پارتی و بەرپرس لق…،باشترە بڵێم: ‘تۆ کە ئامادەی تیاچوونیت لەپێناو چاکسازی و ‫#‏پارتی‬ بە هۆکاری سەرەکیی ئەو قەیرانە ئەزانیت، سەری رەش یا ئەو پەرلەمانە زەردەی ئێستا باشترین شوێنە بۆ سووتاندن، نەک ماڵی پێشمەرگەیەکی سادەی پارتی، کە ئەگەر باوک و مامی پێشمەرگەی ئەیلوول و گوڵان نەبوونایە، ئەویش ئەبووە پێشمەرگەی ‫#‏یەکێتی‬‘. بۆیە بەڕای من:

– گەڕانەوەی ژن بۆ بەشداریکردنی سیاسی بەشێوەی کارا، نزیکترین رێیە بۆ هێورکردنەوەی کوردستان و بنیاتنانی لەسەر بنەمای دادپەروەری.

– سیستێمی بەکانتۆن کردن، یا جیاکردنەوەی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و کەرکوک لەسەر بنەمای یاساو ئیدارەی ناوخۆیی باشترین مۆدێلە بۆ بەرگرتن بە ناوچەگەری و هاوکات گەشەو پەرەسەندنی دادپەروەرانە، پشتبەست بە توانایی ئابووری و لۆکاڵی هەر شارو زۆنێک.

– ئەگەر عەشیرە چەک نەکرێ، پرسیار لەسەر ئەوە دروست ئەبێ ئاخۆ ‘هێزی پێشمەرگە بۆچی؟’، رۆڵی عەشیرە لە باشوور، زۆر گەورەترە لە یاساو دادگاو حزب! بە زەبرو ئیرادەی عەشیرەکان سەدان ژن لەو بیست ساڵەی دواییدا کوژراون و هەر بەو زەبرەش بکوژەکان دوای ماوەیەکی کەم بە رێزەوە ئازادکراون و… . لەوانە دووساڵ پێش، لە دهۆک کچێک کوژرا بەناوی ‫#‏دونیا‬، دوای ماوەیەکی کەم و بڵاوبوونەوەی سوڵحی عەشایری و بەربوونی بکوژیی کۆنەمێردی، ‫#‏داعش‬ هێرشی کردە سەر باشوورو زۆرزوو هەموو شتێک لەبیر کرا… ، مانگێک نابێ، لە ناوەراستی سلێمانی کچێکی تر کوژراو دیسان دوای ماوەیەکی کورت، قەیرانی سیاسیی هەموو شتێکی بیر بردەوە. هەردوو کوشتن، لە خراپترین ژنکوژییەکانی بیست ساڵی پێشوو بوون؛ ئەوە ئەو راستیە دەردەخات، بەشی بەرچاوی چالاکانی ژن و داکۆکیکاری یەکسانیی جێندەر جدی نین، یا هێندە تلاون لە حزبایەتییەوە، زۆر زوو بەدواداچوونی کەیسە ژنکوژییەکانیان سپارد بە مێژوو، بۆ دووبارە بوونەوە. بەوواتایە، بەرای من، چەککردنی عەشیرەو سڕکردنی پێگەو دەسەڵاتی دادوەرییان، راستەوخۆ رۆڵی ژن لە کۆمەڵگا بەهێز ئەکات و لەوێوەش ژن ئازادی و بواری زیاتری ئەبێت بۆ کاکردن لەسەر حاڵەتەکانی کوشتنی نامووسی بەتایبەت و، سیاسەت و رووداوە کتوپڕەکان، هەرچیش گرنگ نایخەنە پەراوێزەوە.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …