چوار شه‌ممه‌ 17 نیسان 2024

داهاتووی ئێران پاش ڕێکەوتنی ئەتۆمی / عادڵ موحەمەدی

پاش زیاتر لە ١٠ ساڵ دانیشتن و لێدوان سەبارەت بە کێشەی ئەتۆمی ئێران، ماوەیەک پێش ڕێکەوتنێک لە نێوان وڵاتانی ٥+١ و کۆماری ئیسلامی هاتە ئاراوە کە دەنگدانەوەی زۆر و کاردانەوەی جیاوازی لێ کەوتەوە و نەیاران و پشتیوانانی ئەم ڕێکەوتنەی هەم لە ئیران و هەم لە ڕۆژئاوا هێنایە دەنگ. ئەگەرچی ئەم ڕێکەوتنە بۆ هەرکام لە لایەنەکانی بێ دەسکەوت نەبووە بەڵام سەرەڕای ئەوەش تێچووی خۆیان بۆ داوە و گومانی تێدا نییە کە کۆماری ئیسلامی بە هەڵسەنگاندنی دۆخە نالەبارەکەی ملکەچی ئەم ڕێکەوتنە بووە. بۆ هەڵسەنگاندنی دەرئەنجامەکانی ڕێکەوتنەکە، ئەم بابەتە لە بوارەکانی ناوەکی، دەرەکی و هەروەها بیرووڕای گشتی تاوتوێ دەکەین.

ناوخۆی ئێران
لە ناوخۆی ئێران بە هۆی بەربەستە یەک لە دوای یەکەکانی کۆمەڵگای جیهانی، ئابووری وڵات بە گشتی لە ئاستێکی خراپدایە و خەلک و دەسەڵاتیش بەدوای ڕێگایەک بۆ ڕزگاربوون لە دۆخەکە بوون و بەهۆی ئەم ڕێکەوتنەوە، خەڵکی ئێران لە شارە گەورەکان ڕژانە سەر شەقام و شاییان گێڕا بەو هیوایەی کە ئەم ڕێکەوتنە و لابردنی بەربەستەکان ببێتە هۆی دەربازبوون لەم قەیرانە ئابوورییە و بردنی نان بۆ سەر سفرەکان ئاسانتر کاتەوە. ئەو خەڵکە هەمان خەڵک بوون وا دەنگیان بە «حەسەن ڕەوحانی» دابوو کە یەکێک لە سەرەکیترین بەڵێنەکانی چارەسەرکردنی کێشەی ئەتۆمی بوو. بەڵام ڕۆحانی و خەڵک بەشێکی زۆر لە دەسڵاتی ئێران نین و «خامنەیی» و «سپای پاسداران» و «بناژۆخوازان» سێ بەشی گەورەی دەسەڵاتن کە بە هیچ شێوەیەک لە گەڵ ملکەچبوون بە خواستی ڕۆژئاوادا نەبوون و بەهۆی کاریگەری بەربەستەکانەوە ناچار بوون تاکوو چۆکی پێ بدەن.
لە کەس شاراوە نیە گەیشتن بەم ڕێکەوتنە بە ڕەزایەتی خامنەیی بووە و شاندی ئێرانی بە بێ خواستی ڕەهبەر هیچیان پێ نەدەکرا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لایەنگرانی خامنەیی زۆربەیان ناڕەزایی خۆیان لەم ڕێکەوتنە دەربڕیوە و هەرکامەو بە جۆرێک هێرشیان کردووتە سەر ناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکە. ڕخنەگرانی ناوەکی جگە لەو بەڵگەو خاڵانە وا بۆ نەرێنی بوونی ئەم ڕێکەوتنە ناوی لێدەبەن، لە زیادبوونی ئاستی خواستەکانی کۆمەڵگا و بەهێزتر بوونی لایەنی ڕیفۆرمخواز و باندی سەرۆک کۆمار دەترسن. هەرچەندەو ئەم لایەنە پێی باشتربوو لە دەوڵەتێکی نزیک بە خۆیانەوە ئەم دانیشتنانە بگاتە ئاکام، بەڵام هاوکات بە نزیک بوونەوە لە هەڵبژاردنەکانی ئەم خولەی پەرلمان و ئەنجۆمەنی شارەزایانی ڕەهبەری(خوبرەگان)، لە ترسی بەهێزبوونی ڕەوتی ڕیفۆرمخواز لەو هەڵبژاردنانەدا لەسەر لاوازبوونی ڕێکەوتنەکە پێداگری دەکەن.
لە ناو بازنەی دەسەڵاتدارانی ئێراندا ئەوانەی وا ئەم ڕێکەوتنە بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەزانن سەرەڕای باسکردن لە نەبوونی شەڕ و کرانەوەی درگاکانی کۆمەڵگای جیهانی، بە گۆڕینی پێناسەی تیرۆریسمی نێودەوڵەتی باس لە چارەسەری کێشە هەرە گەورە ئابوورییەکان و ئازاد بوونی سەرمایە بلۆکە کراوەکان و نەمانی بەربەستەکان دەکەن کە هەمووی ئەمانە ئەتووانێت کۆمەڵگا تا ڕادەیێک و بۆ ماوەیەکی کاتی بێدەنگ و دڵخۆش بکات یان ئەگەری دەربڕینی ناڕەزایی کەم بکاتەوە. بە ڕای ئەوان لابردنی ئەو بەربەستانە وا چەرخی ئابووری ئێرانی لە کار خستووە گیانێکی تازە بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەبەخشێت و بەم دەسکەوتەوە دەتوانن پلانی درێژخایەن لە پێناو سیاسەتی ماننەوەی ڕژیمدا دابڕێژن.
وڵاتانی دەرەوە و ڕێکەوتنی ئەتۆمی
دیارە ئەو دەوڵەتانەی وا لە پرۆسەی ئەم ڕێکەوتنەدا بەشدار بوون و یەکیەتی ئۆروپا، لە زۆربەی تریبونەکانەوە باسی ئەرێنی بوونی ئەم ڕێکەوتنە دەکەن و پێیان وایە بەم ڕێکەوتنەوە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم دەبێتەوە و ئارامی ناوچەکە تا ڕادەیەکی بەرچاو دەپارێزێت. هەروەها ئێران لانیکەم بۆ ماوەی چەند ساڵ دەستی لە گەیشتن بە چەکی ئەتۆمی کورت دەبێتەوە و هاوکات ئاژنسی وزەی ئەتۆمیش چاودێری بەردەوامی بە سەر چالاکیەکانی ئێراندا دەبێت، بەم جۆرە دەتوانن لە ئەگەری پابەند نەبوونی ئێران بە خاڵەکانی ئەم ڕێکەوتنە بڕیاری بایکۆت و تەنانەت هێرشی نیزامیش بۆ سەر ئێران بدەن و هەر بۆیە زۆرینەی دیمۆکراتەکانی ئەمریکا و دەسەڵاتدارانی دەوڵەتانی ئۆرووپی ئەم ڕێکەوتنەیان بە هەنگاوێکی باش و قۆناغێکی نوێ ناوزەد کردوو‌ە.
نەیارانی دەرەکی ڕێکەوتنی ڤییەن کە ئیسراییل و بەشی هەرە زۆری کۆماریخوازەکانی ئەمریکا و هەندێک لە سیاسەتوانانی ئۆرووپیش دەگرێتەوە، پێیان وایە کۆماری ئیسلامی بەم جۆرە کاتی سەندووە تاکوو خۆی ڕێک بخاتەوە و هەنگاو بنێت بۆ ئەوەی دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات. هاوکات چالاکیەکانی لە پشتیوانی تیرۆریسم و بشێوکەنانەوە لە ناوچەکە درێژە پێبدات و کێشە ناوەکییەکانی سەبارەت بە پێشێل کردنی مافی مرۆڤ، ئیعدامەکان و پتر بەردەوام بمێنێت. وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دراوسێکانی ئێران، جگە لە سوریە و عیراق کە وەک هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی دێنە ئەژمار، بەردەوام نیگەرانی خۆیان لەم ڕێکەوتنە ڕاگەیاندووە و پێیان وایە ئێران بەم دەرفەتەوە لە ناوچەکە بە هێزتر دەبێت و بەگشتی مەترسییەکانی بۆ سەر ئاسایشی ئەو وڵاتانە زیاد دەکات. هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تورکیە وعەرەبستان کە بەردەوام لەگەڵ ئێراندا لە کێبەرکێیەک بۆ زلهێزبوونی ناوچەیی دان، لە ڕێژەی سەرەکیترین نەیارانی ئەم ڕێکەوتنەدا بوون و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکاش بە گشتی نیگەرانی خۆیان لە داهاتووی چالاکییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دەربڕیوە.
بیر و ڕای گشتی و ڕێکەوتن
لە ناوخۆی ئێران و بەبۆنەی ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە ماوەی چەند ساڵە داوێنی ئەو وڵاتەی گرتووتەوە، زۆربەی خەڵک دڵخۆشن کە ئەم ڕێکەوتنە ببێتە هۆی ئاڵوگۆڕ و نەمانی بەربەستەکانیش کاریگەرییەکی باش لەسەر دۆخی ژیانییان دابنێت. لە بەرامبەردا لایەنی دەسەڵات نیگەرانە لەوەی کە ئەم ڕێکەوتنە ببێتە دەروازەیەک بۆ بەرزبوونەوەی خواستی گشتی و ئاستی داواکارییەکانی کۆمەڵگا و جەماوەری خەڵکی ئێران بەرز کاتەوە. هەروەها نایانەوێت ئەم ڕێکەوتنە وەکوو سەرکەوتنێک بۆ «حەسەن ڕوحانی» و بە گشتی ڕیفۆرمخوازان چاوی لێ بکرێت و لە داهاتوودا ببێتە هۆی بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینەی پەرلمان و پێگەی جەماوەری ئەو لایەنە بەرز کاتەوە.
کۆمەڵگای ئێران لە بەر نەبوونی کۆدەنگی و ئاڵترناتیڤێکی گشتگیر و بەهێز لە ناو ئۆپۆزۆسیون، بەردەوام لە ناو بازنەی کۆماری ئیسلامیدا بە دوای دۆزینەوەی دەرگایەک بەرەو گۆڕین یان لانیکەم باشتر بوونی دۆخەکە دەگەڕێن و بەو دڵخۆشیەوە کە پەیوەندی ئێران لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا دەبێت بە دەسپێکی گۆڕانکاری و بەدەستهێنانی ئازادی لە بوارەکانی دیکەدا و هێدی هێدی ئاستی داخوازەکانیان دەگۆڕن. هاوکات سەرۆک کۆماریش وەک کەسێک کە ئاڵای چاکسازی هەڵکردوە ناتوانێ وەڵامدەر نەبێت، بەڵام لەبەر کەم دەسەڵاتی و بڕوای ریفۆرمخوازان بە بنەماکانی «کۆماری ئیسلامی» توانای چاکسازی نییە و بنەماکانی دەسەڵاتی ئێستای ئێرانیش ڕێگە نادات کە خواستی خەڵک بێتە دونیای واقیعەوە، هەر بۆیە لە پاش ماوەیەک دڵساردبوونەوەی خەڵک لە ریفۆرمخوازەکانی لێ دەکەوێتەوە و ئەگەری سەرهەڵدانی بزووتنەوە جەماوەرییەکان زۆرتر دەبێت. دیارە کۆماری ئیسلامی لە پێش ئەم ڕێکەوتنەوە خۆی بۆ بەرەنگاری لەگەڵ ئەم سەرهەڵدانە تەیار کردووە و دەیەوێت بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی ئیعدامەکان، کوشتن و گرتن و گوشارهێنان بۆ سەر چالاکانی سیاسی، مەدەنی و ڕۆشنبیران و خەڵکی سڤیل، ڕادەی سەرکوتی کۆمەڵگا بباتە سەرەوە و ڕێگا بەم سەرهەڵدانە بگرێت.
ئەگەرچی بیروڕای گشتی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا دژایەتییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ئەم ڕێکەوتنە نەبووە، بەڵام متمانەیشی بە کۆماری ئیسلامی نەکردوە و بە بڕوای زۆرینەی سیاسەتوانان و ڕۆژنامەنووسان و لێکۆڵەران، ئەگەری زۆرە ڕژیمی ئێران لە داهاتوودا خاڵەکانی ئەم ڕێکەوتنە پێشێل بکات و بە دووای مەجالێکدا بێت بۆ درێژەدان بە چالاکییە ئەتۆمیەکانی. سەرەڕای پێداگری کاربەدەستانی وڵاتانی زلهێز و یەکیەتی ئورووپا لەسەر ئەوی کە بەردەوام بژاردەکانی دیکەش لە بەر دەستدایە، مێژووی ٣٦ ساڵەی کۆماری ئیسلامی ڕێگە نادات کۆمەڵگای جیهانی بە گشتی لەم ڕێکەوتنە و نەمانی ئەگەری «ئاخۆندی ئەتۆمی» و هەڵگیرسانی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دڵنیا بێتەوە. زۆرکەس باس لەوە دەکات کە کۆماری ئیسلامی بە دووای لابردنی بەربەستەکان و باشتربوونی دۆخی ئابوورییەکەی، پشتیوانی کردن و چالاکییە تیرۆریستییەکانی لە ناوچەکە پەرە پێدەدات و بە پشت بەستن بە هاوپەیمانانی ڕێگە نادات تاکوو ئارامی بگەڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەمان کاتدا بە سەرکوت و کوشتنی ناڕازیانی ناوخۆیی و تێرۆری دژبەرانی، ئاستی ئازادیەکان و مافی مرۆڤ بۆ خەڵک خراپتر دەکات.
وتەی کۆتایی
ئەم ڕێکەوتنە بە وتەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی واژۆکەری ڤییەن، تەنیا لە چوارچێوەی کێشەی ئەتۆمی ئێران دایە و چاوەڕوانی زیاتری لێناکرێت، بەڵام لە پەراوێزدا، ئێران ڕۆژئاوا دڵنیا دەکاتەوە ئەمنیەتی وڵاتانی ئەوان و هێزەکانیان لە ناوچەکە بپارێزێت و ئەوانیش ئێران دڵنیا دەکەنەوە تاکوو لە هەمبەر بارودۆخی ناوخۆیی ئەو وڵاتە و پێشلکردنی مافی مرۆڤ و چۆنییەتی حوکمڕانی مەلاکان و سپای پاسداران بە سەر خەڵکدا چاودابخەن. دڵخۆشی بەم ڕێکەوتنە ناتووانێت جگە لە باش بوونی دۆخی ئابوری ئێران ئەویش بۆ ماوەیێک و تا ڕادەیێک هیچ دەسکەوتێکی بۆ خەڵک و باش بوونێکی ئازادییەکانی بە دوواوە بێت.

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …