سێ شه‌ممه‌ 23 نیسان 2024

قاسم سولەیمانی سەبارەت بە بارزانی پەیامیكێ بە یەكێتی و گۆڕان گەیاندووە

قاسم سولەیمانی بە هێرۆ ئیبر‌اهیم ئەحمەد و نەوشیروان مستەفای وتووە “لەو بڕوایەداین کە پێویستە مەسعود بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە”. فەرماندەی هێزی قودس-ی سوپای پاسدارانی ئێران، کە چەند رۆژێک بە سەردان لەنێوان هەولێر و سلێمانی هاتوچۆی دەکرد، لەگەڵ سەرکردەکانی هەریەکە لە یەکێتی و گۆڕان و پارتی کۆبووەتەوە و هەڵوێستی دەوڵەتی ئێرانی سەبارەت بە کێشەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێڕاگەیاندوون.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کۆبوونەوەکان لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووه: “قاسم سولەیمانی لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ هەریەکە لە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و کۆسرەت رەسووڵ و بەرهەم ساڵح، هەروەها لەگەڵ نەوشیروان مستەفاش کۆبووەوە و پێیڕاگەیاندن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ مانەوەی بارزانیدایە لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان”.

سەرچاوەکەی رووداو لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەوەشی ئاشکراکرد کە سولەیمانی بە سەرکردەکانی یەکێتی و گۆڕانی وتووە: “کاتی ئەوە نییە هەرێمی کوردستان بە قەیرانی وەکو ئەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە سەرقاڵ بکرێت و پێویستە هەموو تواناکان یەکبخرێن بۆ شەڕی دژی داعش و ئەو تەحەدییانەی دیکە کە لەبەردەم هەرێمی کوردستاندان. چونکە ناوچەکە بەگشتی پێویستی بە ئارامییە و ئێرانیش لەگەڵ ئەو ئارامییەدایە”. هەروەها سولەیمانی گوتوویەتی: “راست نییە کەسایەتییەکی وەکو مەسعود بارزانی بشکێندرێت و بخرێتە نێو ئەو جۆرە گەنگەشانەوە کە ئێستا لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دروستکراوە”.

بەپێی زانیارییەکانی رووداو سولەیمانی دوو جار، بەر لە چوونە سلێمانی و دوای گەڕانەوەی، سەردانی هەولێری کردووە و لەگەڵ هەریەکە لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە. لەو سەردانانەدا سولەیمانی هەمان هەڵوێست کە بە سەرکردایەتیی یەکێتی و گۆڕانی راگەیاندووە، بۆ هەردوو بارزانیشی دووپاتکردووەتەوە.

حەسەن باوەفا، جێگری سەرکۆنسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەبارەی سەردانەکەی سولەیمانی بۆ هەرێمی کوردستان، بە هەفتەنامەی (رووداو)ی راگەیاندووە: “ئاغای سولەیمانی کە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە، باسی مەسەلەی ئاسایشی ناوچەکە دەکات، چونکە دوژمنانی ئێمە ئاسایشی ناوچەکەیان ناوێت”.

سەبارەت بە کێشەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش، باوەفا هەڵوێستی دەوڵەتەکەی روونکردووەتەوە و رایگەیاندووە: “کێشەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کێشەیەکی نێوخۆییە و دەبێ لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان چارەسەربکرێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئێمە پشتگیری لە هەموو لایەنەکان دەکەین”.

قاسم سولەیمانی کێیە؟

 فەرماندەی هێزی قودس-ی سوپای پاسدارانی ئێرانە.

* یەکێک بووە لە فەرماندەکانی شەڕی نێوان ئێران و عێراق لە ساڵانی هەشتا.

* بەهۆی ئازایەتییەوە، ئایەتوڵڵا خامنەیی ناونیشانی “شەهیدی زیندوو”ی پێداوە.

* سەرپەرشتیی پڕچەککردن و بەهێزکردنی حیزبوڵڵای لوبنانی کردووە.

* لە شەڕی ئەفغانستان لەدژی ئەمریکا و هاوپەیمانانی رۆڵی سەرەکیی گێڕاوە.

* لە عێراق لایەنە سیاسییەکان وەکو “فەرمانڕەوای راستەقینەی وڵات” دەیناسن.

* حەزی لە دەرکەوتن لە میدیاکاندا نییە، بەڵام لە شەڕی دژی داعش لە زۆر شوێنی عێراق لەگەڵ چەکدارانی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە و سوپای پاسداران رێگەیداوە بە مۆبایل وێنەی بگیرێت.

* تەمەنی 51 ساڵە و خێزاندارە. * بەرلەوەی بێتە ناو سوپای پاسداران کاری بیناسازیی کردووە.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …