چوار شه‌ممه‌ 9 تشرینی یه‌كه‌م 2024

وردەكاریی چۆنیەتی رۆیشتنی لاوانی رۆژهەڵاتی بۆ نێو داعش ئاشكرا بوو

چەند مانگێكە رۆیشتنی لاوانی كورد بۆ ناو داعش لە چەند شار و شارۆچكەیەكی رۆژهەڵاتی كوردستان زیادی كردووە و رۆژانە هەواڵی رۆیشتنی كەس یان چەند كەسێك بۆ مووسڵ و ناو داعش، لەناو خەڵكی ئەو ناوچانە بڵاو دەبێتەوە.

دوایین ئەو كەسانەی كە لەم هەفتەیەدا رۆیشتوونەتە ناو داعش، دوو كەسن بە ناوەكانی ”حەكیم كاكا“ كە ناوی باوكی (عەزیز)ە، دانیشتووی شاری تازەئابادی سەر بە قەزای سەلاسی باوەجانییە، لەگەڵ كوڕی (حسێن) ناوێك لە شاری تازە ئاباد، كە پێكەوە بەیعەتیان بە داعش داوە و خۆیان گەیاندووەتە مووسڵ.

لە چەند رۆژی رابردوویشدا هەواڵی كوژرانی كوڕی (مەلا رەئوف) خەڵكی شێخ سێڵەی سەر بە سەڵاسی باوەجانی، بڵاو بووەوە، كە مانگی رابردوو لەگەڵ هاوسەرەكەی گەیشتبوونە مووسڵ. هاوسەری ئەو لاوە لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا، داوای لە مەلا رەئوف و بنەماڵەكەی كردووە كە بچنە شوێنی و لە مووسڵ رزگاری بكەن، بەڵام مەلا رەئوف پێی وتووە: ”هیچم پێ ناكرێ و بۆ خۆت لەوێ بمێنێوە“.

كوڕێكی (مەلا عەلی عومەری) كە خوێندكاری زانكۆ دەبێ لە شاری (زابل)ی رۆژهەڵاتی ئێران، پاش دەنگۆی چوونی بۆ ناو داعش، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ئاگادار دەكرێتەوە كە كوڕەكەی نەچووەتە ناو داعش، بەڵكوو چووەتە ناو گرووپی (جیش العدل) كە گرووپێكی توندڕەوی سوننەن لە رۆژهەڵاتی ئێران و لەناو خاكی پاكستانەوە هێرش دەكەنە سەر سپای ئێران و تا ئێستا چەندین پاسداری ئێرانیان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران كوشتووە و چەندین سەربازیان رفاندووە.
مانگی رابردووش لە شاری جوانڕۆ، دوو كوڕی ”ح. نادری“ فەرمانبەری شارەوانی كە خەڵكی گوندی ”ئاڵیاوەكۆن“ن، رۆیشتنە ناو داعش. لە شاری روانسەریش ”موحسین“ كە كارمەندێكی ناسراوی بانكی ”م“ی شاری روانسەر بوو، خۆی گەیاندە ناو داعش و وێنەی خۆی لە شاری مووسڵەوە و لەژێر ئاڵای رەشی داعش بۆ خزمەكانی ناردەوە.

زیاترین ئەو لاوانەی لە شارەكانی سەلاسی باوەجانی و جوانڕۆوە دەچنە ناو داعش، لە ”شەهرەك سەنعەتی“ ئەو دوو شارە كاری فیتەری و رۆنگۆڕین و چاككردنەوەی ئۆتۆمبیل و ماتۆڕ دەكەن.

لەبارەی چۆنیەتیی رۆیشتنی ئەو گەنجانە بۆ ناو داعش، مەلایەكی دانیشتووی سەلاسی باوەجانی كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بێ بە باسنیوزی وتووە: ”بۆ هەر كام لەو لاوانە 60 ملیۆن تمەن (نزیكەی 20 هەزار دۆلار) دەدرێتە چەند كەسێك كە وەك تۆڕێكی بازرگانیی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان كار دەكەن. ئەو كەسانە لە شارەكانی سەلاسی باوەجانی و سنە و ماكۆ و كامیاران و مەریوان و سەقز پەیوەندییان لەگەڵ یەكتردا هەیە.

ئەو مەلایە ئاشكراشی كردووە: ”ئەو چەند لاوەی لەم رۆژانەدا خۆیان گەیاندووەتە مووسڵ، لە لایەن ئەو كەسانەوە لە سەلاسی باوەجانییەوە گەیەنراونەتە شاری سنە و لەوێوە گەیەنراونەتە شاری ماكۆی سەر بە پارێزگای ورمێ. ماكۆ هاوسنوورە لەگەڵ توركیە كە خاڵی سنووری گەشتیارانە لەنێوان ئێران و توركیە و بە خاڵی سنووری ”بازرگان“ ناسراوە. ئەو كەسەی لە ماكۆیە 25 ملیۆن تمەن بۆ هەر لاوێك وەردەگرێ كە رادەستی هاودەستەكەی لە توركیە بكات و لەوێوە دەیانگەیەننە سووریە و دواتر مووسڵ.

كەسێكی تری دانیشتووی سەلاسی باوەجانی وتوویەتی: لە سنووری پەروێزخان و خەسرەوییەوە كوردەكانی رۆژهەڵات دەچنە ناو داعش و حەشدی شەعبی.

ئەو كەسە دەشڵێ: ”ئەو گەنجانە ئەگەر سوننەی سەلەفی بن، لە رێی پەرویزخان و خەسرەوییەوە دەچنە هەرێمی كوردستان، بە بیانووی كاركردن و گەشتیاری و سەردانی خزم و كەسوكار و لەوێوە دەچنە ناو داعش، بەڵام ئەگەر ئەو گەنجانە كوردی شیعەی دانیشتووی شارەكانی كرماشان و ئیلام بن، بە رێكخراو لە لایەن حكوومەتی ئێرانەوە لەو سنوورانەوە دەبرێنە جەلەولا و تكریت و شوێنەكانی تر و وەك میلیشیای شیعە لەژێر چاودێری ژنراڵ (شەهابی فەڕ)، فەرماندەی پێشووی (تیپی ئەنسارولرەسووڵی) شاری جوانڕۆ لەگەڵ داعش دەجەنگن. ژنراڵ شەهابی فەر كە چەند ساڵێك فەرماندەی گشتیی سپای جوانڕۆ و دەوروبەری لە رۆژهەڵاتی كوردستان بووە، ئێستا یەكێكە لە نزیكترین كەسەكانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی سپای قودسی ئێران و راوێژكاری هادی عامری فەرماندەی سپای بەدری عێراقە. ئەم فەرماندەیەی سپای پاسدارانی ئێران، ساڵێكە لە عێراقە و لە نەبوونی قاسم سلێمانیدا، سەرپەرشتیی میلیشیا شیعەكان دەكات.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …