قیڕەقیڕی عەلمانیەت و دین لە کوردستاندا / مەریوان وریا قانع

ئەمڕۆ دووجۆر قیڕەقیڕ و نەڕەنەڕ لە دونیای ئێمەدا بە ئاشکرا دەبیستین، یەکەمیان ھی ئەو مەلا و خوێندەوار و ھێزە ئیسلامییانەیە کە عەلمانیەت وەک شتێکی گڵاو و قێزەون و بەدڕەوشت وێنادەکەن و لەشکرێک گەنجیان لەسەر ئەم ڕوانینە ترسناکە ڕاھێناوە و ئەوەیان لەمێشکدا چەسپاندون کە ئیسلام چارەسەری ھەموو کێشەکانە و دەرەوەی ئیسلامیش بیابانێکی فیکریی و ئەخلاقیی و سیاسیی کاکی بە کاکییە. دووھەمیان، بڕێک لەو خوێندەوار و ڕۆشنبیر و چالاکەوان و ناوەندە عەلمانیانەن کە بەسادەیەکی ترسناکەوە عەلمانیەت بە ھەموو دیاردە و دەسکەوت و بەھا گرنگ و ئینسانیی و یەکسانخواز و مافپەرستەکانی ناو دونیای مۆدێرن، یەکساندەکەن. وەکچۆن ئیسلامییکان ئیسلام بە چارەسەر دەزانن، ئەمانیش عەلمانیەت بە چارەسەر دەزانن. کەسێک ئاگاداری نووسینەکانی من لەسەر دین و عەلمانیەت و لەسەر پەیوەندیی ھەردووکیان بە دیموکراسیەتەوە بێت، ئەو ڕاستییە دەزانێت من نزیکەی بیست ساڵە بەگژ ئەم دوو دیدە ناڕاست و پەڕگیر و سادە و ترسناک و ھەڵە و پڕ ھەڵچوون و قیڕەقیڕەدا، ھەم بۆ ئیسلام و ھەم بۆ عەلمانەیت، دەچمەوە. ئەمەش پەرەگرافێکی کەم لە پێشکەی کتێبی ”دین و دونیا“ کە ساڵی ٢٠١٠ بڵاوبۆتەوە:

”عەلمانیەت و دین
سنووردارکردنی لۆژیکی گشگیریی دینیی و سنووردارکردنی دەسەڵاتە فووتێکراوەکانی دین لە دونیای ئێمەدا، مانای بێنرخکردن و سوکایەتیکردن بە دین نییە، ھەروەھا مانای ئەوە نییە دین ئەرک و وەزیفەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگیی گشتیی نەبێت و لەوەبکەوێت بەشێکبێت لە ژیانی گشتیی کۆمەڵگا. ئەو تێزە عەلمانییە پەڕگیرەی کە باس لە پێویستی پاشەکشە و ھاتنەدەرەوەی دین لە ”مەجالی گشتیی“ کۆمەڵگادا دەکات، نەک تەنھا تێزێکە لەڕووی مێژووییەوە ناڕاستە، بەڵکو ھەڵگری دیدێکی تەواو ناکۆکیشە بە دیموکراسییەت. ئەو ئازادییە بنەڕەتییانەی کە سیستمێکی دیموکراسی بەرگریان لێدەکات، لەوانەش ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی زانیاری، ئازای چاپ و بڵاوکردنەوە، ئازادی بەکارھێنانی تەکنۆلۆژییای جەماوەری پەیوەندیکردن، ئازادیی دروستکردنی کۆڕ و کۆمەڵە، ئازادیی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین، (ئازادیی پۆشینی جل و بەرگ)، کۆمەڵێک ئازدیین بۆ ھەمووان، بە دینیی و عەلمانیی و ئەوانەشەوە کە ھیچ باوەڕ و قەناعەتێکیان نییە (واتە نە دینیین و نە عەلمانیی). ئەم ئازادییانە تەنھا بۆ کەس و بیروبۆچون و لایەن و بیرکردنەوە و تێزە عەلمانییەکان نییە، بەڵکو بۆ ھەمووانە، بە دینی و نادینیشەوە. دیموکراسیەت خۆشی سیستمێکی سیاسیی ئازادە و بۆ ھەموو ھاوڵاتیانی وڵاتە، بە دینیی و نادینییانەوە.
کێشەی ھەرە سەرەکی تیورەی عەلمانیەت لەوەدایە کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان دیموکراسییەت و عەلمانیەت و لەنێوان دروستبوونی دیموکراسیەت و پاشکەشەی دیندا بۆ ”مەجالی تایبەت“ گریماندەکات. کە باس لە دیموکراسییەت دەکات، ڕۆڵی دین لە سیاسەت و لە ژیانی گشتییدا نەفیدەکات. بە مانایەکی دیکە ئەم تیورەیە ئەگەری پێکەوەگونجانی دین و دیموکراسییەت بەیەکەوە، نابینێت. لە دونیای ڕۆشنبیریی و سیاسیی ئێمەشدا ئەم بەستنەوە میکانیکییەی دیموکراسییەت بە عەلمانیەتەوە دیدی باڵادەستە بۆ دیموکراسیەت. من زیاد لە جارێک باسم لە ھەڵەبوونی ئەم دیدە عەلمانییە پەڕگیرە کردوە، ئەمەشم پشتئەستوور بە تێڕامان لە دونیای خۆمان و بە خوێندنەوەی بڕێکی زۆری ئەو ئەدەبیاتە گەورەیەی لە بواری کۆمەڵناسیی و ئینسانناسیی و فیکری سیاسیی و فەلسەفەدا لەسەر ئەم کێشەیە نووسراوە، ئەنجامداوە. ئەمڕۆ ئەدەبیاتێکی زۆر لەو بوارە جیاوازانەدا ھەیە کە ڕەخنەیەکی قووڵ لەو گرێدانە میکانیکییە دەگرن، کە عەلمانیەت و دیموکراسییەت بەشێوەیەکی پەڕگیر بەیەکدییەوە گرێدەدات. ئەوەی ئەمڕۆ بڕێکی زۆر لە لێکۆڵەرەوەکانی ئەو بوارانە لەسەری ڕێکن ئەم ڕاستییە: مەرجنییە دیموکراسیەت ھەمیشە پێویستی بە عەلمانیەت بێت، یان بەبێ عەلمانیەت نەکرێت باس لە بوونی دیموکەاسییەت بکەین، (یان ھێزی دینیی نەتانێت گەمەکەرێکی دیموکرس بێت). لەم خوێندنەوە تازانەدا بوونی عەلمانیەت مانای بوونی دیموکراسیەت ناگەیەنێت، بوونی دیموکراسییەتیش مانای پاشەکشەی دین بۆ ناو ژیانی شەخسی ناگەیەنێت. وەکچۆن دەکرێت ھێزی عەلمانی ھەبێت نادیموکراس و ستەمگەربێت، دەکرێت ھێزی دینیش ھەبێت باوەڕی پتەوی بە دیموکراسیەت و لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و ڕێزگرتنی مافە بنەڕەتییەکانی ئینسان و مافی یەکسانی گروپە جیاوازەکان، ھەبێت. بەڵام ئەم گونجانەی دین و دیموکراسییەت گونجانیکی بێمەرج و خۆبەخۆ نییە، دین بۆ ئەوەی ببێت بە بەشێک لە سیستمی دیموکراسی دەبێت واز لە یەکێک لە تەماحە گەورەکانی بھێنێت، تەماحی ئەوەی ھەقیقەتەکانی خۆی وک ھەقیقەتی موتڵەق بخاتە ناو فەزای گشتیی کۆمەڵگاوە. ئەو خاڵەی کە دەبێت ھەمووان لێیەوە دەستپێبکەن، ھەم دینییەکان و ھەم نادینییەکان، تێگەیشتنە لەو ڕاستییەی کە ”ھەقیقەت“ی ھەر لایەنێک لە لایەنەکان، کاتێک دەچێتە ناو فەزای گشتیی کۆمەڵگاوە و دەبێتە بەشێک لە فەزای سیاسیی، پێوسیتە ئەو ڕاستییە قبووڵبکات کە ھەقیقەتەکانی ئەو تەنھا تەنھا ڕایەکە لەناو کۆمەڵێک ڕای دیکەدا. گۆڕانی ھەقیقەتی دینیی بۆ ڕا، یان تەرجەمەکردنی ئەم ھەقیقەتە بۆ ڕا لەناو ”مەجلی گشتیی“دا ئەو پێشمەرجەیە کە دیموکراسیەت و دین بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئەمەش مانای ئەوەی ھەمووان ئامادەبن و بەعەمەلیش خەریکی ئەوەبن واز لەوە بھێنن بە موتڵەقی باس لە خۆیان و بیروبۆچون و بەرخوردەکانیان بکەن و لەباتی ئەمە ھەموو ئەم شتانە بخەنە ناو ئەو گەمە و ململانێ سیاسییانەوە کە دیموکراسیەت دەکاتە سیستمی ھەقیقەتە ڕێژەییەکان.“

بابەتی هاوپۆل

قفس، یادداشت چهارم: پیش‌بند “به یاد سپیده فرهان”

مژگان کاوسی تا کنون دو بار بازداشت شده‌ام و هر دو بار در خانه‌ی خودم؛ …