به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بیمه‌ی شاری پیرانشار سه‌ر به پارێزگای ورمێ رایگه‌یاندووه بیمه‌ی ئه‌و خوێندکاره کچانه‌ی له رووداوی سووتانی قوتابخانه‌ی ئاوایی شیناوێ بوونه‌ته قوربانی به هۆی کچ بوونیانه‌وه نیوه‌ی بیمه‌ی که‌سێک ده‌بێت.
دوای تێبپه‌ڕبوونی زیاتر له ساڵ‌ونیوێک به سه‌ر سووتانی قوتابخانه‌ی ئاوایی شیناوێ له پیرانشار، تا ئێستاش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی بیمه‌ی ئه‌و پارێزگایه مافی بیمه‌ی خوێندکارانی نه‌داوه، به‌ڵام به‌دواداچوونی پارێزه‌ری ئه‌و خوێندکارانه به ناوی ‘حسه‌ین ئه‌حمه‌دی نیاز’ به‌تازه‌ی رایگه‌یاندووه که به‌ڕێوه‌به‌رێتیی بیمه‌ی پیرانشار پێیان وتووه بیمه‌ی کچه‌کان نیوه‌ی که‌سێکی ئاسایی ئه‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کچنو کچ له یاسای ئێران‌دا مافی نیوه‌ی بیمه‌ی بۆ دیاریکراوه.
ناوبراو راشی گه‌یاندووه منداڵانی قوربانیی شیناوێ ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان له‌مه‌ڕ به‌نیوه کردنی مافی بیمه‌یان ده‌ربڕیوه‌و چاوه‌ڕێی وڵامن.
قوتابخانه‌ی شیناوێ سه‌رماوه‌زی 1391 به هۆی ته‌قینه‌وه‌ی کوره‌ی ناو قوتابخانه‌که گڕی گرت‌و له ئاکامیدا 28خوێندکاری کچی پۆلێک بریندار بوون‌و 2که‌سیشیان به ناوه‌کانی ‘سه‌یران یه‌گانه’و ‘سارینا رهسوڵزاده’ گیانیان له‌ده‌ستدا. دوابه‌دوای ئه‌و رووداوه ناره‌زایه‌تییه‌کی زۆر دروست بوو، به‌ڵام تا ئێستاش مافی ئه‌و منداڵانه نه‌دراوه‌و هه‌ر دوو پارێزه‌یان واته عوسمان موزهیهنو حسه‌ین ئه‌حمه‌دی نیاز سوورن له سه‌ر داکۆکیکردنی مافی ئه‌و منداڵانه.