هاوڵاتیەكی كوردی خەڵكی شاری پیرانشار لە رۆژهەڵاتی كوردستان نزیك بە 70 رۆژە لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەكانەوە دەستگیر و تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.
بە پێی راپۆرتی كۆمەڵەی چالاكانی مافی مرۆڤ لە ئێران، ئازاد ئەرزەن نزیك بە 70 رۆژ لەوەپێش لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەكانەوە لە زێدی خۆی واتە شاری پیرانشار دەستبەسەر و گواسترایەوە بۆ شوێنێكی نادیار.
ئەم هاوڵاتیە كوردە تا ئێستا نەیتوانیەوە لەگەڵ بنەماڵەكەی چاوپێكەوتنی هەبێ یان تەنانەت بە تەلەفۆن قسە بكات و تا ئێستاش چارەنووسی نادیارە.
یەكێك لەئەندامانی بنەماڵەی ناوبراو رایگەیاندووە كە، هێزەكانی حكومەت پێیان راگەیاندووین كە ئازاد ئەرزەن بە تۆمەتی هاوكاریی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەستبەسەر و هەتا ئێستاش لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری ورمێ دایە.
هۆكاری دەستبەسەر كردن و تۆمەتەكانی سەر ئەو هاوڵاتیە كوردە هەتا ئێستاش نادیارە و لەو بارەوە هیچ زانیاریەك لە بەردەستدا نیە.