چوار شه‌ممه‌ 17 نیسان 2024

کۆمەڵەی زەحمەتکێشان: دیاڵۆگی یەکگرتنەوەمان لەگەڵ حیزبی کۆمەڵە شكستی هێنا

دوای ماوەی نۆ مانگ وتووێژو دیاڵۆگ بۆ یەکگرتنەوەی دوو باڵی کۆمەڵە، لە راگەیەندراوێک‌دا کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی عومەر ئیلخانی‌زادە رادەگەیەنن کە هەوڵەکانیان بۆ یەکگرتنەوەی دوو باڵی کۆمەڵە لە ئێستادا لەگەڵ حیزبی کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەبدوڵڵا موهتەدی نەگەیشتە ئاکام‌و پرۆسەکە شکستی هێناوە.

دەقی راگەیەندراوەكە:
ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سەبارەت بە پرسی یەکگرتنەوە
خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخواز!
هاوڕێیانی کۆمەڵە، چالاکوانانی سیاسی!
هەموان ئاگادارن کە دوای دابڕانی ساڵی ٢٠٠٧ لە ناو ریزەکانی کۆمەڵە، سەرەنجام دوای چەندین هەوڵی دڵسۆزانەو، بڕیارنامەی کۆنگرەی ١٢ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان‌و پلێنۆمەکانی و، بریاری کۆنگرەی ١٤ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠١٣، وتووێژێک بۆ رێکخستنەوەی ماڵی کۆمەڵەو هێنانەوە مەیدانی کۆمەڵەیەکی بەرین، لە نێوانماندا دەستی پێکرد.
هەروەک پێشوتر باسمان لێکردبوو، لە یەکەمین راگەیاندنی هاوبەشی نیوانیشماندا بەڵێنمان دابوو کە: هەنگاوەکانی دواتری ئەم پڕۆسەیە بە ئاگاداری هەموان بگەیەنین. تەواوی ئەم ماوەیە خەڵک و دڵسۆزان هەم بە پەرۆش‌و، هەم بەدڵخۆشییەوە روانیویانەتە ئەم پڕۆسەیە. ئێستاش بۆ ئاگاداری هەموان، سەرنجتان بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە رادەکێشین:
١. دوای هەشت مانگ وتووێژی نێوانمان، لە هەموو رەدەکانی رێبەریی حیزبی، هەنگاوی دڵخۆشکەرمان نا و، رێککەوتین ئەم دوو لایەنە لەسەر دوو تەوەرەی: یەکەم: جۆرو شێوازی حیزبایەتی لە کۆمەڵەی داهاتوو، دووهەم: سیاست‌و پڕۆگرامی کۆمەڵەی یەکگرتوو، دیالۆگ دەست پێبکەین. بڕیار بوو دوای بردنی ئەم باسانە بۆ نێو ریزەکانی حیزبیمان، چەندین کومیسیۆنی هاوبەش لە ئۆرگانەو دامەزراوەکانی ناوەندیی، پێکبێنین. تا لە کردەوەدا یەکگرتوویی لەسەر سیاسەت‌و شێوازی حیزبایەتی لە ریزەکانمان وەدی بێنین و، سەرئەنجام لە کۆنگرەیەکی هاوبەشدا رەسمیەت بدەین بە یەکخستنەوەی ئەم دوو لایەنە.
٢. ئیمە لەم ماوەدا هەموو ریزەکانی حیزبی خۆمان لە ناوەوە (رێکخستنی نهێنی)، دەرەوەی کوردستان و باشوور، لە دیالۆگی نیوانمان ئاگادار کرد و تێکۆشاین تا کارێک بکەین ئەم ساردیەی کەوتبوە ناو ریزەکانی ئەم دوو لایەنە، وەلا بنرێ و روحیەی کاری هاوبەش زیندوو کەینەوە و  پەرەی پێبدەین. بە پێچەوانە، زوو بینیمان کە ئەمجۆرە ئاگاداریانە لە لایەن رێبەریەکەیانەوە بە ریزەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، نادرێ. ئێمە خوازیاری سمیناری هاوبەشی کادرو ئەندامانی دوو لایەن لە دەرەوەو لە باشووری کوردستان بووین کە، سەرەتا بە خشکەیی خۆیان لێدزیەوەو، دواتر بە رەسمی گوتیان لەگەڵی موافیق نین و نەبوون. ئێمە هەر لە راگەیاندنەکەی ئەوان لە ڕۆژی کۆمەڵەدا، هەستمان بەم نەزەر گۆڕین و خۆدزینەوەیە کردو، رەسمەنیش پێمان راگەیاندن‌و نارەزایەتی خۆمان دەربرێ. جیا لەوانە، پێشتریش دلسۆزانەو لە دانیشتنی رەسمی‌و نێوخۆیی، لە دەرکردنی دوو کادری کۆمەڵە (هاورێیان خالید سیادەت‌و محەممەد موهتەدی) کە نزیکەی چوار دەیە تێکۆشانیان بووە، رەخنەمان لێگرتن‌و داوامان کرد حوکمەکەیان هەڵبوەشێننەوە. ئەم کارەیان لەم کاتەدا بۆ بێدەنگ کردنی نارازیانی نێو خۆیان بوو کە لە ریزەکانیان نارەزایەتی بەرینی لێکەوتەوە.
سەرەڕای دیتنی ئەم دیاردانە بەرانبەر بە خۆمان و، تەنانەت دژ بە کادری دێرینی ناو ریزەکانی خۆشیان، ئەویش لە کاتی دیالۆگ بۆ سازدانەوەی کۆمەڵەیەکی چەپی شۆڕشگێڕ، هەوڵەکانمان بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەکە نەوەستاند. لە پڕداو، دوای ماوەیەک وەستانی وتووێژی هەیئەتەکانی نێوانمان‌و دوای نۆ مانگ، لە وەڵامی نەخشەرێگاکەی ئێمەدا کە نزیکەی هەشت مانگ پێشتر پێیاندرابوو، بەشێکی دیالۆگمان بە پێی ئەم نەخشەرێگایە ئەنجام دابوو، ئەوان نەخشە رێگایەکیان نارد کە بە قەولی کوردی “هەموو ریسەکەی کردەوە بە خوری”..

نامەکەی رێبەریی حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، ناوەڕۆکەکەی (دواتر هەرتک نەخشەرێگا بۆ رای گشتیی بڵاودەکەینەوە)  بریتی بوو لە:  “قبوڵکردنەوەی کادرو ئەندامانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان”، چونە ژێر پێڕەوی ناوخۆو پڕۆگرامی ئەوان، وەرگرتنی دارایی‌و ئیمکاناتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، گرتنی کۆنگرەیەک کە بە بڕیاری خۆیان دەبەسترێ. ئەم نەخشەرێگایە لە رێکەوتی یەکی ئایاری ٢٠١٤ نوسرابوو، بەڵام رێکەوتی چواری مانگی حەوت گەیشتە دەست ئێمە. ئێمەش هەر ئەو ڕۆژە وەڵاممان دانەوە کە: رازی نین بەم نەخشەرێگایەو بە پێچەوانەی هەموو تەوافوقاتی هەشت مانگ دیالۆگ‌و دانیشتنەکانی نێوانمانەو، بۆمان نوسین لە راستیدا ئەم جارەش پرۆسەی یەکگرتنەوەو بڕیاری کۆنگرەی خۆشیان لەبار برد. دوای ئەوەش بە گرینگی مەسەلەکە، دوو مانگی دیکەش سەبرمان کرد تا بەڵکوو مەجالمان دابێ و بێنەوە سەر ئەم دۆخەی لە نێوانماندا ساز ببوو.
٣. لەم ماوەدا و تا ئێستا نەک هەر حازر نەبوون پێداچوونەوە بکەن، زۆر بە داخەوە چاوەرواننەکراو، رەخنەی ناوخۆیی ژمارەیەکی بەرچاو لە رێبەری‌و دەفتەری سیاسی پێشویان کە لە سیما ناسراو و چالاکەکانی ناو کۆمەڵەن، لەمەڕ هەڵوێستی نارەزایەتیان بۆ بە بنبەست گەیاندنی پرسی یەکگرتنەوە، بە دەرکردن وڵامدایەوە. تەنانەت لە ئەندامانی کومیتەی ناوەندی ئێستاشیان کەسانێک بۆ دەربڕینی نارەزایەتی بەم پاکتاوکردنە، لە کومیتەی ناوەندیی ئیستعفایان‌داو لێشیان قبووڵ کردن. بەمجۆرە لەم هەلومەرجەدا قەیرانێکی نوێیان دروست کرد کە بەداخەوە غەیری زیانگەیاندن بۆ کۆمەڵە، حاسڵێکی دیکەی نابێ و نیەتی.
٤. دوای هەشت نۆ مانگ دیالۆگ لەگەڵ ئێمەو، کردەوەی بێبەزییانەیان بەرانبەر بە هەموو کۆمەڵە و ریزەکانی خۆیان، دەریخست کە ئەم رێبەریەو شەخسی کاک عەبدوڵڵای موهتەدی، ئەگەر بۆ سڕینەوەی ئاسەواری کۆمەڵەیەکی چەپ‌و شۆڕشگێڕ قوڵی لێهەڵماڵیبوو، یەکگرتنەوەی ریزەکانی کۆمەڵەش بە زیانی سیاسەتی لادان لە کۆمەڵە دەبینێ‌و بۆیەشە لەگەڵ هەموو بەشەکانی کۆمەڵە خۆی خستۆتە دژایەتی‌و نەسازان. بەوەشەوە نەوەستاوە، بۆ حەزف‌و سڕینەوەی هەموو ئەم کەسایەتی‌و کادرانە تێدەکۆشێ کە سوننەت‌و رێبازی کۆمەڵەیان لە ناودا ماوە‌و چۆک بۆ بێ‌ناوەرۆک کردنی کۆمەڵە دانادەن. بە بڕوای ئێمە ئەم رێبەریە، بەم کردەوە‌و سیاسەتانە، جیا لە تێکدانی کۆمەڵە بە ناوەرۆک‌و رێبازو، خۆهەڵاواسین بەم ناوەوە، هیچی دیکەی لێ‌ناوەشێتەوە(ئێمە دواتر‌و لە کاتی خۆیدا زۆرتر لەم بارەوە دەدوێین).
٥. پێمانوایە ئەم کردەو و سیاسەتانە بە زیانی کۆمەڵەیە‌و، هاوخەمی‌و دڵسۆزی کادر‌و تێکۆشەرانی ناو کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، دەیسەلمێنێ لە کار‌و هەوڵەکانمان بۆ یەکگرتنەوەی ریزەکانی کۆمەڵە، بە هەڵە نەچوین‌و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بە تەنیا ماڵی ژمارەیەک کەس لەم رێبەریە نییە. کردەوی رێبەریی حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، نەک شلمان ناکاتەوە لە بڕیاری پێشوی خۆمان بۆ سازدانەوەی کۆمەڵەیەکی تێکۆشەر‌و چەپ‌و کوردستانیی، بە پێچەوانە سورترمان دەکات تا دەست بنێینە ناو دەستی هەموو تێکۆشەرێکی ریزەکانی کۆمەڵەو، بە ئیرادەیەکی پتەوتر لە جاران، بۆ یەکخستنەوە‌و گەورەکردنەوەی ماڵی کۆمەڵەو، پوچەڵکردنەوەی سیاسەتی ناڕەوای رێبەری ئەم حیزبە، تێبکۆشین. دڵنیاین ئاوات‌و هیوای ئاڵقەی بەرینی کۆمەڵە‌و خەڵکی چەوساوەی کوردستان، گەورەترین هیزە بۆ وەدیهێنانی ئەم ئامانجە.
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٣١. ٨. ٢٠١٤ زایینی
٩ خەرمانانی ١٣٩٣ هەتاوی

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.