شه‌ممه‌ 23 تشرینی دووه‌م 2024

پەیامی مەسعود بارزانی لەپاش راگەیاندنی سەربەخۆیی كاتی رۆژئاوای كوردستان

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەپەیامێکدا سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان،  دەڵیت ئەم كارەی پەیەدە ئەگەر دەستكەوتێكی نەتەوەیی لێ كەوتبایەوە چاوپۆشی لێ دەكرا بەڵام ئەوەی ڕوویداوە تەنیا بریتییە لە پاوانكردنی ڕۆژئاوا.

“مەسعود بارزانی” سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستانەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە‌و لە پەیامەكەدا هاتووە: لەسەر بارودۆخی ڕۆژئاوا‌و ڕۆڵی هەرێم زۆر لێدوانی جیاجیا‌و ناڕاست دراوە و، هەندێ لایەنیش كەوتنە بازرگانیكردن بەم بابەتەوە‌و لە مەسەلەی داخستنی سنوور دەستیان پێكرد، ئەوە لە حاڵێكدا بوو كە سنوور هیچ كات بۆ هاوكاری‌و كاروباری مرۆڤی دانەخرابوو داشناخرێت، ڕاستە ئێمە زۆر تێبینیمان لەسەر سیاسەت‌و ڕەفتاری پەیەدە هەیە، بەڵام پێمان خۆشە بگەڕێنەوە بۆ كۆدەنگیی كوردی، چونكە تاكڕەویی نە سوودی بۆ ئەوان هەیە نە بۆ گەلی كورد.

دەقی پەیامەكە:
پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان
دوای ڕووداوەكانی سووریا پێمان وابوو دەرفەتێكی زۆر باش بۆ گەلی كورد لە ڕۆژئاوا هاتووەتە ئارا بۆ ئەوەی پاش دەیان ساڵ نكۆلیكاری‌و بێبەشبوون لە مافی هاووڵاتیبوون كۆتایی بە نەهامەتییەكان بێت‌و مافی گەلی كورد لەو بەشەی كوردستاندا مسۆگەر بكرێت. لەسەر بارودۆخی ڕۆژئاوا‌و ڕۆڵی هەرێم زۆر لێدوانی جیاجیا‌و ناڕاست دراوە و، هەندێ لایەنیش كەوتنە بازرگانیكردن بەم بابەتەوە‌و لە مەسەلەی داخستنی سنوور دەستیان پێكرد. ئەوە لە حاڵێكدا بوو كە سنوور هیچ كات بۆ هاوكاری‌و كاروباری مرۆڤی دانەخرابوو‌و داشناخرێت.

ڕاستە ئێمە زۆر تێبینیمان لەسەر سیاسەت‌و ڕەفتاری پەیەدە هەیە بەڵام پێمانخۆشە بگەڕێنەوە بۆ كۆدەنگیی كوردی، چونكە تاكڕۆیی نە سوودی بۆ ئەوان هەیە نە بۆ گەلی كورد. بۆ ئەوەی ڕاستییەكان دیار بن‌و جەماوەری كوردستان لێی ئاگادار بن بە پێویستمان زانی ڕاستییەكان بكەونە بەر دەستی خەڵكی كوردستان. مەبەستی منیش پەرۆشییە بۆ ئاییندەی خوشك‌و براكانمان لە ڕۆژئاوا‌و دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ دۆخەكەی ئێستای ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی لەمە خەراپتر نەبێت.

هەر لە سەرەتا زۆر هەوڵماندا گشت توانا سیاسی‌و دیپلۆماسییەكانی هەرێم بۆ یارمەتیدانی خوشك‌و براكانمان لە ڕۆژئاوا بەكار بهێنین‌و سوود لەو دەرفەتە وەربگیرێت كە بۆ گەلی كورد ڕەخساوە. لە 28ـی 11ـی 2011 بە شەخسی بەشداری یەكەمین كۆبوونەوەی لایەنە كوردییەكانی سووریا بووم‌و پێم گوتن ئێوە برای ئێمەن‌و ئامادەین هاوكاریتان بكەین بە مەرجێك ئێوە پێكەوە بن‌و هەر بڕیارێك بیدەن پشتگیریتان لێدەكەین چ بەرانبەر بە ڕژێم چ بەرانبەر بە ئۆپۆزیسیۆن.

گەلی كورد لە ململانێی نێوان ڕژێم‌و ئۆپۆزیسیۆندا بێلایەن بوو‌و تەنیا دەبوایە هەوڵی وەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی‌و دیموكراتییەكانی خۆی دابا. نە ڕژێم‌و نە ئۆپۆزیسیۆن وەڵامێكی ئیجابیان دەربارەی مافەكانی كورد نەبوو. بۆیە پێویست بوو هەموو لایەنە كوردییەكان یەكبگرن‌و ببنە خاوەنی گوتارێكی سیاسی یەكگرتوو.

ئەوە بوو لە 11ـی 7ـی 2012 دەستەی باڵا بە پێی ڕێككەوتننامەی هەولێر دامەزرا بۆ ئەوەی گەلی كورد وتارێكی سیاسیی هاوبەشی هەبێت بۆ ئێستا‌و دواڕۆژی سووریا. جێگەی داخە لایەنی پەیەدە سەرباری سوودوەرگرتنی لە ڕێككەوتنی هەولێر ئامادە نەبوو پابەندی بێت‌و هەموو لایەنەكانی بەلاوە نا‌و هەوڵیدا بەزۆری چەك‌و بە ڕێككەوتنی نهێنی لەگەڵ ڕژێم خۆی بكاتە ئەمری واقعی سەربازی. باسی ئەوەش دەكەن كە شۆڕشیان لە ڕۆژئاوا بەرپا كردووە بەڵام كام شۆڕش‌و لە دژی كێ؟ ئەوان تەنیا ناوچەكانیان لە لایەن ڕژێمەوە ڕادەست كراوە.

لە ڕاستیدا ئەم كارەی پەیەدە ئەگەر دەستكەوتێكی نەتەوەیی لێ كەوتبایەوە چاوپۆشی لێ دەكرا بەڵام ئەوەی ڕوویداوە تەنیا بریتییە لە پاوانكردنی ڕۆژئاوا لە لایەن پەیەدە ئەوەیش بەسوودوەرگرتن لە ڕێككەوتنی هەولێر‌و یارمەتیی ڕژێم كە یاریكردنێكی مەترسیدارە بە چارەنووسی گەلەكەمان لە ڕۆژئاوا. پەیەدە هەر بە پاوانكردن نەوەستا بەڵكو كەوتە كوشتن‌و گرتنی ئەندامانی حزبەكانی تر.

من بەرانبەر بە ئاییندەی ڕۆژئاوای كوردستان نیگەرانم‌و ئەو ترسە لە ئارادایە كە ئەم دەرفەتە زێڕینە لە دەست كورد بچێت. چونكە ڕژێم هیچ دانی نەناوە بە مافی كورد لەبەرانبەر ئەو هاوكارییەی پەیەدە پێشكەشی ڕژێمی كردووە‌و لایەنی ئۆپۆزیسیۆنیش، كورد بە بەشێك لە ڕژێم هەژمار دەكات‌و ئەوەشیان كێشەی جددی بۆ گەلەكەمان لە داهاتوودا دروست دەكات. هەر لەسەرەتای ڕووداوەكانی سووریا بڕیار ئەوە بوو كورد خۆی تووشی شەڕ نەكات‌و ئەگەر هێرش هاتە سەر كورد بەرگری لەخۆیان بكەن. بەڵام پەیەدە گەلەكەمانی تووشی شەڕێك كرد كە نە شەڕی كورد بوو‌و نە لە قازانجی كورد بوو. ئەو شەڕە بووە هۆی ئاوارەبوونی دەیانهەزار هاووڵاتیی كوردی ڕۆژئاوا. ئەوان دژی كۆدەنگیی نەتەوەیی وەستانەوە‌و تەنانەت ئاڵای كوردستانیشیان لە ڕۆژئاوا قەدەغە كرد.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیەدە تاكلایەنانە ئیدارەی خۆی لە ڕۆژئاوا ڕاگەیاندووە‌و ئەوەش تاكڕۆیەكی ئاشكرا‌و پەراوێزخستن‌و بەلاوەنانی حزبە كوردییەكانی دیكەیە. ئێمە داكۆكی لەسەر هەڵوێستی خۆمان دەكەینەوە‌و تەنیا پشتگیریی ئەم هەنگاوانە دەكەین كە هەموو لایەنەكان پێكەوە بڕیاریان لەسەردا بێت‌و مامەڵە لەگەڵ بڕیاری تاكلایەندا ناكەین.

هیوادارم گۆڕانكارییەكان لە ئاییندەدا لە بەرژەوەندیی گەلی كورددا بن‌و ئامۆژگارییشم بۆ هەموو لایەنە كوردییەكان‌و پەیەدەش ئەوەیە كە لە بەرژەوەندیی گەلەكەمانە بەیەكەوە بن‌و بگەڕێنەوە بۆ بنەماكانی ڕێككەوتنی هەولێر. بە دڵنیاییەوە ئەمەیان باشترین ڕێگەیە‌و لەهەموو بارودۆخێكدا پێگەی كورد لە سووریا بەهێزتر دەكات‌و ئێمەش بەهەموو توانایەك پشتگیرییان دەكەین. هەموو لایەنەكان بۆ ئێمە وەك یەكن‌و خوشك‌و برای ئێمەن. دەمانەوێت بە مافی خۆیان بگەن‌و خۆیان خاوەنی بڕیاری خۆیان بن. ئەگەر پەیەدە تووشی لەخۆباییبوون بێت‌و بەردەوام بێت لە پشتكردن لە خوشك‌و براكانی ئەوە بە تەنیا ناتوانێت ڕووبەڕووی تەحەدیات‌و مەترسییەكان ببێتەوە‌و چارەنووسی كوردیش دەكەوێتە ژێر هەڕەشەی جددییەوە. ئەگەر هەموو لایەنەكان نەگەڕێنەوە بۆ ڕێككەوتنامەی هەولێر ئەو كاتە دەستەی باڵایش هیچ مانایەكی نامێنێ‌و پەیەدە خۆی بەرپرسیار دەبێت لە لەدەستدانی دەرفەتی مێژوویی.

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
14ـی 11ـی 2013

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.