بیست و پێنج ساڵ لهمهوپێش فرانسیس فۆکۆیاما تێزی کۆتایی مێژووی هێنایه ئاراوه. پوخته‌ی تێزه‌كه به‌م شێوه‌یه‌یه: پاش داڕمانی سیسته‌می سۆڤیه‌تی بیری سه‌رمایه‌داری که له لیبرالیزم و نیولیبرالیزمدا خۆی ده‌بینێته‌وه بو به بیری باڵا ده‌ست له جیهاندا. بیری نیولیبرالیزم بیری بازاڕی ئازاده، به‌م پێیه ئه‌وه‌ی ده‌بێته ناوه‌ندی کێبرکێ له نێوان وڵاتاندا ئابوریه، نه‌ک ئایده‌لۆژیا یان هه‌ر شتێکی تر. بازاڕ وه‌ك پانتاییه‌ک ئه‌گه‌ری زۆری هه‌یه که ببێته هۆی قازانجی هاوبه‌شی نێوان وڵاتان له بڕی هاوکێشه‌ی زیان به‌رامبه‌ر قازانج، ئه‌مه به تایبه‌ت بۆ په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی. هه‌رچی په‌یوه‌ندی ناوه‌كیه ئه‌وا کیشهكان زیاتر له رێگای دیموکراسیه‌وه چاره‌سه‌ر ده‌كرێت. به‌م پێیه له جیهاندا کێشه نامێنێت که ببێته هۆی ململانێی گه‌ردوونی. ئه‌مه به مانای ئه‌وه نایه‌ت که له دونیادا هیچ کێشه‌یه‌ك بوونی نامێنێت، به‌ڵکو هێشتا کێشه و ململانێ زۆر ده‌مێنێت، له هه‌رکوێ کێشه و ململانێ هه‌بێت ئه‌وا هێشتا له قۆناغی مێژوودان. به‌ڵام بوونی ئه‌م کێشانه نابێته هۆی کاریگه‌ری به‌رفراوان له سه‌ر ڕه‌وشی سیاسه‌ت له جیهاندا، به‌ڵکو کێشه‌كان زیاتر ناوچه‌یی ده‌بن. کۆتایی مێژوو کۆتایی جیاوازیه به‌و جۆره‌ی که ببێته هۆکاری شه‌ڕ. به‌و مانایه دیارنه‌مانی چه‌مکی شه‌ڕه له ئاستی جیهاندا. لێره‌وه ئیتر پرۆسه‌ی جیهانگیری و نه‌مان یان کاڵبونه‌وه‌ی سنوره‌كان و بچوکبونه‌وه‌ی دونیا هانته ئاراوه. هه‌روه‌ها ئه‌م پرۆسه‌یه کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی هه‌بوو له سه‌ر شوناسی ده‌وڵه‌ت، به جۆرێک که‌م نه‌بون ئه‌وانه‌ی که بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد که ده‌وڵه‌ت به‌ره‌وه کۆتایی ده‌چێت. گه‌ر کرۆکی بیری هیگڵ خۆی له به‌رجه‌سته‌بونی ده‌وڵه‌تدا دهبینینیهوه: که به‌رهه‌می باڵایی عه‌قڵه له ساته‌وه‌ختی به ئاگابوونی له خۆی، ئه‌وا کۆتایی مێژووی فۆکۆیاما له گۆڕانی ریشه‌یی سیسته‌می ده‌وڵه‌ت بۆ سیسته‌می جیهانگیریدا خۆی ده‌بینیه‌وه. به‌م پێیه به گه‌شه پێدانی هێگڵ بیری مرۆڤ لای فۆکۆیاما له ئاستی گه‌ردونیدا ده‌گاته دوا ئاستی، نه‌ک ته‌نها له ناو کایه‌ی ده‌وڵه‌تدا.
بیری فۆکۆیاما ده‌كرێت به زۆر شێوه بخوێنرێته‌وه، له ساده‌ترین شێوازیدا وه‌ك جۆرێک له پڕوپاگه‌نده بۆ سه‌رکه‌وتنی بیری سه‌رمایه‌داری به سه‌ر بیری سۆشیالیزمی سۆڤیه‌تیدا و باڵاده‌ست بوونی که‌پیتالیزم بۆ هه‌میشه. ڕه‌نگه بنه‌مای ئه‌م ڕه‌خنه‌یه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ساته‌وه‌ختی تێزه‌كه، پێشینه‌ی کاری بیرمهندهكه (وه‌ك کارمه‌ندێک له ده‌زگا باڵاکانی حکومه‌تی ئه‌مریکی)، هه‌روه‌ها سروشتی بانگه‌شه‌یی تێزه‌كه به تایبه‌ت له روی جیوپۆله‌تیکه‌وه. لێره‌وه ئه‌وه‌ی دێته ئاراوه ته‌نها بریتی نیه له تێزی بیرمه‌ندێک به‌ڵکو پێودانگی سیاسی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه. بۆ نموونه دروشمی وه‌ك: نه‌مانی کۆمه‌ڵگا، نه‌مانی به‌دیل، هاتنه ئارای سیسته‌می کارگێڕی نوێ، که خۆی له بچوککردنه‌وه‌ی حکومه‌ت و به‌رفراوانکردنی که‌رتی تایبه‌تدا ده‌بینێته‌وه. (لێره‌دا ده‌كرێت قسه له سه‌ر هایه‌ك و تۆماس فریدمان و زۆری تر بکه‌ین). له رووی سیاسیه‌وه قسه له سه‌ر کۆتایی هاتنی جه‌نگی ساردبکهین وه‌ک قۆناغێک له ململانێی گه‌ردوونی بۆ باڵاده‌ستی ئه‌مریکا و بوونی به مۆدێل بۆ ژیان و ژیار له سه‌ر گۆی زه‌وی. له‌لایه‌کی تره‌وه بۆ گۆڕینی شێوازی ململانێ له شه‌ڕه‌وه بۆ کێبرکێی و به‌رهه‌مهێنانی کاڵا. که‌واته کۆتایی مێژوو هیچ بوارێک ناهێڵێته‌وه که ده‌ستکاری نه‌كات. بۆیه تێزی فۆکۆیاما تێزێکی تیوری نیه به ته‌نها، به‌ڵکو له دونیای ئه‌مڕۆشدا پێودانگی واقیعی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌یه. قه‌یرانی چه‌پ له نه‌بوونی به‌دیلێک بۆ سیسته‌مێکی قه‌یراناوی نیولیبرالیزم به‌شێکه له کۆتایی مێژوو. به‌و پێیه گه‌رچی ئه‌وه سیسته‌مه‌ی هه‌یه له قه‌یراندایه به‌ڵام هێشتا ئه‌ڵته‌رناتیڤێکی واقیعی بوونی نیه. لێره‌وه چه‌پێکی وه‌ک ژیژاک باس له‌وه ده‌كات کاتی بیرکردنه‌وه‌یه له دونیا نه‌ك هه‌وڵدان بۆ گۆڕینی، به لنگهوقوچکردنهوهی تێزه به‌ناوبانگه‌که‌ی مارکس له سه‌ر فیورباخ.
له یادمه که خوێندکاری قۆناخی به‌که‌لۆریوس بووم بیری فۆکۆیامامان به چه‌ند جۆرێک خوێند. جارێکیان له وانه‌یه‌کدا یه‌کێک له سلایده‌كان دوو وێنه‌بوو، یه‌کیکیان بۆ پیاوێکی رومه‌ت ژاپۆنی ئه‌ویتریشیان بۆ که‌سێکی رومه‌ت موسوڵمان. پیاوه رومه‌ت ژاپۆنیه‌كه فرانسیس فۆکۆیاما بوو، پیاوه رومه‌ت موسوڵمانه‌كه‌ش ئوسامه بن لادن بوو. ئه‌وه‌ی سلایدهكه ده‌یگه‌یاند ئه‌وه‌بوو که مێژوو کۆتایی نه‌هات، به‌هانه‌ش بۆ ئه‌مه رووداوی یانزه سیپته‌مبه‌ره. ئه‌م رووداوه ته‌نانه‌ت فۆکۆیاماش خۆشی توشی جۆرێک له ڕاچه‌نین کرد. به جۆرێک ده‌كرێت بپرسین ئایا ئیسلامی سیاسی جێگره‌وه‌ی کۆمۆنیزمه له رکه‌به‌ری سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا. ئایا هێشتا ئێمه له سه‌رده‌می حیکایه‌ته گهورهكانداین، مێژوو کۆتایی نه‌هاتوه، مرۆڤه‌كان ئاماده‌ن له سه‌ر باوه‌ڕ و ئایدهلۆجیهكانیان بجه‌نگن؟ هه‌وڵێکی زۆر هه‌بوو بۆ وێناکردنی ئیسلامی سیاسی وه‌ک قوتابخانه‌یه‌كی به‌رگری له به‌رامبه‌ر سیسته‌می سه‌رمایه‌داری به تایبه‌ت له شێوازه ئهمریکیهکهیدا. ته‌نانه‌ت لای هه‌ندێک توێژه‌ر کێشه‌ی ئیسلامی سیاسی بگاته هاوتایه‌کی عه‌قڵانیه‌تی رۆژئاوا‌و تۆمه‌تبارکردنی عه‌قڵانیه‌تی رۆژئاوا به سنورداری، ئه‌مه به روونی لای رۆکسانه ئیبن دیاره له کتێبی Enemy in the mirror: Islamic fundamentalism and the limit of modern rationalism
هه‌ر ئه‌م دیده‌یه که له زۆر جێگای رۆژئاوا ئیسلامی سیاسی و چه‌پ له‌یه‌ک نزیک ده‌بنه‌وه. به‌ڵام به تێڕوانینێکی ووردتر ده‌بینین له ڕاستیدا ئیسلامی سیاسی هێزێکی به‌رگری نیه له نیولیبرالیزم یان سه‌رمایه‌داری به‌ڵکو بریتیه له پهرچهكردارێک له به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵێک گۆڕانکاری فره ئاست، که هێزی ئیسلامی سیاسی ده‌خوازێت رێگریان لێبکات به داخستنی کۆمه‌ڵگا ئیسلامیه‌كان و کردنیان به پانتاییه‌كی دابڕوا له شارستانیه‌ت. به‌م جۆره ئێمه له‌به‌رامبه‌ر هیچ جۆرێک له به‌رگریدا نین به‌ڵکو ئه‌وه‌ی هه‌یه جۆرێک له خۆ به‌ندکردن که پاشان ده‌بێته هۆکاری لاوازی و دواکه‌وتوویی و دابڕان و ناشارستانی بوون. ئیسلامی سیاسی کاری سه‌ره‌كی دانانی دیوار و فلته‌ر و په‌رده و حیجابه له سه‌ر جه‌سته، عه‌قڵ، سۆز، په‌یوه‌ندی، بیرکردنه‌وه و زۆر بواری تر. له ڕاستیدا هه‌مان په‌رچه‌كردار له ناو کایه‌ی سیسته‌می مۆدرێن یان سه‌رمایه‌داریدا بونی هه‌یه که خۆی له فه‌نده‌مینتالیزمی ئاینی یان دژ رۆشنگه‌ریدا ده‌بینێته‌وه.
پاش بیست و پێنج ساڵ له نوسینی تێزی کۆتایی مێژوو دونیا له سه‌روبه‌رێکی پڕ له قه‌یراندا ده‌ژی. قه‌یرانی ئابوری، که هه‌ندێک به کۆتایی شێوازی نیولیبرالیزم ده‌یبینن، قه‌ێرانی سیاسی که ده‌رئه‌نجامی قه‌یرانی ئابوریه که خۆی له هه‌ڵکشانی فاشیزمدا ده‌بینێته‌وه، هه‌روه‌ها لاوازبوون و ناشیرینبوونی ئه‌مریکا له دونیادا. ئێمه له سهڕدهمێکی تایبه‌تدا ده‌ژین. مرۆڤایه‌تی له قه‌یرانی بیرکردنه‌وه‌دایه له کێشه ئاڵۆزه‌كانی چونکه له بیست و پێنج ساڵی ڕابوردودا هه‌موو جۆره بیرکردنه‌وه‌یه‌كی جیاواز وه‌ها بینراوه که بێ که‌ڵکه چونکه مرۆڤایه‌تی گه‌شتبوه خاڵێک که تێپه‌ڕاندنی مه‌حاڵ بوو. باشترین شت که مرۆڤ ده‌توانێت بیکات بریتیه له چۆنێتی باش بهڕیوهىردنی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری. لێره‌وه‌یه بیری کارگێڕی زۆر زیاتر باڵابو، له بیری ئابوری و سیاسی و فه‌لسه‌فی. به‌ڵام له ئه‌نجامی قه‌یرانه ئابوریه‌کان ئێمه هه‌ست به گه‌شانه‌وه‌یه‌کی به سودی بیری چه‌پ ده‌كه‌ین له داکۆکیکردن له مافی ژیان. مافی ژیان له رووی ئابوریه‌وه یانی دوور خستنه‌وه‌ی پێداویستیه سه‌ره‌كیه‌كانی ژیانی مرۆڤ له ململانێ له رێگای دابینکردنی بڕی داهاتی بنه‌ڕه‌تی. نابێت مرۆڤ له ململانێی یهكتردابێت بۆ دابینکردنی بژێوی به‌ڵکو ده‌بێت کێبرکێ بگوێزرێته‌وه بۆ نێو کایه‌ی داهێنان. له ڕاستیدا هه‌مان دیدی بوو له پشت تێزی دابه‌شکردنی داهاوتی سامانی سروشتی هه‌رێم به سه‌ر هاوڵاتیاندا به یه‌كسانی، که ئێمه له کتێبی حکومه‌تی هه‌رێم و سامانی سروشتی‌دا پێشنیارمان کرد. ماوه‌ته‌وه بڵێین که تێزی کۆتایی مێژوو له‌کاتێکدا ده‌کرێت مایه‌ی گاڵته‌جاڕی بێت له هه‌مانکاتدا ده‌كرێت تێزێکی جیدی بێت. من هه‌مان ڕای ژیژاکم هه‌یه: له کاتێکدا هه‌موومان هه‌وڵ ئه‌ده‌ین گاڵته به فۆکۆیامان بکه‌ین، له هه‌مانکاتدا هه‌موومان هه‌مان ڕامان هه‌یه.