دوو شه‌ممه‌ 9 ئه‌یلول 2024

حکومه‌تی هه‌رێم: هه‌ڵوێستی پێشمه‌رگه به‌رگرانه‌یه‌و ژووری ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌منی‌و سه‌ربازی پێکدێنین

دوای خوێندنه‌وه‌و خه‌سارناسیی که‌موکورتییه‌کانی جموجوڵی هێزی پێشمه‌رگه له رووی یاسایی‌و سه‌ربازی له ماوه‌ی رابردوودا له لایه‌ن شاره‌زا سیاسیه‌کانه‌وه ئه‌مڕۆ کۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی سەربازیی و حكومی له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو.

رووداو بڵاوی کرده‌وه ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی سەربازیی و حكومی بە سەرپەرشتیی كۆسرەت رەسووڵ، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری فەرماندەی هێزی پێشمەرگە و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو و تێیدا چەند بڕیارێك درا.

بەپێی راگەیەنراوی دوای كۆبوونەوەكە كە وێنەیەكی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو نێردراوە “هێزی پێشمەرگە لە هەڵوێستی بەرگریدایە و بە هیچ شێوەیەك نەكەوتووەتە هەڵوێستێكی هێرشبەرانەوە و نایەوێت هیچ ئاڵۆزییەك لە سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگەدا دروست ببێت”.

هەروەها تێیدا هاتووە كە بڕیاردراوە بە دروستكردنی ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و سەربازیی باڵا لە هەرێمی كوردستان.

دەقی راگەیەنراوەكە
 
بەپێی ڕێنماییەكانی بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، دوای نێوەڕۆی ئەمڕۆ 14ی حوزەیرانی 2014 كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی سەربازیی و حكوومی بە سەرپەرشتیی بەڕێز كۆسرەت ڕەسوول، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری فەرماندەی هێزی پێشمەرگە و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە بەشداریی ژمارەیەك فەرماندە و بەرپرسی باڵا لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.

لەو كۆبوونەوەیەدا بە وردی باسی پاشەكشەی سوپای عێراق لە چەند پارێزگایەكی عێراق كرا، هەروەها باسی پڕكردنەوەی بەشێك لەو بۆشاییە كرا لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە كە لە ئەنجامی ئەو پاشەكشەیە لەو ناوچانەدا هاتە كایەوە، ئەوەش وەك هەستكردن بە بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و پاراستنی گیانی دانیشتووانی ئەو ناوچانە بە كورد، عەرەب، توركمان و مەسیحییەكانەوە، هەروەها بە سوننە و شیعەوە، ئەوەش ئەوپەڕی دڵسۆزیی هێزی پێشمەرگەیە بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات و پاراستنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و پێشمەرگە هەمیشە هەست بە تەواوی بەرپرسیاریەتییە نیشتمانییەكانی دەكات و هەر بەو شێوەیەش دەجوولێتەوە.

كۆبوونەوەكە دڵنیایی تەواو دەداتە دانیشتووانی ئەو ناوچانەی لەژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگەدان، كە بە هەموو شێوەیەك سەقامگیریی ناوچەكانیان و ژیان و گوزەرانیان پارێزراوە و هیچ مەترسییەكیان لەسەر نییە و پێشمەرگە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە دەیانپارێزێت.

بەشدارانی كۆبوونەوەكە دڵتەنگییان نیشان دا بەرامبەر ئەو دۆخەی بەسەر عێراقدا هاتووە. لەهەمان كاتدا ئەو بارودۆخە نەخوازراوە، ڕاستیی ئەو بۆچوونەی سەركردایەتیی هەرێمی كوردستانی بە كردەوە بۆ هەموو بەرپرسان و خەڵكی عێراق چەسپاند كە عێراق تەنیا بەجێبەجێكردنی دەستوور و بنەمای تەوافوق دەتوانێ بەڕێوە ببرێت كە تێیدا هەموو پێكهاتەكانی عێراق هەست بەوە بكەن كە هەموویان بەشدارن لە بەڕێوەبردن و بڕیاری عێراقیدا. سەركردایەتیی كورد، زۆر جار هوشداری دا لە دروستبوونی دۆخێكی لەو شێوەیەی ئێستا، بەڵام بەداخەوە هەست بەو مەترسییە نەدەكرا لە لایەن هەندێ لایەنەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا پێداگیری لەسەر ئەوە كرا، كە هێزی پێشمەرگە لە هەڵوێستی بەرگریدایە و بە هیچ شێوەیەك نەكەوتووەتە هەڵوێستێكی هێرشبەرانەوە و نایەوێت هیچ ئاڵۆزییەك لە سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگەدا دروست ببێت. هەروەها جەخت لەسەر ئەوە كرا كە چارەسەری ئەو بارودۆخە تەنیا بە چارەسەرێكی سیاسیی ڕاستەقینە دێتە كایەوە، نەك بە چارەسەری سەربازییانە و دوور لە تەوافوق، بۆیەش دووپاتی دەكەینەوە كە بە دروستبوونی تەوافوق لە نێوان شیعە و سوننە و كورد و پێكهاتەكانی دیكەی عێراقدا، سەقامگیری و پێشكەوتن دەگەڕێتەوە بۆ عێراق.

هەروەها لەو كۆبوونەوەیەدا باسی ئەوە كرا كە كورد خۆی قوربانی دەستی تیرۆر و ڕەشەكوژی بووە، لەبەر ئەوە هەست بە تەواوی بەرپرسیاریەتییە نێودەوڵەتییەكانی دەكات بۆ دروستكردنی سەقامگیری و بەشداریكردنێكی چالاك لە چەسپاندنی ئاسایشی جیهانیدا.

لەپێناو چاودێری و كاركردنی جددی و هاوبەش لەو بارودۆخەدا، كۆبوونەوەكە بڕیاری دا بە:

یەكەم: دروستكردنی ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی ئەمنی و سەربازیی باڵا لە هەرێمی كوردستان كە سەرپەرشتیی گشت چالاكییە سەربازی و ئەمنییەكانی بكات، بەپێی یاساكانی هەرێمی كوردستان و بە هاوبەشیی دەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. هەروەها چەند ژوورێك بە شێوەیەكی كاتی لە ناوچە جیاجیاكاندا دروست بكرێن كە هەموویان لەسەر بنەمای هاودەنگی و هاوئاهەنگیی گشت پێكهاتەكانی گەلی كوردستان كار بكەن.

دووەم: كۆبوونەوە بڕیاری دا كە تەنیا فەریق جەبار یاوەر وتەبێژی فەرمیی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان، دەتوانێ لێدوانی فەرمی بدات لەسەر ڕووداوە سەربازییەكان و جموجۆلە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.

هەروەها كۆبوونەوەكە جەختی لەسەر ئەم دوو داوایەش كرد:

یەكەم: ئەو خێزانانەی لە مووسڵ و شارەكانی دیكەوە ڕوویان كردووەتە هەرێمی كوردستان، خوشك و برای ئێمەن. هەر چییەكی پێمان كراوە كردوومانە بۆیان و بەردەوامیش دەبین لە هاوكاریكردنیان. هەروەها داوا لە خەڵكی مرۆڤدۆستی هەرێمی كوردستان دەكەین كە بە هەموو شێوەیەك لە چوارچێوەی ڕێوشوێنە ئەمنی و ئیدارییەكاندا، هاوكاریی ئەو خێزانانە بكەن.

دووەم: داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەین هەموو ڕێگەكان بگرنە بەر بۆ گەیاندنی هاوكاریی مرۆیی بەو خەڵكەی لە ماڵ و شارەكانیان دەرچوونە و ڕوویان كردووەتە هەرێمی كوردستان و ببنە هاوبەشی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هاوكاریكردنی ئەو خێزانە لێقەوماوانە.
 
هەولێر
14ی حوزیرانی 2014

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.