دەیان قوتابیو مامۆستای قوتابخانەكان لە شاری شنۆ لە رۆژهەڵاتی كوردستان درێژە بە رەوتی خاوێنكردنەوەی ژینگە دەدەنو رێگە نادەن ئەم بوارە رابوەستێت.
پاش ئەوەی هەفتەی رابردوو لە لایەن 200 قوتابی لە ئاواییەكانی كانی سۆركو بێمزورتێ چالاكیەكی بەربڵاوی ژینگەپارێزی بەڕێوەچوو، رۆژی رابردوو واتە هەینی 26ی گوڵان كۆمەڵێكی بەرچاو لە موعەلیمانو قوتابیانی دەبیرستانی موعەلیم لە شاری شنۆ پاش سەردانێكی زانستی لە سەیرانگای میراوێ دەستیاندایە خاوێنكردنەوەی ژینگەی ئەو ناوچەو پاشماوەكانیان بە تەواوی كۆكردەوە.
بە وتەی چالاكانی مەدەنی لە ماوەی لانیكەم یەك دوو ساڵی رابردوو بە شێوەیەكی بەردەوام رەوتی خاوێنكردنەوەی ژینگەو چالاكی لە بواری ژینگەپارێزی پەرەی سەندووەو ئێستاكە بوەتە كلتوورێكی باوی هاوڵاتیان لە رۆژهەڵاتی كوردستان.