پلینۆمی 6ی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كۆتایی هاتو سەبارەت بە پرسی یەكگرتنەوەی هەر دوو لایەنی دیموكرات بڕیارەكانی كۆنگرەی 13ەی ئەو حیزبە وەك خۆی مایەوە.
راگەیەنراوی كۆتایی پلینۆمی 6ی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بڵاوكرایەوەو سەبارەت بە پرسی یەكگرتنەوەی هەر دوو لایەنی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانو حیزبی دیموكراتی كوردستان ئاماژە بەوە دراوە كە “حیزبی دێموکرات ئامادەیە وتووێژەکانی لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوو بە مەبەستی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوو لەسەر لەسەر بنەمای پەسندکراوەکانی کۆنگرەی سێزدە دوایین کۆنگرە پێش لە جیابوونەوە درێژە بدات”.”
بەمەبەستی یەكگرتنەوەی هەر دوو لایەنی حیزبی دیموكرات تا ئێستا چەندین دانیشتن لەنێوان هەر دوو لادا كراوە، بەڵام هیچ ئەنجامی بەرچاوی لێنەكەوتووەتەوە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە زاگرۆس پۆستی راگەیاند لەمپەری سەرەكی لەبەردەم یەكگرتنەوەی هەر دووباڵەكەی دیموكرات، دان نەنانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بە حیزبی دیموكراتی كوردستانو تا ئێستا بە “هاوڕێیانی پێشوو” ناویان لێدەبەن.
سەرچاوەكەی زاگرۆس پۆست وتیشی: چاوەڕوان دەكرا لە پلینۆمی 6ی ئەو حیزبە پەسەندكراوەكانی كۆنگرەی 13 هەموار بكرێتو رێگا بۆ یەكگرتنەوەی هەر دوو لایەنی دیموكرات خۆش بكرێت.
بەڵام لە راگەیەنراوی كۆتایی پلینۆمو لەبەشی یەكگرتنەوەی هەر دوو لایەنی دیموكرات ئاماژە بە پەسەندكراوەكانی كۆنگرەی 13 كراوە كە ئاماژەیە بۆ گۆڕینی ناو “ناو، ئارمو هەموو ئەو پێناسانەی حیزب لەخۆ دەگرێ”.
لەبەشێكی راگەیەنراوەكە سەبارەت بە یەكگرتنەوە هاتووە:
حیزبی دێموکرات ئامادەیە وتووێژەکانی لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوو بە مەبەستی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ هاوڕێیانی پێشوو لەسەر ئەو بنەمایانە درێژە بدا:
١ ــ یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوڕێیانی پێشوو لەسەر بنەمای پەسندکراوەکانی کۆنگرەی سێزدە دوایین کۆنگرە پێش لە جیابوونەوە کە لەلایەن هەموانەوە پەسندکراوە. ئەو پەسندکراوانە ناو، ئارم و هەموو ئەو پێناسانەی حیزب لەخۆ دەگرێکە لەو کاتەدا دەنگی بۆ دراوە.
٢ ــ باقی وردەکارییەکانی پێویست کە یەکریزیی حیزب بەهێز دەکەن، هەروەها چۆنیەتیی ئامادەکردنی کۆنگرەی هاوبەش پێویستە پێش کۆنگرە، تەوافوقی لەسەر بکرێ و کۆنگرەی داهاتوو بە رەوالی عادی بە مەبەستی دیاریکردنی سیاسەتی گشتی کەلە راپۆرتێکی سیاسیدا پێشکەش بە کۆنگرە دەکرێ و دەنگی بۆ وەردەگیرێ، پەسندکردنی بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆ و هەڵبژاردنی ئەندامانی رێبەرایەتی پێک دێ و هەموو لایەک پابەند دەبن بە بڕیارات و پەسندکراوەکانی کۆنگرە.
جێگەی ئاماژەیە لە رێكەوتی 06/12/2006 بەشێک لە ئەندامانی رێبەری و ئەندامانی دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی (کەمینەی کۆمیتەی ناوەندی)ی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە دەرکردنی بەیاننامەیەک جیابوونەوەی خۆیان لە زۆرینەی کۆمیتە ناوەندی حیزبی دیموکرات راگەیاند و دوای ماوەیەک حیزبی دیموکراتی کوردستان هاتە ئاراوە.
لەئێستاشدا یەكگرتنەوەی هەر دوو لایەنی حیزبی دیموكرات داخوازیی بەرچاوی كادرو پێشمەرگەكانی هەر دوولایە.