سێ شه‌ممه‌ 23 نیسان 2024

68 ساڵ بە سەر دامەزراندنی یەکەم کۆماری کوردستان تێدەپەڕێت

22ی کانونی دوەم، 68 ساڵ بە سەر تاقانە کۆمارەکەی کوردستاندا تێدەپەڕێت، کە لە سەر دەستی پێشەوا قازی محەمەد هاتە کایەوە و ماوەی ساڵێک حکومڕانی چەند ناوچەیەکی کوردستانی کرد و مەهابادی کردە پایتەختی خۆی.

چۆنێتی دروستبونی کۆماری کوردستان

بە هۆی ئەو ململانێیەی لە نێوان ئەمەریکا سۆڤیەتدا هەبو کە دواتر جەنگی ساردی لێکەوتەوە، ساڵی ١٩٤١ راپەڕینێکی جەماوەری لە ناوچە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رویدا و کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەیان لە حکومەتی ناوەندی ئێران سەندەوە و گرتیانە دەست، دواتریش پارتێکی سیاسی بۆ بەڕێوەچونی ناوچەکە بە ناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان ( ژێ کاف) دامەزرا، قازی محەمەدیش کە سەرۆکی بنەماڵەی قازییەکان بو پەیوەندی بەو پارتەوە کرد.

لە ئەیلولی ساڵی ١٩٤٥دا قازی محەمەد و چەند سەرکردەیەکی تری کورد سەردانی تەبرێزیان کرد و چاویان بە کونسوڵی سۆڤیەت کەوت بەو نیەتەی پشتگیری پێکهێنانی کۆمارێکی نوێی کوردی وەرگرن، دواتریش رەوانەی باکۆ کران و لەوێ ئاگاداری ئەوە بونەوە کە پارتێکی ئازرباینجانی هەیە بە ناوی پارتی دیموکراتی ئازرباینجان و دەیەوێت دەست بە سەر ئازرباینجانی ئێراندا بگرێت، دواتریش ئەنجامەکە بەو شێوەیە کەوتەوە و پارتی دیموکراتی ئازرباینجان لە ١٠ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٥دا دەستی بە سەر ئازرباینجانی ئێراند گرت کە پێشتر بە دەست سوپای ئێرانەوە بو، پێشەوا قازی محەمەدیش بۆ دوبارەکردنەوەی ئەو ئەزمونە و دامەزراندنی کۆمارێکی کوردی، بە پەلە گەڕایەوە کوردستانی رۆژهەڵات و لە ١٥ی هەمان مانگدا کۆمارێکی کوردی دامەزراند، بەڵام هێشتا کۆمارە رەسمییەکەی مەهاباد نەبو.

راگەیاندن و ئامانجی کۆماری کوردستان

لە ٢٢ی کانونی دوەمی ساڵی ١٩٤٦ قازی محەمەد قازی عەلی لە بنەماڵەی قازییەکانی شاری مەهاباد و لە تەمەنی ٤٦ ساڵیدا، یەکەم کۆماری کوردی بە ناوی کۆماری کوردستان، لە سەر روبەری  ٢٦٥ هەزار کیلۆمەتر دامەزراند و زمانی کوردی وەک زمانی رەسمی کۆمار دیاری کرد و خۆی وەک سەرۆک کۆمار دیاری کرا و دەزگای چاپ  دامەزرا و گۆڤار و رۆژنامە بڵاوکرایەوە و شانۆی کوردی دامەزرا و سوپایەکی ١٥ هەزار سەربازی لە ژێر ناوی ( پێشمەرگە) دامەزرا.

لە بەیاننامەی دامەزراندنی کۆماری کوردستانیشدا ئامانجی کۆمار راگەیەندرا کە بریتی بون لە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردەکانی هەمو ئێران و زمانی کوردی بکرێتە زمانی راگەیاندن و خوێندن و ئیدارە و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ کوردستان بە مەبەستی چاودێری دەوڵەت، هاوکات هەمو بەرپرسەکان لە خەڵکی ناوچەکە هەڵبژێردرێن و یاسایەک هەبێت بە یەک شێوە مامەڵە لە گەڵ کرێکار و کەسایەتییە باڵاکاندا بکات.

پێکهێنانی کابینەی حکومەت

پاش ٢١ رۆژ لە پێکهێنانی کۆماری کوردستان و لە ١١ی شوباتی ساڵی ١٩٤٦ پێشەوا قازی محەمەد، سەرۆک کۆماری کوردستان، یەکەم کابینەی حکومەتی کوردی بە سەرۆکایەتی حاجی بابا شێخ پێکهێنا کە چەند وەزارەتێکی لە خۆی گرتبو.

لە کابینەی حکومەتەکەی حاجی بابا شێخ، محەمەدی حسێنی خانی سەیفی قازی بە وەزیری پێشمەرگە و محەمەد ئەمینی مەعینی بە وەزیری دەوڵەت و ئەحمەدی ئیلاهی بە وەزیری دارایی و کەریمی ئەحمەدی بە وەزیری پۆستە و گەیاندن و مەنامی کەریمی بە وەزیری رۆشنبیری و سدیقی حەیدەری بە وەزیری راگەیاندن و خەلیلی خەسرەوی بە وەزیری کار و حاجی مستەفا داودی بە وەزیری بازرگانی و مەحمود وەلی زادە بە وەزیری کشتوکاڵ و ئیسماعیلی ئێلخانی زادە بە وەزیری رێگاوبان و سەید ئەحمەد ئەیوبییان بە وەزیری بەهرەداری و عەبدولڕەحمانی ئێلخانی زادە بە وەزیری موشاویر دیاریکران، هاوکات مەلا حسێنی مەجدی وەک سەرۆکی دادگای باڵا دانرا.

کۆتایی کۆماری مەهەباد

لە ٢٦ی ئازاری ساڵی ١٩٤٧ پاش ئەوەی  سۆڤیەت پەیمانی بە حکومەتی ئێراندا لە باکوری ئەو وڵاتە بکشێتەوە، لە مانگی حوزەیراندا ئێران دەستی بە سەر ئازرباینجاندا گرتەوە، بەوەش کۆماری مەهاباد لە یەکێتی سۆڤیەت دابڕا، هاوکات ئەو خێڵانەی لە سەرەتاوە پشتگیری کۆمارەکەیان دەکرد لە روی ئابورییەوە لاواز بون، هەرچەندە لە پێنجی کانونی یەکەمدا ئەنجومەنی شەڕ بە قازی محەمەدیان راگەیاند رێگە لە هەر پەلامارێکی ئێران دەگرن بۆ سەر کۆمارەکە، بەڵام پاش ١٠ رۆژ و لە ١٥ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٧ سوپای ئێران هاتە ناوچەکە و دەستی بە سەر مەهابادا گرت، لە ٣١ی ئازاری هەمان ساڵیشدا  پێشەوا قازی محەمەد، سەرۆکی کۆماری کوردستان، بە تۆمەتی خیانەت کردن لە ئێران لە سێدارە درا.

قازی محەمەد

قازی محەمەد قازی عەلی، بە پیشە قازی، لە ساڵی ١٩٠٠ لە مەهاباد لە دایکبوە، قازی عەلی باوکی لە ساڵی ١٩٣٠ رێکخراوێکی کوردی بە ناوی بزوتنەوەی محەمەد پێکدەهێنێت و قازی محەمەدیش لەو رێکخراوەدا دەبێت، پاش مردنی باوکیشی دەبێتە قازی مەهاباد و لە سەردەمی ئەودا یەکەم خوێندنگای کچان لە مەهاباد دەکرێتەوە، پاش ئەوەی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردیش دادەمەزرێت قازی محەمەد پەیوەندییان پێوەدەکات و دواتر کۆمەڵەکە دەگۆڕێت بۆ پارتی دیموکراتی ئێران و خۆی دەبێتە سەرۆکی پارتەکە، دواتریش هەوڵەکانی چڕ دەکاتەوە و کۆماری کوردستان لە ٢٢ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٤٦ دادەمەزرێنێت، پاش کەمتر لە ساڵیکیش کۆتایی بە کۆمارەکەی دێت و لە سێدارە دەدرێت.

پرۆسەی لە سێدارەدانی سەرۆک کۆماری کوردستان

چەند تۆمەتێک کە بریتین لە گۆڕین و دەستکاری کردنی نەخشەی وڵاتی ئێران و راگەیاندنی سەربەخۆیی و داگیرکردنی بەشێک لە خاکی ئێران بە ناوی کوردستان و بازرگانیکردنی نەوت لەگەڵ سۆڤیەت بە بێ ئاگاداری و رەزامەندی دەوڵەتی ناوەندی  و سازکردنی نەخشەی کوردستانی گەورە‌ بە لکاندنی کوردستانی ئێران و عێراق و تورکیا و سوریا و  هێنانەناوەی بێگانە و دانانی ئاڵای جیاواز بۆ کوردستان بە ئاڕمی چەکوش و داس بە شێوەی ئاڵای سۆڤیەت و لێدانی سکەی پوڵ بۆ کوردستان بە وێنەی روپیەی روسی، لە ٣١ی ئازاری ساڵی ١٩٤٧ پێشەوا قازی محەمەد لە سێدارەدرا.

ئەوەی جێگای سەرنجە، قازی محەمەد لە هەمان مەیداندا کە مەیدانی چوارچرای مەهابادە و کۆماری کوردستانی تێدا راگەیەندرا، لە گەڵ حەمە حسێن خانی سەیفی قازی ئامۆزایی و ئەبولقاسم سەدری قازی برایدا لە سێدارەدران، وەک رۆژنامەنوسێکی سەردەمی شای ئێرانیش دەیگێڕێتەوە، پێشەوا قازی محەمەدی سەرۆک کۆماری کوردستان داوایکردوە، تیربارانی بکەن چونکە لە سێدارەدان شەرعیی نیە، هاوکات رێگەیشی نەداوە چاوی ببەسترێت و وتویەتی: حەز دەکەم لە کۆتا چرکەی ژیانیشمدا بە سەربەرزی و چاوی کراوەوە لە نیشتمانی خۆشەویستم بڕوانم.

رودەکاتە سەربازانی مەیدانەکەش و دەڵێت: ئێوە قازی محەمەدێک دەکوژن، بەڵام بزانن لە ھەر تنۆکە خوێنێکی من، قازی محەمەدێکی دیکە شین دەبێتەوە. داوا لە گەلی کورد دەکەم خەباتی خۆی لەپێناو رزگاریی کوردستاندا پەک نەخات.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.