ڕۆژی رابردوو لاوێكی كورد بەناوی “هیوا مورادخاه” تەمەن 28 ساڵ لەناو ماڵەكەی خۆیدا بە دەستی هێزە ئەمنیەتییەكان دەستگیر كرا.
بە پێی راپۆرتی سەرچاوەكانی هەواڵ،”هیوا مورادخاه” كوڕی مستەفا و خەڵكی ناوچەی “چۆمی مەجیدخان”ی شاری مەهاباد بووە و بەبێ ئەوەی تاوانێكی دیاریكراوی هەبێت دەستگیر كراوە و هەتا ئێستا چارەنووسی نادیارە.
ناوبراو پێشتر لە یەكێك لە بانكەكانی شاری میاندواو كارمەند بووە و هەر لەسەر بڕیاری ناوەندە ئەمنییەتییەكان لەسەر كار لابردرابوو.
هیوا پێی وترابوو كە لەو بانكەی كاری تێدا دەكات كێشەی سیاسی هەبووە و باسی لە پرسی كوردایەتی كردووە و سووكایەتی بە بەرپرسەكانی خۆی كردووە.
لە هەواڵێكی دیكەدا هاتووە، هاووڵاتییەكی كورد لە شاری بۆكان بە مەبەستی كێشانی ماوەی حوكمەكەی رەوانەی گرتووخانەی ناوەندیی ئەو شارە كراوە.
” عوسمان قادری” ماوەی دوو ساڵ لەمەوبەر لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەكانەوە دەستگیر و دواتر بە شەش مانگ زیندانی حوكم درا.
ئەو هاووڵاتییە كوردە پاش ئەوەی دادگایی كرابوو، لە سەر بڕیاری دەزگای قەزاییەكان بە دانانی بارمتە ئازاد كرابوو.
عوسمان قادری ئێستاكە لە زیندانی ناوەندی شاری بۆكاندا ماوەی شەش مانگ حوكمەكەی تێپەڕ دەكات. دەوترێت كە قادری بە تۆمەتی هاوكاریی لە گەڵ حیزبێكی نەیاری كۆماری ئیسلامی دەستگیر كرابوو.