بە پێ وتەی قائیم مەقامی وەزیری ئاسایش و كاروباری كۆمەڵایەتیی 12 میلیۆن خەڵكی هەژار لە ئێران بوونی هەیە، ئەمەش لەحاڵێكدایە كە ئابوورییناسێ لەمبارەوە دەڵێ: 40% لە خەڵكی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدان. ئەم ئامارە تا پێش لە ساڵی 84ی هەتاویی لە ژێر 30% بوو.
“ئەبولقاسم فیروز ئابادی” قائیم مەقامی وەزیری ئاسایش وتی: هیچ پیلانێك بۆ هەژاری لە ئێراندا نیە بەڵام 12 میلیۆن كەس پێویستیان بە یارمەتییە. فیروز ئابادی هیچ پێناسەیەكی لە هەژاری و رۆڵی هەژاری باس نەكردووە، بەڵام “حسێن راغفەر” ئابوورییناس لە دژكردەوە بە وتەكانی ناوبراو رایگەیاند: هیچ بەرنامەیەكی تایبەت لە لایەن دەوڵەتەوە بۆ بنەبڕكردنی هەژاری بوونی نیە.
ئەو كارناسە، هێڵی هەژاریی بۆ بنەماڵەیەكی 5 كەسی لە تاران دوو میلیۆن و 700 هەزار تمەن دیاریی كردووە و دەشڵێ: هێڵی هەژاریی لە پارێزگایەكەوە بۆ پارێزگایەكی دیكە دەگۆڕدرێت و سەرسوڕهێنەرە.
راغفەر لە وتووێژ لەگەڵ رۆژنامەی شەرق باسی لەوە كردووە، كە رەوتی پێوەرەكان بۆ باشتر كردنی دۆخی ئابووریی ئێران دیار نیە و ئەگەر دەوڵەت بۆ ئەو هەژارانەی كە رێژەیان 40% دەبێت بەرنامەیەكی نەبێ، ئامارەكە زۆرتریش دەبێت.
راغفەر كە رۆژنامەی شەرق بە “داڕێژەری نەقشەی هەژاریی ئێران” ناولێبردووە، بەشی شاری تاران لە بەراوەرد لەگەڵ باقی پارێزگاكانی دیكە لە بواری هەژارییەوە 30% راگەیاندووە.
شایانی باسە، كێشەی هەژاریی و دەسكورتیی لە ئێران بە ئاستێكی زۆر زەختی خستووەتە سەر ژیانی هاوڵاتییان و لە هەمان كاتدا بووەتە هۆی سەرهەڵدانی جۆرەها لادان و كێشەی كۆمەلایەتی مەترسیدار بۆ گیان و ژیانی هاوڵاتییان.