پێنج شه‌ممه‌ 26 كانونی یه‌كه‌م 2024

حەسەن شەرەفی: ناچینە ژێر گوشاری “پەكەكە”

جێگری سكرتێری گشتیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دوایین زانیاریی لەبارەی ئەو كێشەیە خستەڕوو، كە لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان لە ناوچەی كێلەشینی سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان رووبەڕووبوونەوەتەوە. ئەو دەڵێ داوای دانوستاندنیان لەگەڵ PKK كردووە، بەڵام PKK بەتووندی رەتیكردووەتەوە. حیزبی دیموكراتیش جەختدەكاتەوە كە ناچنە ژێر گوشار و داواكارییەكانی PKK.

گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK لەسەر سنوورەكانی نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان لە ناوچەی كێلەشین، لە رۆژی پێنجشەممەوە گەمارۆی هێزێكی (حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران)یان داوە و داوایان لێدەكەن ئەو ناوچەیە جێبهڵن.

حەسەن شەرەفی، جێگری سكرتێری گشتیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە لێدوانێكدا بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: “وەك حیزبی دیموكرات دەستبەجێ لە رێگەی جۆراوجۆرەوە داوامان لە PKK كرد، كە دانیشتن بكەین و لە رێگەی دیالۆگەوە پرسەكە چارەسەر بكەین، بەڵام PKK لە وەڵامدا بە دیالۆگێكی هەڕەشەئامێز وەڵامیدایەوەو گوتیان هەتاوەكو ئەو هێزە ناوچەكە بەجێنەهێڵێت دانیشتن ناكەین”.

شەرفی ئاماژەی بە وەڵامی حیزبەكەی كرد و رایگەیاند، كە دوای ئەو وەڵامە تووندە، لە نامەیەكدا بۆ PKK نووسیویەتی “ئەگەر ئەو داوایەی ئەوان بەمەبەستی پێشگرتن بە خەباتی رۆژهەڵاتی كوردستان بە تایبەت حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بێت، ئەوە حیزبی دیموكرات بە هیچ شێوەیەك ناچێتە ژێر گوشاری لەو بابەتە”.

بە گوتەی حەسەن شەرەفی، ئەو ناوچەیە كە هێزی حیزبی دیموكراتی لێ نیشتەجێبوونە، ناوچەی ژێر دەسەڵاتی PKK نییە و لە ساڵەكانی 1979 دا چەندین حیزبی كوردی و یەك لەوان حیزبی دیموكراتی لێ بووە و بوونی ئەو هێزەی حیزبی دیموكرات لەو ناوچەیە هیچ گرفتێكی بۆ هیچ لایەنێك نییە. گوتیشی “حیزبی دیموكرات پێی باش نییە هیچ چەشنە گرژی و ئاڵۆزییەك لەگەڵ هیچ لایەنێك بێتە ئاراوە و لە نامەكەشدا داوای لە PKK كردووە هەر بەو شێوەیە كە حیزبی دیموكرات دەیەوێت كێشەكە چارەسەر بكرێت، ئەوانیش ئەو رێگایە بگرنەبەر”. گوتیشی “ئەگەر لایەنی بەرامبەر بیەوێت شتێك بسەپێنێت، ئەوە لە فەلسەفەی حیزبی دیموكرات بەدوورە كە خۆی رادەستی گوشارێك بكات و لە ئەگەری سەرنەگرتنی هەوڵی چارەسەریی گرفتەكە لە رێگەی ئاشتییانەوە، هەڵوێستێك دەگرین كە هاوچەشنی هەڵوێستی لایەنی بەرامبەر بێت”.

شەرەفی، كە هاوكات گوتەبێژی حیزبەكەیە، رەتیدەكاتەوە كە ئەو هێزەی حیزبی دیموكرات ئاستەنگێكی لەبەردەم چالاكییەكانی PKK دروستكردبێت، چونكە بە گوتەی ئەو “چالاكی PKK كە بۆ بەشی باكووری كوردستانە زۆر دوورە لەو شوێنە”.

شەرەفی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ناردنی ئەو هێزەی حیزبی دیموكرات بە نیشانەی دەستپێكردنەوەی خەباتی چەكدارییە لە رۆژهەڵاتی كوردستان یان نا، گوتی: “ئێمە بڕیاری كۆنگرەمانە كە لە هەرچەشنە خەباتێكی رەوا سوود وەردەگرین كە لەگەڵ هەلومەرجدا گونجاو بێت، بەڵام ئەو پرسە پەیوەندی بە شێوە خەباتی حیزبی دیموكراتەوە نییەو دەرگای هەموو شێوە خەباتێك بە رووی حیزبی دیموكراتدا كراوەیە”.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتوون، ئەو هێزەی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كەمتر لە مانگێكە لە ناوچەی كێلەشین جێگیربوونە و تائێستا چەندجار لەگەڵ گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان تووشی كێشە بوونە.

ئەو هێزەی حیزبی دیموكرات بەمەبەستی دانانی بنكەیەك لە ناوچەی كێلەشین جێگیركراون، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی رووداو، PKK هەر لەسەرەتاوە داوایكردووە پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكرات ناوچەكە چۆڵبكەن و بەبێ رەزامەندی ئەوان لەنێوان سنوورەكان هاتوچۆ نەكەن و مافی دانانی هیچ بنكە و بارەگایەكیان نییە و ناتوانن چالاكی چەكدارییان لەسەر سنوورەكان هەبێت.

رووداو زانیویەتی لە كۆبوونەوەكانی سەركردایەتی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێراندا بڕیاردراوە، پاشەكشە بەهێزەكانیان نەكەن و بۆ چارەسەری ئەو كێشەیەش هەم راستەوخۆ و هەم لەرێگەی دۆستانی هاوبەشیانەوە، لەگەڵ PKK كەوتوونەتە دانوستاندن، بەڵام PKK تاوەكو ئێستا سوورە لەسەر داواكەی. بە نامەش چەند حیزبێكی هەر چوارپارچەی كوردستانیان لە رووداوەكە و هەڵوێستی خۆیان ئاگاداركردووەتەوە.

ئەو هەڵوێستەی PKK، كاردانەوەی حیزبەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی كوردستانیشی لێكەوتووەتەوە.

بابەتی هاوپۆل

بیان فرج‌اللهی، شهرووند اهل سنندج به شعبه اول دادگاه انقلاب این شهر احضار شد.

به گفته یک منبع مطلع، این فعال زن به اتهام “تبلیغ علیه نظام” به شعبه …

یەک بۆچوون

  1. بە باوەری من هەمو هێزئکی سیاسی ڕۆژهەلاتی کردستان مافی بئ ئەملاو ئەولای خۆیەتی هەرکاتێک بیهەوێت لە هە ر سنورێکی کوردستانەوە بروات بۆ ناو ڕۆژهەلاتی کوردستان بو خەبات و تێکۆشان. هەر هێزئکی سیاسی کوردی لە ژێر هەر ناوو پاساوێکدا ڕئگری ئە ومافە ڕەوایەی هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەلا ت بێت ، ئە وە سیاسەتێک پەیڕەو دەکات کە لە خزمەتی کۆماری تیڕۆرستپەروەری ئیران دایە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.