زاگرۆس پۆست بە بۆنەی رۆژی جیهانیی سینەما وتووێژێكی تایبەتی لەگەڵ بەڕێز ئیدریس عەبدی شانۆكارو شارەزای بواری سینەما پێكهێناوەو كۆمەڵێك پرسیاری لە بابەت پرسی سینەماو دۆخی ئەم بابەتە لە كۆمەڵگای كوردیی داوەتە بەر باس.
زاگرۆس پۆست: ئێوە پێناسەتان بۆ سینەما چیەو بە بڕوای ئێوە سینەما چ كاریگەریەك لەسەر ژیانی كۆمەڵایەتی خەڵك دادەنێت؟
ئیدریس عەبدی: سینەما ووشەیەکی یونانیە بە مانایی جووڵە بەڵام بە گشتی سینەما هونەر – پیشەیەک کە بە یارمەتی وێنە و دەنگ ،مسجێک دەگەیەنێت بە بەردەنگ.سینەما بە هونەری حەوتم ناسراوە ،بە واتایەکی تر سینەما هونەرگەلێک وەکوو نگارکێشی،معماری،دەنس،شانۆ،پەیکەرەسازی و موسیقی لە خۆیدا کۆ کردووەتەوە.تەنانەت پیشە و تەکنیک و فەننی لە خزمەتا خۆیی داناوە و هەندێک کات بووە بە هۆیی ئەوە کە ئەم هونەرانەش پێشکەون.سینەما پیشەیەکی دڵرفێنە لە بەر ئەوە هەموو گەنجان حەز بەم هونەر _پیشە دەکەن و بەردەوام هەوڵ دەدەن کە لەم بۆارەدا کار و چالاکی بکەن. سەبارەت بە گرنگی سینەما و کاریگەری لە سەر ژیانی خەڵک ئەمەوێت بە ووتەیەکی لنین دەست پێبکەم.لنین دەڵێت:”سینەما لە گەڵ ئێمە،هەموو هیزە نزامیەکانی جیهان بە دژی ئێمە،لە کۆتاییدا ئێمە سەرکەوتوین.” بە درێژایی مێژوو سینەما لە سیاسەت،لە کۆمەڵگاو … کاریگەری وەرگرتووە و بە پێچەوانەش.زۆربەی هەرە زۆری ئەو بابەتانەی کە کە لە سینەما رەنگدانەوەی هەیە ،هەر ئەو رووداوانەن کە لە ناو کۆمەڵگا و لە بەشە جیاوازەکان روودەدات.لەم سەردەمەدا کاریگەری سینەما لە سەر هەموو بەشەکانی ژیانی مرۆڤ دیارە.هەر ئەمە بووە بە هۆکارێک کە زۆربەی وڵاتان وزە و پارە و کاتێکی تایبەتی بۆ تەرخان بکەن.چون هەموو ئەو ئامانجانەی کە مەبەستیانە لە سینەما دا بەدی کراوە بۆیان.نموونەی مێژوویی ئەتوانم ئاماژە بدەم بە شۆرشی ئۆکتەبەری 1917 لە سوفیەت.لنین سینەمای نەتەویی راگەیاند،چەندین مەدرەسەی سینەمایی کرانەوە و لە هەموو گرنگتر ئەوەی کە چەندین کەس لەم مەدەرسانە دەستیان دایە لێکۆڵینەوە لە سینەما و لە کۆتاییدا گەورەترین مەکتەبی سینەمایی بە ناوی مۆنتاژ هاتە ئاراوە کە زۆر یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی کە سینەما وەکوو هونەرێک بناسرێت ،چون بەرلەوە سینەما وەکوو هونەر پێناسە نەدەکرا.ئەوان هاتن گرووپگەلێکی بچووکیان درووست کردوو هەر کام لە گرووپانە بەرەو ناوچەیەک لە سوفیەت رێکەوتن بۆ ئەوەی کاریگەری شۆرش لە سەر ژیانی خەڵک بکەن بە فیلم و هەم لەم گرووپگەلەدا مەکتبی سینەما حەقیقەت _ چاو سەری هەڵدا. لە زۆربەی وڵاتاندا کێشەکانی نێو کۆمەڵگا و رێگای چارەسەریان لە رێگای مدیۆمێک وەکوو سینەما نیشان دەدرێت چون روونە کە سینەما دەتوانێت کاریگەری ببێت لە سەر ژیانی خەڵک. سینەما دەتوانێت لە روانگەیەکی رەخنەگرانە تیشک بخاتە سەر کەموکۆرێەکانی کۆمەڵگا و هەوڵ بدات بۆ چارەسەریان.سینەما مدیۆمێکە بۆ گەشەی فەرهەنگی لە نیو کۆمەڵگا.دەتوانێت لە بردنەسەرەوە ئاستی زانیاری و هوشیاری کۆمەڵگا کاریگەری ببێت بە تایبەت لە وڵاتانێک وەکوو وڵاتی ئێمە کە فەرهەنگی کتێب خوێندنەوە زۆر کەمە سینەما دەتوانێت باشترین و زۆرترین کاریگەری ببێت. ئەگەر بروانینە مێژووی سینەما لە جیهان زۆربەی مەکتەبە سینەمایەکان وەکوو ئێکسپرسیونیزمی ئاڵمان،نئورئالیزمی ئیتالیا ،… لە ژێر کاریگەری باروودۆخەی نێو کۆمەڵگا بوون بە واتایەکی دیکە پێویستی کۆمەڵگا بوون.
زاگرۆس پۆست: سینەمای كوردیی لە چ قۆناغێكیدایەو بۆچی ئەم بوارە لە كوردستان بە گشتیی بە شێوەیەكی كەمڕەنگ خۆی نیشاندەدات؟
ئیدریس عەبدی: بە داخەوە ئێمە ناتوانین بڵێن کە کورد خاوەنی سینەمایەکی نەتەوەیی ،ئەتوانین بڵێن کە فیلمی کوردی.هەرچەند نابێت ئەوە لە بەرچاو نەگرین کە هەوڵ گەلێک لە رابردوودا دراوە و و ئێستاش تا رادەیەک بەردەوامە. سینەمای نەتەوەیی تایبەتمەندی گەلی بە خۆیی هەیە.کە ئاماژەیان پێدەدەم.سەرەتا پرسیارێک ،کورد لە بەشە جیاوازەکانی کار کردن لە سینەما وەکوو کامێرامەنی.دەنگ هەلگری،مۆنتاژ و کاروباری فەنیی و هەونەری جەندە کەسئ پسپۆر و شارەزای هەیە.دەبێت ویمە وەکوو کورد کەسانی پسپۆر و شارەزای لە هەموو بۆارەکانی سینەما پەروەردە بکەین.بە تایبەت ئێمە پێویستمان بە رەخنەگری سینەمایی هەیە.ئێمە لە کوردستان چەند کالج و مەدرەسەی سینەمایمان هەیە؟چەندە کتێب و گۆڤار و چاپەمەنی تایبەت بە سینەما مان هەیە؟ئایا وەرگێرانی کورد هەوڵیان داوە بە وەرگێرانی کتێب گەلی سینەمای ئەو وڵاتانەی کە سینەمایان پێشکەوتووە؟ لە کوردستان چەند هۆڵی سینەما هەیە کە بەرابەر بێت لە گەڵ ستانداردە جیهانیەکان.چەند ستۆدیۆی سینەمایمان هەیە؟ خەڵكی کورد چەندە ئامادەیە کە پارە سەرف بکات و برواتە سینەما و فیلم ببینێت؟! بێ گۆمان سینەمایەکی نەتەوەیی پێویستی بە بینەری نەتەوەیش هەیە.نەبوونی حکومەتێکی بەهێز یەکێکە لەولەمپەرانەی کە لە بەردەم سینەمای کوردیە.بەڵام هاوکات لە گەڵ ئەوەدا حزبە کانمان تا چەندە بایەخ دەدەن بە گەشەی فەرهەنگی و سینەما ،ئێستا بڵێین کە ئەگەریش دەسەڵاتیان نییە چە هەنگاوگەلێکان داناوە بۆ بەرهەمهێنانی کورتە فیلم؟ تا رادەیەک رەهەندی هونەری سینەما لە کورستان بایەخی پێدراوە بەڵام بۆ رەهەندی بە پیشەیی کردنی سینەما چ هەنگاوگەلێک هەڵگیراوە؟بازاری فیلم لە کوردستان چونە؟ بە دڵنیاییەوە ئێمەی کورد بۆ گەیشتن بە سینەمایەکی نەتەوەیی دەبێت وڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە.ئەم خاڵانەی کە ئاماژەم پێدا هەموویان تایبەتمەندیگەلێکن کە دەبێت سینەمای نەتەویی بیبێت.
زاگرۆس پۆست: هەر لەم رۆژەدا كە رۆژی جیهانیی سینەمایە، لە میدیاو راگەیاندنی كوردیی سەرنجێكی ئەوتۆ نادرێتە ئەو رۆژە هۆكاری ئەمە چیە؟
ئیدریس عەبدی: من پێیم وابێت سینەما گرنگیەکی تایبەتی نییە لە لای هەندێک لە راگەیاندنەکان و بە پێویستی نازانن کە لە سەری باس بکەن و هەندێک جار تەنانەت نازانن کە رٶژئ جیهانی سینەما چ رۆژێکە!!بە داخەوە راگەیاندنە کوردیەکان زۆربەیان لە ژێر کاریگەری راستەوخۆیی حزبە سیاسیەکانن و هەر وەها کە پێشتریش ئاماژەم پێدا حزبەکانی ئێمە هیچ پلانێکێان نییە بۆ گەشەی فەرهەنگی و سینەما.تەنها شتێکە بۆیان گرنگە رووداوە سیاسیەکانن و باس کردن لە سەر سینەما لە بڵاوکردنەوەی چەند هەواڵ لە سایتەکانیان و بە گشتی راگەیاندنەکانیان کۆ کراوەتەوە.
زاگرۆس پۆست: چی بكرێتو چ هەنگاوێك پێویستە بۆ ئەوەی سینەما وەك بوارێكی گرینگی شكڵ گرتنی رەفتاری كۆمەڵایەتیی كاریگەر بێت لەسەر پێشوەچوونی كۆمەڵگە؟
ئیدریس عەبدی: بە دڵنیایەوە بۆ گەیشتن بە سینەمای کوردی هەوڵێکی نیشتمانی پێویستە لە لایەن هەموو کەسەوە،سینەماکارن،رەخنەگران،حزبەکان و دەسەڵاتە سیاسیەکان و لە هەموو گرنگتر خەڵکە.ئەبێت کۆمەڵگای کوردی ئامادە بکرێت بۆ ئەوەی کە بۆ فەرهەنگ پارە سەرف بکات.دەسەڵاتەکان دەبێت پشتگیری سینەماکاران بکەن بۆ بەرهەمهێنانی فیلم،کالج و مەدرەسەی سینەمایی بکرێتەوە بۆ پەروەردەکردنی کەسانێک کە لە سینەمادا کار بکەن.چاپ و بڵاوکردنەوە کتێب و وەرگێرانی کتێب لە زمانەکانی دیکە بۆ سەر زمان کوردی.بە رای من دەبێت سینەما وەکوو دەرسێک ،هەر لە سەرەتاکانی خوێندن لە ناوەندەکانی فێرکاری بگۆنجێنێن.کە بتوانین لە ریشەوە کاری فەرهەنگ سازی بکەین بۆ تماشای فیلم چوون بۆ هۆلەکانی سینەما.