چوار شه‌ممه‌ 17 نیسان 2024
عەلیڕەزا قادری

کێ ئەڵێ من بێتاوانم ؟/عەلیڕەزا قادری

لەوکاتەوە ،

کەوانی خۆر لەپاڵ یاڵ و تەنیشت دووندە

تەمای پێکانی گەردوون و

دڵی شار و چیا و گووندە ،

هەودای خەیاڵیکم پێیە .

هەموو ڕۆژێ ،

من سەفەرێکم لە ڕێیە .

لە سەمفۆنیای خەونێکدا ،

زیل و بەمی ژینم پێیە ،

لە ناخمدا کۆچەرێکم ،

دۆزینەوەی خۆم لە ڕێیە .

خەیاڵێکم ، بەری گزنگی رۆژهەڵات ،

بارانێکم ، تینووتر لە خاكی ووڵات .

هەموو ڕۆژێ ،

بەیانیی زوو ،

لەو دەمەیدا ،

کەوانی خۆر تیرهاوێژە

شەو لەبن دێ و

تاریکیی دابێژ دابێژە ،

من دیسانیش ،

تارماییەک لە ڕابردووم ،

بابردەڵەی ناخی هەزارساڵەی مێژووم .

من ئەو بەفرەم :

هەموو ساڵێ دەمە و نەورۆز ،

پڕ بەدەیدەم ،

چاو ئەبڕمە گڕکانی خۆر ،

لە عەشقی جێژوانی پیرۆز .

دڵۆپ دڵۆپ ،

بەناخمدا ئەتوێمەوە ،

ڕوحم ئەبەخشم بە تین و تەوژمی خۆر

بەرەو بۆشایی هەڵدەکێشم،

تاو ئەوکاتەی تەم و مژم،

خەیاڵێکم پڕ پڕ لە سۆز .

من ئەو هەورەم گەواڵ گەواڵ ،

دەمهەژێنێ گرمەی بەهار ،

دەمبزوێنێ ، تاسەی دیدار

هاوسەفەرم لە گەڵ شەماڵ .

من ئەو دەنگەم ،

پڕاو پرم لە بێدەنگیی ،

دەنگی مێژووی ووڵاتێکم ،

دوایین بریسکەی تاساوی رووناکایی و

ئێوارەی خۆرهەڵاتێکم .

ئەمڕۆ و سبەی ،

ڕەنگ نابەخشێ بە ژیانم ،

مێژووی کۆنم ،

شارۆمەندی کێل پەرستی گۆڕستانم .

کێ ئەڵێ من بێتاوانم ؟

بێدەنگیی من لە ئاست تاوان ،

خۆی گەورەترین تاوانە.

بۆ ئەوەی ڕەنگین بێ خوانم ،

حاشا ئەکەم لە ویژدانم .

هزرم بەندەی نرخی نانم ،

کەڕووی مێژوو دەوریداوە ،

هەموو خوێنبەرێکی گیانم .

کێ ئەڵێ من بێتاوانم ؟

هەموو ڕۆژێ ،

چیرۆکێکی ،

سەربڕینی خۆشەویستیی و

ڕەجم کردنی ئەوین و

لە گۆڕ خستنی ئازادیی و

کۆیلە کردنی سەربەستیی ،

بۆ ژیان و بۆ سروشت و

بۆ ناخی خۆم ئەڵێمەوە .

دوێنێ پۆل پۆل دەستم بینی

بە شوێن بەردی دڵڕەقیدا

پەنا و پەستێو ئەپشکنن

تا هاواری خۆشەویستیی گەرووی ” دوعا ” و

دڵی مرۆڤێک ڕەجم کەن .

لەو کاتەشدا من بێدەنگ بووم .

کێ دەڵێ من بێتاوانم ؟

شیلان مامەند،

گووڵە شیلانی بەکرە جۆ و

گووڵستانێک لە کیژۆڵەی دل بە دنیا

بە تاوانی مرۆڤ بوون و

بە تاوانی عەشق و مێهرەبانیی و وەفا ،

لە ئامێزی ،

نیشتمانێک عەشیرەت و

جەنگەڵێکی یاسا و نەریت ،

پەڕ پەڕ کران،

سووتێندران،

شەهید کران .

ئەو کاتەش من هەر بێدەنگ بووم.

کێ دەڵێ من بێتاوانم ؟

دەستم بینی ،

لە جێی هەر شلکە نەمامێک،

سێدارەیەکی ئەچەقاند .

دارستانێک بە پانتایی عەڕشی خودا ی ئاگر ئەدا و

لە بڕی هەر نەمامێکی ،

جەستەی عاشقی مرۆڤێک

سەری سەرمەستی ئازادیی تێكۆشەرێک ،

پەیکەری شۆڕە لاوێکی ووڵاتەکەی هەڵدەواسی .

کڕ ومات و هەر بێدەنگ بووم .

کێ ئەڵێ من بێتاوانم ؟

من هەژاریم بینی .

کەم تا کورتێک ، بۆنی ژیانی لێدەهات .

هیوای گەورەی کچۆڵەیەک بۆ خەونی بووکە شووشەیەک ،

جووتێک پێڵاوی پەممەیی وکراسێكی رۆژی جەژن .

گوێم لە ناڵەی برسییەتیی بوو ،

من بێدەنگ بووم .

مناڵی شۆڕشم بینی،

هەژارترین مناڵی ناو دێ و کۆڵان بوو .

من شارۆمەند ، هاونیشتمان

یانە چەشنی دارا و حیزب و سەرکردەکان ،

چاوم نیە بۆ بینینی ،

چەپکێک خەون و حەزی شیرین،

ویستی دڵی

مناڵانی دەشت و چیا ،

پەپووڵە ئاوارەکانی

ناو زڕگوێز و

دەشتی کۆیە و

بناری قەندیل و هەموو ،

دایە و بابە پێشمەرگەیەک .

هەتا توانیم ، دەنگی ویژدانی خۆم کڕ کرد.

من بێدەنگ بووم.

بێدەنگیی لە ئاست تاوانا،

خۆی گەورەترین تاوانە .

کێ دەڵێ من بێتاوانم ؟

هەموو ڕۆژێ قەڵەم دەشکێ ،

پەنجەی بەپێز لە خەزانی یاسای رەشی جەنگەڵێکدا هەڵدەوەرێ،

خاوەن قەڵەم ، لەبەند دەکرێ ،

هێمای ژینێک بە سەربەستیی و

ئیرادەیەک بۆ ئازادیی

لە پەیکەری کاوە گەرمییانی ،

کاەوی دەنگی کوردستانێک ،

بە پیلانی جەللادی مێژووی ووڵاتێک ،

تیرۆر دەکرێ .

ئەو کاتانە :

گەوهەری ووشەم لێ وونە ،

جەوهەری قەڵەم بێ ڕەنگە و

من بێدەنگم.

کێ ئەڵێ من بێتاوانم ؟

جێژوان بناری ئەودیوە .

سێحری خەیاڵ بۆ گەیشتنێک ،

لەمپەر و یاسای بڕیوە .

نەک هەر خەیاڵ

ڕێگایەکم لەبەر پێیە.

هەموو مێژوو لەبیر ئەکەم ،

دۆزینەوەی خۆم لەڕێیە .

لەگەڵ هەتاو

بەئاسۆدا هەڵدەگەڕێم،

ئێوارە دێ و

هێدی هێدی بەناخمدا دادەگەڕێم .

من ئاوێتەی مێژووی کۆنی هەزار ساڵەم

لە خۆرهەڵاتی سبەینێی نیشتماندا

لاپەڕەیەکی بێڕەنگم ،

کێ ئەڵێ من بێتاوانم ،

گەر بێدەنگم .

27.12.2013

ئۆسلۆ.

بابەتی هاوپۆل

امید و مقاومت همگانی با ضرورت تداوم انقلاب زن، زندگی، آزادی

بازداشت و سرکوب و اعدام های گسترده در طول یک سال گذشته تا کنون، همگی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.