رێكخراوی ئەمنیەتی نێوخۆیی ئاڵمان رایگەیاند، تا ئێستا 70 ژنی ئاڵمانی بە گرووپی جیهادیی داعشەوە پەیوەست بوون، كە لەو رێژەیە 28 كەسیان كەمتر لە 25 ساڵ تەمەنیان هەیە و 9 كەسیشیان تەمەنیان ژێر 18 ساڵە.
بە پێی دوایین ئامارەكانی رێكخراوی ئەمنیەتی نێوخۆیی ئاڵمان، تا ئێستا 450 كەس لە خەڵكی ئەو وڵاتە بە هێزەكانی داعش لە سوریە و عێراق پەیوەست بوون، كە 70 كەسیان ژنن و لەو رێژەیەش 9 كەسیان تەمەنیان ژێر 18 ساڵە. 40% لە ژنە ئاڵمانیەكان كە چوونەتە سوریە و عێراق (28 كەس) تەمەنیان كەمتر لە 25 ساڵ راگەیەندراوە.
وتەبێژیی راگەیاندنی رێكخراوی ئەمنیەتی نێوخۆیی ئاڵمان دەڵێ: پەیوەست بوونی ژنان و كچانی ئاڵمانی بە ریزەكانی داعش دیاردەیەكی تازە نیە و ئەو رێكخراوەیە بە هەستیاریی و نیگەرانیەوە پڕوپاگەندەكانی “دەوڵەتی ئیسلامی” بۆ راكێشانی زۆرتری ژنان و كچانی لاو، خستووەتە ژێر چاودێرییەوە.
بە پێی ئامارەكان كە لە مانگی ئۆكتۆبری ساڵی رابردووی زایینی بڵاو كرایەوە، تا ئەو كاتە زیاتر لە 3 هەزار كەسی ئوروپایی بە گرووپە جیهادیەكان لە سوریە و عێراق پەیوەست ببوون، كە لەو رێژەیە 105یان كچان و ژنانی لاو پێكی دەهێنن.
بە پێی ئەو ئامارانە، پتر لە 200 ژنی لاوی ئوروپایی كە زۆربەی هەرە زۆریان لە بنەماڵەی پەنابەرە موسڵمانەكانن، لە ریزی گرووپە جیهادیە ئیسلامیەكان لە نێو سوریە شەڕ دەكەن. 50 تا 60 كەسیان خەڵكی بریتانیا و نزیكەی 60 كەسیشیان فەرانسەوین.