دادگای كۆماری ئیسلامی لە شاری مەریوان حوكمی 50 زەربە قامچی لە سەر چالاكێكی خوێندكاریی كورد جێبەجێ كرد.
رۆژی شەممە 16ی مانگی رەشەممە حوكمی 50 زەربە قامچی لە سەر “دانا لەنجاوایی” خوێندكاری كوردی بەندكراو لە نێو حەوشی دادگای شاری مەریوان جێبەجێ كرا.
هەواڵەكان لەوبارەوە باس لەوە دەكەن، هۆكاری جێبەجێ كردنی ئەو حوكمە هێشتاكە نادیارە، بەڵام پێدەچێ بە بیانووی بەشداریی كردنی لەنجاوایی لە رێپێوانی ساڵی رابردوو لە شاری مەریوان بێت، كە دژی ئێعدامی زیندانیانی سیاسی كورد بەڕێوەچوو.
دەستگیر كردنی چالاكانی مەدەنی لە رێكەوتی 5ی مانگی رێبەندانی ساڵی 92ی هەتاوی لە لایەن هێزە ئەمنیەتیەكانی شاری مەریوان، پاش ئەوە هات، كە ژمارەیەك لە چالاكانی مەدنی و هاوڵاتییانی مەریوانی ساڵی رابردوو، پاش ئێعدامی 3 زیندانیی سیاسی كورد كۆبوونەوەیەكی ناڕەزایی دەربڕینیان بەڕێوە برد.
دانا لەنجاوایی جارێكی دیكەش لە ساڵی 89ی هەتاویی بە هۆی مانگرتنی خوێندكارانی زانكۆی پەیام نووری مەریوان، دەستگیر و بە یەك ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو بە ماوەی 5 ساڵ مەحكوم كرا.